هەڵوەشاندنەوەی هەر سێ دامەزراوە سەرەكیەكەو پێكهێنانی حكومەتی رزگاریی نیشتیمانی:

عەتا قەرەداخی
   
-كوردستان لە قەیرانێكی خنكێنەردایەو ئەگەر لە زووترین كاتدا چارەسەر بۆ ئەو قەیرانە نەدۆزرێتەوەو لەسەر زەمینەی واقیع و بە كردەوە چارەسەری قەیرانەكە نەكرێت، ئەوا ئەگەری شكست و هەرەسی دەسەڵاتی كوردی لە ناوخۆدا ئەگەرێكی نزیك و چاوەڕوانكراوە. كەواتە چارەسەر چیە؟
- پێشنیارەكەی بەڕێز مەسعود بارزانی رێگاخۆشكەرەوە بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بەڵام دەبێ میكانیزمی چارەسەرو كاتی ئەوپەڕینیش بۆ چارەسەر دیاری بكرێت چونكە بارودۆخەكە تەحەمولی كۆبوونەوە بە دوای كۆبوونەوەدا ناكات، بەڵكو چارەسەری خێراو بەپەلەی دەوێت.
- ئەگەر هەر پێنج حیزبەكە مەبەستیان چارەسەرە، ئەوە پێویستە لە زووترین كات و بێ هیچ مەرجێك لەسەر مێزی دانیشتنی جدی و بڕیاردەر دابنیشن، بەڵام یەك مەرجیان هەبێت و هەمووان دانی پێدا بنێن كە ئەم كابینەیەی حكومەت شكستی هێناوە. ئەم پەرلەمانەی ئێستا خوڵقێنەری ئاژاوەو قەیران بووە، سەرۆكایەتی هەرێم لە ئاستی پێویستدا نەبووەو رۆڵی خۆیی نەبینیووە.
 بۆیە پێویستە حكومەت و پەلەمان پێكەوە هەڵبوەشێنرێنەوەو هەروەك بەڕێز بارزانی خۆیشی داوایكردووە كەسێكی گونجاو دیاری بكەن بۆ شوێنی سەرۆكی هەرێم تا كاتی هەڵبژاردن. واتە پەرلەمان هەڵبوەشێنرێتەوەو تا هەڵبژاردنێكی تر دەرگای ئەو دامەزراوە ناكاراو هەمیشە پاشكۆییەی حیزب دابخرێت.
 حكومەتێكی رزگاریی نیشتیمانی پێكبهێنرێت لە كەمترین وەزارەت بە مەرجێك هیچ كام لەسەرۆكی حكومەت و جێگرەكەی و وەزیری سامانە سرووشتیەكان كە نەیانتوانیووە هەنگاوی كردەیی بۆ چارەسەركردنی كێشەی دارایی بنێن و داواكارییەكانی خەڵكیان پشت گوێ‌ خستووەو هیچ چارەسەرێكی بینراویان بۆ كێشەی كەندەڵی دارایی و ئیداریی نەدۆزیووەتەوە نەكردووە، بخرێنە دەرەوەی ئەو حكومەتە نوێیەی كە پێكدەهێنرێت.
 حكومەتی رزگاریی نیشتیمانیش دەبێت مووچەی هەموو بندیوارو خانەنشینانی نایاسایی رابگرێت و پێداچوونەوەی وردی بۆ بكرێت و بە تایبەتی ئەو هەموو پلە تایبەتیانەی كە بە نامەشروع كراون لە خوارەوە بۆ سەرەوە لە جوندی و جوندی ئەوەلەوە تادەگاتە ئەو كەسانەی بە وەزیر  و رەنگە بە پلەی بەرزتریش خانەنشینكراون و بە فیعلی لەو بوارانەدا خزمەتی یاساییان تەواو نەكردووە هەڵبوەشێنرێتەوە.
 سنوور بۆ كۆمپانیاكانی حیزب لە كۆمپانیاكانی نۆكان و كارو سەرجەم پاشكۆكانیان دابنرێت، ئەگەر بەراستی ئەم حیزبانە بەتەنگ ئایندەی كوردستانەوەن ، دەبێ ئەولەویەتیان خەڵك و ژیانی خەڵك و بەرژەوەندییەكانی خەڵك بێت، ئەگەریش بە تەمای ئەوەن كە بەرژەوەندی حیزب و ئەندامانی سەرەوەی حیزب لەپێش بەرژەوەندی نەتەوەو نیشتیمانەوە بێت، ئەوا هیچ شتێكتان پێ چارەسەر ناكرێت و دڵنیابن ئەگەر بارودۆخی ژیانی خەڵك باش نەكەن و بەم شێوەیە بەردەوام بن، كۆمپانیاكانیان و حیزب و دەسەڵاتەكانیشیان دەدۆڕێنن و بۆ هەتاهەتایە هەموویان رووزەردی مێژوو دەبن، سەرئەنجام میللەت هەموویان بە نەفرەت دەكات.
- بە بڕوای من ئەگەر هەموو لایەنەكان بەجیدی بیانەوێت ئەوە دەتوانن لە رێگای ئەو خاڵانەی سەرەوە هەنگاو بەرەو تێپەڕاندنی ئەم قەیرانە خنكێنەرە هەڵبهێنن. ئەگەر لەسەر ملهوڕی و لوتبەرزی و رق و كینەی رابردوو، لەسەر پاراستنی بەرژەوەندیە حیزبی و كەسیەكانیان بەردەوام بن، ئەگەر لەبری گوێگرتن لە لۆجیكی عەقڵ گوێ‌ لە رۆمانسیەتی سۆزی بەرژەوەندی و لە دەهۆڵی پاڵنەری رق و كینە بگرن ، ئەوا هیچیان پێناكرێت و سەرئەنجام هەموویان بەدەستی خۆیان گۆڕ بۆخۆیان هەڵدەكەنن. دڵنیابن، ئەوان لە مێژوودا دەبنە ناوی دزێووناشیرین و بێزراو، میللەتیش پاش سەردەمێكی تر لە ئێش و ئازارو بەدبەختی جارێكی تری رابوونێكی تر دەست پێدەكاتەوە. بەڵام باشترە بۆ ئەوەی خۆیان فڕێ‌ نەدرێنە پەراوێزی مێژووەوەو میلەتیش رووبەڕووی تراژیدیای ترسناكتر نەكەن، هەوڵبدەن چارەسەری كێشەكان بكەن.  
 


23/11/2016



وتارەکانی تری نوسەر