خوێندنەوەیەك بۆ ڕێكەوتنامەكەی نێوان یەكێتی و گۆڕان

نەوزادی موهەندیس

•    دوای هەوڵ و ماندوبون و چەندین كۆبونەوەی ئاشكرا و نهێنی و دوای چەندان هەوڵی نێوەندگیری بۆ ئاشتكردنەوەو لێكنزیبونەوەی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان لەلایەن خەمخۆران و دڵسۆزانی هەردوولا و میلەتەكەشمانەوە ، خۆشبەختانە ڕۆژی 3شەممە ڕێكەوتی 17/5/2016 ڕێكەوتنێكی سیاسی لەنێوان هەردوولادا بە چاودێری و لەماڵەكەی سەرۆك تاڵەبانیدالە دەباشان واژۆكرا كە بەردی بناغەكەشی هەر لەماڵی سەرۆك تاڵەبانی لە دەباشان ولەساڵی 2012وە دانرا، و بەمەش كۆتایی بە ململانێ‌ سیاسیەكانی نێوان ئەو دوو حیزبە گەورە و كاریگەرەی هەرێمی كوردستان هات بەتایبەتیش لەناوچەی سلێمانی و گەرمیان و ڕاپەڕیندا كە جێگە نفوز و پێگەی سیاسی و جەماوەری هەردوولایە و ئەم ڕۆژەش بۆ یەكگرتنەوە وەك وەڵامدانەوەیك وایە بۆ تێپەڕبوونی 100 ساڵ بەسەر ڕێكەوتنامەی سایكس -بیكۆی  ساڵی 1916 كە كوردو كوردستانی داگیر ودابەشی سەر 4 وڵاتی ناوچەكە كرد.
•    ئەم ڕێكەوتنە بۆ؟ لە پێناو چیدا ؟بۆ لەم قۆناغ و كاتەدا؟
ئاشكرایە ڕێكەوتنەكە لە 11 بەش و 25 مادە و دێباجەیەك پێك هاتوە ، كە هەموانیان لە پێناو ڕێكخستنەوە و پەرەپێدانی پەیوەندیەكانی نێوانیان و دروستكردنی ستراتیژێكی نیشتیمانی و نەتەوایەتی و دامەوزراندنی حوكمڕانیەكی تەندروست و دادپەروەری كۆمەڵایەتی و سەروەربوونی یاسایە و هەر ئەم نیەت و بەرنامە و بڕوایەی هەردوولاش لەپێناو خزمەتكردنی زیاتری كۆمەڵگای كوردەواریدایە.
ڕێكەوتنەكە لەكات و ساتێكی مێژوویی زۆر هەستیار و ناسكدایە، چونكە لەلایەك نێوماڵی كورد پەرتەوازە و لێكترازاوە و بارودۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەڵایەتی تەواو شڵەژاوە و شەڕی سەپێنراوی داعش مەترسیەكی گەورەیە و  ناكۆكیەكانیش لەگەڵ بەغداد ڕوو لە هەڵكشان و گەرمبوونی زیاترە و لەگەڵ دەرودراوسێشدا دۆستایەتی ڕاستەقینە نیە و هەموو ئەمانەش كاریگەریان هەیە لەسەر ناو و ناوبانگی كورد و مەسەلەكەی لەسەر ئاستی دونیا و نێودەوڵەتیدا و گۆڕانكاریەكانیش زۆر خێرا و مەترسیدارن لەسەر ناوچەكە، بۆیە پێویستی بەوەدەكرد كە لانی كەم دوو هێزی گەورە و كاریگەری وەك یەكێتی و گۆڕان وەك هەنگاوی یەكەم و دەستپێشخەریەك بۆ دەربازبوون لەم هەموو قەیران و تەنگژە و مەترسیی و دۆخە چەقبەستوانە وەڵامدانەوەیەكی واقعی و خەمخۆرانەیان هەبێت و   سەرەتاش لەنێو خۆوە دەستپێبكەن و دواتر بەسەر هەمواندا بیگشتێنن و  بەمەش ئامادەسازی تەواو بكرێت بۆ هەموو ئەگەرە سیاسی و ئابوری و گۆڕانكاریەكان و بۆئەوەی كورد بتوانێت ڕووبەڕووی هەموو ئەگەرەكان ببێتەوە بە یەك و یەكگرتووی لە كردار و گوتاریدا.
•    ئەم ڕێكەوتنە بە قازانجی كێیە؟ یەكێتی یان گۆڕان ؟ یان تەواوی میلەتەكەمان؟
ئاشكرایە ئەم ڕێكەوتنە سیاسیە لە نێوان دوو حیزبی سیاسی گەورە و كاریگەری سەر گۆڕەپانی سیاسی كوردستان و عێراق و ناوچەكەدا واژۆكراوە كە هەردووكیان یەك ناوچەی نفوزی جەماوەری و هەڵبژاردن و پێگەی سەربازی و یەك ئایدۆلۆژیا و بیروباوەڕی نیشتیمانی و نەتەوایەتیان هەیە و هەموو ئەمانەش خاڵی هاوبەش و گرنگ و كاریگەرن بۆ سەركەوتن و سەرخستنی ڕێكەوتنامەكەو هەریەكەشیان لە تێڕوانین و بەرژەوەندی حیزبی خۆیانەوە  پاڵپشتی ڕێكەوتنەكە دەكەن و گەرەكیانە سەریش بكەوێت، هەریەكەشیان مافی خۆیەتی چەندی دەوێت قازانج و سوودی زیاتر بكات.
•    یەكێتی نیشتیمانی كوەردستان، پێویستی بەم ڕێكەوتنە هەبوو لەبەر :
1.نێوماڵی یەكێتی یەك و یەكگرتوو نەمابۆوە لەبەر ململانێ‌ ناوخۆیەكانی باڵەكانی و ئەمەش زۆر بێهێزی كردبو وەببوە هۆكاری نەمانی ناوەندێكی بەهێزی بڕیاردان و بڕیار بەدەستی یەكلاكەرەوە و غیابی كاریزما و ڕابەرێكی بەهێزیش نەدەتوانرا كە تاسەر و بۆ ماوەیەكی درێژتر ئاوها یەكێتی بەردەوام بێت.
2. یەكێتی لەدوای ڕێكەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا لەساڵی 2007وە و چوونی بەڕێز مام جەلال بۆ بەغداد ، یەكێتی زیانی گەورەی جەماوەری و بێمتمانەی پێكەوت و لاواز  و بێدەسەڵات دەردەكەوت.
3.دوای جیابونەوەی گۆڕانیش لە یەكێتی لە ساڵی 2009دا هێندەی تر یەكێتی لاواز و بڕست لێبڕاو دەهاتە پێش چاوان و بوە هێزی سێیەم لە كوردستاندا.
4.یەكێتی لەبەرامبەر پارتی لە هەرێم و لەبەرامبەر گۆڕانیش لەناوچەی سەوزدا بێهێز و لاواز دەردەكەوت و زۆرجارانیش ناتۆرەی پاشكۆیەتی دەخستە پاڵ.
5. لەسەر ئاستی عێراقیش لەدوای غیابی سەرۆك تاڵەبانیەوە پێگەی بەهێزی لەرۆزك ببوو.
گرنگە یەكێتی ئەو هەڵەیە دووبارە نەكاتەوە كە لە ئەنجامی ڕێكەوتنامەی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا كردی و یەكێتی  كردە پاشكۆ و بێدەسەڵات و سوودو قازانجی كەمتر لە پارتی كرد. و بەم ڕێكەوتنەش یەكێتی زیاتر بچوك نەكاتەوە و تەسلیمی گۆڕانی نەكات، تا ئەوكاتەی یەكدەگرنەوە و بەتەواوەتی تێكەڵ دەبنەوە.
•    لەبەرامبەریشدا بزوتنەوەی گۆڕانیش زۆر پێویستی بەم ڕێكەوتنە بوو لەگەڵ یەكێتیدا لەبەر:
1.گۆڕان هێزێكی تەمەن 7 ساڵەی بێ‌ ئەزومنی حوكمڕانی بوو ، زۆریش هەڵپەی گەیشتنە دەسەڵاتی هەبوو،بەڵام نەیتوانی بەسەركەوتوویی ئەو قۆناغە تێبپەڕێنێت.
2.گۆڕان لە خوێندنەوە و هەڵسەنگاندنی هێز و توانا و پێگەی پارتی و یەكێتی بەهەڵەدا چووبوو ، وایدەزانی كە بەشەو و ڕۆژێك دەتوانێت مێژوو و خەباتی 40 بۆ 70 ساڵەیان بسڕێتەوە و مایەپوچیان بكات.بەڵام ئەوەی بۆ نەچوە سەر و سەركەوتوو نەبوو لەبەدیهێنانی ئامانج و دروشمەكانیدا.
3.گۆڕان لەدوای پەكخستنی پەڕلەمان و دەركردنی وەزیرەكانی لەحكومەتدا لەلایەن پارتیەوە و توندبونەوەی ناكۆكیەكانیان، لای جەماوەرەكەی خۆشی و كوردستانیش تاڕادەیەك متمانەی لەدەستداوە و بەرەو بچوكبونەوە و پەراوێزخستن و قەتیسبوون دەچوو.
4.گۆڕان لەڕووی داراییەوە لاواز و بێسەرچاوەی داهاتێكی گەورەیە كە بتوانێت درێژە بە كار و چالاكی فراوانی خۆی بدات لەسەر ئاستی هەرێم و عێراقدا.
5.گۆڕان گەرەكێتی بەهۆی ئەم ڕێكەوتنامەیە و لە پاڵ یەكێتیدا جارێكی تر بگەڕێتەوە ناو دەسەڵات و هاوبەش بێت لەداهات و ئیمتیازاتەكانی حكومەت بۆ جێكرنەوە و ڕازیكردنی كادر و هەڵسوڕاو و جەماوەرەكەی.
6.گۆڕان گەرەكێتی بەم ڕێكەوتنەی لەگەڵ یەكێتیدا ببنە هێزی یەكەمی هەڵبژاردن و جەماوەری لە كوردستان 42 كورسی و لە عێراقیش 29 كورسی و بەمەش دەتوانێت ببێتە هێزێكی كاریگەر لەسەر بڕیار و چارەنوسی هەرێم لەناوچەكە و عێراقیشدا.
بەم شێوەیە هەردوولای ڕێكەوتنەكە زۆر پێویستیان بەم هەنگاو ولێكنزیكبونەوەیە هەبوە و تاڕادەیەكی گەورەتر بزوتنەوەی گۆڕان سوودمەندی زیاترە، بەڵام بە ئەنجام سەرجەمی میلەتەكەمان و خەباتی كوردایەتی لەم هەرێمەی باشوور و تەواوی بەشەكانی تریشدا تەواو دەبێت، چونكە هەرهەنگاوێك بە ئاڕاستەی یەك و یەكگرتوویی كورد و ڕیزەكانی بێت ئەوا ڕاستەوخۆ بە قازانجی تەواوی مەسەلەی كورد و میلەتەكەشمان دەشكێتەوە.
•    ئەرێ‌ ئەم ڕێكەوتنە یار و نەیاری هەیە؟ئەی ئەركی یەكێتی و گۆڕان چیە بۆ ئەو لایەنانەی كە ئەم ڕێكەوتنە بە دژی خۆیان دەزانن؟
بەدڵنیاییەوە ئەم ڕێكەوتنە ئیجماعێكی تەواو و سەرتاپاگیری لەسەر نیە نەلە كوردستان نە لە عێراق و نە لە ناوچەكەشدا ، تەنانەت لەناوخۆی هەردوو حیزبیشدا دەنگ و ڕەنگی جیاواز و دژ بەم ڕێكەوتنە هەیە ، بەڵام خۆشبەختانە زۆرینە نین، بەڵام دەتوانن ببنە مایەی سەرئێشە و كێشە و گرفت دروست كردن.
هەربۆیە ئەركی یەكێتی و گۆڕانە كە نیەتی ڕاستەقینە و شاراوەیان بۆ هەموان ڕوونبكەنەوە و هەموان بخەنە سەر ئەو بڕوایەی كە ئەم ڕێكەوتنە لە قازانجی هەمووانە و دژ بە هیچ سەركردە و حیزبێكی سیاسی نیە لە كوردستاندا، بەتایبەتیش پارتی دیموكراتی كوردستان كە هەر لەسەرەتاوە بە گومانەوە لەم هەوڵ و ِێكەوتنەی ڕوانیوە و بەدڵنیاییش هیچ پێی خۆش نیە و تا بۆشی بكرێت ڕێگە نادات سەربكەوێت و بە ئامانجەكانیشی بگات.بۆیە ئەركی یەكێتیە لە پێش گۆڕانەوە كە هاوپەیمانی ستراتیژی هەیە لەگەڵ پارتیدا دڵنەوایی و گومان و دوودڵیەكانی پارتی بڕەوێنێتەوە، ڕاستیەكی حاشا هەڵنەگرە كە  یەكێتی و گۆڕان دەتوانن لەناوچەی سەوزدا سەركەوتووبن و ڕێكەوتنامەكەش بگەیەننە ئامانج، بەڵام بەبێ‌ پارتی هیچ ڕێكەوتن و بەرنامەیەكی چاكسازی و داڕشتنی دەستور و گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی لەسەر ئاستی هەرێمی كورجدستان سەرناگرێت، بۆیە ناكرێت هێز و بازووی پارتی بەهەند وەرنەگیرێت، ئەوەش لە ڕێگەی دایەلۆگ و دانیشتن و لێكتێگەیشتن و سازانەوە دەبێت بۆ دوورخستنەوەی سێبەر و تارمایی دروستبونەوەی دووئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ ، كە بەداخەوە ئەزمونەكانی ڕابووردوو دەریان خستوە كە گەر ئیجماعی سیاسی و تەوافوق و پێكەوەكاركردن و شەراكەتی ڕاستەقینە نەبێت لەنێوان هێزەكاندا ئەوا مەترسی شەڕی ناوخۆ و هێنانی دوژمنان بۆ ناوخۆی كوردستان لە زیهنیەت و بەرنامە و باوەڕی حیزب و سەركردەكاندا هەیە كە ئەمەش مەترسیە گەورەكەیە.
 یەكێتی دەتوانێت لەلایەك ڕێكەوتنی ستراتیژی لەگەڵ پارتیدا پەرەپێبدات و گەشەی پێبكات و گۆڕانكاری پێویستی تیادا بكات و درێژەشی پێبدات و ئەم ڕێكەوتنەی لەگەڵ گۆڕاندا نەكاتە جێگرەوەی ڕێكەوتنامەی ستراتیژی نێوانیان، لەم لاشەوە كار بۆ سەرخستنی ئەم ڕێكەوتنە بكات بۆئەوەی ببێتە فاكتەرێكی خێر لەنێوان هەردوولادا و هاوسەنگی و كاری پێكەوەی درێژە پێبدات و ئەم ئەزمون و  دەسەڵاتە لەم قۆناغە ناسكەدا ڕزگاربكات و بیشیپارێزێت.
•    دەكرێت وەك نیاز پاكیەك بۆ هەموان چوارچێوەی ئەم ڕێكەوتنامەیە فراوان بكرێت بەشێوەیەك كە هێز و حیزبە گەورە و كاریگەرەكانی تریش بە ئیسلامی و عیلمانیەوە بچنەو ناویە و زیاتر گەشە و بەهێزی بكەن و بەمەش هیچ لایەنێك بەدژی خۆی نایبینێت و ناشبێتە ڕێگر  لەبەردەمیدا.
•    لەكۆتایدا، ڕێكەوتنەكە زۆر بە پەلە  ڕێكخرا و واژۆكرا بەهێندەی خێرای جیابونەوەی گۆڕان لە یەكێتی و بەخێرای ڕێكەوتنی گۆڕان و پارتی بۆ پێكهێنانی كابینەی هەشتەمی حكومەت، ئەم خێرایی و پەلەكردنە لەسەر خواستی كاك نەوشیروان بوە پێدەچێت حەز بكات ئەو هەڵە مێژووییەی جیابونەوەی لە یەكێتی بسڕێتەوە و پێش قەدەری كۆتایی خۆی گۆڕان ڕادەستی یەكێتی بكاتەوە.
•    ئەوەی ڕێكەوتننامەكە باش بخوینێتەوە و لەبەش و مادەكان ڕابمێنێت، بۆی دەردەكەوێت كە ڕێكەوتنەكە هێندەی ڕێكەوتنێكی سیاسی دوو حیزبە و نیەتی سەرەكیش بریتیە لە گۆڕینی سیستەمی حوكمڕانی و دانانی دەستورێكی مۆدێرن و هاوچەرخانە و بە دامەزراوەیی كردنی سەرجەمی جومگەكانی حوكمڕانی و باشتر ڕێكخستنەوەی پەیوەندیەكانی هەرێمە لەسەر ئاستی ناوخۆ و نەتەوە و چواردەور و دونیا و عێراق و شەفافكردنی پڕۆسەی دەرهێنان و دۆزینەوە و فرۆشتنی نەوت و داهاتەكانە و سەروەربوونی یاسا و دادوەریە و كاركردنیشە بۆ هەنگاونان بۆ ڕیفراندۆم و دەوڵەتی سەربەخۆیی و دواتریش لەسەر ئاستی هەردوو حیزب هەمئاهەنگی زیاترە لە سەر ئاستی پەڕلەمانی كوردستان و عێراق و پارێزگاكان و ڕێكخستنەوەی زیاتری هێزی پێشمەرگە وهێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ و ڕاگەیاندنیشە.
ئەم ڕێكەوتنە لەڕووی ناوەڕۆك و بەند و مادەكانیەوە هەنگوینیە و دڵخۆشكەرە، بەڵام كورد هیچ كات پەكی نەكەوتوە لەسەر ڕێكەوتنامە و لێكتێگەیشتن و داڕشتنی پەخشان و شانامە بەڵكو خاڵی لاوازی كورد بریتیە لە جێبەجێنەكردنی ئەو ڕێكەوتنامانە لەسەر زەمینەی واقع، بۆیە وەك كاك نەوشیروان لە وتەكەیدا باسی كرد(( عیبرەت لە نوسیندا نیە عیبرەت لە جێبەجێكردنیدایە)).
بەوهیوای هەموان ببنە پێشمەرگەیەكی خەمخۆر و ئازا و چاونەترس بۆ جێبەجێكردنی ئەم ڕێكەوتننامەیە و بۆئەوەی دڵی یار و دۆستەكان زیاتر خۆش ببێت و دڵی ناحەز و دوژمنانیش زیاتر بتەقێت.و دەنگە دژەكانیش پێ‌ بنێنە سەر خواست و ویستە كەسیەكانیان لە پێناو بەرژەوەندی باڵای حیزب و نەتەوە و نیشتیماندا.

[email protected]


18/05/2016



وتارەکانی تری نوسەر