aso
شەهیدانی گوردانی شوان بێنازترین قوربانیانی هەڵەبجە
عەلی مەحمود

لێرەدا باسی  چۆنییەتی  روداوەكەو  غافڵگیركردنیان و ئاگادارنەكردنەوەیان لە هێرش بۆ سەر هەڵەبجە ناكەم , كە ئەم پۆلە پێشمەرگەیەیان  كردە پاروی چەوری كۆماری ئیسلامی  ئێران ,  , ئەوەم لە بابەتێكی ورو درێژی دیكەدا  باس كردووە, هەموو دەیسەلمێنن كە پێشتر  لە هێرشە هاوبەشەكەی پێشمەرگەكانی ( ینك ,پدك , حسك , بزوتنەوەی ئیسلامی و مەجلس ئەعلا) ئاگادار نەكراونەتەوە  , لێرەدا تەنها دەمەوێت  باسی مەغدوری ئەم 72 شەهیدەی گوردانی شوانی سەر بە هێزی پێشمەرگەی كۆمەڵە لە  تاوانی هەڵەبجە  بكەم  , كە تا هیچ حیسابێكیان بۆ  نەكرا , نە لە ریز بەندی ناوی شەهیدانی  تاوانی هەڵەبجە ,  وە  نە لە قەرەبووكردنەوەیان و بە شەهید ناسینیان  , وە نە  لە دادگای تاوانەكانی عێراقی بە قوربانیانی جینۆساید   , بگرە لە  دادگای فرانس ڤان ئانرات لە هۆڵەنداش بەهەمان شێوە مانەوە , بە فەرمیش لە باشوری كوردستان نە مۆنمێنتی یاداوەریان بۆ دروستكراوە  , نە لە  رۆژی گیان بەختكردنیان یادیان كراوەتەوە , نە داوای لێبوردنیان لێكراوە , نە روفاتەكانیان دراوەتەوە بە كەسوكاریان  .
لە دادگای تاوانەكانی عێراقی زۆر هەوڵمدا  لە گەڵ  كاك حاكم كامیل  كە دۆسیەكە بجوڵینێت , هەنگاویشی نا, دواتر لە خودی دادگاكە ستۆپی پێكراو باسی لێنەكرا, ئەوە نییە پارێزەرانی دۆسیەكەش قسەیەكی لەسەر بكەن, هەرچەندە  لەو ماوەیە چەندین بانگەوازمان  كرد , لێ لەبەر ئازاد نەبوونی دادگاكە و پرۆفیشیناڵ بوونی وە  هژمۆنیای كۆماری ئیسلامی بەسەر دادگاكەوە , دۆسیەكەیان تەنها چووە ئەرشیفی دۆسیەكەوە لە قۆناغی لێكۆڵینەوە ,  لە دادگای فرانس ڤان ئانراتیش كاك مستەفای بەهەمنیم بردە لای داواكاری گشتی , وەلێ  ئەوان نایان ویست لەو دۆسیەیە ئێران بگلێتە ناو تاوانەكانەوە , بۆیە بەهەند وەریان نەگرت , پارێزەری قوربانیانیش هاوكات پارێزەری خودی كۆماری ئیسلامیش بوو بۆ دۆسیەكە  ئیتر لەوێشەوە هیچ ناكرا .
بۆیە تا ئەم چركە ساتە  قوربانیانی گوردانی شوان , كە بەشێكن لە شەهیدانی ئۆپەراسیۆنی هەڵەبجەی ( لایەنەكانی  ینك و پارتی و بوتنەوەی ئیسلامی و  سۆسیالست و  مەجلس ئەعلا  و  كۆماری ئیسلامی ئێران) , هیچ قەرەبویەك نەكراونەتەوە چ مادی  وە مەعنەویش , تەنانەت  زۆر جاران سەركردەكانی  ئەوكاتیان خۆیان دەبوێرن لەوەی راستییەكانیش باس بكەن .
لە یادی 29 ساڵەی ئەم تاوانە جێی خۆیەتی ئاوڕێك لەو قوربانییە بێ نازانەی گوردانی شوان بدرێتەوە , بە شەهید بناسرێن و لە ریزی شەهیدانی هەڵەبجە بنوسرێن , كێلی رەمزیان لە ناو قەبرستانی شەهیدانی هەڵەبجە بۆ دروست بكرێت, هاوكات پارتە بەشدارەكانی ئەوكاتی ئۆپەراسیۆنەكە بە فەرمی داوای لێبوردن بكەن .
:02:52:19.03.2017
زیاتر ...