نیشتمانەکەمان هەراج دەکەن

عەبدوڵا کەریم مەحمود
دوای چەند مانگێک دابڕان ،لە گۆیژە و وەرزش ، بە هۆی سەرقاڵی هەندێ کارەوە ، سەعات ٥ ی بەیانی ٢٣ / ٨ / ٢٠٢٤ ،وەک جاران تولە رێگاکەی دامێنی گۆیژەم گرتە بەر،بەڵام ئەمجارەیان باڵای سنەوبەرەکان و گۆیژە وەک جاران ،سەوزو رەنگاو رەنگی جوانی سروشتی نەپۆشی بوو. 

ئەمجارەیان باڵای گۆیژە سنەوبەرەکانی ، وەک باڵای ئەو بووکە رەش پۆشە بوو، لە بری تارای سپی بووکێنی ، بە ئامیزی دڵدارەکەی بگات، لەحەسرەتی مەرگ و دابرانی ئەویندارەکەی ، رەش پۆش بوو . ناوقەدی بەرزایی گۆیژە ، بە گڵ و بەردو و دارو درەخت و گژوگیاو خاکەوە ، هەمووی سوتماک بوو.

٧٠ساڵ ، لەمەو بەر ، لەسەردەمی پاشایەتی دا، ئەو سنەوبەرانە ، بە سەوزی رواون ، بە سەوزی باڵایان کردوە ، لە سایەی حوکمدارانی کورد باڵایان رەش دەکرێت ، دەکرێن بە خەلوز.

بیرم لە هەموو گردەکانی ناو شارو دەرەوەی سلێمانی دەکردەوە ، هەمووی کراوە بەکۆشک و تەلارو ئارامگای دەسەڵاتدران.

ئیستاش سەرمایە دارەکانی کوردستان و کۆپانیاکانیان ،ئەو (٤-٥) گردەی گۆیژەی ، دامێنی ئەزمڕماوە، ئەویش بە شار بە رەوا نازانن ، بە شۆفڵ و حەفارە خاپووری دەکەن ، دەیکەن بە کۆشک و ڤێلایەکی ناوازی دەگمەن ،لە هەموو عێراق و وڵاتانی دراوسێ ، نمونەی وا شاز نەبێت ، بۆ سەرمایەدارە عەرەبەکان، بۆ ژیانی لویسانەی خۆیان.

ئەوان بە نیازن ، سلێمانی بە گەڕەک و کۆڵان و شەقام و بازاڕو بە گردو شاخەکانییەوە ، بکەن بە )بیابانەکانی سەماوە و عەمارە ( ئەوان لە گۆڕە بە کۆمەڵەکان دا زمان و کلتۆرو جەستەو رۆحمان زیندەبەچاڵ دەکەن، ئێمەش، بازاڕو گەڕەک و ئاو وگرد و شاخ وخاک و نیشتمان و کلتورەکەمان لە مەزاتخانەی کوردایەتی دا هەراج دەکەین . 


24/08/2024



وتارەکانی تری نوسەر