ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجومەنی وەزیران کۆبوونەوەی خۆی بە سەرۆکایەتی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران سازدەکات، لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی چەند پرسێک دەکرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیاندراوێکدا بڵاویکردوە، ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە تاوتوێ دەکرێن:
١. خسـتنەڕووی دەرئەنجــامی سەردانی شاندی هەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی مەسرور بارزانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بۆ بەغدا لە ڕۆژی ٢٣ی تەمموزی ٢٠٢٢ و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری و سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران.
٢.خستنەڕووی پوختەی سەردانی وەزیری ڕۆشنبیری و لاوان بۆ وڵاتی ئەرمینیا.
٣.خستنەڕووی پوختەی سەردانی شاندی سەربازی هەرێم بۆ بەریتانیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
٤.خستنەڕووی پوختەیەک سەبارەت بە داوا ناڕەواکانی وەزارەتی نەوتی عێراقی فیدراڵ لە بەرامبەر وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکانی بواری نەوت و غاز لە هەرێمی کوردستان و ڕێکارەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەو بارەیەوە.
٥.خستنەڕووی ڕاپۆرتی وەزیری شارەوانی و گەشت و گوزار سەبارەت بە دۆخی خزمەتگوزاری دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاوڵاتییان.
٦.خستنەڕووی چەند پێشنیارێکی تایبەت بە جێبەجێ كردنی بابەتی خانەنشینی پلە تایبەت و پلە باڵاکان لە یاسای چاکسازی ژمارە (٢)ی ساڵی ٢٠٢٠.