ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان و بەرژەوەندیە جیاوازەكان..

نەوزادی موهەندیس
لە ڕێكەوتی یەكەم كۆبونەوەی لایەنە سیاسیەكانی هەرێمی كوردستاندا لە 7/6/2017داو بڕیاردانیان بە چێكردنی پڕۆسەی ڕیفراندۆم لە 25/9/2017دا،ئیدی لاپەڕەیەكی نوێ‌ لە خەباتی كوردایەتی هەڵدرایەوە و هەموان یان زۆرینە بە ئاشكرا و نهێنی دژ یان لەگەڵ پڕۆسەكەدا بوون لەناوخۆی كوردستان و وڵاتانی دەوروجیرانی ناوچەكە و تەنانەت زلهێزەكانیش هەڵوێستی خۆیان ئاشكراكردوە.
•هەرچەندە ڕیفراندۆم  پڕۆسەیەكی ئاسایی و یاسایی و مافێكی سروشتی و زۆر سەرەتایی هەموو گەل و نەتەوە و كۆمەڵگایەكی ئیتنیە و هەنگاوێكە بەرەو دیاریكردنی مافی چارەنوسیان، هەروەها پێویستی بەكۆدەنگیەكی سیاسی و نیشتیمانی و میللی هەیە و دەبێت بۆ سەرخستنی پڕۆسەكەش هەمووان یەك دەنگ و یەك هەڵویًستبن و تەبایی و متمانەی سیاسیش بەهێزبێت لەنێوان هێز و سەركردە سیاسیەكاندا و پڕۆسەكەش بەدوور بگرن لە دەسكەوت و هەوڵی تاكەكەسی و حیزبی بەڵكو دەبێت پڕۆسەكە بكرێتە دروشم و ئامانجێكی گەورەی نیشتیمانی و نەتەوەیی بەمەبەستی  هەنگاونانی زیاتر بۆ سەربەخۆیی و ئازادبوونی یەكجارەكی.
•ڕیفراندۆمی هەرێمی كوردستان جیا لەهەموو ڕیفراندۆمی گەلانی تر ،گرنگی و كاریگەرر زیاتری هەیە لەناوخۆی عێراق و ناوچەكە و دونیاشدا بەهۆی هەڵكەوتە جیۆسیاسیە گرنگەكەی لە((جەرگەستانی))دونیادا نەك (( كەنارستان)) ، كە دەكەوێتە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوینی هەستیارو گرنگ و دەوڵەمەند بەسەرچاوەكانی وزەوە.هەربۆیە لە بەرواری 7ی حوزەیرانەوە ئیدی هەموان لەناوخۆ و ناوچەكە و دونیاشەوە بە گرنگیەكی بێوێنەوە لەم بڕیارەی سەركردایەتی كوردیان نۆڕیوە و هەریەكەیان لە گۆشە نیگای بەرژەوەندیەكانی خۆیانەوە سەیریان كردوە و هەڵیانسەنگاندوە كە تاچ ڕادە و ئاستێك لە بەرژەوەندی خۆیاندایە،هەر لەسەر ئەم بنەمایەشەوە هەڵوێست و گوتار و كرداری خۆیان ئاشكرا كردوە.
بەرژەوەندی كورد لەم ڕیفراندۆمەدا بەئاشكرا دیارە كە بریتیە لەهەنگاونان بۆ سەربەخۆیی بەشێكی كوردستانی گەورە و ڕزگاربوون لە داگیر و دابەشكردنی 100ساڵەیی و ڕزگاربوون لەژێر دەستەیی و زوڵم و زۆر و و چەوساندنەوە و قاتوقڕكردن و لەناوبردنی بێبەزاییانەی ڕژێمە یەك لەدوایەكەكانی عێراق.كورد لەبەرژەوەندیدایە كە ئەم هەنگاوە هەڵبنێت و ڕێگەش خۆش بكات بۆ بەشەكانی تر و ببێتە خاوەن سەروەری و سیادە و سنور و ئاڵاو مافی ئەندامێتیش بەدەستبێنێت لە ڕێكخراوی نەتەوە یەكگرتوەكان و ببێتە ئەندامێكی كارا و ئاشتیخواز  لەناوچەكە و دونیاشدا.
•بەرژەوەندی وڵاتانی دراوسێ‌ لەهەریەكە لە عێراق و توركیا و ئێران و تەنانەت وڵاتە عەرەبی(( بە سونە و شیعەیانەوە )) و ئیسلامیەكان ، وەك ئاشكرایان كردوە هیچ بەرژەوەندیەكیان لەسەربەخۆبون و جیابونەوە و ڕزگاربونی كورددا نیە، چونكە دەبێتە هۆی بچوكبونەوە و لێكردنەوەی بەشێك لەو وڵاتانەی كە كوردستانی بەسەردا دابەشكراوە لە توركیا و ئێران و عێراق و سوریاداو دەبێتەی مایەی هەژارتربون و بچكوبونەوە و لاوازبونیان لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە،بۆیە زۆر بەگەرمی لەسەر هێڵن بۆ دواخستن یان ڕەتكردنەوەی بەتەواوەتی  بۆئەوەی درێژە بەدۆخی 100 ساڵەیی داگیر و دابەشكردنی كوردستانی گەورە بدەن. وڵاتانی تری ناوچەكەش هەریەكە بەبیانویەكەوە دژی ئەم ڕیفراندۆمەن و نایانەوێت وڵاتێكی تری وەكو ئیسڕائیل لەناوچەكەدا دروستببێت و بەلای ئەوانەوە ببێتە مایەی سەرئێشە و كێشەی زیاتر بۆیان كە هەرچەندە كورد نەتەوەیەكی ڕەسەنی ناوچەكەیەو لەسەر خاك و وڵاتی خۆی خەبات دەكات.
• زلهێزەكان لە ئەمریكا و ڕوسیا و بەریتانیاو وڵاتانی تری ئەوروپیش ،هەریەكەیان لە ڕوانگەی بەرژەوەندی و باڵادەستی لەناوچەكەدا دەڕواننە ئەم هەنگاو و مافەی كورد و نایانەوێت بەدروستبوونی دەوڵەتێكی تر لەناوچەكەدا تاڕادەیەك نەخشە سیاسی و ئابوری و سەربازیەكانیان بگۆڕدرێن و بەرژەوەندیەكانیان بكەوێتە مەترسیەوە و پلان و نەخشە داڕێژراوەكانیان گۆڕانیان بەسەردا بێت. ئەمریكا لەئیًستادا گرنگی تەواو و سەرەكی دەداتە كۆتایهێنانی جەنگی دژی داعش و تیرۆریستان و گەرەكێتی ناوچەكە و بەتایبەتیش عێراق ئارام و ئاسایش بێت  و وڵاتانی ئەوروپیش بەهەمان شێوە بیردەكەنەوە،وڵاتانی زلهێزیش تاڕادەیكی زۆر بەرژەوەندی خۆیان و هاوپەیمانەكانیشیان لەناوچەكەدا ڕەچاو دەكەن لەم پرسە گرنگەدا.
نەتەوە یەكگرتوەكانیش وەك ڕێكخراوێكی نێونەتەوەیی و چەتری كۆكەرەوەی گشتی وڵاتان و دامەزراوەیەكی شەرعی و دانپیادانراوی نێونەتەوەیی و جێگەی دانپیادانان و بەڕەسمی ناساندنی هەر وڵاتێكی نوێی ئەندام، هەمیشە وابەستەی ڕاوبۆچونی وڵاتانی زلهێز و باڵادەستە وەك ئەمریكا و ڕوسیا و ئەندامانی هەمیشەیی ئەنجومەنی ئاسایش،بۆیە نەتەوە یەكگرتوەكان هەمیشە وەك پاشكۆی بڕیارەكان دەردەكەوێت نەك بڕیاردەری كۆتایی.
• بەم شێوەیە لە چانسی كورد،ڕیفراندۆم لەناوخۆو ناوچەكە و دونیاشدا بۆتە مایەی نانەوەی كێشە و گرفتی زۆر و دروستبوونی ڕاو بەرژەوەندی جیاواز و هەریەكەیان بە بیانویەكەوە  لەگەڵ دواخستن یان نەكردنیدان و ئەوەی دەمێنێتەوە تەنانەت لەناو كورد خۆشیدا  دووبەرەی دژ بەیەك لە ((  بەڵێ‌ و نەخێر )) دروستبوون كە ئەم جیاوازی بۆچونەی ناوخۆ لەهەماون مەترسیدارترە.و هەرلایەنەش لەبەرژەوەندی تەسكی خۆیەوە دەڕوانێتە پڕۆسەكە و هەموانی پەرت و بڵاوكردۆتەوە لەجیاتی كۆكردنەوە و یەك و یەكگرتوویی لە هەڵوێست و گوتار و كرداریاندا.
• لەكۆاتایدا ئەوەی دەمێنێتەوە بیڵێین ئەوەیە كە  ئەم كات وساتەی ئێستا كە كورد هەڵیبژاردوەو و ئەوانی تر دژایەتی دەكەن باشترین و گونجاوترین زەمان و زەمینەیە،چونكە  لەئێستادا زۆرێك لە مەترسی و ئاڵنگاریەكان بچوك و دوورن بەڵام لە ئایندەدا زیاتر گەورەتر و نزیك دەبنەوە و دێنە بەردەمی ماڵی كورد،بۆیە پێش ئەوەی دوژمنان بێنە دەست هەق وایە كورد دەستپێشخەری بكات،دیاریكردنی زەمان و زەمینە لە هەر لایەكەوە بێت ئەوا بە قازانجی سەركەوتن وچانسی ئەو لایەنە دەبێت و دژی بەرژەوەندیەكانی ئەوانیتر دەبێت،جا لەئێستا دا تەنها كورد ئەم كات و ساتەی پێباشە چونكە لەقازانجێتی بەڵام ئەوانی تر لە بەرژەوەندی خۆیانی نابینن. لەگەڵ ئەم ڕاستیەشدا بەڵام كوردیش بۆخۆی  و لەنێوماڵی خۆیدا باش خۆی ئامادەنەكردوە و داروپەردووی ڕیفراندۆمێكی سەركەوتووی  بەو هەموو گرنگی و هەستیاریەوە دابیننەكردوە لەڕووی سیاسی و ئابوری و سەربازیەوە و پەلەكردنێكی نا لۆژیكی پێوەدیارە،هەربۆیە دەكرێت بۆ كاتێكی كەم و دیاركراو گوێ‌ بۆ بیروبۆچون و هەڕەشەی دۆستەكان و دوژمنەكانیش بگیرێت لەلایەك بۆ هێوركردنەوەی ئەوان و و دوورخستنەوەی مەترسیەكانو هەڕەشەكان و لەلایەكی تریشەوە بۆ ئامادەسازی باشتر و بەهێزكردنی بەرەی ناوخۆی كورد خۆیدا بۆ مسۆگەركردنی زیاتری سەركەوتنی پڕۆسەكە و بەدەستهێنانی سەربەخۆیی و چێكردنی كۆدەنگیەكی ناوخۆیی و ناوچەیی و نێودەوڵەتیش ودانپیادان و بەڕەسمی ناساندن و هاوكاری و پشتیوانیشیان بۆ دەوڵەتە سەربەخۆكەمان لە ئایندەدا.


13/09/2017



وتارەکانی تری نوسەر