ترەمپ ، ماندێلای سەردەمی نوێ !!

محەمەد خۆشناو
دادگای نیویۆرک رایگەیاند کە سەرۆکی پێشوو « دوناڵد ترەمپ » «34» جار تۆمەتبارە ، دانیشتنەکانی دادگا «7» هەفتەیان خایاند ،  لە هۆڵەکە ترەمپ هەرکە گوێی لە تۆمەتەکان بوو چاوەکانی داخست و فشاری بەرز بووەوە و ، لە باخچەی بەرانبەر دادگاش نەیارانی ترەمپ لەخۆشیان هاواریاندەکرد و ، هەوادارانی خۆشی تووڕەییان لە تۆڕە کۆمەڵاتیەکان دەتەقاندەوە و دەیان هەڕەشەیان لە دادورەرەکە دەکرد ، بەڵام ئەوەی کە جێگای سەیرە ئەو هەموو تۆمەتە نەبۆتە هۆکاری دۆڕانی !!!

ئەوەی کەمێک تێبگات دەزانێت کە یەک تۆمەت لەو « 34»ە بەسە بۆ کۆتایی هێنان بە ئایندەی سیاسی ترەمپ ، بەڵام ئەوەی جێی سەرسوڕمانە ئەوەیە کە وێڕای سەپاندنی ئەو هەموو تۆمەتانە لەسەری کەچی شەعبیەتەکەی زیاتر دەبێت ، مەسەلەکە پەیوەندی بەوەوە نیە کە جەماوەر بڕوا بەوە دەکات کە ئەم تۆمەتانە هەڵبەستراوە و ترەمپ بێتاوانە ، بەڵکە دەیان لە ملیۆناها هەوادارانی دڵنیان لەوەی کە کۆکتێلێکی زۆری تاوانی هەمەڕەنگی کردووە ، کەچی  خۆشیان دەوێی و بە پاڵەوانی دەزانن و گوێیان لە تۆمەتەکان نیە و ، پێیان وایە کە ترەمپ وەک باڵندەی « قەقنەس» ی ئەفسانەییە لەناو خۆڵەمێشی خۆی هەڵدەستێتەوە ، ئەوان ترەمپ لە شێوازەکەی لە ژیان و لە حوکمەکەی دەبینن کە«ئەو » نەبەردیەکانی ئەمەریکا لە دەرەوە دێنێتەوە و لە ناوخۆش سەریان بەرز دەکاتەوە ،  حالەتی ترەمپیزم لە زیادبووندایە ، ترەمپ هەمیشە خۆی وانیشانداوە کە قوربانیە ، لەچەندین بۆنەدا خۆی بە «نیلسۆن ماندێلا» چواندووە و دەڵێت «چەوسانەوەی سیاسی» بەرانبەری دەکرێت ، ترەمپ کە خۆی بە «ماندێلای سەردەمی نوێ » چواندووە ناتوانێت مێژوو بێنێتەوە ، ماندێلا ژیانی خۆی لە بەندینخانە و خەباتی بەردەوام بۆ ڕزگارکردنی وڵاتەکەی لە ڕژێمی «ئاپارتاید- جیاوازی ڕەگەزی» تەرخانکرد و ملێۆنێر نەبوو وەکو ئەو ، یەک دونیا جیاوازی لەنێوان هەردووکیاندا هەیە….سەرم لەوە دەرناچێت کە وڵاتێکی وەکو وڵاتەیەکگرتووەکانی ئەمەریکا و ، لەسایەی ڕۆژنامە و ڕاگەیاندنێکی وا کە ووردبینی لە هەموو زانیاریەک دەکەن و ، لە سایەی بنکەیەکی بەیاناتی مێژوویی کە گەورەترینە لە مێژوو و، لەگەڵ بوونی چاودێریەکی میللی لە ئامرازەکانی سۆشیالمیدیا کە رەحم بە کەس ناکات و درۆ بەسەریدا تێناپەڕێت ، سەرەڕای هەموو ئەوانە کەچی شەعبیەتی ترەمپ لەکن هەوادارانی زیاد دەکات و ، ئەو  وایدەبینێت کە پیلانگێریەکی شەڕانگێز لە لایەن نەیارانی لەئارادایە بۆ شێواندنی وێنەکەی بە ناڕەوا و بوختان ، باشە ئەگەر ترەمپ بووە سەرۆک چۆن مامڵە لەگەڵ وەزارەتی داد دەکات کە ئەو پێی وایە کە ستەمێکی سیستەماتێک دژی دەکرێت ، بۆئەم مەبەستە لە یەکێک لە سەردانەکانی هەڵبژاردنیدا بۆ یەکێک لە گەرەکە هەژارنشینەکان لە نیویۆرک بەڵێنی ئەوەی داوە کە وادەکات وەزارەتی داد ملکەچی ئیرادەی ئەو بێت و گەندەڵکاران لەو وەزارەتە پاکتاو دەکات ، ئەگەر وابێت داخۆ سیستەمی دادوەری ئەمەریکا چی لێدێت ؟!



من گەیشتمە ئەو بڕوایەی کە خەڵک گەندەڵکار تا بەهێز و کاریگەر و خاوەن سامان بێت ڕەتناکاتەوە ، وامزانی ئەو نەخۆشی لەباوەشگرتنی تۆمەتبار و درۆزن و گەندەڵکاران و وەهم فرۆش  تایبەتە بە مرۆڤ لە وڵاتە هەژارەکان ، بەڵام دەرچوو کە هاوڵاتی خۆرئاواش چیتر پەرۆش نیە لەسەر سزادانی هەڵەکراو و تۆمەتبار کە نموونەیان ترەمپ-ە


15/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر