ئایا کەس هەیە لە "پەنجە مۆر" دەربازبێت ؟

لوقمان مستەفا ساڵح

پەنجە مۆر کە ئێستا لە جیهاندا لە هەموو مامەڵەیەکی کارگێڕی و یاساییدا بەکاردەهێنرێت و لە زۆرینەی کارە ئیدارییەکاندا سوودی لێوەردەگیرێت، هەروەها لە کاری ڕۆژانەشماندا بەکار دەهێنرێت وەک سیستەمی پاراستن و تەنانەت بە هۆکارێکی سەرەکی دۆزینەوە تاوانبارانیش دادەنرێت، لە هەمان کاتدا چەندین زانیاری لەبارەی پەنجە مۆرەوە هەن کە سەرنجڕاکێشن و لەوانەیە تا ئێستا زۆر بەمان بەشێوەیەکی باش زانیاری تەواومان لەسەری نەبێت و نەمان زانیبێت چ سحرێک لە دوتوێی ئەوسەرەپەنجانەماندا هەبێت. زانایان وپسپۆڕانی ئەم بوارە دەڵێن:-
١- جێ پەنجە بە چەند ساتێک لە دوای لە دایکبوونی مرۆڤەوە جێگیر دەبێت و تا مردن گۆڕانکاری بەسەردا نایەت.
٢- ئەگەری لەیەکچوون و هاوشێوەی جێ پەنجە زۆر زۆر کەمە و زانایان دەڵێن لە ٤٦ ملیارد مرۆڤدا ئەگەری یەک جێ پەنجەی وەک یەک هەیە، واتە ئێستا چل ملیارد کەس بۆ ژمارەی دانیشتوانی زیاد بکرێت ئینجا ئەگەری دووبارەبوونەوەی هەیە.
٣- جێ پەنجەی هیچ دەستێک لە هی دەستەکەی تر ناچێت بۆیە زۆرجار لە هەموو پەنجەکان پەنجەمۆر وەردەگیرێت.
٤- جێی پەنجەی دەست لە جێی پەنجە پێیەکان بە تەواوەتی جیاوازە
٥- بۆ یەکەمجار لە لایەن چینییەکانەوە بە حەوت هەزار ساڵ بەر لە زایین بۆ ناسینەوەی ئەو گۆزانەی کە دروستیان دەکرد بەکاردەهات.
٦- جۆرە ناتەواویەکی جینی هەیە کە وا لە هەندێک کەس دەکات کە خاوەنی جێ پەنجە نەبن و لە ڕاپەڕاندنی مامەڵە و سەفەرکردندا تووشی کێشە دەبن.
٧- بە هەندێک رێکاری سادە تەنانەت دەتوانرێت جێ پەنجەی بەر لە دە ساڵ بناسرێتەوە.
٨- جێ پەنجە لە کلتورە جیاوازەکاندا بۆ بەخت خوێندنەوە بەکار هاتووە و ئێستا بە شێوەیەکی زانستی خوێندنەوە بۆ جۆری کەسایەتی مرۆڤ لەڕرێی جێ پەنجەوە دەکڕێت.
٩- تا ساڵی ١٩٤١ جێ پەنجە و پەنجەمۆر وەک بەڵگەیەکی یاسایی لە دادگاکاندا سەیر نەدەکران.
هەرەوەها زانایان پێیان وایە کە پەنجەمۆری هیچ کەسێک لە کەسێکی تر ناچێت ، وە هەمان کەس پەنجەمۆری هیچ پەنجەیەکی لە پەنجەکانی تری ناچێت ، واتە هەر مرۆڤێک ٢٠ پەنجەمۆری جیاوازی هەیە ، هەربۆیە لەکاتی تاواندا (بصمە)ی هەردەپەنجەی دەستەکانی وەردەگیرێت.
پەنجەمۆری کەسەکان بەتێپەڕبونی کات ناگۆڕێت ، هەرچەندەکەسەکان گەورەببن تەنها کەمێک جێ پەنجەکایان گەورەدەبێت بەڵام نەخشەی پەنجەیان هیچ گۆڕانکارییەک تیایدا ڕونادات ، بۆیە ئەگەر کەسێک لەتەمەنی منداڵی تاوانێک بکات چەندین ساڵی بەسەردا تێپەڕببێت دەکرێت لەڕێی پەنجەمۆرەوە بدۆزرێتەوە، بەڵام پەنجەمۆربەهۆی سوتانی دەرەجە سێ لەناو دەچێت.
تەنانەت دووانەکانیش پەنجەمۆریان جیاوازە و لێک ناچێت و بە رێگەی تایبەت دەتوانرێت لەیەکتر جیا بکرێنەوە، بۆیە وڵاتانی هەوڵ دەدەن کە پەنجەمۆری تاوانباران تۆمار بکەن بۆ ناسینەوەیان لە رێگەی ئەو شوێنەوارەی لەسەر تاوانەکانیان لە داهاتوو جێی دێڵن کە رەنگە دەیان ساڵ بمێنێتەوە، بۆیە پرسیارەکە ئەوەیە کە بەتێپەڕبوونی کات و بەتەمەنداچوون ئاخۆ پەنجەمۆر گۆڕانکاری بەسەردا دێت؟.
شارەزایان پێیان وایە کە پەنجەمۆری مرۆڤ لە ماوەی سێمانگی یەکەمی تەمەنی کۆرپەلە پێک دێت و لەگەڵ گەشەی لەش ئەویش گەشە دەکات، بەڵام شێوەی ناگۆڕێت، ئەگەرچی رەنگە تووشی شێوان بێتەوە بەهۆی بریندارکردن و سوین و سووتاندن.
لە راستیدا ئەو گۆڕانکارییانە کاتین و لە شێوەی پەنجەمۆر ناگۆڕن، چونکە پەنجەی مرۆڤ شێوەی خۆی وەردەگرێتەوە ئەو کاتەی پێست لە رێگەی خانەکانییەوە خۆی نوێ دەکاتەوە لە ماوەی تەنیا چەند مانگێکدا.
رەنگە هەندێک بۆچوونیان جیاواز بێت بەوەی کە پەنجەمۆر لەگەڵ بەتەمەنداچوون گۆڕانی بەسەردا دێت و بەڵگەشیان بۆ ئەوە ئەوەیە کە پەنجەمۆری کەسانی بەتەمەن نا روون و نارێکە، کەچی راستییەکەی ئەوەیە کە پەنجەمۆری ئەوانیش ناگۆڕێت، بەڵام ئەوەی رووی داوە کە کەمی نەرمی پێستیان و زبربوونی وای کردووە کە هێڵەکانی رووی پەنجە سەتوورتر بن و بەسەختتر بێنە پشکنین.
بەکارهێنانی مەرەکەبیش تەنیا بۆ دیاری کردنی شوێنی پەنجەمۆرە ، ئەگەرنا بەبێ مەرەکەبیش جێ پەنجەی مرۆڤ لەسەر کاغەز و شتەکان بەجێ دەمێنێت ، بەڵام بۆهۆی ئامێری پێشکەوتووەوە دەدۆزرێتەوە
بۆنمونە تۆ تاقەتت نیە هەمو جارێک پاسۆردی ئەپڵ ئایدی داخل بکەی بۆ ئەوەی بەرنامە داونلۆد کەیت.
بەڵام وەرە بیکە بە پەنجە مۆر لە جیاتی پاسورد ئەم کردارش تەنها بۆ ئەو دیڤەیسانە ئەبێت کە پەنجەمۆریان هەیە مەبەستم بۆ نمونە مۆبایلە ئایفۆنە.
زانایان دەڵێن پێناسی مرۆڤـ لەمۆری سەری پەنجەکانیدایە، هەر بۆیە تەرکیزکردن لە سەر مۆری پەنجەکان مانایەکی زۆر تایبەتی ھەیە، چونکە سەری پەنجەی ھەموو مرۆڤێک بێوێنەیە و تەنھا تایبەتە بە خۆیەوە. ھەموو کەسێک کە لە ژیاندایە یان مردووە، کۆمەڵەیەکی جیاکراوەی مۆری سەری پەنجەکانیان ھەیە.
ئەمەیە وادەکات مۆری سەری پەنجەکان بەڵگەیەکی قەبەوپەسەندکراو بێت لەسەر کەسێتی خاوەنەکەی، بەڵام لایەنی گرنگ ئەوەیە بابەتی مۆرەکان تا (سەدەی ١٩) ئاشکرا نەکرابوو... پێش ئەوە خەڵک سەیری مۆری سەری پەنجەکانیان دەکرد تەنھا وەک ئەوەی ژمارەیەک ھێڵی ئاسایین و ھیچ مانایەک یان گرنگیەکیان نییە.
بەڵام لە زانست وزانیاری نوێی ئێستادا دەوڵەتە پێش کەوتوەکان بۆ ڕێگرتن لە تاوان وبەتایبەتیش کۆچبەرانی نایاسایی بەتەواوەتی پشتیان بەستوە بە شیکاری پەنجەمۆر.هەر بۆیە وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا بەنیازە لەساڵی 2020ـەوە سیستمی ناسینەوەی روخسار لەفڕۆكەخانەكان جێگیر بكات بۆ كۆنترۆڵكردنی باری ئەمنی و بەرگرتن لەكۆچی نایاسایی.
 بەپێی ئەو پێشكەوتنە تەكنەلۆجیانەی كە وردە وردە وڵاتان پشتی پێدەبەستن، رەنگە چەند ساڵێكی تر پاسپۆرت ببێتە شتێكی كلاسیكی، ئیتر پشتی پێنابەسترێت.
 لە ئێستادا وەزارەتی كۆچی ئوسترالیا بڕیاریداوە لەساڵی 2020ـەوە سیستمی ئەلیكترۆنی ناسینەوەی روخسارو پەنجەمۆری گەشتیاران لەفڕۆكەخانەو دەروازە سنورییەكان دەخاتەگەڕ، ئامانجیش لەو كارە كۆنترۆڵكردنی باری ئەمنی و رێگرتنە لەكۆچی نایاسایی بەرەو ئەو وڵاتە.
بەپێی زانیارییەكان، ئەو سیستمەی لەئوسترالیا بەگەڕدەخرێت، سیستمێكی خۆكارە، 90%ی كارەكانی بەشێوەی ئۆتۆماتیكی بەڕێوەدەچن و مرۆڤ دەستی تێوەرنادات، وەك تاقیكردنەوەیەكیشە بۆ ئەوەی لەوڵاتانی تریش بخرێتەگەر.
لەگەڵ ئەم هەموو زانست وزانیاریانەی سەردەمدا کە هەموو دەوڵەتە پێش کەوتوەکانی دونیا بە عێراق وکوردستانیشەوە کاری پێدەکەن،بە مەبەستی ڕێگرتن لە هەمووکارێکی نایاسایی بەتایبەتیش کارە تاوانکاریەکان کە ژیانی تاک و کۆمەڵگا بە گشتی دەخاتە مەترسیەوە،بەڵام تائێستاش دزو گەندەڵکارو تاوانبارە ڕاهاتوەکان ومافیاکانی هەرێم، کرداری ناسینەوەی پەنجەمۆر لە ئاستیان دەستەوەستانە، ئەوەش بە هۆی بەکارهێنانی فرت وفێڵ وتەڵەکەبازیەوە،بەهۆی توشکردن وفریودانی کوڕەفەقیرو هەژارەوە، پاشانیش توند کردنیان لە کونجی زیندان، بۆ خۆیشیان هەمیشە لە پشتی کەوالیسەوەن وگەر تینیشیان بۆ بێت وەک بەرزەکی بانان بۆی دەردەچن، چونکە وەک زانراوە کەس لە کرداری ناسینەوەی پەنجە مۆر قوتار نابێت ،بەڵام ئەمان زۆر زەحمەت دەکەونە بەر مەترسی ناسینەوەی پەنجەمۆر.!! چونکە لەم بوارەشدا  پسپۆرایەتیەکی تەواویان هەیە،بۆیە کەشف بونیان مەحاڵە،تامەقاش هەبێت پەنجەیان ناسوتێت.!!



02/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر