ئایا بۆچی نوخبه‌ی سیاسی كوردی هۆكاری لێكترازاندنی كۆمه‌ڵایه‌تیه؟ ئه‌وه ئاشكرایه زۆرینه‌ی ئه‌وانه‌ی له كۆمه‌ڵگه‌ی مرۆڤایه‌تیدا حیزبایه‌تی ده‌كه‌ن به تایبه‌تی نوخبه‌ی سه‌ره‌وه كه خواست و ویستی ده‌سه‌ڵاتیان هه‌یه، له بنه‌ڕه‌تدا گرێی هه‌ست به كهمیكردنیان هه‌یه كه ده‌شێ ئه‌و گرێیه زۆر هۆكاری خێزانی ، په‌روه‌رده‌یی، ئابووری، كۆمه‌ڵایه‌تی هه‌بێت ، یان زۆرینه‌ی ئه‌و كه‌سانه له منداڵی‌دا رووبه‌ڕووی تووندوتیژی جۆراو جۆر‌و ده‌ستدرێژیكردنه سه‌ر بوونه‌ته‌وه، یان له قۆناغێك له قۆناغه‌كانی ژیانی منداڵی و لاوێتیدا دووچاری شكست هاتوون.. شكست له خوێندندا، شكست له په‌یوه‌ندی سۆزداریدا، شكست له ژیانی خێزانی‌دا... په‌نابردن بۆ سیاسه‌ت و حیزبایه‌تی وه‌كو رێگایه‌ك بۆ گه‌یشتن به ده‌سه‌ڵات بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێی هه‌ست به كهمیكردنهیه.. مرۆڤی خاوه‌ن گرێ مرۆڤێكی نائاساییه، زۆربه‌ی كات هه‌ڵگری رق و كینه‌و گیانی تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه‌یه. هه‌ر بۆیه زۆربه‌ی نوخبه‌ی حیزبی و سیاسی مرۆڤی تووند‌و تیژن و خۆپه‌رست و به‌رژه‌وه‌ندپه‌رستن و له مامه‌ڵه‌یاندا نائاساین و بۆ پڕكردنه‌وه‌ی گرێی هه‌ست بهكهمیكردن وكه‌موكورتیه‌كانیان و سه‌لماندنی بوونی خۆیان زۆر رێگای نادرووست له‌به‌رده‌گرن.. هه‌روه‌ك ئه‌م جۆره كه‌سه خاوه‌ن گرێیانه به‌رده‌وام له یه‌كێتی و یه‌كبوون و دۆستایه‌تی و هاریكاری ئه‌وانی تر ده‌ترسن و هه‌موو لێكتر نزیكبوونێكی نێوان ئه‌وانی تر به هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر بوونی خۆیان ده‌زانن.
زۆرێك له كێشه‌كانی نێوه‌ندی سیاسی و حیزبی كوردی ده‌رهاوێشته‌ی ئه‌م گرێی هه‌ست به كهیكردنهیه.. ده‌شێ تاكه‌كه‌سی خاوه‌ن گرێی هه‌ست به كهمیكردن ته‌سامی ( بڵندبوون ) به‌و باری هه‌ست به كهیكردنه بكات و بنیادی كه‌سێتی خۆی به شێوه‌یه‌كی به‌هێز بنێت و ئه‌و گرێیه ببێته پاڵنه‌ری هه‌ڵكشان و سه‌ركه‌وتن له هه‌موو روویه‌كه‌وه به‌ڵام ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت ئه‌م باره‌یان له ناوه‌ندی نوخبه‌ی سیاسی و حیزبی كوردیدا رووینه‌داوه. به‌ڵكو ئاراسته‌ی باڵاده‌ست ئه‌وه‌یه كه گرێی هه‌ست به كهمیكردن لای نوخبه‌ی سیاسی و حیزبی كوردی ئه‌وه‌نده‌ی تری ئه‌و نوخبه‌یه‌ی به شكستخواردوویی و به لاوازیی پێشكه‌شكردووه. به تایبه‌تی هۆكاری لاوازبوونی ئه‌م نوخبه‌یه له‌به‌رامبه‌ر ئه‌وانی غه‌یری كوردا و تووندوتیژ له‌به‌رامبه‌ر ناوخۆدا ئه‌و گرێی هه‌ست به كهمیكردنهیه.. كه ئه‌م ره‌فتارو هه‌ڵس و كه‌وته‌ش بووه‌ته هۆی پشێوی و ئاژاوه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی و لێكترازانی كۆمه‌ڵگه چونكه ئه‌م نوخبه‌یه له رووی ده‌روونیه‌وه هه‌میشه پێویستی به‌وه‌یه كه زیاترین رووبه‌ری كۆمه‌ڵگه بكات به هاوبه‌شی خه‌مه تایبه‌ته‌كانی خۆی.
هه‌ر لێره‌وه‌یه كه په‌روه‌رده‌ی حیزبی له كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه‌دا له‌بری ئه‌وه‌ی په‌روه‌رده‌ی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانی بێت به گیانی باوه‌ڕبوون به یه‌كێتی و یه‌كبوون و داننان به جیاوازی و یه‌كتر قبوڵكردندا، بریتیه له په‌روه‌رده‌ی حیزبی به گیانی رق و كینه‌و دژایه‌تیكردنی ئهویترو په‌روه‌رده‌كردن له‌سه‌ر بنه‌مای ستراتیژی بۆ ئه‌وه‌ی من هه‌بم، بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه هه‌بین ده‌بێ تۆ‌و ئێوه‌و هه‌موو ئه‌وانی تر بسڕینه‌وه.. بێگومان ئه‌م تێڕوانینه‌ش تێڕوانینێكی نه‌ك هه‌ر نا نه‌ته‌وه‌یی و نانیشتیمانیه به‌ڵكو تێڕوانینێكی دژه مرۆڤایه‌تیشه.. هه‌ر لێره‌وه ده‌توانین بڵێن ئه‌و مرۆڤانه‌ی كه گرێی هه‌ست به كهمیكردنیان هه‌یه ئه‌گه‌ر ته‌سامی به‌و گرێیه نه‌كه‌ن، وه‌كو تاكه‌كه‌س مرۆڤی ئهگرێسیڤ - عدوانی- ده‌رده‌چن. ئه‌وه‌ی لای نوخبه‌ی سیاسی و حیزبی كوردی به جیاوازی حیزبه‌كانیان و به جیاوازی ئایدیۆلجیایانهوه، چه‌پ، راست، ئیسلامی، به‌ناو سیكیولار، میانڕه‌و، تووندڕه‌و.. به‌گشتی له‌م خاسێتانهدا هاوبه‌شن. واته نوخبه‌یه‌كی تا ئه‌ندازه‌یه‌ك به‌ئاشكرا نه‌خۆشن. هه‌ربۆیه ناتوانن ته‌جاوزی هیچ گرفت و كێشه‌یه‌ك بكه‌ن و له‌گه‌ڵ یه‌كتر وه‌كو مرۆڤی ته‌واو دابنیشن و گفتوگۆبكه‌ن چونكه چاره‌سه‌ركردنی هه‌موو كێشه‌یه‌ك پێویستی به لێبووردن و چاوپۆشیكردن له هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی به‌رامبه‌ر هه‌یه. دیاره ئاشكرایه مرۆڤی خاوه‌ن گرێی هه‌ست بهكهمیكردن ناتوانێت له هه‌ڵه‌و كه‌موكورتی ئه‌وانی تر ببوورێت چونكه هه‌ست ده‌كات هه‌ر لێبووردنێك قه‌باره‌ی گریێ هه‌ست بهكهمیكردنهكهی خۆی زیاتر‌و گه‌وره‌تر ده‌كات. ئه‌م نوخبه سیاسی و حیزبیه‌ی كوردستان ئه‌وا نزیكه شه‌ست ساڵه له كێشه‌دان و كۆمه‌ڵگه‌شیان له كێشه‌كانی خۆیانه‌وه ئاڵاندووه‌و ئه‌وه‌ش بووه‌ته هۆی تێكچوونی شیرازه‌و لێكترازاندنی كۆمه‌ڵگه. هه‌ر لێره‌وه ده‌توانین بڵێین ململانێ و ناكۆكیه‌كان له كوردستان نه له‌سه‌ر جیاوازی به‌رنامه‌یه، نه له‌سه‌ر جیاوازی تێڕوانین و ستراتیژه بۆ ئایندهی كوردستان، نه جیاوازی گوتاری سیاسیه، به‌ڵكو به پله‌ی یه‌كه‌م ناكۆكیه‌كان ده‌رئه‌نجامی بوونی نوخبه‌یه‌كی سیاسی و حیزبیه كه پاڵنه‌ری بوونیان به حیزبی و بوون به سیاسیان زیاتر له هه‌ر مۆتیڤێكی تر گرێی هه‌ست بهكهمیكردن و هه‌وڵدانیانه بۆ پڕكردنه‌وه‌ی ئه‌و گرێی هه‌ست به كهمیكردنه.