لە دۆزەخی دەرو دراوسێ دا

لەتیف فاتیح
سەت ساڵە دەمانهاڕن، مێژوەکە زۆر لەوە درێژترە، لێ ئێمە تەنێ باسی ئەوسەت ساڵە دەکەین کەوردوخاشیان کردوین، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە خۆمان لەنێو خۆماندا ناڕێک و ناتەبا، هەمیشە بیرکردنەوەی بەشی زۆری سیاسی و حزبی ئێمە ئەوەیە چۆن یەکتر بهاڕین، وەک ئەوەی دوژمن نەیهاڕیبین،دەستمان لەخوێنی یەکتردایە، لەهیچ کۆبونەوەو دانیشتنێکدا بیر لەئاشتی و پێکەوە ژیانی خۆیی ناکەینەوەو هەمیشە خەریکی تانەو تەشەرین لەیەکتر، لەناو ئەم دنیا وێرانەدا، دەرگای دۆزەخ بۆبەشێکی زۆری نەوەکانمان  دەکەینەوەو  تەنێ خەیاڵی خودانە سیاسیەکانمان لای بەختەوەری و خۆشژیانی مناڵ و نەوەکانی خۆیانە، خۆیان و بەس، ئەوانی تر بۆ دۆزەخ، خۆیان دەکەن بەشازادەو سەردارو هاودەست لەگەڵ سیستمی سەرمایەداری ناشریندا نەوەکانی ئێمە دەخەنە ژێر باری قەرزی هەتاهەتایەوە، درۆی ئەوەش دەبەشنەوە کە بەهەشتمان بۆ دروست کردون، تەلارو مۆڵ وسیتی و کارگەو کارخانەو مانیفاکتۆر هی خۆیانەو منەتی ئەوەشمان بەسەردا دەکەن ئیتر چیتان دەوێ، دەمانخەنە ژێر باری قەرزی کۆمپانیاکان و وڵاتانی دەرو دراوسێوەو پێمان دەڵێن مەمنون بن، دەمانکەنە کرێچی و موچە دەری کەرتی تایبەت و دەڵێن ئەوە بەهەشتەکەتانە، ئەوان پارە مۆڵدەکەن و ئێمەش چاوەڕێی موچەین تا لە بری قەرزی پێشتر بیدەینەوەو ڵێخوڕین بۆ قەرزی تر.

دەرودراوسێ کۆمپانیاکانیان لەسەر دڵمان دادەنێن، لەگەڵ ئەوەشدا خۆراکی ژەهرین و درۆن و پەروەردەی وێرانیمان بۆ دەنێرن، بەناوی دراماوە بەکوڕو کچەکانمان دەڵێن، خیانەت بکەن ، ئابڕوی خۆتان بەرن، یەکتر فریو بدەن، واز لەگەڕان بەدوای بوون و شوناس و بەختەوەریدا بێنن و بەدوای مۆدێل وخۆنواندن و باق و بریقی درۆزنانەدا بچن، بەگیرفانی خاڵیەوە بەدەیان سەعات بەدیار ئینتەرنێتەوەدامانبنەن، بە هەمو مۆڵ و بازاڕەکانی خۆتاندا بمانگێڕن و سەرساممان کەن بەو مارکانەی بۆ خۆتانەوبۆکەسی ترنا، دواتریش فڕێماندەنە هەرزان بازاڕەکانی دەرو دراوسێوە، باتامی ژەهرەکانیان بکەین و تۆوی شێر پەنجە لەگیانمانا بچێنن.

ئێمە لەناوچەقی سیستمی سەرمایەداری بێ حەیاداین، فریومان دەدەن، دەڵێن بەیانیتان باشتر دەبێت، کۆڵبەرییشمان پێڕەوا نابینن دەمانکوژن، زیندانەکانتان لیپە لەگۆرانی و چڕینی ئێمە، لەسەر زەوی باو باپیری خۆمان  زیندانمان بۆ چێ دەکەن و سێدارەمان بۆ هەڵدەخەن، ناچاریشمان دەکەن جاشێتیتان بۆ بکەین، پێشمان دەڵێن بڵێن جاشایەتی و پاشایەتی، لەجاشێتیدا لەوێنەمان نیە، تانک و دەبابەو فڕۆکەی دەرو دراوسێ دێنینە سەرخۆمان و شانازیشی پێوە دەکەین، تەنیا میلەتی سەر ئەم گۆی زەویەین شانازی بەخیانەتەوە دەکەین، شانازی بە ڕادەستکردنی هاوزمانەکانمانەوە دەکەین بەدوژمنەکانمان، شانازی بەهێنانی دەبابەو تانکی دوژمنەوە دەکەین بۆ سەر زێدی خۆمان و ئەو شانازیەش بەوتارو لافیتەوە کەناڵەکانەوە دەبەخشینەوە، 

لەنێو ئەم سیستمە تاریکەدا خائینەکامان لا تێکۆشەری گەورەن، تێکۆشەرە ڕاستینەکانمان نائومێدو بەلەنگاز، من چەندین تێکۆشەرم لەوپەڕی نائومێدیدا بینیوە، نائومێدی لەوەی بەشی زۆری ئەو بارو دۆخە بە بەرپرسیارەتی خۆیان دەزانن، کەچی خائینەکان نەبایان دیوە نەباران.

11/09/2024



وتارەکانی تری نوسەر