خەمی خەڵك یان بارزانی ؟

کاوه‌ محه‌مه‌د
ئەوەی پارتی بەردەوام دەیڵێ و دەیڵێتەوە كە گوایە خەمی خەڵك و دەنگ و ئیرادەی ئەوانیانە، بۆیە دەیانەوێ سەرۆكی هەرێم راستەوخۆ لەناو خەڵك نەك لەلایەن پەرلەمان هەڵبژێردرێت، جگە لە مەرجێكی تەعجیزی بۆ ئاڵۆزكردنی پرسەكە هیچی دیكە نیە.

بۆئەوەی لەدەرەنجامدا لایەنەكان بەوە رازی بن كە لەپەرلەمان دەنگ بۆ دوو ساڵی دیكەی سەرۆكایەتییەكەی مەسعود بارزانی بدەن و بە ئامانجە حزبییەكەی خۆیان بگەن. خۆشیان ئەوەیان نەشاردۆتەوە و لەكۆبوونەكانیاندا لەگەل حزبە سیاسییەكانی دیكە بەراشكاوی وتوویانە كە ”ئێمە دەمانەوێ دوو ساڵی دیكە بۆ بارزانی درێژبكرێتەوە، دەریچە یاساییەكەیشی ئێوە بیدۆزنەوە، چۆن و بە چ رێوشوێنێك دەیكەن بیكەن”، ئەمڕۆش لەراگەیانراوەكەیاندا هەمان داواكارییان دووپاتكردۆتەوە. یانی ئێستا ئەگەر حزبەكانی دیكە ئامادەبن لەپەرلەمان دوو ساڵی دیكە تەمەنی سەرۆكایەتییەكەی بارزانی درێژبكەنەوە، ئەوا بەدڵنیاییەوە پارتی سێ و دووی لێ ناكات و مەمنونی حزبەكان دەبێت و لای ئەوان هیچ قیمەتێك بۆ دەنگ و ئیرادەی خەڵك نامێنێت.

كەواتە پارتی تاكە خەمی مانەوەی سەرۆكەكەیەتی لەسەر كورسیی سەرۆكایەتی، نەك گەڕانەوە بۆ دەنگی خەڵك، ئەوەی لەو بارەیەشەوە بەردەوام دەیخاتە ناو كایەی سیاسی و ئیعلامیەوە تەنیا بریتییە لە (كلمە حق یراد بها باگل)، واتە داوایەكی رەوایە بۆ مەبەستێكی ناڕەوا و بەس.

28/07/2015



وتارەکانی تری نوسەر