خزمەتکردنی پیاو؛ فرمان و ناسنامەی ژن نییە

هاوژین زیبا

ڕوانین و بیرکردنەوە لە پەیوەندیەکان و کار و فرمانەکان لەناو ئەندامانی خێزاندا وای لێ کردم باشتر لە خراپی دۆخی ژنان تێبگەم.

 

دابەشکردنی کار و فرمان لەنێوان مرۆڤەکاندا لە مێژە کاری لەسەر کراوە و، هەندێک پێیان وایە بە توانای فیزیکی و لێهاتوویی مێشک و سەلیقەی مرۆڤەکان  کار دابەش دەکرێت و بەردەوام دەبێت، بەڵام لە مێژووی سەرهەڵدانی خێزانی تاکە ژن و مێردایەتی ـ کە یەکەمین شێوازی خێزانە ـ لەسەر مەرجە ئابووریەکان دامەزراوە و تاکوو ڕۆژی ئەمڕۆمان هاتووە. دروستبوونی ئەم شێوازە لە خێزان بە خۆشەویستی و پێکەوەیی لە مێژوودا دروست نەبووە، وەکوو (فریدریش ئەنگلس) لە کتێبی "بنچینەی خێزان و خاوەندارێتیی تایبەت و دەوڵەت"ـدا باسی لێوە دەکات، ئەم شێوازە لە خێزان لە پێناو چەوساندنەوەی ڕەگەزێک لە لایەن ڕەگەزێکی  دیکەوە هاتووەتە ئاراوە و بەردوام بووە.

 

 لەم ڕوانگەیەوە ماڵ یەکەم ژینگەی ژنە بۆ کارکردن و، هەروەها شوێنێکی باشتر و ژینگەیەکی سروشتیە بۆ ئەو، بۆیە دەبێت باش کارەکانی ـ کە بۆی دیاری کراون، لە لایەن زیهنیەت و کولتوورێکی پیاوانەی دەسەڵاتخوازەوە ـ ئەنجامیان بدات و، ناڕازیش نەبێت لەم بارەیەوە، چونکە پێوەرەکانی ژن بوون لێرە لە کۆمەڵگای کوردستاندا ـ کە لە سەدەی ٢١داین و ساڵ ساڵی ٢٠٢٠ـە ـ ئەوەیان کردووە بە پێوەرێک کە تا ئێستاش ژنی باش چێشت لێنەرێکی باش و خزمەتکارێکی باشی مێردە. ئەم دۆخەی ژنان ـ بە داخەوە ـ لە لایەن بەشێک لە ژنانەوە بە سروشتی دەبینرێت و بەردەوامیی پێ دەدرێت و، نەوەی داهاتوویش لەسەر هەمان دۆخ و هەمان زیهنیەت پەروەردە دەکرێت. بێ گومان ئەمەش لە کەمتەرخەمیی ژنانی هۆشیار و ناڕازی و خەمخۆری پرسی ژنانەوە سەرچاوە دەگرێت، کە تواناکانیان بۆ بەشداری و بەرەو پێش بردنی ژنان لە بواری سیاسەت و حکوومەتدا چڕکردووەتەوە و، تا ڕادەیەک بێئاگان یان خۆیان بێئاگا دەکەن لەوەی لەناو خێزانەکاندا ژنان چۆن ژیان دەگوزەرێنن. لە کاتێکدا گۆڕانکاریی بنەڕەتیی کۆمەڵایەتی و چاکسازی لە هۆشیاری توێژی ژنان و دایکانی ماڵەوەدایە و، ئەوان دەتوانن بە دەنگەکانیان بۆ ژنان بە پەروەردەکردنەکانیان بۆ نەوەی داهاتوو ژیان و بەها کۆمەڵایەتیەکان لە کۆمەڵگادا بگۆڕن.

 

 
بیر دەکەمەوە ئەگەر ژنان هێندەی سەرقاڵی کار و بەرپرسیارێتیەکانی ناو ماڵ دەبن؛ هێندە کار بۆ خۆپێگەیاندن و هۆشیاری بکەن؛ کۆمەڵگا بەرەو کوێ دەڕوات؟ ئەگەریش پیاو تەنها ئەو کارانەی کە چاوەڕوانە ژنێک بۆی ئەنجام بدات ـ جا ئەو ژنە دایک یان هاوسەر یان خوشک یان کچی خۆی بێت ـ بۆ خۆی بیانکات چی دەبینین؟ بە ڕاستی ئەو کاتە ملیۆنەها پیاوی هەژار ی ماندوو دەبینین کە هەموو کاتیان بە گسکدان و خاوێنکردنەوە و قاپ و کەوچک شۆردن و میوانداری و ئوتوکردنی جل‌وبەرگ و چێشت لێنان دەڕوات و دەبڕێتەوە.

 

 
ئێستا سەرجەم ئەم کارانە بونەتە ناسنامەی ژن. بە میوانییش بڕۆیت بۆ ماڵێک؛ دەبێت خزمەتی خاوەن ماڵ بکەیت کە پیاوە، لەبەر ژنبوونت!

 

 
باسی ئەو خێزانانە ناکەم بە هۆی ئەوەی هەردوو لا ـ واتە ژنان و پیاوان ـ کار دەکەن وەکو یەک؛ هەندێک جار پیاوان چەند کارێکی ناوماڵ بە نەباشی و نیوەناچڵی ئەنجام دەدەن. سەیر لەوەشدایە پیاوان کاتێک گۆرەویەکانی خۆیان دەشۆن؛ دەڵێن هاوکاری خێزانم دەکەم!

 

 
ئەم دۆخە بە چی چارەسەر دەبێت؟

 

 
زیهنیەتی پیاوسالاری ـ کە ژنان و پیاوان تیێیدا قوربانین ـ ناسنامە و کار و چالاکی و پێوەرەکانیشی بۆ هەر کامیان دیاری‌کردووە. بۆیە کاری پێویست ـ بە بروای من ـ هەوڵدان و تێکۆشانی هەردوو لایە بۆ ڕزگاربوون لەو زیهنیەتە و گەڕانەوەمانە بۆ ژیانێکی سروشتی کە لەو جۆرە ژیانە هاوسەنگەدا هیچ ڕەگەزێک لەوەی دیکە مافدارتر و گەورەتر نیە و کەس خزمەتکاری کەس نییە.

 

03/01/2020



وتارەکانی تری نوسەر