سپی پێدەنێتە ١٢ ساڵەی تەمەنییەوە

شوان محه‌مه‌د

ئەمڕۆ ١٣ی حوزەیرانی ٢٠٢٤ ماڵپەڕ و گۆڤار و سۆسیال میدیای سپی، ١١ ساڵی تەمەنی خۆی تێدەپەڕێنێت و پێ دەنێتە ١٢ ساڵەی تەمەنییەوە، سەرباری ئاستەنگییە هەمە لایەنەکان " سپی " بەردەوامە.

رەنگە ئەستەم و پڕ ڕسک بێت لە هەرێمکدا کە هەموو کایەکانی شێواو و نا تەندروست بێت، بتوانرێت قسە لەسەر هەبوونی میدیای ئازاد بکرێت، بەڵام بە شەونخونی و لەخۆبووردوی ستافەکەی، تا ئێستا " سپی " توانیوویەتی درێژە بەکارەکانی بدات، وەک میدیایەکی سەربەخۆ و ئازاد.

" سپی " گەر بەو میدیا گەورانەی کە لە موڵکی گشتی بەڕێوەدەبرێن و مانگانەیان بە سەدان هەزار دۆلارە لە مانگێکدا، بەراورد بکرێت، هیچی نەکردبێت سەرچاوەیەکی هەواڵی سەربەخۆ و، پانتاییەکی ئازادی بیروڕابووەو، بۆ کارکردنیشی هیچ هێڵێکی سوری نەبووە لەسەر هیچ دۆسیەک کە هاتبێتە بەردەستی و لەبەرژوەندی خەڵکی کوردستاندا بێت.

لە کەشی میدیای ئەمڕۆی کوردستاندا کە میدیاکانی و میدیاکارەکانی بێ ئەرزشکراون و کاریگەریان لەسەر کۆمەڵگا و بەرژەوەندییەکانی هاوڵاتیان بە تەواوی کەمبۆتەوەو، بەراستەو خۆ و ناڕاستەخۆ بوون بە بەشێک لە سیاسەتی حزبە دەسەڵاتدارەکان و بەشێکی تریان میدیای ئۆپۆزسیۆنن، لە کەشێکی ئا لەم شێوەیەدا کە زەرەرمەندی یەکەم کۆمەڵگاو هاوڵاتییە، بوونی جۆرێک و ستایڵێکی تر لە میدیای بەرپرس و ئازاد زەرورەتێکی ئەم دۆخەیە، هەر بۆیە مانەوەو بەردەوامی ئەو میدیا کەمە ئازادەی ئێستا لە کوردستاندا هەیە، گەر لاوازیش بن و دەرۆستی میدیا زەبەلاحەکانی حزب و میدیاکانی وابەستەی کۆمپانیاکان نەیەن، بەڵام مانەوەو بەردەوامیان زەورەتێکە بۆ دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ، هەر لەم روانگەیەشەوەیە " سپی " درێژە بەو میراتە دەدات کە نزیکەی دوو دەیەیە لە میدیای ئازادوە بۆی بە جێماوەو، لە ئێستاشدا بە ئومێدەوە دەڕوانێتە ئایندە.

" سپی " لە یادی پێنانە ١٢ ساڵەی تەمەنی خۆیەوە، لە تەک ئەو رێچکەیەی لە ساڵانی رابردوویدا لەسەری بەردەوامە بووە، هەوڵدەدات لەمەودوا گرنگی زیاتر بە ئازادی بیروڕا و ئازادی رۆژنامەگەری و ئازدی تاک بدات، هاوشانی ئەوەش گرنگی زیاتر بە پرسە کۆمەڵایەتییەکان و پرسی ژنان و ژینگە و سروشتی کوردستان بدات کە بوونەتە بابەتی رۆژەڤ لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکە.

جێگای خۆیەتی لەم یادەدا دەستی گەرمی ئەو رۆژنامەنووسانە بە توندی بگووشین کە لە ئێستاو لە ساڵانی رابردووشدا خزمەتی رۆژنامەوانی کوردیان لە رێگای " سپی "یەوە کردووە، کە هەندێکیان پێداویستی ژیان لە سپی دوورخستوونەتەوە، بەڵام تا ئێستاش دڵیان لەلای میدیاکەیانە، ژمارەیەکیشیان لە خۆبردوانە بەردەوامن لەگەڵ ئەم میدیا ئازادەدا.  


13/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر