دەسەڵات لە نێوان تەقدیسکردن و بەشەیتانیکردن!

محەمەد خۆشناو
ئەوەی زۆر منی سەرقاڵ کردووە ، بۆچوونی کەسانێکن کە خۆیان بە بەرهەڵستکار یان ئۆپۆزۆسیۆن دادەنێن ، کە ڕایان لە هیچ نیە و ، بەهیچ شتێک ڕازی نابن و ، حساب بۆ هیچ سەرکەوتن و دەستکەوت ناکەن و ، کوردستان لەکن ئەوان بەندینخانەیەکی گەورەیە و دەسەڵاتیش دوژمنێکی سەرسەختە و ، ئەوەندە دەمارگیر و دڵڕەقن کاردانەوەیان بۆ ورد و درشتی هەموو شتێک دەبێت تەنانەت شەرم و حەیاش !! بەتایبەتی کە دەبینین بەداخەوە دەگاتە ڕادەی ئەوەی کە لە ڕقی دەسەڵاتداران جیاوازی لەنێوان حکومەت و نیشتیمان نەکەن و ، پێیان زۆر ئاساییە سوپای عراق یان حەشدی شەعبی بێت ئەو قەوارەیە تێک و پێک بچێت مادامەکی ئەو جۆرە دەسەڵاتە بەڕیوە دەبات ، ئەوانە حکومەت و قەوارەکەیان تێکەڵ کردووە ، برای ئازیز : پارتی و یەکێتی حکومەتن و دەسەڵاتدارن هەقی خۆتە زۆر بە تووندی رەخنەبارانیان بکەیت و زۆریش لەو وقەیران و کێشە و کەموکوڕی و  لێکترازان و پەرتەوازیەیی و دڕدۆنگیە خەتای ئەوانە ، بەڵام کوردستان نیشتیمانی هەمیشەییە ، حکومەت ئامرازێکی سیاسیە بۆ فەترەیەکی کورت لە تەمەنی نیشتیماندا ، نیشتیمان بریتیە لە مێژوو و جوگرافیا و ، ئەو خاکەی کە گۆڕی بابوباپیرانمانی لەباوەش گرتووە ، ئەو درەختەیە کە ئارەقەی ئەوان دەخواتەوە ، بۆیە مافی هەر مرۆڤێکە کە ڕقی لە حکومەت ببێتەوە ، بەڵام مافی ئەوەی نیە ڕقی لە نیشتیمان ببیتەوە ، پارتی و یەکێتی و حزبەکانی تر هەرێمی کوردستان نین ، نابێت هەموو ئەوانەی کە ناکۆکن لەگەڵ حزبەکان ، ببنە دوژمنی کوردستان و ، نابێت هیچ سیستەمێکی حوکمڕانی خۆی لەگەڵ نیشتیمان تێکەڵاو بکات ، دیگۆڵی ڕابەری فەڕەنسا بە گەلەکەی گووت : «من فەڕەنسام و فەڕەنساش منم » لە ڕاپرسیەکدا کە خرایە بەردەم گەلەکەی کەوتاندیان و لەهەڵبژاردن دەرنەچوو ، ئەو دیگۆلەی کە باوکی روحی ڕزگارکردنی وڵاتەکەیان بوو .

لەهەندێک وڵاتانیشدا چینی دەسەڵاتدار و ڕاگەیاندنی ئاراستەکراو  دەیانەوێت تێکەڵاوی لەنێوان ئاراستەی رەخنە بۆ فەشەلهێنانی حکومەت لەهەندێک بنەماکانی حوکم کە لەدەستوری وڵاتەکەیاندا سەرچاوری گرتووە و نێوان نیشتیمان بکەن ، بەمە ناوهێنانی هەر سلبیاتێک بۆ ئەو نیزامە دەکەنە هێرش بۆسەر نیشتیمان و ، ناوهێنانی هەر فەشەلێک بۆ ئیدارەدانی حوکومڕانی دەکەنە هێرش بۆسەر نیشتیمان و ، دواجار هێرشکردن بۆسەر سەرکردەکان و بەمە لە لایان دەسەڵاتدار بریتی دەبێت لە نیشتیمان و ، حەزی ئاڵوویری دەسەڵات بریتی دەبێت لە خواستی کەوتنی نیشتیمان ، ئەوانەی یان ئەو ڕاگەیاندنانەی کە وایدادەنێن کە رەخنەگرتن لە دەسەڵاتدار یان حکومەت بریتیە لە رەخنەگرتن لە نیشتیمان ، ئەوە کارەکە زیاتر قووڵ دەکەن و کەلێنی ڕاستەقینە نێوان دەسەڵاتدار و ژێردەسەڵاتدار زیاتر دەکەن .

ئۆپۆزوسیۆنی سیاسی ڕاستەقینە کە هێشتا لەکن ئێمە دروست نەبووە ، ئەو کەسەیە کە کاتێک بڕیارەکان و سیاسەتەکان تموحاتەکان ناهێننەدی یان ، ئەو بەڵێنانەی کە حکومەت داویەتی بەدینایەت ، ئەوانە پێیان دەڵێن موعارەزەی سیاسی کە ڕەتکەرەوەی سیاسەتی حکومەتن  ، ئەم ئۆپۆزۆسیۆنە لەناو حزب و سەندیکا و کۆمەڵگەی مەدەنی هەن و ، موعارەزەی ئەوانە لەمیانی دامەزراوەکانی دەوڵەت لە پەرلەمان و سەندیکاکان و فەزای شەرعی ئۆپۆزۆسیۆن لەوانە ، ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و نووسین …. هتد دەبێت ، لە لایەکی تردا جگە لەمە ئەمن پەیوەندیەکی ڕاست لەنێوان گەل و دەسەڵاتداردا نابینم ، پەیوەندیەکە یان پیرۆز کردنە یان شەیتانیکردن ، ئەوانەی دەسەڵاتیان خۆش دەوێت وایدەبینن کە هەڵە ناکات و هەموو کارەکانی بۆ بەرژەوەندی گەلە ، ئەوەی موخالفیش بێت لەگەڵ دەسەڵات هەمیشە وەک شەڕیکی ڕەها سەیری دەکەن ، مەهزەلەکە لەوەدایە دەبینین هەر چەند ماوەیەک دەسەڵات لە تەقدیسکردنەوە دەگۆڕێت بۆ شەیتانیکردن یان پێچەوانە ، بەداخەوە پەیوەندی ئێمە لەگەڵ دەسەڵات یان پاشکۆیی بووە یان دوژمنداریکردنێکی سەرسەخت.

16/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر