بەبێ پەرلەمان، حکومەت ھەر بەتەنیا دەمێنێتەوە

سالار مه‌حمود
نا دروستی پەیوەندی نێوان حزبە سیاسیەکانی کوردستان، کاریگەری خراپی کردە سەر ئەدای حکومەت لە بەڕێوەبردنی کاروبارەکانیدا. دەستوەردانی چەندین ساڵی حزبە خاوەن ھەژموونەکان لەکاروباری گشتی و حکومەتدا کاریگەری نێگەتیڤی کردە سەر سومعەی کابینەکانی حکومەت و کارەکتەرەکانی و حوکمڕانی. ناوەندەکانی نفوز لەدەرەوەی حکومەت ئیمکاینەتی حکومەتیان لاوازکردو سومعەیان ھەڕاج کرد.

ئەمە جگە لەوەی حزبی کوردی لەباشوری کوردستاندا ھەر لە سەرەتاوە حکومەتیان لەسەر بنەمای فەلسەفەی دەوڵەتداری پێک نەھێنا. بۆیە بە ئاوڕدانەوەی دوو دەیەیی حوکمڕانی لەھەرێمی کوردستاندا ھێشتا ناتوانین بڵیین بەمانای دامەزراوەی دەستوریی دامەزراوەی گشتیمان ھەیە. حکومەت و پەرلەمانێک نەھێڵرێت خاوەنی دەستور بێت و یاسای بنچینەیی حەکەمی نێوان دەسەڵاتەکان بێت و پرەنسیپی جیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان پیادە بکرێت.
 
ھەژموونی حزبیی و ململانێی حزبی نەھێڵێت پەیوەندی دروست لەنێوان حکومەت و پەرلەماندا ھەبێت لەسەر بنەمای یاساو رێزگرتن لە ئیرادەی گشتی دەنگدەرانی کوردستان. بێگومان دۆخەکە بەرەو کەناری بێمتمانەیی دەڕوات، وەکو چۆن ئێستە کەشتی حکومەت لەکەناری بێئومێدی خەڵکی کوردستان و بێمتمانەیی گشتی خەڵکی کوردستاندا لەنگەری گرتووە.

لە ئێستادا حکومەت خەریکی دروستکردنی لیژنەیە لە کەسانی پسپۆڕو مامۆستای زانکۆ، بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەو دەرچوون لەتەنیایی. لەبیری چووەتەوە لە پەرلەمانی کوردستاندا (٢٢) بیست و دوو لیژنەی ھەمیشەیی ھەبوون لە نوێنەرانی خەڵکی کوردستان و شارەزاو متمانە پێدراوی خەڵکی کوردستان. لەھەموو سێکتەرەکان راپۆرت و بەدواداچوون بۆ گرفتەکان کرابوون و دەکران. خۆ ئەگەر ئێستاش کار بە راپۆرتی لیژنەکانی پەرلەمان بکرێت ئەوا بێگومان لەو قەیرانانە حکومەت دەرباز دەبێت. بەتایبەتی لیژنەکانی دارایی و سامانە سروشتیەکانی پەرلەمان.

لەبەر ئەوە ئەگەر حکومەت دەیەوێت بە خێرایی لەو چەقبەستنە دەربازی ببێت باشتر وایە فشار لەحزبەکان بکەن بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندیەکانیان و رێککەوتن لەسەر بنەمایەکی نوێ لەبەڕێوەبردن کە تەواو جیاواز بێت لەمیکانیزمە تەقلیدی و چەقبەستووەکەی رابردوو. لەمەشدا بە بڕوای ئێمە ھەنگاوی یەکەم بۆ گەڕانەوەی متمانەو ئومێد، گەڕانەوەیە بۆ چالاککردنەوەی پەرلەمان و پشت بەستنە بە ئیرادەی پەرلەمانتاران و پەرلەمانی کوردستان بە دڵنییایەوە بەم ھەنگاوە حکومەت پشتیوانی راستەقینەو رێگای راستەقینەی دەربازبوون دەدۆزێتەوەو، ئەو کاتە لەتەنیاییدا نامێنێتەوە.


24/01/2016



وتارەکانی تری نوسەر