گۆڕان زیندوە

چیا عەباس
لێرە و لەوێ لە ناو گۆڕان و دەرەوەی هەڵمەتێک دەرباری دۆخی ناوخۆی گۆڕان و پیگەی سیاسی لە هەرێم سەریهەڵداوە. بەشێکی ئەم هەڵمەتە زیادەرۆییە دەرهەق بە گۆڕان و نان و پیازی پێوە هەڵدەلوشرێت، بەشەکەی تریشی دەستی لە سەر چەند زامێک داناوە و داوای قورتاربون لەو دۆخە دەکات..
ئەوەی یەکەم  نەیار و رکابەرەکانی گۆڕان قورمیشی دەکەن و دەیچرنەوە و دەیقۆزنەوە، دوەمیشیان هەڵسوراوان و دۆستانی بزوتنەوەکە لە خەمخۆریانەوە ئاراستەی دەکەن.
هەرچی بەرەی ناحەزە مەبەستیەتی پیشانی بدات گۆڕان، تایبەت دوای کۆچی دوایی کاک نەوشیروان، : شکست دوای شکست دروێنەدەکات، بنەماکانی ئەم بزوتنەوەیە ئەوەندە لەرزۆک و پەرتەوازە بون کە شایستەی متمانەکردن نین و ئەوەندەشی نەماوە خەسڵەتی بنەماڵەیی بزوتنەوەکە بشێوێنێت.
پێش هەمو شتێك ئەو کەس و هێزەی باوەری بە چەمکی سەرکەوتنی بەردەوام هەبێت بێگومان لە خانەی کاڵفامەکاندا دەژمێردرێت، چونکە لە مێژوی مروڤایەتی شتێک نیە بە ئەبستراکت پێی بوترێت سەرکەوتنی بەردەوام. سەرکەوتن تێگەیشتنێکی رێژەییە لە قۆناغیکی دیاریکراو بۆ پرسێکی تایبەت کە لە گەڵ خۆیدا زەمینەی کاڵبونەوە و تەنانەت داکشان و شکستیشی هەڵگرتوە. سەرکەوتنەکانی شۆرشی ئۆکتۆبەر لە روسیا، ماوتسی تۆنگ لە چین، جیڤارا، غاندی، مەندێلا، جمال 
عبدالناصر، شۆرشی ئیسلامی و ئۆرتێگای سۆشیالیستی نیکاراگوا.. هەمویان کاتی بون و بنەمای بەردەوامبونیان لە لایەن ئاکامەکان و کاراکتەرەکانی سەرکەوتنەکەوە رێگریان لێکراوە، وەک ئەوەی ئێستا لە نیکاراگوا رودەدات. 
ئەوەی گرنگە ئەو سەرکەوتنانە، بەدەر لە زەمینە و هۆکار و کاراکتەرەکانی، چەند بەها و ئەزمون و نمونەیان دوای خۆیان جێهێشتوە. 
کاک نەوشیروان بەردەوام جەختی دەکردەوە لەوەی گۆڕان دەریایەکی فراوانە، هەمو جۆرە ئاوێکی تێدەریژێ و لێشی دەردەچێت، بەڵام ئەو دەریایە وشک نابێت.
ئەم هەڵسەنگاندنە بۆ بزوتنەوەیەک یا حزبێکی گیرۆدەی فکرێک یا هزرێکی تایبەت نەگونجاوە، بۆ گۆڕان پر بەپێستیەتی، چونکە کێرڤی سەرکەوتن و داکشانی گۆڕان تەنها لە ژمارەی دەنگەکانی و ژمارەی وەلا و گوێرایەڵی هەوادارانی و ژمارەی پارە و موڵکەکانیدا نابینرێت، بەڵکو زۆر گرنگتر لەوانە باوەربونی تۆکمەیە بە پرسی گۆرانکاری و کارکردن بۆی.
ئەو چەند دیاردە نەخوازیارانەی لە ناو گۆڕان رویانداوە و رودەدەن مایەی نیگەرانی و دڵگرانی گۆرانخوازانن، بەڵام ناشێت زیاتر لە قەوارە و کاریگەری خۆیان هەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت، هاوکاتیش ناشێت پشتگوێ بخرێن و دەبێت هەوڵ و کار بۆ چارەیان بکرێت، ئەمەش نەک بە چاوەروانی ئەوەی گۆڕان سەرکەوتنی موعجیزە بەدەست بهێنێت، بەڵکو بۆ زیندو راگرتنی هزری گۆڕان و پرەنسیپەکانی و گەشیپێدانیان.
هەروەک لە سەرەتای ئەم نوسینە ئاماژەم  بە پرسی سەرکەوتن داوە، دەبێت گۆرانخوازان زۆر بە ئاگابن لەوەی سەرکەوتنە مەزنەکەی گۆڕان زادەی سەردەمی کاک نەوشیروان و پرەنسیپە بەهاداراکانی گۆڕان بو، ئەمرۆ دەبێت دەرکی تەواو بکەین بەوەی سەردەمێکی ترە، بۆیە چاوەروانیەکانمان بە باڵای توانا و دۆخی ناوخۆی گۆڕان و گۆرەپانی کاردکردنمان دارێژین، چونکە بێئومێدی دیاردەیەکی زۆر مەترسیدارە بۆ کلۆرکردنی هەر بونیادێک هەرچەندە زۆر بەهێزیش بێت. 
لێرەوە رەوشی ناوخۆی گۆڕان دەتوانێت کاریگەری گرنگ لەسەر ئاراستەکردنی گۆڕان و ئایندەی بکات، بۆیە بە هەڵسەنگاندنی خۆم دەبێت چەند بژاردەیەک بخرێنە بەرچاوی گۆرانخوازان:
یەکەم: دروستکردنی ئەنجومەنێکی بەرێوەبەرایەتی کاتی کە لە نوێنەری ئۆرگانە باڵاکانی گۆڕان پێك بێت و تەواوی دەسەڵاتی بدرێتە بۆ ئامادەسازی بۆ بەستنی کۆنفرانسی نیشتمانی گۆڕان  بەرێگەی پاکێجێکی پێشنیازکراو بۆ هەموارکردنەوەی دەستوری گۆڕان و ئۆرگانە باڵاکانی، دوەمیش ئامادەسازی بۆ هەڵبژاردنەکانی ئایندە لە کوردستان بکات.
دوەم: جڤاتی نیشتمانی رێگر نەبێت لە دروستکردنی چەند مینبەرێک لە ناو گۆڕاندا، بەو مەرجەی سەرجەم مینبەرەکان پابەندبن بە بەرنامەی سیاسی گۆڕان و دەستورەکەی، وەک لە مادەی یەکەمی دەستوری گۆڕان: پێناسە، دا هاتوە.
هەمومان، زۆر یا کەم بە دروست و هەڵەکانیشەوە، پشکی خۆمان لە مێژوی گۆڕاندا هەبوە و ئێستاش هەیە، ئەو دو پێشنیازەی بەندە هەمومان، بێ سرینەوەی کەسێک یاخود گروپێک یاخود فکر و بۆچونێک، دەخاتە بەردەم بەرپرسیاریەتیەک، ئەویش چی باشە بۆ ئایندەی گۆڕان بکەین و نەهێلێن سەرکەوتن و دەسکەوتە سیاسی و مەعنەویەکانمان کاڵببنەوە یا لە دەست بچن.
بۆچی؟ 
هزری رەسەنی گۆڕان دوژمنایەتی سیاسی، فکری، سەربازی و کۆمەڵایەتی رەتدەکاتەوە، لە بری ئەوانە ململانێی سیاسی، فکری، کۆمەڵایەتی و پەرڵەمانی
پەسند کردوە، جیاوازی نێوان دوژمنایەتی و ململانێ لە کۆمەڵگاکانماندا هەستیار و ناسکن، بۆیە دەبێت هەڵگرانی ئەو هزرەی گۆڕان هیچکات نەکەنە داوی دوژمنایەتیکردن، ئەوە ئەو گۆمە هەستیارەیە کە ناحەزانی گۆڕان دەیانەوێت تێی کەوین، دەبێت ئەمە پێش هەمو شتێک لە ناو خۆماندا پێرەو بکەین.
پرەنسیپە بنەرەتیەکانی گۆڕان ئاوێنەی چەمکەکانی مرۆڤ دۆستی، سەبر و چاوەروانی، رەخنە و بەرەنگاربونەوە، ململانێ ولێبوردەیی و ئیرادەی نەگۆری گۆرانکارین. ئەمانەش دەبێت ببنە ئەو پێوەرانە بۆ هەڵسەنگاندنی کار و ئەدای گۆڕان لە ئێستا و ئایندەدا.  
باوەری توندم هەیە دەتوانین بەیەکەوە و بە گوێگرتن لە یەکتر و بە قبوڵکردنی جیاوازیەکانمان ئەو ئەرکانە جێبەجێ بکەین، چونکە گۆڕان زیندوە.

رۆتەردام: ٧ی تەموزی ٢٠١٨


08/07/2018