کاروان بەرەو پیرمام بەڕێوەیە..!

شوان محه‌مه‌د
سیاسیە باڵاکان و رۆشنبیران و رۆژنامەنووسان بەڕێوەن بۆ پیرمام، ئەگەر پێیان بکرێت هەر خۆیان ناچن، ڕەوڕەوەیەک دەخەنە ژێر سلێمانی و دەیگەیەننە پیرمام.

بەدرێژایی چەند ساڵی رابردوو بە تایبەتی لەکاتی نەخۆشکەوتنی جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی، دواتریش مردنی نەوشیروان مستەفاوە، ئەو کاروانە قەرەباڵغ تر و رێگاکەش گەرمتربووە.

هیچ لەنگی تێدا نییە نوخبەی سیاسی و رۆشنبیر، دوای بەرنامەی حیزبێکی خاوەن تێڕوانینێکی هاوچەرخی دیموکراسی و سەرکردەیەکی نیشتمانی بکەون، بەڵام تا ئێستا لە کوردستان نە سەرکردەیەک و نەهێزێکی نیشتمانی و دیموکراسیمان هەیە، خاوەن خەم و خەوی گەورە بێت، بەتایبەتی پارتی و یەکێتی لە چەندان وێستگەدا تاقیکراونەتەوە، هەر بۆیە ئەوەی ئێستا کاروانی ئەو رێگایەیە، جگە لە راکردن بەدوای کۆمەڵێک ئیمتیازاتی ماڵ و موڵک و سامان هیچی تر نییە!.

کەسایەتی سیاسی پلە باڵای دەڤەری سەوز هەیە، زیاتر لە ساڵێکە لە پۆستەکەی نەماوە، ماوەی چەند مانگێکە مووچەکەی بڕاوە، داوا لە بارزانی دەکات و مەسجی جیاجیای بۆ دەنێرێت کە مووچەکەی پێبدەن.

کەسایەتی دەڤەری سلێمانی هەیە، حیزبەکەی خاوەنی گرووپی کۆمپانیای گەورە گەورەن و، شەریکی دەسەڵات و سامانن لەگەل پارتی، بەڵام هەرچی پانێڵ و دیداری ساڵانە هەیەو، ئەو دەزگا میدیایانەی ئەو بەڕێوەی دەبات، بە سپۆنسەری ئاشکراو نهێنی کەسانی نێو بنەماڵەی بارزانی بەڕێوە دەچێت.

بەرپرسی تر هەن لەکاتی مفوەزاتی بەرزترین پۆستی ئەم وڵاتەدا، خەریک بوو کاندیدەکەیان بە چەندین ملیۆن دۆلار بفرۆشن.

کەسایەتی زۆر پلە باڵای ئەم وڵاتە هەیە، پارتی و بارزانی لێی نیگەرانن، ئەم بەرپرسە پلە باڵایە، کێچ کەوتۆتە کەوڵی و پێدەچێت سیەکانی لای بارزانی بێت و بێ ئەو نەتوانێ هەوا هەڵمژێت، دوا لە رۆژنامەنووسێک دەکات نێوانی ئەو و بارزانی چاک بکات و شفاعەتێکی بۆ بکات.

سیاسی" مخضرم " هەیە، ماوەیەکە بەناو دانیشتووەو دوورکەوتۆتەوە لەکاری سیاسی، ناوبەناو خەریکی بزنسە، ئێستا کار دەکات بۆ ئەوەی ببێتە سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی پێشووی هەرێم و، کەمێک نزیک بێت لە بنەماڵەی بارزانی یەوە.

کەسانی سیاسی تر هەیە، ماوەیەک بوو گۆڕان بوو و دواتر دانیشت، پاشان گەڕایەوە نێو "ماڵە گەورەکە"، بەدرێژایی تەمەنی دژی حیزبی بنەماڵە بووە، ئێستا خوا خوایەتی بچێتە هەولێر و کەمێک لە " حەجەکە " ی بارزانیەوە نزیک بێت، تا خێرو بێر بەسەریدا ببارێت.

خانوو و زەویەکانی سەری رەش و گوندەکانی ( ئەمریکی و ئینگلیزی و ئیتالی) و شوقەکانی ئیمپایەر .. هتد، خەریکە سیخناخ دەبن لەم جۆرە سیاسیانە کە پشتیان کردۆتە ئەو دروشمانەی دەیان ساڵی تەمەنیان خەباتیان بۆ کردووەو، ئێستا قافلەی کاروانەکەیان بەرەو سەری رەشە.

هەرکەسێ بڕواتە هەولێر و پیرمام، ئالودەی دەبێت، کەمیش نین ئەوانەی ئۆپزسیۆنی پێشوو بە ئاشکراو بەنهێنی لە دەوری کەسانی نێو بنەماڵەی بارزانی و پارتی دەسوڕێنەوە، ئەوە جگە لەوەی ژمارەیەکیان بە ئاشکرا بارو بنەیان لە سلێمانیەوە گواستەوە بۆ هەولێر و کەوتن بەسەر نازو نیعمەتی ئەو دەڤەرەدا.

با بێ ویژدانی نەکەین، ئەوە هەر سیاسیەکان نین کاروانیان گەرمە بەرامبەر پیرمام و هەولێر، هەندێک لە رۆشنبیران و میدیاکاران پێش سیاسیەکان و، لە پێش کۆچی دوایی نەوشیروان مستەفاو تاڵەبانیشدا ئەو رێگایەیان تاقیکردەوە. لای پارتی و دەزگاکانی ئەو حیزبە رۆشنبیر و میدیاکاری سلێمانی و حیزبەکانی " ژمارە " یان لەسەرە، بەشێک لەو ئیمتیازاتانەی وەریدەگرن، دەبێت خەڵکی سلێمانی بن، یان رۆشنبیری ئۆپۆزسیۆن بن، یان لە میدیای ئەهلی بووبن، بۆ هەریەک لەمانەش نرخی لەسەرە، جێگای سەرسوڕمان نییە کە میدیاکاری ئەو دەزگایانەی هەولێر هەیە، هێندەی وەزیرێک مووچە وەردەگرێت، کە رەنگە لە میدیایەکی جیهانیشدا هێندە مووچەو ماڵ و موڵکی بەسەردا نەڕژێت.

کاتێک کە هەستدەکرێت سلێمانی بێ هێز دەبێت، ئەوە رەفتارو مۆراڵی ژمارەیەکی بەرچاو لە نوخبە سیاسی و رۆشنبیرەکانیەتی،  بۆیە ئاساییە ئەگەر رەوڕەویەکی بخرێتە ژێرو بەرەو پیرمام بەڕێ بکرێت.  
 
  


07/03/2019



وتارەکانی تری نوسەر