بەڵێنەکانی ڕۆژئاواییەکان بەراورد بە کورد بۆ 2018

سامانی وەستا بەکر
واباوە لە دنیایا وە بەتایبەت لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوایا کە پێداچوونەوە بۆ ساڵی ڕابردوو و بکرێ و کارە باشەکان برەو پێبیرێ و هەڵەکان دووبارە نەکرێنەوەو لە پاڵ ئەوانەشا چەندین بەڵێن ئەدرێ تا لە ساڵی نوێیا جێبەجێ بکرێ، لێرەوە ئەڕوانینە بەڵێنەکانی ڕۆژئاواییەکان و کوردیش بۆ ساڵی نوێ وەک بەراوردێک لە نێوان دوو تاکی دوو کۆمەڵگەی جیاواز. 
سەرەتا تەنها بورای گواستنەوە و باخچە و فێرگەکانی مناڵان و خانەنشینان لە کۆمەڵگەی ڕۆژئاوا بە نمونە وەرەگرین: 
*زیاد کردنی باج لەسەر گواستنەوەی ئاسمانی و کەمکردنەوەی لەسەر هێڵی شەمەنەفەر بەوپێوەرەی کە هێڵی شەمەنەفەر کەمتر زەرەرمەندە بۆ ژینگە. 
*زیادکردنی باج لەسەر سوتەمەنی بەنزین و گاز بۆ هاندانی بەکارهێنانی ئامێرەکانی گوستنەوەی کارەبای و هێڵی گواستنەوەی گشتی بۆ پاراستنی ژینگە. 
*دروستکردنی چەندین شەقام، هێڵی شەمەنەفەرو پرد بۆ ئاسانکاری گواستنەوە و کەمکردنەوەی کاتی گەشتەکان و تێچووی کەمتر. 
*سازاندن و گونجاندنی کۆی ڕێگاوبانەکان بۆ ئامێرە جۆراوجۆرەکانی گواستنەوە وەک تاکسی، پاس، میترۆ، ئۆبان و شەمەنەفەر کە بەبێ شۆفێر ئەکەونە گەڕ. 
*کەمکردنەوەی باج لەسەر پاسکیل بۆ دابەزاندنی نرخ و تەرخانکردنی شۆستەی زیاتر بۆکارهێنانی بەمەبەستی ژینگە پارێزی. 
*کەمکردنەوەی ژمارەی مناڵانی باخچەی ساوایان و فێرگەکان لە 24 مناڵەوە بۆ 21 و زیادکردنی مامۆستا و چاودێریکەری لە 2 کەسەوە بۆ 3 کەس بەجۆرێک بۆ هەر 7 مناڵێک کەسێکی گەورە چاودێریکەر و فێرکەریانبێ تا کاتی تەواوی هەبێ بۆ فێرکردن و وەڵامدانەوەی پرسیاری مناڵان و پاراستنیان لەکاتی یاری و گەمەی نێوانیان. 
*کەمکردنەوەی باج لەکۆی لەسەر مووچەو کۆی بوارە جۆراوجۆڕەکانی پێویستی ژیان لەسەر خانەنشینان بۆ باشکردنی ژیانیان لە باشەوە بۆ باشتر و پێزانین و ئەمەک بۆ ئەو خزمەتەی پێشتر کردوویانە. 
*پێشنیار بۆ بەرزکردنەوەی کاتی خانەنشینکردن لە 65 ساڵەوە بۆ 68 بەوپێیەی مرۆڤەکانی ئێستا لە ڕۆژئاوا زیاتر ئەژین و تەندروستیان لەڕابردوو زۆر باشترە بەهۆی خۆشگوزەرانی و ئاسانکاریەکانی حکومەت بۆ کۆمەڵگە. 
ئێمەی کوردیش بەتایبەت لە باشور هیوا و ئاوت و بەڵێنەکانمان تەنها بۆ ڕاستکردنەوەی خراپەکاریەکانی دەسەڵاتدارانن کە جێبەجێکردنی ئەبێتە هۆکاری خۆشگوزەرانی و کەمکردنەوەی ئەو بارقورسییەی بەسەر ئەستۆی دانیشتوانی وڵاتەوەیە، چونکە دەسەڵاتداران بەجۆرێک کاریانکردووە کە خەڵکی تا ئاستێکی زۆر دەستبەرداری ئاوات و ئامانجە کەسییەکانیان بوون و هیواکانیان بە چاکسازییە گشتیەکانا هەڵواسیووە. بەشێک لە ئامانج و ئاواتی تاکی کوردی باشور بۆ ساڵی نوێ بەم جۆرەیە: 
*پێداچوونەوە بۆ مێژووی کۆن و نوێ کە ئاودامانە لە هەڵە و وەک نەنگی و شەرم لێیئەوانین و ڕێ بە دووبارە بونەوەی نایەین. 
*پشت کردن لە مێژووی کۆن و نووسینەوەی مێژوویەکی نوێ لەسەرکەوتن دروست ئەکەین. 
*هەموومان پێکەوە خەونی چاکسازی و چاکردنی وڵات ئەبینین و کاریشی بۆ ئەکەین. 
*تۆی دووبەرەکی بن بڕ و بن کۆڵ ئەکەین و لە شوێنیانا برایەتی و خۆشەویستی ئەچێنین. 
*چیتر خیانەت لە خاک و لەیەکدی و لەخۆشمان ناکەین و تەحریم و تەجریمی ئەکەین. 
*لە هەڵبژاردنەکانا تەزویر و دەست تێوەران ناکەین و ڕێز لە ئەنجامەکانیشی ئەگرین. 
*چیتر یارتی دیموکراتی کوردستان لە هەڵبژاردنا لە چین ناباتەوەوەو پێشیخۆشە قەبارەی خۆی وەک خۆی ببینێ. 
*چیتر یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەکاتی کەمی بەدەستهێنانی دەنگدا لە دوای هەڵبژاردن بەهانە ناهێنێتەوە و مێژووی خەباتی کۆن و خۆێنی شەهیدان ناگرێ بەشاهید و بۆ مانەوە لە دەسەڵات. 
*بزوتنەوەی گۆڕان لە سەرەتاوە یان ئۆپۆزسێۆنی ڕاستەقینە ئەبێ و بەشداری لە حکومەتا ناکا ئەگەر براوەی یەکەم نەبێ. 
*یەکگرتووی ئیسلامی لە هەژموونی ئەردۆگان و ئیخوانەکان یەنەدەرێ و چیتر نابن بە کۆڵەکە بۆ نەکەوتنی پارتی. 
*کۆمەڵی ئیسلامییش یەکلائەبن لەنیوان حکومەت و ئۆپۆزسێۆن و نیشتمان و نەتەوە پیرۆزتر ئەکەن لە دین و لەبەر سروودی ئەی ڕەقیبا بەپێوە و دەست لەسەر سنگ ڕائەوەستن. 
*کۆی حیزبە سێبەرو باڵکراوەکان یان خۆیان هەڵەوەشێننەوە یان ئەبن بە خاوەنی خۆیان نەک کلی گەورەکان. 
*حکومەت هەڵەوەشێنینەوەو حکومەتێکی تەکنۆکرات بۆ ئامادەکاری بۆ هەڵبژادنێکی نزیک پێک ئەهێنین. 
*نێچیرڤان بارزانی بەڵێن ئەیا کە چیتر سەرۆکی حکومەت نەبێ و دانی پیائەنێ کە پاش لە 16 ساڵ حکومداری هەر فێر نەبوو ئەو کارە بەو ناکرێ. 
*کارێک ئەکەین کە نەتەوە کوردستانیەکانی تری ناو کوردستان لە خۆمان زیاتر پەرۆشی گەڕانەوە سەر هەرێمی کوردستان و پێکەوە ژیان بکەن لەگەڵمان. 
*چارێکیتر گرەو لەسەر خاک ناکەین و نیشتمان ناخەینە دەنگدانەوە و لەبەر پۆست و ناکۆکی ناوخۆ خیانەتی نیشتمانی ناکەن. 
*بەڵێن ئەیەین کە چیتر پێش هێزی داگیرکەر نەکەوین و دەستی دوژمن نەگرین بۆ داگیرکردنی خاکی نیشتمان. 
*هێزی پێشمەرگەی نیشتمانی لەژێر باڵی وەزیرێکی بێلایەن و مەدەنی و پیشەگەر بۆ وەزارەتی پێشمەرگە و دروست ئەکەین بەجۆرێک پەروەردەیان ئەکەین کە تەنها ڕووی تفەنگەکانیان لە دوژمنبێ نەک خەڵک و خۆپێشاندەر. 
*پۆلیس و ئاسایش و دەزگای هەواڵگر و کۆی هێزە چەکدارەکانی ناوخۆ سەر بە وەزارەتی ناوخۆئەبن و لەژێر فەرمانی وەزیرێکی بێلایەن و مەدەنی و پیشەگەر. 
*پارتی و یەکێتی بوراێک بەخۆیان بەن و دەست لە حکومەت بەردەن و ڕێگەبەن لایەنەکانیتر حکومەت پێکبهێنن و چێژ لەخەباتی ئۆپۆزسیۆن بوون وەرگرن و لەو ماوەیەدا بەهەڵەکانی 27 ساڵ شکستی حکومڕانیانا بچنەوەو ئەزموونی لێوەرگرن. 
ئەگەر ئەم ئاواتانەمان ببنە ڕاستی ئەوا بوارەکانیتری ژیان بێ کێشە ئەبن و مووچە و کارەبا و نەوت و ڕێگاوبان وخزمەتگوزاری نابنە ئاواتی کۆمەڵگە بەڵکو کۆمەڵگە خەونی گەورەتر بۆ ژیانێکی شایستەتر ئەبینێ و مێژوومان ئەبێ بە شانازی نەک پڕ تەڵەکەبازی.


02/01/2018



وتارەکانی تری نوسەر