بریا د. هەڤاڵ ئەو قسانەشی هەر نەکردایە!

شوان محه‌مه‌د

د. هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی لە بەرنامەیەکی کەناڵی " کوردسات نیوز"دا کە تایبەت بوو بە قسەکردن " لەسەر پشکی هەرێم و مەترسییەکان " کۆمەڵێک قسەی لەبارەی حکومەت و دۆخی سلێمانییەوە کردووە، بریا وەک لە زۆر جومگەی هەستیاری چەند ساڵی رابردوودا " کونجی قەناعەتی گرتووە "و قسەی نەکردووە، لەمەشدا هەر وایبکردایە.

لەو چاوپێکەوتنەدا دەڵێت" ئەم کابینەیە زۆر باشتریکردووەو زۆر شەفافترە لەهەموو کابینەکانی تر، خەڵک بەس ئەوە دەبینێت کە ئێستا لە حوکمدایە، ئەوە نابینێت کە گرێبەستی ٥٠ ساڵ کێ کردوویەتی، ئەوە نابینێت کە لە گەرمکەوە تا قەندیل پەکەکە چۆن هاتۆتە ئەوێ، ئەو هێزە موعارەزەیە چۆن هاتۆتە ئەوێ، ئەوە نابینێت".

هەروەها دەڵێت " ئەوە نابینێت کە کێ یە بە سەیارەو تاکسی شێت دەهێنێت لە سلێمانی دایدەبەزێنێت، سەگ سوار دەکات لە سلێمانی دایدەبەزێنێت، سواڵکەر لە سلێمانی دادەبەزێنێت".

بڕگەی یەکەمی قسەکانی لەسەر ئەدای ئەم کابینەیەیە و وەسفی دەکات و بە شەفاف ناوزەدی دەکات و خەڵکی تۆمەتبار دەکات کە راستییەکان وەک خۆیان نابینن، ئەمە تەنها بۆ خۆشیرینکردن و موجامەلەکردنی سەرۆکی حکومەت و پارتییە. کاک هەڤاڵ خەڵکی لەوە هۆشیارتربووە کە بەم قسانە فریو بخوات، خەڵک دەزانێت حوکمڕانی مەسرور بارزانی درێژکراوەی نێچیرڤان بارزانییەو، هەردووکیان گوزارشت لە دەسەڵاتی یەک بنەماڵە ویەک حزب و یەک ئاراستەی سیاسی دەکەن. خەڵک دەزانێت گەر لەسەردەمی نێچیرڤان بارزانی گرێبەستی ٥٠ ساڵە لەگەڵ تورکیادا کرابێت، دەشزانێت سەرۆکی ئەم کابیەنەیە بەهۆی پەیوەندییە خراپەکانییەوە لەگەڵ یەکێتی حکومەتی تووشی ئیفلیجی کردووە. هەروەها هاوڵاتیان دەزانن لە دۆسیەی ماف و ئازادییەکان لەسەردەمی ئەم کابینەیەدا هێندە خراپە مانگانە رێکخراوە نێو دەوڵەتییەکان راپۆرتی لەسەر بڵاودەکەنەوە، خەڵک دەزانێت کە نا دادپەروەری لە دابەشکردنی ساماندا بە کابینەی پێشوو و ئەم کابیەنەیەوە گەیشتۆتە لوتکەو، هەرچی بنەماڵە سیاسییەکانە لە بەهەشتی بەرفراواندا دەژین و گەنجانی ئەم وڵاتەش بەسەدان هەزاریان بێکارن و دەیان هەزاریشیان لەبەر هەژاری سەر هەڵدەگرن و وڵات جێدەهێڵن.

کاکی پارێزگار سیاسەت بە دەرئەنجام دەپێورێت، بەبێ زەحمەت پێمان بڵێ ئایا لەسایەی ئەم دەسەڵاتەدا ئێمە لە دوا ساتەکانی هەرەسی ئەم ئەزموونەدا ناژین؟ کێ بەرپرسە دەسەڵاتی ئەم سێ حزبە، یان هاوڵاتیان؟ خەڵکی هەرێم دۆخی پڕ زەحمەتی ژیانی خۆیان دەبینن و، جەنەتی ژیانی دەسەڵاتدارانیش دەبینن، هەر بۆیە لە هەڵبژاردنی پێشوودا زیاتر لە ٦٥% خەڵک نەچوو بۆ دەنگدان، ئەوان باش دەزانن پارتی و یەکێتی کێن و، زانیشیان کە پێویستە گۆڕانیش " سزا " بدرێت. 
 
بڕگەی دووەمی قسەکانی کە لەسەر هێنانی پەکەکەو هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی و هێنانی شێت و سواڵکەر و سەگە بۆ سلێمانی، ئەم ریزکردنە کە دەڵێی " چێشتی مجەورە "، ریزکردنیان بە تەنیشت یەکەوە، جگە لە خەوش و بێ سەرور بەری قسەکان، هیچی تر نییە.پێش هەر شتێکی تر ئەو ئازایەتییە بنوێنە، پێمان بڵێ كێ سواڵکەر و  شێت دەهێنێت بۆ سلێمانی؟.


هەرچی هاتنی پەکەکەیە بۆ باشور لە ساڵی ١٩٨١ ەوە بەرێککەوتن بووە لەگەڵ پارتی، گەر بە درێژایی ئەو مێژووە، شەڕەکانی نێوان پارتی و یەکێتی دژی پەکەکەی لێدەربکەیت، مانەوەی پەکەکە و هاتنی سەرکردایەتی ئەو حزبە لە باشور زۆریان بەرێککەوتن بووە لەگەڵ یەکێتی و پارتی و بە رەزامەندی و رێککەوتنیش بووە لەگەڵ حکومەتی تورکیا.( لەم وتارە کورتەدا جێگای ئەم بابەتە مێژووییە نییە).

حزبەکانی رۆژهەڵاتیش مانەوەیان لە باشور درێژدەبێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی سەدام و شەڕی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق. جا هەڤاڵ ئەبوبەکر خۆشی باش ئەمە دەزانێت، بەڵام وەک هەموو رووداوەکانی تر هێندە ئازایەتی نییە ئەم راستیانە بێژێ.

سەرباری هەموو تێبێنیی و رەخەنکانمان لەبارەی سیاسەتی پەکەکە و هێزەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و تەماشانەکردنی هەرێمی کوردستان وەک سەنتەری تێکۆشان بۆ پارچەکانی تر، بەڵام گەر ئەم هێزانە لە باشوریش نەبن، نە سیاسەتی تورکیا بەرامبەر کورد پۆزەتیڤ دەبێت، نە سیاسەتی ئێران، ئەوەی کێشەی سەرەکییە لەلای هێزەکانی باشور مانەوەی ئەو ‌هێزانە نییە لە باشور، بەڵکو نەبوونی ستراتیژێکی هاوبەشی سەرجەم هێزەکانی هەر چوار پارچەیە کە نەیانتوانیووە ئەم ئامادەبوونەیان وەرچەرخێنن بۆ خاڵێکی پۆزەتیڤ و بە‌هێز بۆ پشتگیری باشور، لە کاتێکدا شیعە و تورکیاو سونەی ناوچەکە دەمێ ساڵە ئەمەیان ئەنجام داوە. 

پارێزگاری سلێمانی بریا ئەم قسانەی لەو چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنییەدا هەر نەکردایە، ئەو بەدرێژای بوونی بە پارێزگا خۆی لە قەرەی کێشە سەرەکیەکانی ئەم پارێزگایە نەداوە، نموونەیەک لە سەدان نموونە؛ عەلی حەمە ساڵحی پەرلەمانتاری پێشووی گۆڕان چەندان جار رایگەیاندووە کە نزیکەی ٨٠ هەزار پارچە زەوی ئەم شارە لە بەکرەجۆ و راستە شەقامی سلێمانی - تاسلوجە لەلایەن چەند بەرپرسێکی یەکێتییەوە تاڵان کراوە، پارێزگار بە " پیتێکیش باسی نەکرد".

چەندان بەرپرسی شارەوانی لەسەر ئەم زەویانە دەستگیرکران د. هەڤاڵ، نە بە باش، نە بەخراپ خۆی لە قەرەیان نەدا.

شاری سلێمانی کە بەشارێکی مەدەنی ناسراوە، ماوەیەکی زۆرە سیمای چەکداری فڕێداوە، بەڵام لە ناکۆکییەکانی نێوان بافڵ تاڵەبانی و لاهور جەنگیدا شارەکە بوو بوو بە سەربازگەو مەتەرێزیان لەیەک گرتبوو، ئەم پارێزگارە کە بەرپرسی لیژنەی ئەمنییشە، بۆ یەک ساتیش نە قسە نەکردارێکی نەبوو.

چەندین مناڵی بەرپرس دۆخی ئەمنی شاریان تێکدەداو دەستدرێژیان دەکردە سەر هاوڵاتیان و لەسەر کێشەی شەخسی تەقەیان لە خەڵک، دەکرد، ئەم هەڤاڵ ئەبوبەکرە، هەر دەیوت: هیچ.
   
پارێزگار کە لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا نزیکەی نیو ملیۆن دەنگی هێنا، نەیتوانی ئەم دەنگانە؛ ئەم کەرەستە زیندووە، بکات بە ئامڕازێکی فشاری مەدەنی و جەماوەری بۆڕێگرتن لەو هەموو کارە خراپانەو، گۆڕینی مەدەنیانەی ئەم دۆخە، کەچی لە بۆنەو ئاهەنگەکاندا هەرخەریکی قسەی باق وبریقە، بەڵام قسەیەکی بێ کردار، ناو بەناویش بەتایبەتی لە ساتە قورس و مەترسیدارەکانی ئەمشارەدا لەگەڵ چواردەورەکەی کە چەندانەیەکیان خزمی خۆین، سەرقاڵی گەشتەکانیی بوو بۆ دەرەوەی وڵات.  

بۆیە هیوادارم تا دەسەڵاتە ئێکسپایەرەکەت رادەستدەکەیت، چیتر قسە مەکەو رێز لە دەنگی ئەو خەڵکانە بگرە کە دەنگیان پێدایت. خەڵکی دەنگی بۆ گۆڕانکاری پێدایت، نەک بۆ دەستگرتن بە کڵاوەکەتەوە تا با نەیبات!


09/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر