دژەکانی دیموکراسیی

سالار مه‌حمود
وتەبێژەکانی دیموکراسیی لە کۆمەڵی کوردەوارییدا ئەوانەن لە جەوھەردا ئەنتی دیموکراسیین.
خۆ سەپێن و گوتار پڕ لەجنێوو تەشھیر، مێژوو ئاوەژوو کەر. دیموکراسیی بەھایە ئاکارە پرەنسپە، لەناو حزبی کوردیدا ئەوەی غائیبە لە ئێستادا ئەم بنەمایانەن. بەشی زۆری بەناو سەرکردەکانیان دوورن لە رەفتاری دیموکراسیانە، لە دونیابینی دیموکراسیانە، لە دیدی دیموکراسیانە بۆ ئاراستەکردنی تواناکانی حزب بۆ چاکەی گشتی و بەرژەوەندی گشتی. 
لەکۆمەڵگاکانی خاوەن فرەیی سیاسیی و حزبیدا، حزب رەوتێکی خێرایە بۆ ململانێی دیموکراسیی وگەشەی مەدەنی، حزب ھۆکارێکی گرنگی خەباتی مەدەنییە، لەکوردستانی ئێستاماندا بەپێچەوانەی ھەموو پێوەرە زانستیەکانی سیاسەت، حزب نەک پێشڕەوی کۆمەڵگا نییە بە ئاراستەی پێشکەوتن، بەڵکو حزب تەنێکی بارە بەسەر کۆمەڵگاوە، حزب گەنەی ھەڵمژینی قووتی خەڵکە، حزب رێگری سەرەکییە لە بەدامەزراوەبوونی دامەزراوە گشتییەکانی کوردستان. لە کوردستاندا حزب حکومەتی کردوەتە کاڵای بەرژەوەندییە تەسکەکانی دەستە بژێرێکی خۆ سەپێن. سامانی سەر زەمین و ژێر زەمینی نیشتمان و نەوەکانی داھاتووش بەبەرچاوی وتەبێژەکانی دیموکراسیی و بە شەریکە بەشی چروکانەی ئەوان بە تاڵانبراو دەبرێت!
ئەو ھەموو قوربانیانەی خەڵکی کوردستان لە رێگەی حزبەوە بۆ کوردستان و دیموکراسی و بەدیھێنانی مافی چارەنووس و ژیانێکی شایستە بە مرۆڤی سەردەم، بووە قوربانی حەزە تێر نەبووەکانی کەمینەیەکی داماڵراو لەھەموو بەھایەکی دیموکراسیی.
بە چ شەرعیەت و شکۆیەکەوە خۆ بادەدەن لەکاتێکدا ئاوڕ بدەنەوە چ دژیەکیەک لە وتن و رەفتارتانا ھەیە. چ وێرانەیەکتان دروستکردوە چ پاشاگەردانیەکتان بەسەر ئەم نیشتمانەدا بەناوی شەرعییەتی شۆڕشگێڕیەوە دروستکرد. مێژوو بەخەڵکی کوردستان مەفرۆشنەوە، ئەو جوانیەی ئەگەر لەم نیشتمانەدا مابێت ئەوەیە کەدەستی ئێوەی پێنەگەیشتووە ئەی ھەڤاڵانی دیموکراسیی خواز!
دژەکانی دیموکراسیی لەناو حزبەکان ھاوپەیمانێتییەکی شاراوەیان پێک ھێناوە، دژەکانی دیموکراسیی بەرەیەکی رانەگەیەنراویان ھەیە. بەیەک ئاوازو بەیەک ریتمی نەشاز دەڕێسن. دژەکانی دیموکراسیی پێک دێن لەھاوپەیمانێتی گەندەڵکارانیش. توڕەیی ھاونیشتمانیان لەھەموو حزبەکان و لەم مۆدێلی حزبایەتییە لە دەرکەوتنی ئەم راستییەوەیە کە ھاوپەیمانێتییەکی شاراوەی گەندەڵکاران، بەرەیەکی رانەگەیەنراوی دژە دیموکراسیی لەھەناوی حزبیی کوردییەوە ھەر گەرا دادەنێت. ئەمانە بێشەرمن دێن باسی دیموکراسیش دەکەن، فرمێسکی تیمساحیش بۆ بێدەرەتانی خەڵک دەڕێژن.
ئەم تەرزە بە ھەموو پێوەرەکانی حزبایەتی لە رووی سیاسیی و قانوونی و ئۆرگانی شەرعییەتی سەرکردایەتیان نەماوە، بەشێکیان ھەر لەئەزەلەوە بێشەرعیەت و تەعینکراون. لەبەرامبەر ئەم رەوتە خۆسەپێن و دەمامکدارەدا پشتیوانی لە بە ئاکام گەیشتنی ناڕەزاییەکانی خەڵکی کوردستان و پشتیوانی کرداریی بۆ ھاتنە ژێرباری داوا رەواکانیان لەلایەن ئەوانەی بەرپرسن لەم دۆخە لێڵکراوە ئەرکێکی مەدەنی و دیموکراسیە. گۆڕینی راستەقینە لە مۆدێلی حزبایەتی شکستخواردوو، لە مۆدێلی حکومڕانی شکستخواردوو پێویستی بەھاوپەیمانێتی دڵسۆزان ھەیە، لەبەرامبەر ھاوپەیمانێتی گەندەڵکاراندا.

30/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر