قەرزەكانی حكومەتی هەرێم لەنێوان ڕاستی و چاوبەستەكیدا!!!

نەوزادی موهەندیس

 
[email protected]

•    حكومەتی هەرێمی كوردستان لەدوای ساڵی 2003وە هیچ كات باسی لە قەرزداری نەكردوە تا سەرەتای ساڵی 2014 بەدواوە و ئەوكاتەی لەلایەن حكومەتی بەغدادەوە بەشە بودجەی حكومەتی هەرێم كە بریتی بوو 17% بودجەی گشتی عێراق بڕدرا و ئیدی لەوكاتەوە تاكوئێستا ماوەی 3 ساڵی ڕێكە هەرێمی كوردستان ڕووبەڕووی قەیرانێكی ئابوری و دارایی توند بۆتەوە.و تائێستاش هیچ پلانێكی ڕوونی زانستی و واقعی نیە بۆ دەربازبوون لەو قەیرانە و كاریگەریە زۆر خراپەكانی. هەربۆیە پێشبینی دەكرێت كە ئەو قەیرانە بۆ چەند ساڵێكی داهاتووش درێژە بكێشێت.
•    حكومەتی هەرێم بەبیانوی چارەسەركردنی ئەم قەیرانە داراییە هەستا بە فرۆشتنی نەوتی كوردستان بەشێوەی سەربەخۆ و بێگەڕانەوە بۆ حكومەتی بەغداد لە 20/6/2015دا بەو هیوایەی لەلایەك قەیرانی دارایی پێچارەسەر بكات و لەلایەكی تریشەوە گەرەكێتی داهاتی نەوت بۆ بەرژەوەندی و قازانجی نوخبەیەكی دەستڕۆیشتووی ناو حكومەت و كابینەی هەشت بگێرێتەوە  دوور لە بەرژەوەندی میلەت،ئەم كارەشی تەنها و تەنها لە ژێر فشاری حكومەتی توركیادا ئەنجامدا و بەشێوەیەكی نهێنی ڕێكەوتنامەیەكی 50 ساڵەی بۆ هەناردەكردنی نەوت و ڕێكەوتنێكی 26 ساڵەشی بۆ هەناردەكردنی غازی سروشتی لەگەڵ توركیادا واژۆكردوە. بەڵام چونكە پڕۆسەكە نیەتی ڕاستەقینەی خزمەتكردن و خۆشگوزەرانكردنی هاوڵاتیانی ئەم هەرێمە نەبوو،خۆشبەختانە زەرەروزویانەكانی حكومەتی هەرێم هێندە گەورەبوون كە خەریكە سەری خاوەنەكەشی دەخوات، هەمووشی بەهۆی نەزانین و بەهەڵە خوێندنەوەی هاوكێشە ئابوریەكانی دونیا و بازاڕەكانی نەوت و غازی سروشتی و بێئاگاییان لە سیاسەتی نەوتی نێودەوڵەتی و ناوچەیی و دواتریش فریوخواردنیان بەدەستی دوژمنانی نەتەوە و میلەتەكان لەم هەرێمەدا ئەویش دەوڵەتی توركی فاشیزم و خوێنەخۆری سەری كوردانە.
•    هەربۆیە حكومەتی هەرێم لە پێناو ئەوەی جارێكی تریش خۆی  ڕزگاربكاتەوە،كەوتە هەڵپەی هێنانی كۆمپانیای زۆر و زەوەندی ناوچەیی و دونیاش كە زیاد لە 50 كۆمپانیا دەبن و سەرزەمین و ژێرزەمینی ئەم هەرێمەی بەخشیەوە بەسەر ئەو كۆمپانیایانەدا(( 28 بلۆكی نەوتی ))  و بە نیازیشە لە ئایندەیەكی نزیكدا (( 20 بلۆكی نەوتی تر بداتە كۆمپانیا نەوتیەكان)) بەناوی ((گرێبەستی شەراكەتەوە))(( 42 گرێبەست لە ماوەی ساڵی 2002 تا 2011)) و نەوت و غازی سروشتی ئەم هەرێم و میلەتەی تاڵانفرۆش و هەڕاج كرد لە بازاڕەكانی دونیادا و بەشێوەیەك هەمیشە نرخی بەرمیلێك نەوتی هەرێم بە 10 دۆلار كەمتر دەفرۆشرێت لە بازاڕەكانی دونیادا،ئەمە سەرەڕای هەموو ئەو تانە و سكاڵا و ناڕەزاییانەی حكومەتی عێراق لەلایەك و كۆمپانیاكانیش لەلایەكی ترەوە لەبەر بەهەدەردان و بە قاچاغ فرۆشتنی نەوتی عێراق و نەدانی موستەحەقاتە داراییەكانی ئەو كۆمپانیایانە، تازە بەتازە و دوای زیاتر لە 10ساڵ كۆمپانیای نەوتی وا هەیە كە هەرێم بەجێدێڵێت چونكە كاركردن لە بوار و كەرتی نەوتی هەرێمدا بەم شێوەیەی ئێستا بەقازانج نیە بەتایبەتیش دوای دەركەوتنی ئەو هەموو گەندەڵی و بەرتیل وەرگرتن و شەریك دروستبوونە بۆیان لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئەو كەرتەوە.
•    هەربۆیە حكومەتی هەرێم كەوتە قەرز وەرگرتنی پێشەكی لەو كۆمپانیایانە و بەڵێنی ئەوەی پێدان كە بەنەوت دەیانداتەوە،بەڵام ئەم حكومەتە بێئاگایە لە سیاسەتی نەوتی جیهانی و بەرژەوەندی كۆمپانیا زەبەلاحەكانی كەرتی نەوت ،هیچ كات پێشبینی دابەزینی نرخی نەوتی نەكردبوو لە 115 دۆلارەوە لەمانگی 6/2014دا بۆ  25 دۆلار لە مانگی 11/2015دا كە زیاتر لە 70% نرخەكانی دابەزی، هەربۆیە حكومەتی هەرێم ئەوەی كە دەیخواست دەستی بكەوێت لەو نرخە بەرزانەی نەوت دوور لە داهات و دەسەڵاتی عێراق بۆی نەچوە سەر و كەوتە ژێر باری قەرزێكی گەورەوە كە لە ئێستادا و بۆ 10ی ساڵی ئایندەش ناتوانێت بیانداتەوە.
•    لێرەدا پرسێارێك دروست دەبێت ،كە ئایا حكومەتی هەرێم بەڕاستی قەرزارە یان چاوبەستەكی لە میلەتەكەمان دەكات؟ ئایا قەرز وەرگرتن كارێكی ئاساییە یان دژاور و كاریگەری خراپی هەیە؟هەرێم چۆن دەكەوێتە ژێر باری لێكەوتە خراپەكانی ئەو قەرزانەوە؟
بەداخەوە بەهۆی ناشەفافیەت و تاریكاندن و شاردنەوەی ڕاستیەكان و ئامار و زانیاریەكان دەربارەی گرێبەستە نەوتیەكان و چۆنێتی فرۆشتن و هێنانەوەی داهاتەكان و دواتریش خەرجكردنەكانی، تەواوی پڕۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوتی هەرێم كەوتۆتە ژێر پرسیارگەلێكی گەورەوە و هەموانی توشی شۆك و دڵەڕاوكێ‌ كردوە بۆ ئایندە و هەموانیشی توشی گومان و دوودڵی كردوە بەرامبەر دەسەڵات و نوخبەی دەستڕۆیشتوی كەرتی نەوت و ئەو ئامار و ڕاپۆرتانەی كە بڵاوی دەكاتەوە لەلایەن وەزارەتی سامانە سروشتیەكانەوە،هەمیشە شاردنەوە و پێنەدانی زانیاری ڕاست و دروست گومان و دڵكرمێبوونی لێدەكەوێتەوە ،ئەگەرنا هیچ كات زەرەرمەندبون لە بارزگارنی و بەهەڵەداچوون گوناهێگی لێخۆشنەبوو نەبون لە دونیای سیاسەت و ئیدارەی وڵاتەكاندا، بەڵام لەم هەرێمدا وەك تەواوی پڕۆسەكە نادیارە و ئەنجامەكەشی زیانی گەورە و كەوتنە ژێر باری قەرزێكی زۆرەوەی  لێكەوتۆتەوە و نەوتەكەی خۆمان بۆتە دەرد و هەموانی توشی نەخۆشی و برسێتی كردوە ،كەچی هێشتا دەسەڵات دان بە ناهەقی و هەڵە و تەنانەت تاوانەكانی خۆشیدا نانێت بەرامبەر تاك بەتاك و خێزان بەخێزانی ئەم میلەتەدا، لەكاتێكدا هەموان خواستمان بوە و بە خۆشی بێت و بەنابەدڵیش  بوبێت لەگەڵ سەربەخۆیی فرۆشتنی نەوتەكەی خۆماندا بوین لە پێناو بون بە نیعمەتێكی نەبڕاوە بۆمان،بەڵام لە ئێستادا باس دەكرێت كە حكومەتی هەرێم بڕی نزیكەی 27 ملیار دۆلار قەرزاری كۆمپانیا دەرەكی و ناوخۆییەكانە،  و لە 21/2/2017شدا ڕێكەوتنێكی نوێی لەگەڵ كۆمپانیای نەوتی(( ڕوسنەفت))دا كردوە بۆ وەرگرتنی بڕی 3 ملیار دۆلاری تر  بەو نیازەی بەنەوت بیداتەوە لەماوەی 3-5 ساڵی ئایندەدا كەواتە بڕی قەرزەكە بۆتە 30 ملیار دۆلاری تەواو.كە گەر وەك ڕاگەیەنراوە لەلایەن دەستەی ئاماری هەرێمەوە كە وا ژمارەی دانیشتوانی كورستان بۆتە 5ملیۆن و 760 هەزار كەس، ئەوا ئەو بڕە قەرزە گەر دابەشی بكەینە سەر ئەو 5ملیۆن كەسە ئەوا هەر تاكێك بڕی 6000 دۆلار قەرزار دەبێت، ئایا ئەمە لە پێناو چیدا ؟ لەكاتێكدا گەر ڕۆژانە 500هەزار بەرمیل نەوتیش فرۆشرابێت ئەوا مانگانە دەكاتە 15 ملیۆن بەرمیل و لە ساڵێكیشدا دەكاتە 180 ملیۆن بەرمیل كە گەر كەمترین نرخیشی بۆ دابنرێت بە 40 دۆلار ئەوا دەكاتە  6 ملیار دۆلار، كە تەنها بۆ مووچەی تەواو وخەرجیەكانی مانگانەی حكومەت وەك ڕاگەیەنراوە تەنها بڕی 1 ملیار و 100 ملیۆن دۆلار پێویستە، لە كاتێكدا ئەوە تەنها داهاتی نەوتی بۆریە ، گەر داهاتەكانی  بەرهەمە نەوتیەكان (( 150 ملیۆن دۆلار مانگانە )) و داهاتی نەوتی تانكەر بە (( 150 ملیۆن دۆلار مانگانە)) و داهاتە ناوخۆییەكانی تر (( 130 ملیار دینار )) دابنرێت ئەوا حكومەتی هەرێم لە ئێستاشدا دەتوانێت تەواوی مووچە و خەرجیەكانی حكومەت و پڕۆژەكانیش جێبەجێبكات .لەكاتێكدا نە قورسایی شەڕی داعش و نە بوونی 2 ملیۆن ئاوارەی عەرەبیشی لەسەر ماوە وەك سەرەتاكانی ساڵی 2014 و دواتر.
خۆئەگەر حكومەتی هەرێم بتوانێت ساڵانە بڕی 1 ملیار دۆلار قەرز بداتەوە ئەوا پێویستمان بە 30 ساڵ دەبێت واتە  تەمەنی یەك نەوەی  ئێستامان لە ژێر باری قەرزاریدا ژیان دەگوزەرێنن.
بۆیە لەم ژمارە و لە ڕاستی داهاتەكانەوە دەگەینە ئەو ئەنجامەی كە حكومەتی هەرێم نەك قەرزار نیە بەڵكو بابەتی قەرز وەرگرتن و قەرزاریەكەشی كردۆتە هۆكارێك  یان بیانویەك بۆ زیاتر شاردنەوە و پەردەپۆشكردنی داهاتەكان و كەمكردنەوەی گلەییەكانی خەڵك، ئەگینا شارەزایان و ڕاستی و دروستی داهاتەكان ئەوە دەردەخەن كە حكومەتی هەرێم چاوبەستەكی لەخەڵكی دەكات و كۆكردنەوەی ئەم هەموو داهاتە بەم شێوە ناشەفافە و شاردنەوەی تەنها  بۆ پێویستی و بەرژەوەندی حیزبی و هەڵبژاردن و دەنگكڕین و ساختەكاری بەكاردێنێت لە قازانج و بەرژەوەندی حیزب و سەركردەیەكی دیاردا.
پرسیارێكی زۆر سادە لەو حكومەتی هەرێمە، كە ئایا لەم 2 مانگەدا بتوانێت 3 مووچە (( چارەك و بۆ سێیەكی مووچە )) بدەیت لەكاتێكدا داهاتی نەوتی 3 مانگت (( 12/2016 و 1 و 2/2017)) ئاشكرا نەكردوە ،ئەی ئەم داهاتە لەكوێوە هات ؟ و سەرچاوەكەی چیە؟
گەر نەوتت نەفرۆشتبێت و داهاتەكشیت نەشاردبێتەوە؟ خۆ نە كەرتی كشتوكاڵ و نەكەرتی پیشەسازی و نەكەرتی گەشتیاریمان بوژاندۆتەوە؟
هەموان دان بەو ڕاستیەدا دەنێین كە نەك هەر هەرێمی كوردستان بەڵكو عێراق و تەواوی وڵاتانی ناوچەكە و دونیاش ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی بونەتەوە بەهۆی وەستاندنی گەشەكردن و پێشكەوتنی پیشەسازی دونیا و دابەزینی نرخەكانی نەوت و هەڵایسانی شەڕو پێكدادان  و جەنگ دژی تیرۆریستان، بەڵام لەهەموان خراپتر دۆخی ئابوری ئەم هەرێمەیە لەئەنجامی نەبوونی پلانی زانستی و واقعی ئابوری و بێباكی دەسەڵات  و لەكارخستنی دامودەزگا شەرعیەكانی پەڕلەمان و شەلەلكردنی حكومەت و نەهێشتنی یەكڕیزی و ئیجماعی نیشتیمانی لەسەر بچوكترین مەسەلەكان.بۆیە هەرێمی كوردستان چەندین جار دەكەوێتە ژێر باری خراپ و كاریگەریە خراپەكانی ئەم قەرزوەرگرتن و نەدانەوەیدا ،لەكاتێكدا بۆ هەموو وڵاتان و لەكاتی قەیرانەكاندا قەرز وەرگرتن وەك ڕێگا چارەسەریەكی كاتی و لە پێناو وەگەڕخستنەوە و پێشخستن و وەبەرهێنانی پڕۆژەی گەورە و ستراتیژیدا كە لەئایندەدا داهاتەكەی زیاتر دەبێت لەو قەرزە كارێكی زۆر ئاساییەوە وەرگرتن و دانەوەشی یاساییە، بەڵام لە دۆخی هەرێمدا وەرگرتنی بڕی قەرزێكی زۆر و سوودەكانی و غرامەی دواكەتنەكانی هێندە گەورە و مەترسیدارن كە هەموان بۆ چەندین ساڵی ئایندە لەژێر قورسایی و كاریگەریەكانیدا دەرناچین و هەست بە خۆشگوزەرانی و نیعمەتی نەوت و سامان سروشتیەكانمان ناكەین.
بۆیە گرنگە كە ئەم حكومەت و دەسەڵاتە پڕۆسەیەكی زانستی و واقعیانەی چاكسازی و ڕیفۆرم و گۆڕانكاری لە سیستەم و كەسەكان و بیر و بەرنامە و یاساكاندا بكات و خۆی بگونجێنێت لەگەڵ تازەگەریەكانی دونیاو ناوچەكە و بەشێوەیەكی ووردتر و زانایانە تر و بەئاگایانەتر مامەڵە لەگەڵ دەوروبەر و دونیاشدا بكات،و خوێن و فرمێسك و ئەم هەموو دەسكەوتەی 26 ساڵەی ڕاپەڕینی گەلەكەمان نەكاتە قوربانی چەند ملیار دۆلارێكی ناڕەواو حەرام بۆ خزمەتی سەركردە و بنەماڵە و حیزب و دەوڵەتانی دەوروبەر.


07/03/2017



وتارەکانی تری نوسەر