کەی هەرێمی کوردستان ڕێڕەوەکانی ڕاستدەکاتەوە !

محەمەد خۆشناو
مەگری بۆ هەموو ئەوەی ڕۆیشت بەڵکو بیکە وانەیەک بۆخۆت ، هیچ شتێک مەزنت ناکات تەنها ئازارێکی مەزن نەبێت و ، هەموو کەوتنێکیش کۆتایی نیە و ، کەوتنی باران جوانترین سەرەتایە گووتە. 

مەبەستم لە ڕێڕەو ، ئەو ڕێڕەوە سیاسی و ئابووری و ئیداری…هتد کە تائیستا لە هەرێمی کوردستان بە ناڕێکی دەڕوا و پێویستی بە ڕاستکردنەوە هەیە تا بگاتە ئامانجی دروستی خۆی ،  بەتایبەتی لەو دۆخە ترسناکەی کە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست پێیدا تێپەڕ دەبێت ، من تەنها باسی لایەنە سیاسیەکەی بەتایبەتی ئەو پەتای ململانێیەی نێوان هەردوو حزبی سەرەکی و شەریکە دەسەڵات دەکەم کە هەرێمی کوردستانی هیلاککردووە و ، بۆتە هۆکاری لاوازی و بێمتمانەیی و کزبوونی وەلا بۆ ئەو خاکە تا ڕادەی لەدەستدانی ئەو قەوارەیە ، لەڕاستیدا ئەوەی کە پێویستی بە چارەسەرکردنی ئەو دۆخە هەیە بریتیە لە : گۆڕان ،   گۆڕانکاریکردن سونەتی ژیانە و کاتێک بارودۆخ گۆڕانکاری بەسەردێت  پێویستیی گۆڕان زیاتر دەبێت ، حوکمڕانی باش ئەو حومڕانیەیە کە ڕێگە بە گۆڕانکاری دەدات لەناوەوە و بەدیدگایەکی ڕاگەیەنراو ، حوکومڕانی باش گوێ لەوانە دەگرێت کە لەگەڵیدا جیان و ، حیوار لەگەڵ ئەوانە دەکات کە بۆچوونی جیاوازیان هەیە هەتا ئەگەر حزبێکی سەرسەختی نەیاریش بێت  ، ڕووناکی لە ناوەندی تاریکیدا دەبینێت ، لەکۆنەوە « هیرقلیس »ی فەیلەسوفی یۆنانی دەڵێت : گۆڕان بریتیە لە تاکە شتی جێگیر لە ژیاندا…..هەموو لایەک باش دەزانن کە ئەو ململانێی نێوان پارتی و یەکیتی چ زەرەرێکی گەورەی بە هەرێمی کوردستان گەیاندووە و بۆیە زۆر زەڕووریە دەست بە گۆڕان بکەن و ئاوڕ لەدواوە نەدەنەوە !! 

ئێمە پێویستیمان بە لەرزین و ڕاچلەکاندن و بانگەوازی ئاگاداربوونەوە هەیە  چونکە دۆخەکە ئەوەمان لێدەخوازێت ، ئەو دەرسەی لە شۆڕشەکان فێریبووین ئەوەیە کە شۆڕشەکان کاتێک ڕوودەدەن کە هیوا نامێنیت لە ڕوودانی جوولانەوە و گۆڕان  ، بۆشایی سیاسی زۆر ترسناکە ئەگەر حزبەکان بەهۆشیاری پڕینەکەنەوە و پێکەوە دەستلەناودەست نەبن و کورسی پەرلەمان نەهێنن  ئەوە فەوزا جێگەی دەگرێتەوە و دوجار نەیاران پڕیدەکەنەوە وەک ئەوەی ئێستا کە چاویان لێبڕیووە !!.

تەنگوچەلەمەکە لەوەدایە کە ئەو بنکەی هێزی کۆمەڵایەتی کە هەردووحزبی دەسەڵاتدار هەیانە وایکردووە هیچیان نەتوانن ئەو ململانێیە یەکلابکەنەوە  ، ململانێکان دەتوانین ناوی بنێین بە ململانێی « فورسەتی لەدەستچوو » واتە چەندین جار ڕێککەوتوون ، بەڵام لەبەر بەرژەوەندی خۆیان و ئەوانەی لە دەرەوە دەستیان لە پشت دەدەن نشوستی لەوە دەهێنن کە ڕیڕەوەکە بگاتە ئامانجی خۆی ، تاکەهیوا ئەوەیە کە پێشکەوتنێکی ئیجابی لە یەکێک لەو دوو حزبە ڕووبدات و ، بەرەو حالەتێکی عەقلانی ببات پاڵیان پێوەبنێت بەرەو دیدگایەکی جدیانە بۆ هێنانەدی هەرێمێکی بەهێز بۆ خزمەت و بەرژەوەندی هەمووان ، یان ئەوەتا رێککەوتنێکی کۆنکریتی بۆ ڕازیبوونی هەردوولا لەسەر تەواوی کاروبارەکان بکرێت و، ئەوسا دەست لەناو دەست بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەکی چاکسازی هەمە لایەنە و  دەستهەڵگرتن لەسەر چالاکی ئابووری و بازرگانی و دەستکردن بە بووژانەوە ، لەڕێگەی کەرتی تایبەت و وەبەرهینان و دەستەبەرکردنی شوێنێکی ئارام و بێگووشار بۆ وبەرهێنی بیانی تا بارگەی خۆی بێکۆت بەند و شریکە بەش لێبخات ،  ئەمە ڕاستکردنەوەی ڕێڕەوی ئەم دوو کەرتەیە وایکردووە وڵاتان پازدانی گەورە لەسەرجەم بوارەکاندا  بهاوێژن و هەلی گەورەی کار بڕەخسێنن و بەرهەم زۆر بکەن و نیشتیمان دەوڵەمەند و سەقامگیرکەن ، با پاپەند بین بە یەکڕیزیمان لە هەوڵدان بۆ پێشکەوتن و بەختەوەرکردنی کۆمەڵگاکەمان ،  زۆر ئاساییە با چەندین ئامراز هەبن بۆ ئەوەی لەسەر ئامانجێک کۆک بین ، سامانی ڕاستەقینەی کوردستان بریتیە لە هاوڵاتیانی با دەسەڵات و حزبەکان لەگەڵیان ئاشتببنەوە ، ترس و نیگەرانی لەوەدایە کە گرنگترین گەنجینەکانمان کە منداڵ و گەنجەکانن لەدەستبدەین با دەسەڵات ڕيگری لە هۆکارەکانی بکات  ، حیکمەتێک هەیە دەڵێت:

( ئەگەر بۆ ئازاری کەسێک فرمێسکت ڕشت ، ئەوا تۆ خانەدانی ، بەڵام ئەگەر بەشداری چارەسەرەکەیت کرد ، ئەوە تۆ مەزنی )

06/01/2024



وتارەکانی تری نوسەر