aso
دیسان كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد!
عەتا قەرەداخی
كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردیی بێ پشتكردن له‌ داگیركه‌رانی كوردستان و بڕیاردانی سه‌ربه‌خۆیی كوردی هیچ مانایه‌كی نابێت. به‌شداری كردنی كه‌سانێك له‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یدا كه‌ تاكو ئێستا خه‌ون به‌ پایته‌خته‌كانی داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌ ده‌بینن مایه‌ی پێكه‌نینه‌) 
ئایا مه‌به‌ست له‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی چییه‌؟ ئایا كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ته‌نیا به‌ بڕیار ده‌بێت یان په‌یوه‌ندی به‌ كۆمه‌ڵێ بنه‌مای تری نه‌ته‌وه‌ییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئایا كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی چ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌ ناسیونالیزمی كوردییه‌وه‌ هه‌یه‌؟ ئایا بارودۆخی ناوخۆی كوردستان له‌ لایه‌ك و بارودۆخی ئه‌و وڵاتانه‌شی كه‌ كوردستانیان داگیركردووه‌ گونجاوو ره‌خساوه‌ه‌ بۆ گرێدانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی؟ ئایا چ په‌یوه‌ندییه‌ك له‌ نێوان گرێدانی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و بارودۆخی نێو ماڵی كورد خۆیدا هه‌یه‌؟ به‌ تایبه‌تی له‌ باشووری كوردستان كه‌ بێگومان ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی گرێ بدرێت ئه‌وه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ باشووری كوردستان تاكه‌ پارچه‌ی كوردستانه‌ كه‌ به‌شێكی زۆری له‌ژێر سایه‌ی ده‌سه‌ڵاتی داگیركه‌ر رزگاری بووه‌و كورد خۆی به‌ڕێوه‌ی ده‌بات، ده‌بێ ئه‌و كۆنگره‌یه‌ لێره‌ گرێ بدرێت. له‌سه‌روی هه‌موو ئه‌مانه‌شه‌وه‌ ئایا كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌ پێناوی چ مه‌به‌ست و ئامانجێكدا ده‌به‌سترێت؟ ئایا كۆنگره‌ی نه‌ته‌یی كوردیش له‌م شێوه‌ی ئێستایدا لاساییكردنه‌وه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی عه‌ره‌ب نییه‌ له‌ كۆمكاری عه‌ره‌بیدا؟
دیاره‌ چه‌مكی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی داهێنراوی نوخبه‌ی ناسیونالیستی نه‌ته‌وه‌ دابه‌شكراوو وڵات داگیركراوه‌كانه‌ كه‌ ئه‌م چه‌مكه‌یان هێناوه‌ته‌ پێشه‌وه‌ به‌و ئومێده‌ی كه‌ بتوانن له‌و رێگایه‌وه‌ جۆرێك له‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی ده‌ستبه‌ر بكه‌ن بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی سیاسه‌تی حراپ و نامرۆڤانه‌ی داگیركه‌رانی وڵاته‌كانیان. وه‌ك ده‌زانین نه‌ته‌وه‌یی عه‌ره‌ب وه‌كو نه‌ته‌وه‌یه‌كی دراوسێی كوردستان له‌ مێژوویه‌كی كۆنه‌وه‌ نیشتیمانه‌كه‌یان پارچه‌ پارچه‌ كراوه‌و چه‌ندین ده‌وڵه‌تی تیادرووستكراوه‌ كه‌ به‌شێكی دیاریان تاكو ئێستا ده‌وڵه‌تی خێلن چی له‌ رووی ئاستی په‌ره‌سندنه‌وه‌ چی له‌ رووی جوگرافیاو دیمۆگراڤیاوه‌ چی له‌ رووی نه‌سه‌به‌وه‌. دیاره‌ رۆژئاوا له‌پشتی كۆی ئه‌و دابه‌شكردنانه‌وه‌یه‌ به‌ مه‌به‌ستی پارێزگاری كردن له‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ مادییه‌كانی خۆی. واته‌ لێره‌دا ده‌توانین بڵێین كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ مه‌به‌ستی جۆرێك له‌ زه‌مینه‌سازی بۆ یه‌كگرتن و یه‌كبوون ئه‌نجام ده‌درێت. به‌ڵام ئایا شێوازی ئه‌نجامدانه‌كه‌ی چۆن ده‌بێت و چ نه‌حش و ده‌ورێكی ده‌بێت له‌سه‌ر كۆی نه‌ته‌وه‌و چ رۆڵێكیشی ده‌بێت له‌ ئاراسته‌كردنی نه‌ته‌وه‌دا به‌ مه‌به‌ستی یكگرتنه‌وه‌و یه‌كبوون له‌ پێناوی رامكردنی ئاینده‌دا؟
ئاشكرایه‌ كوردستان یه‌كێكه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ له‌ مێژوویه‌كی زووه‌وه‌ داگیرو دابه‌شكراوه‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی كورد شێوێندراوه‌. دیاره‌ به‌ كاریگه‌ری واقیعی دواكه‌وتووی ژێر سایه‌ی داگیركردن و دابه‌شكردن له‌ كوردستاندا په‌ره‌سه‌ندنی ئابووری به‌وجۆره‌ رووینه‌داوه‌ كه‌ ئابووری رۆڵی بزوێنه‌ری مێژوو بینیبێت و هه‌ریه‌كه‌ له‌ چینه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان به‌ سرووشتی له‌ قۆناغی مێژوویی خۆیدا پێكهاتبێت و ئه‌ركه‌ مێژووییه‌كانی خۆیشی جێبه‌جێ كردبێت، له‌ كاتێكدا كه‌ ده‌ركه‌وتنی ناسیونالیزم به‌رهه‌می قۆناغی مۆدێرنێته‌یه‌ یان به‌ چه‌مكی ماركسیزم به‌رهه‌می قۆناغی سه‌رمایه‌دارییه‌ كه‌ له‌و قۆناغه‌شدا بۆرژوای پیشه‌سازی و بۆرژوای نیشتیمانی وه‌كو چینێكی كۆمه‌ڵایه‌تی خاوه‌ن شووناس ئه‌ركی مێژوویی خۆی ده‌بینێت كه درووستكردنی ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌ییه‌ كه‌ ئه‌وه‌ش قۆناغی درووستبوون یان درووستكردنی نه‌ته‌وه‌یه‌. هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر نه‌ته‌وه‌ به‌م شێوه‌ سرووشتیه‌ درووست ببێت كه‌ ده‌وڵه‌ت درووستی ده‌كات ئه‌وه‌ مانای وایه‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی پێكهاتووه‌و له‌بارێكی وه‌هاشدا ر ووبه‌رێك نامێنێته‌وه‌ كه‌ تیایدا باسی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بكرێت.
ئێستا ئاشكرایه‌ كه‌ له‌ كوردستاندا هه‌رچۆن له‌ رابردوودا كورد له‌ هیچ كام له‌و ده‌روازانه‌وه‌ كه‌ ده‌وڵه‌تیان لێوه‌ درووستبووه‌، نه‌یتووانیووه‌ بێته‌ ناو مێژووه‌وه‌و ده‌وڵه‌تی نه‌ته‌وه‌یی خۆی درووست بكات، له‌سه‌رده‌می نوێشدا نه‌ ناسیونالیزمی كوردی به‌و جۆره‌ په‌ره‌ی سه‌ندووه‌ تا ببێته‌ خاوه‌نی پرۆژه‌و به‌رنامه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌تێكی یه‌كگرتووی نه‌ته‌وه‌یی له‌سه‌ر جوگرافیای كوردستان، نه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی رۆژئاواو ده‌وڵه‌تانی بڕیار به‌ده‌ست له‌گه‌ڵ به‌رژه‌وه‌ندی كورددا جووت بوون هه‌تا له‌ پێناوی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیاندا هه‌رچۆن چه‌ندین ده‌وڵه‌تیان بۆ عه‌ره‌ب درووست كردووه‌، ده‌وڵه‌تیان بۆ كوردیش درووست بكردایه‌. هه‌ر له‌به‌ر ئه‌م هۆكارانه‌ش نه‌ك له‌سه‌ر ئاستی كوردستانی گه‌وره‌ یه‌كێتی نه‌ته‌وه‌یی پێكنه‌هاتووه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی هیچ كام له‌ به‌شه‌كانی كوردستانیش یه‌كێتی ناوخۆیی نه‌ته‌وه‌یی پێكنه‌هاتووه‌. باشترین نموونه‌ش باشووری كوردستانه‌ كه‌ به‌رده‌وام بزووتنه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌یی له‌م به‌شه‌دا له‌سه‌روبه‌ندی جه‌نگی یه‌كه‌می جیهانییه‌وه‌ به‌رده‌وام بووه‌، تاكو ئێستاش كورد له‌م به‌شدا له‌سه‌ر ئاستی سیاسی یان هه‌ر هیچ نه‌بێت له‌ رووی به‌رنامه‌و ستراتیژه‌وه‌ نه‌بووه‌ته‌ یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو به‌ جۆرێك كه‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكانی نه‌ته‌وه‌ كه‌وتبێته‌ پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ناوچه‌یی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی و ده‌سته‌و تاقمگه‌راییه‌كانه‌وه‌. بێگومان هۆی سه‌ره‌كی ئه‌وه‌ش دوولایه‌نه‌یه‌ كه‌ یه‌كه‌میان لاوازی ناسیونالیزمی كوردییه‌ به‌ جۆرێك كه‌ نه‌یتوانیووه‌ هه‌موو سنووره‌ لۆكاڵی و ناوچه‌یی و رێكخراوه‌یی و حیزبی و بنه‌ماڵه‌یی و خێڵایه‌تییه‌كان بڕوخێنێت و یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتووی لێدرووست بكات كه‌ ئه‌ویش نه‌ته‌وه‌یه‌. لایه‌نی دووه‌م، په‌یوه‌ندی به‌و ده‌سه‌ڵاته‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ ماوه‌ی بیست و دوو ساڵه‌ له‌ كوردستاندا فه‌رمانڕه‌وایه‌و نه‌یتوانیووه‌ سنووری به‌رژه‌وه‌ندییه‌ ته‌سكه‌ حیزبی و ده‌سته‌یی و ناوچه‌یی و بنه‌ماڵه‌ییه‌كان به‌ ته‌واوه‌تی به‌جێبهێڵێت و ببێته‌ ده‌سه‌ڵاتێكی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی خاوه‌ن شووناس، به‌ جۆرێك كه‌ هه‌موو تاكێكی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ سه‌رباری جیاوازی بیروڕایان هه‌ست به‌ ئینتیمای خۆیان بۆ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ بكه‌ن و وه‌كو ده‌سه‌ڵاتی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی خۆیان سه‌یری بكه‌ن، كه‌ بێگومان ئه‌وه‌ش په‌یوه‌ندی به‌ لاوازیی ده‌سه‌ڵاتی كوردییه‌وه‌ هه‌یه‌ كه‌ نه‌یتوانیووه‌ به‌ جۆرێك كاربكات كه‌ تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ ئه‌و ئینتیمایه‌یان هه‌بێت بۆی. كه‌واته‌ ئێستا ئه‌وه‌ ئاشكرایه‌ كاتێ نه‌ته‌وه‌ به‌سرووشتی نه‌یتوانی بێت ببێته‌ یه‌كه‌یه‌كی یه‌كگرتوو، ئه‌وا نوخبه‌ی سیاسی له‌ دوای ئه‌ڵته‌رنایتیڤی تر ده‌گه‌ڕێت بۆ باربووكردنه‌وه‌ی ئه‌و كه‌موكورتییه‌ كاریگه‌ره‌، كه‌ قسه‌كردن له‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌ بۆچوونی نوخبه‌ی سیاسی ئێستای كوردی كه‌ هیچ كۆده‌نگی و هاوده‌نگیه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له‌ نێوانیاندا نیه‌، ئه‌م كۆنگره‌یه‌ ئه‌ڵته‌رنایتڤی ئه‌و نوخبه‌ سیاسیه‌یه‌ له‌ چوارپارچه‌ی كوردستان له‌ بری بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری كه‌ ناسیونالیزمی كوردی به‌رهه‌مهێن و درووستكه‌ریه‌تی. دیاره‌ كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی ئێستای كورد شتێكی میكانیكانه‌یه‌و جۆرێك له‌ ناكۆكی ئاشكرای حیزب و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی پارچه‌كانی كوردستان تیایدا ره‌نگده‌داتاه‌وه‌. ئه‌مه‌ بێجگه‌ له‌وه‌ی كه‌ درووستكراوو ده‌ستكردێكی كاتیه‌و ده‌رئه‌نجام و ده‌رهاوێشته‌ی په‌ره‌سه‌ندنی ناسیونالیزمی كوردی نیه‌. ئه‌گه‌ر ناسیونالیزمی كوردی بگاته‌ ئاستی په‌ره‌سه‌ندن ئه‌وا خۆی ئه‌و بزووتنه‌وه‌ جه‌ماوه‌ریه‌ درووست ده‌كات كه‌ نه‌ك ئه‌و نوخبه‌و حیزبه‌ سیاسیانه‌ی ئێستا ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی بكه‌ن به‌ڵكو ئه‌و بزووتنه‌وه‌ ناسیونالیزمیه‌ی كورد كه‌ پرۆژه‌ی سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی كوردی به‌رنامه‌یه‌تی و بۆ ئه‌وه‌ش به‌یه‌كچاوو به‌یه‌ك هه‌ڵوێست سه‌یری داگیركه‌ره‌كانی كوردستان ده‌كات له‌ عه‌ره‌ب و تورك و فارس و به‌هه‌رسێكیشیان ده‌ڵێت نا بۆ هه‌مووتان، به‌ڵێ بۆ سه‌ربه‌خۆیی و ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆی كوردستان. به‌ڵێ تا ئه‌و ده‌نگه‌ به‌به‌رزی له‌ كوردستاندا نه‌بیسترێ و به‌ كرده‌وه‌ به‌وجۆره‌ كارنه‌كرێت كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی هیچ مانایه‌كی نیه‌، به‌ تایبه‌تی كه‌ ئێستا ده‌بینیت خه‌ڵكی وه‌های تێدا كۆكراوه‌ته‌وه‌ نه‌ك هه‌ر بڕوای به‌ كورد نیه‌ به‌ڵكو له‌سه‌ر ئاستی حیزب و تاكه‌كه‌سیش به‌ پێی كاروبه‌رنامه‌و ستراتیژیان هیچ په‌یوه‌ندییه‌كیان به‌ یه‌كێتی كوردو سه‌ربه‌خۆیی كوردستانه‌وه‌ نیه‌و بڕوایان پێی نیه‌و كارو گوتارو ره‌فتاریان گه‌واهی ئه‌وه‌ به‌ئاشكرا ده‌ده‌ن. خه‌ڵكی وه‌هاش بانگهێشتی ئه‌و كۆنگره‌یه‌ كراوه‌ له‌به‌ر مارشی ناسیونالیسته‌كانی عه‌ره‌ب و فارس و ره‌نگه‌ توركیش به‌رزه‌ پێ هه‌ڵسابنه‌وه‌و هه‌ڵبسنه‌وه‌ به‌ڵام سوكایه‌تی به‌ سروودی ئه‌ی ره‌قیب ده‌كه‌ن. كۆنگره‌یه‌ك كه‌ ئه‌م نوخبه‌ سیاسیه‌ ئه‌ندامانی بن به‌ دڵنیاییه‌وه‌ بێجگه‌ له‌ مانه‌وه‌ له‌ باوه‌شی عه‌ره‌ب و تورك و فارس و بێجگه‌ له‌ كوشتنی بنه‌ماكانی عه‌لمانیه‌ت له‌ كوردستان و بێجگه‌ له‌ دڵسۆزی بۆ عه‌ره‌ب و عه‌جه‌م و تورك چاوه‌ڕوانی هیچی تری لێناكرێت. 
دیاره‌ ده‌بێ ئامانجی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی رێكه‌وتنی سه‌رجه‌م رێكخراوو لایه‌نه‌كانی هه‌موو كوردستان بێت له‌سه‌ر به‌رنامه‌و ستراتیژێك كه‌ له‌ خزمه‌تی هه‌موو كورد وكوردستانی گه‌وره‌دا بێت. بێگومان ئه‌گه‌ر پارت و لایه‌نه‌ دیاره‌كانی هه‌موو كوردستان له‌سه‌ر به‌رنامه‌یه‌كی ئه‌وتۆ وه‌كو ستراتیژێك بۆ خه‌باتی كورد له‌ پێناوی گه‌یشتن به‌ مافه‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان رێكبكه‌ون، ئه‌وا له‌ ئێستادا سه‌رباری هه‌موو كه‌موكورتیه‌كان كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی ده‌بێته‌ خاڵێكی گرنگ، هه‌رچه‌نده‌ كۆنكره‌ ناتوانێت جێگره‌وه‌ی درووستبوونی ناسیونالیستێكی به‌هێزی ئه‌وتۆی كوردی بێت كه‌ بتوانێت هه‌موو كورد له‌ بزووتنه‌وه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی جه‌ماوه‌ری یان میللیدا رێكبخات و به‌رو ئاینده‌ كه‌ مه‌به‌ست سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌ته‌ ئاراسته‌ بكات. ئێمه‌ ده‌زانین كه‌ ناكۆكی ریشسه‌یی له‌ نێوان زۆرینه‌ی پارت و رێكخراوه‌كانی كوردستاندا هه‌یه‌و هۆكه‌شی ئه‌وه‌یه‌ كه‌ تاكو ئێستا عه‌قڵی سیاسی كوردی و كه‌لتووری كوردی به‌ گشتی له‌و ئاسته‌دا نییه‌ كه‌ یه‌كتر قبوڵكردن تیایدا بووبێته‌ بنه‌مایه‌كی جێگیر هه‌ربۆیه‌ ئه‌گه‌ر كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی بتوانێت ئه‌و بۆچوونه‌ له‌لای پارت و رێكخراوو لایه‌نه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌ درووست بكات كه‌ یه‌كتری قبوڵبكه‌ن ئه‌وه‌ خاڵێكی گرنگه‌. بۆیه‌ له‌ هه‌موو بارێكدا گرێدانی گۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی سه‌رباری ئه‌و تێڕوانینانه‌ی له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران به‌ڵام هێشتا شتێكی پڕ بایه‌خ ده‌بێت ئه‌گه‌ر بتوانێت رۆڵی كاریگه‌ر ببینیت له‌ نزیككردنه‌وه‌ی دیدوبۆچوونی كورددا به‌ گشتی، ئه‌وه‌ش ببێته‌ هۆی كاری هاوبه‌ش و له‌به‌رگرتنی رێگای ئاشتی و مۆدێرن بۆ گه‌یشتن به‌ كۆی ئه‌مانجه‌كان كه‌ ئه‌ویش له‌ سه‌ربه‌خۆیی و درووستكردنی ده‌وڵه‌تی كوردیدا ده‌گاته‌ ئه‌نجام. به‌ڵام پێموایه‌ ئێستا نه‌ ئه‌و عه‌قڵیه‌تی یه‌كتر قبوڵكردنه‌و نه‌ ئاو بنه‌مایانه‌ی كه‌ بۆ یه‌كتر قبوڵكردن و لێكتر نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌ جۆراوجۆره‌كانی هه‌موو كوردستانی گه‌وره‌ پێویستن بوونیان هه‌یه‌، نه‌ ئه‌م كۆنگره‌یه‌ش له‌و باره‌ پڕ له‌ قه‌یرانه‌ی كوردستانی گه‌وره‌دا ده‌توانێت هه‌نگاوی جیدی بۆ یه‌كگرتن و یه‌كبوون بنێت. ئێمه‌ ده‌زانین ئێستا كۆی لایه‌نه‌كانی كوردستانی گه‌وره‌ له‌و په‌ڕی ناكۆكی و پشێویدان، ئه‌ویش به‌هۆی په‌یوه‌ندی هه‌ر چه‌ند لایه‌نه‌و به‌ یه‌كێك له‌ داگیركه‌رانی كوردستانه‌وه‌. بێگومان خاڵی بنه‌ڕه‌تی بۆ نزیكبوونه‌وه‌ی لایه‌نه‌كانی كوردستان ده‌ستبه‌رداربوونیانه‌ له‌ داگیركه‌رانی كوردستان. تا ئه‌وه‌ش روونه‌دات كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌ی بێجگه‌ له‌ شتێكی ته‌رفیهی هیچ مانایه‌كی تری نیه‌و هیچ ئه‌نجامێكیشی نابێت.
 با ئه‌و پرسیاره‌ش بكه‌ین ئایا بۆچی كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد له‌ كوردستان نابه‌سترێت له‌ كاتێكدا ئه‌گه‌ر بڕواشمان به‌و سیستێمی فه‌رمانڕه‌وایه‌تیه‌ نه‌بێت كه‌ له‌ باشووری كوردستان هه‌یه‌ به‌ڵام باشووری كوردستان له‌ ژێر چه‌پۆكی داگیركه‌راندا نیه‌و بێگومان له‌ هه‌موو شوێنێكی تری ئه‌م دنیا گونجاوتره‌ بۆ باسكردنی مه‌سه‌له‌ی نه‌ته‌وایه‌تی كوردی. دیاره‌ له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ی كه‌ ده‌زانین زۆرێك له‌وانه‌ی به‌شداری كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كوردی ده‌كه‌ن كه‌سانی دڵسۆزن بۆ دۆزی كورد به‌ڵام ئه‌وه‌ش ناشاردرێته‌وه‌ به‌ ده‌یان كه‌سیش له‌ كۆنگره‌كانی ئه‌م ساڵانه‌دا به‌شداربوون كه‌ ئه‌سڵه‌ن بڕوایان به‌سه‌ربه‌خۆیی كوردستان و ده‌وڵه‌تی كوردی نیه‌. 

:05:55:03.10.2016
زیاتر ...
مه‌به‌ست له‌ ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یی كوردی!!
ئایندەی کوردستان بەرەو کوێ؟
لە 2016ی پڕ لە قەیرانەوە بۆ هەڵهاتنی رۆژێكی نوێ‌ !!
كوردو شكستی پێكهاتنی گه‌ل له‌گه‌ڵ نه‌ته‌وه‌كانی ئه‌وانی داگیركه‌ردا
جوڵەی فریودەرو جوڵەی بەرهەمهێن
ئەوانەی لە ئازارەكانی خەڵك تێناگەن!
هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ دامەزراوە سەرەكیەكەو پێكهێنانی حكومەتی رزگاریی نیشتیمانی:
بڕوانه‌بوون به‌ بوونی ئه‌وی تر
سلێمانی لە نێوان شارو بوون بە پایتەختی رۆشنبیری‌و نامۆبووندا
توركیاو كورد: لە ئەتاتوركەوە بۆ ئەردۆگان
موسڵ دوای داعش
كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی: له‌بری بكه‌ر به‌ركاری هه‌میشه‌یی!!!!!
یەكتر نەخوێندنەوە!!
دیسان كۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی كورد!
هەژموونی تێكشكاندنی كەسێتی كوردی بەسەر ئێستامانەوە
123456