قسەی ئێمە و وەڵامی عەبادی

کاوه‌ محه‌مه‌د
ئەمڕۆ (۲٠۱۸/۲/۱)، ئێمەی نوێنەرانی کوردستان لەهۆڵی دەستوریی پەرلەمانی عیراق لەگەڵ (د.حەیدەر عەبادی) سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عیراق کۆبووینەوە و تایبەت بەپرسی پرۆژە یاسای بودجەی (۲٠۱۸)ی عیراق گفتوگۆمانکرد.

ئێمە تێبینییەکانی خۆمان، کە پێشتر وەک فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەرەسمی پێشکەشی کردبوو، جارێکی دیکە بە پوختی خستمانەوەڕوو کە گرنگترینیان ئەمانەبوون؛

۱/تەرخانکردنی رێژەی (۱۷٪)ی بەشە بودجە بۆ هەرێم.
۲/دابینکردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆرانی هەرێم.
۳/کەمنەکردنەوە لەدەستووریبوونی کیانی هەرێمی کوردستان.
٤/سەرفکردنی مووچەی پێشمەرگە.
٥/سەرفکردنی پارەی جوتیارانی هەرێم.
٦/تەرخانکردنی بڕێک پارە بۆ پارێزگای هەڵەبجە.
۷/کەمکردنەوەی بودجەی سیادی، بۆئەوەی کاریگەری سلبی بۆ سەر بەشە بودجەی هەرێم و پارێزگاکان نەبێت.
لەگەڵ کۆمەڵێ داواکاری دیکە کە لەدەرەوەی پرسی بودجە بوون، وەک؛
۱/راگرتنی بڕیار و هەنگاوە نادەستووری و نایاساییەکان لەکەرکوک.
۲/دابینکردنی ئەمنیەتی تەواو بۆ قەزای دووزخورماتوو و دواتریش گەڕاندنەوەی ئاوارە کوردەکان و قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان و درانە دادگای سەرپێچیکاران.
وەڵامەکانی عەبادی بەشێوەیەکی گشتی لەم چەند خاڵەدا کورت دەکەمەوە؛
۱/ئەو رێژەیەی بۆ بەشەبودجەی هەرێم تەرخانکراوە، لەسەر بنەمای چڕی دانیشتوانە و (۱۷٪)ی پێشوو هیچ بنەمایەکی دەستووری و یاسایی نیە.
۲/کە لەیاسای بودجەدا دەستەواژەی (پارێزگاکانی هەرێم) هاتووە، کەمکردنەوە نیە لەدەستووریبوونی کیانی هەرێم، بەڵکو بۆ جێبەجێکردنی سیستمی نامەرکەزی و دابەشکردنی عادیلانەی بودجەی هەرێمە بەسەر پارێزگاکانیدا.
۳/بەشێک لەبودجەی هێزە وشکانییەکان بۆ هێزی پێشمەرگە تەرخانکراوە و لێی کەم نەکراوەتەوە.
٤/لاریمان نیە کە هەڵەبجە ببێتە پارێزگا و بودجەیەکی بۆ تەرخان بکرێت، بەڵام دەبێت ئەنجومەنی نوێنەران دەنگ بۆ بەپارێزگاکردنی بدات.
٥/ئێمە دەمانەوێت نەوتی کەرکوک لەرێگەی بۆری هەرێمەوە هەناردە بکەین و داهاتەکەی بگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی مەرکەزی و خەڵکی کەرکوک لێی سوودمەندبن، بەڵام حکومەتی هەرێم دەیەوێت بۆ دانەوەی قەرزەکانی بەکاربهێنێت، چونکە پێشوەخت پارەکەی وەرگرتووە و فرۆشتوویەتی.
٦/بەپێی رووپێوی ئاسمانی و بڕی گەنمی بەرهەمهاتووی ساڵانی رابردوو، هەرێم لەنێوان (۳٥٠_٤٠٠)هەزار تۆن گەنمی بەرهەمهێناوە، کەچی ساڵی (۲٠۱٥) بڕی (۹٠٠) هەزار تۆنی تەسلیمکردووە کە بۆمان دەرکەوتووە زیادەکە گەنمی دەرەوەی عیراقە و کۆمەڵێ بازرگان ویستوویانە ساغی بکەنەوە. بۆیە کێشە کەوتۆتە بەردەم سەرفکردنی شایستە داراییەکانی جوتیارانی هەرێم، بەڵام ئێمە لەهەوڵداین کارێک بکەین کە جوتیاران زەرەرمەند نەبن.
۷/ساڵانی رابردوو هەوڵماندا کە مووچەی کەسوکاری شەهیدان و زیندانیانی سیاسی هەرێم بخەینە سەر بودجەی سیادی و بەغدا دابینی بکات، بەڵام حکومەتی هەرێم قبوڵی نەدەکرد.
۸/دوو ساڵە گفتوگۆمان لەگەڵ  حکومەتی هەرێم  هەیە بۆئەوەی مووچەی فەرمانبەرانی بەنداوەکان بخەینە سەر  بەغدا، دیسان حکومەتی هەرێم  رازی نەدەبوو.
لەکۆتاییدا پێمانڕاگەیاند کە دەنگدانی ئێمەی نوێنەرانی کوردستان بە پرۆژە یاسای بودجە، دەوەستێتە سەر رادەی  رەچاوکردنی  تێبینی و رەخنەکانمان، ئەگەر هەمواری پێویستی تێدا نەکرێت، ئامادەنین دەنگی بۆ بدەین. 

01/02/2018



وتارەکانی تری نوسەر