ڕەحمێک بەم خەڵکە !

د.هەژار عوسمان مەعروف


ئەمانەی خوارەوە مشتێکن لە قسەی سەدان نوسەر و ڕۆشنبیر و بگرە شاعیر و هونەرمەند و چالاکوانی سیاسیی سەر بە بەرەی گەل و دژی دەسەڵاتی کوردی، کە لە سایتە کۆمەڵایەتیەکان و لە چالاکیە جۆراوجۆرەکان و دانیشتنە تایبەتیەکان بڵاودەکرێنەوە : (میللەتی خەوتو ، بە کۆیلەکان بڵێن بۆ کڕنوشتان برد، خۆمان بە هەڵپەڕکێ ئەم دەسەڵاتدارە گەندەڵانەمان هەڵبژارد...، میللەتی مەڕئاسا شایەنی شوانی گورگە...). تەنانەت شاعیرێکی وەک عەبدوڵا پەشێو دوای ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتی کوردی ئینجا دەڵێ (دەتێبگەن هەتا ئێوە مەڕن کەڕن کەلە بۆشن، ئەی گوایە بۆ هەڵنەپەڕین سەرفرازین وەک ڕانە مەڕ، ....ئازادترین ڕانە مەڕین ...). تا ئێستا یەک هەڵبژاردنی پاک لە هەرێم نەکراوە، لە یەکەم هەڵبژاردندا لە بەهاری ١٩٩١ ڕژێمی سەدام و ئێران و تورکیا و سعودیە برسێتیی خەڵکیان بەکارهێنا بۆ دەرچونی ئەوانەی خۆیان دەیانویست. لە هەڵبژاردنەکانی دواتردا پارتی و یەکێتی پارە و پلە و پایە و دەمانچە و دیاریی تریان بەخشی بۆ دەرچونی خۆیان. خەڵک چی بکا؟ لێگەڕێ منداڵەکانی برسی بن؟ پێشمەرگە پشت لە بەرەی شەڕی داعش بکات و پەلاماری پارتی و یەکێتی بدا؟ هێشتا زۆرینەی خەڵک بەسەدان داو لەناو تۆڕی بێبەزەیی دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا گیری خواردوە و ناهێڵێ ئازادانە بجوڵێ . خەڵک لە شەڕوئاژاوە ماندو و بێزارە و نیگەرانە . خەڵک دەترسێ هەرێم ببێتە مەیدانی شەڕ و وەک سوریا وێرانبکرێ و ئەزمونەکانی ڕابوردوی ئاوارەبون و قڕکردنی ملێۆنی دوبارەبنەوە، بۆچی دورە دوبارەببنەوە؟ لەگەڵ ئەوانەشدا خەڵک هەرگیز سەرشۆڕ و ملکەچ و گوێڕایەڵی نە داگیرکەرانی بێگانە بوە و نە هی دەسەڵاتی ناڕەوا و دواکەوتوی خۆماڵی. ئەگەر لە ٢٩ ی ٧ وە هەموی بژمێرین سەدان هەزار مامۆستا و موچەخۆری تر مانیانگرت و گردبونەوە و خۆپیشاندانیان کرد، دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیان داشۆڕی و کردیانە بابەتی گاڵتە و گەپ و تەنانەت جنێو، ڕەخنەی توندیان لە گۆڕان وکۆمەڵ و یەکگرتو گرت، ئیتر بۆچی ئاوا ڕەشبینانە سەیری گەلەکەمان دەکرێت؟ بۆچی ئاوا بێبەزەییانە سوکایەتی بە خەڵک دەکرێت؟ نەک بە هۆی نەزانی و ترسنۆکی و مەڕبونی خەڵک بەڵکو بە هۆی ترس لە خراپتر و سەدان فاکتەر و هۆی تر دەتوانین تێبگەین بۆ زۆرینەی خەڵک نایەنە سەر جادەکان و داوای ڕوخانی حکومەت ناکەن. ئەگەر خەڵکی هەرێمی کوردوستان مەڕ بن، دەبێت ئەو حەفتاونۆ ملیۆن ئەڵمانیەی تا دوا چرکەی وێرانبونی وڵاتەکەیان شوێنی هێتلەر کەوتن چی بوبن؟ واقیعی مێژویی و جوگرافی و کۆمەڵایەتیی کوردوستان زۆر لەوە ئاڵۆزە ترە وەک دوکتۆرێک چەند دەرمانێک بۆ نەخۆشەکەی بنوسێ و پێی بڵێی تەواو ئەوانە چارەی دەردەکەتە. دەبێت بیرکردنەوە و لێکدانەوە و شیکردنەوەی مەنتیقی لەگەڵ هاوسەنگی و ئارامی و هیوا و ئومێد بناغە و کۆڵەکەی هەمو بڕیارە سیاسی و چالاکیە مەیدانیەکانی خەباتمان بێت نەک هەڵچون و هەست و سۆزە توڕە و غەمبار و ڕەشبین و نائومێدکراوەکان.





PM:09:18:06/01/2017