کاتێک جاهیلێک دەبێتە خاوەن میلیۆنەها دۆلار !!

محەمەد خۆشناو
جێی داخە کەسێکی نەفام و نەخوێندەوار خاوەنی ملیۆنەها دۆلار بێت ، کەسێک کە بەژیانی نەک کتێبێک بەڵکو ڕۆژنامەیەکیشی نەخوێندۆتەوە ، ئەم داخە زیاتر ڕۆشنیران هەستیپێدەکەن ، کەسێکی فێرخوازی ڕۆشنیر کە زیاتر لە هەزار کتێبی خوێندۆتەوە کەچی بێپارەیە و جاری وا هەیە بە نەخۆشی و نەتوانینی چارەسەرکردن دەمرێت ، لێرەدا ڕۆشنبیرەکە پرسیار دەکات ، کە لەسەر چ بنچینەیەک ئەو کابرایە ئەو هەموو پارەیەی هەیە و زوڵمە ئەو هەموو پارەیە لەدەست ئەودا بێت ؟!  پێم وایە لێرەوە ڕۆلی پارە لە بیری سۆشیالیزم بەدیاردەکەوێت و ڕۆشنبیری چەپ پێی وایە کە دبێت ئەو پارەیەی لێپسێنرێتەوە و دابەشی سەر هەمووان بکرێت …..ناخۆشیەکە لەوەدایە کە ئەو  پارەدارەی نەخوێندەوار  دەعوەتی بۆنە حزبی و بۆنەی دەرچوانی زانکۆکان دەکرێت ، کەچی بەداخەوە لەو بۆنانەدا ڕۆشنبیر و نوسەر… تاد هیچ حسابیان بۆ ناکرێت ! هەموو ئەوانەی دانیشتوون بەرپرس و ئەوانن ، ئەگەر ئێمە بەراورد لەنێوان گەورەترین ملێۆنێر بە جاهیل و خوێندەوا و ، بیرمەندێک بکەین دەبینین دەستی ئەو بیرمەندە و ئەو خزمەتەی کە پێشکەشی کۆمەڵگەی کردووە دەمێنێت و ، بەهاکەی ڕۆشنبیریەکەی لەناو ناچێت ، سامان پێوەر نیە بۆ پێشکەوتن و شارستانیەت .

لەو سەردەمەی ئێستاماندا پارە بۆتە هەموو شتێک ، بەڵام پارە زەروریە و دەبێت بۆ بونیاتنان بێت و ، زەروریە بۆ پێشکەوتن و زەروریە بۆ فراوانکردن و کاری خێرخوازی ، پارە وەهمێکە هەموو شت دەجولێنێت ، پارە بزر دەبیت بەڵام وشە دەمێنێت ، من دەزانم پارەداری وا هەیە کە کەسێکی نیشتیمانپەروەرە و پارە لەخزمەتکردن و پێشخستنی نیشتیمان خەرجدەکات ، بەڵام کارەسات ئەو جاهیلە پارەدارانەن کە زۆرن ، دەڵێن سێیانەی کاولکاری  نیشتیمان بریتین لە : هەژاری و نەزانی و نەخۆشی ، بەڵام ئەمە وانیە ، نەفامی«جهل» و جەهل و جەهلە ، جاهیلی پارەدار هەر خەیاڵی لەکن پارەکەیەتی هەمیشە ئەنانی و لەدڵەڕاوکێدایە و ، سوودی نەک بۆ ماڵ و منداڵی بەڵکو بۆ کۆمەڵگە و نیشتیمانەکەشی نیە ، «تۆماس جیفرۆن» خاوەن وشە کاریگەریەکان لە دەستووری ئەمەریکی دەڵێت : ( لەکن ئێمە ڕەنگ و ئاینەکەت گرنگ نیە ئەوەی گرنگە ، باشترین شت لە لات هەیە بیدەیتە ئەو وڵاتە).

پارەداری جاهیل لەڕوالەتدا مەدەنیە و ئۆتۆمبێلی گرانبەها و قات و پڵاوی کەشخەی لەبەردایە ، کەچی لەناوەڕۆکدا کچ و ژنەکەی لە بەندینخانەی ماڵەوەن و ئامادی خزمەتکردن بە نیشتیمان و کۆمەڵگە نیە و ، بەهیچ شێوەیەک عەقلی بەختەوەر نیە و هەمیشە لەدڵەڕاوکێدایە ، لەوانەیە دەرۆزەکەرێک عقلێکی بەختەوەرتری هەبێت لەو ملیۆنێرە دواکەوتوانە و دەڵیت : شوکور بۆ خوا من کرێی خانوو نادەم ، من دەتوانم لەهەر شوێنێک بێت لەسەر زەوی بنووم ، من ئازادم ، ئەوەی لەناو گیرفانمە بەشم دەکات و لێشم زیادە ، عقلی بەختەوە پەیوەندی بە پارە و مادەوە نیە ، هەژاری بەزەرورەت نابێتە مایەی ناڕازی و نەفرەتی ، بەڵام ئەو نایەکسانە تووندەی لەنێوان خەڵکی لە ئاستی بژێویدا بریتیە لە چاندنی تووڕەیی..ناشاردرێتەوە کە پەخشی تەلەفزیۆنەکان هەژارەکانیان خسۆتەناو ئەشکەوتی نشوستی و خەمۆکی بە پێشاندانی ئەو هەموو ڤێلەی نەخوێندەوارە دەوڵەمەندەکان کە چۆن لەو نیشتیمانەدا ئەوانە  بەخۆشگوزەرانی ژیان بەسەر دەبەن ، ئەم نایەکسانیە لەنێوان هەژاریەکی زۆر و دەوڵەمەندیەکی تووند بەشدارە لە خەلقکردنی بێزاری و تووڕەیی .

کارەساتی پارەی زۆر لەدەست نەفامدا لەوەدایە کە زۆربەی جار خەڵک لێکدەکات ، وەرە سەیری لای خۆمان بکە لەسەر پارە و زەوی کە کەوتۆتە دەست نەخوێندەوار چ کوشتارگەیەک دەکرێت یان بە ملیۆنەها دەبات و دەڕوات !!

کەواتە دوو جۆر هەن پارە کۆیان دەکاتەوە ، جاهیلی پارەدار سەیری پارە وەک کۆیلەی پارە بە تووڕەیی دەکات ، پارەداری خوێندەوار بە بێزاریەوە سەیری پارە دەکات ، کاتێک « برنادشۆ » بەناوبانگ بوو کە سامانی  هەبوو ، یەکێک لە ڕۆژنامەنووسان لێیپرسی ، مادامەکێ تۆ بڕوات بە سۆشالیزم و دابەشکردنی سامان هەیە…لەبەرچی لەئێستاوە لەخۆتەوە دەستپێناکەی ؟ ڕەدەکەی ئەمە بوو : ( ئەگەر ئەوەم کرد هەژاری هەژاران لە جیهاندا زیاتر دەبێت ) ، دوڵەمەندیی بە پارە نیە ، کەسی نەفامی پارەدار لە هەموو ڕووێکەوە هەژارە .

22/06/2024



وتارەکانی تری نوسەر