بۆ چی ئەمریکا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکات دژی ئێران

د. شێرکۆ کرمانج


 ئەوەی لێرە دەیخوێننەوە، دید و تێگەیشتن و پێشبینیکردنی من نییە بۆ پۆڵەسی (واتە: هەڵوێست و کردە و ستراتیجییەکانی) ئەمریکا بەرانبەر بە ئێران، بەڵکوو ئەمە دیدی کەسی دووەمە لە ئیدارەی ئەمریکا، ئەنتنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، کە لە بابەتێکی دوورودرێژدا بەناونیشانی "ستراتیجییەتی نوێبوونەوەی ئەمریکا: دووبارە بنیاتنانەوەی سەرکردایەتیی بۆ جیهانێکی نوێ" (America‌s Strategy of Renewal: Rebuilding Leadership for a New World) نووسیویەتی، کە لە گۆڤاری فۆرین ئەفەیرس (Foreign Affairs) لە یەکی ئۆکتۆبەر بڵاوی کردۆتەوە. لەبەر گرنگی بابەتەکە من بە چاکم زانی کە ئەو بڕگانەی پەیوەندییان بە ئێران-ەوە هەیە بکەم بە کوردی، بەڵام هەوڵمداوە کە تەرجومەی حەرفی نەکەم تاوەکوو خوێنەر باشتر لە بابەت و چەمکەکان و پەیامەکانی نێو ڕستەکان بگات. لە کۆتایشدا خوێندنەوەیەکم بۆ تێگەیشتن و پەیامەکانی بلینکن کردووە لە چەند بڕگەیەکدا.


بلینکن بابەتەکە بەوە دەست پێ دەکات کە ماوەیەکە کێبڕکێیەکیتوند بۆ دووبارە-پێناسەکردنەوەی جیهان لە ئارادایە، بەتایبەتیلە پەیوەند بە سیستەمی جیهانی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان. ژمارەیەکی کەم لە وڵاتان، لەوانە ڕووسیا، بە هاوکاری ئێرانو کۆریای باکوور، لەگەڵ چین، بڕیاریان داوە دەستکاریبنەما بنەڕەتییەکانی سیستەمی نێودەوڵەتی بکەن. لەکاتێکدا شێوازی حوکمڕانی و ئایدیۆلۆجیا و بەرژەوەندی و تواناکانی ئەم وڵاتانە لە یەکدی جیاوازن، بەڵام لەوەدا هاوبەشن کە هەر چواریان دەیانەوێت دەسەڵاتێکی خۆسەپێن لە ناوخۆی وڵاتەکانیاندا بسەپێنن و لە کایە نێودەوڵەتیی و ئیقلیمییەکانیشدا کاریگەرییان هەبێت و دەستێوەردان بکەن.هەموویان بەسەریەکەوە دەیانەوێت ناکۆکییە نێودەوڵەتییەکان لەسەر خاک بەزۆرەملێ یان هێز چارەسەر بکەن و توانائابووری و وزەییەکانیان وەک چەکێک بەکاربێنن لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەریان و جیهاندا.



بلینکن لەوە زیاتر دەچێتە ناو جەوهەری بابەتەکە و ڕاشکاوانە دەڵێت، ئەم وڵاتانە (ڕووسیا، چین، ئێران و کۆریای باکوور) هەموویان هەوڵدەدەن بناغەکانی هێزی ئەمریکا لە جیهاندا بنکۆڵ بکەن و لەناوی ببەن، کە خۆی لەم بوارانەدا دەبینێتەوە:باڵادەستی سەربازی و تەکنەلۆجی، باڵادەستی دۆلار، تۆڕیبێهاوتای هاوپەیمانی و هاوبەشیی لەسەرتاسەری جیهان. لەکاتێکدا ئەم وڵاتانە بە ئاشکرا وەک میحوەرێک خۆیان پێناسە نەکردووە بەڵام کار و کردەوەکانیان وەک میحوەرێک نیشانیان دەدات. بۆیە، واچاکە بەو شێوەیش مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت. ئەم قسەیەی بلینکن زۆر مانا، بەتایبەتی بەرانبەر ئێران، لە خۆی حەشار داوە. بەکورتی بەو مانایە دێت، کە ئەو پشتیوانییانەی کە ئەمریکا لە ئیسرائیل-ی دەکات دەگەڕێتەوە بۆ بە بەشێکبوونی ئێران لەم میحوەرە، لە کۆتاییدا دەگەڕێینەوە سەر ئەم خاڵە. 


ئینجا، بلینکن هەندێک هەڵوێست و کردار و ستراتیجی ئەمریکا دەخاتەڕوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم میحوەرە و دەڵێت، کاتێکسەرۆک جۆ بایدن و جێگرەکەی کامالا هاریس هاتنە سەرحوکم لە ٢٠٢١ دا، ئەم وڵاتانە بە خەستی بەشێوەیەکیشەڕانگێزانە بەگژ بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا-داچووبوونەوە. ئەم وڵاتانە پێیان وابوو کە ئەمریکا لە ناوخۆدالە ململانێ و پاشەکشە و گەڕانەوەدایە و لەگەڵ دۆستەکانیلە دەرەوەی وڵات هاوکار و هاوبەشی نەماوە، یان کەم بوونەتەوە. ئەوان لەسەردەمی دۆناڵد ترەمپ ئەمریکییەکانیان دەبینیکە باوەڕیان بە حکومەت و دەزگاکانی لەق بووە و دیموکراسییئەمریکییش تووشی جەمسەرگیریی بووە و بەرەو ئاقارەکانی ئیفلیج بوون هەنگاوی ناوە. هاوکات ئەو وڵاتانە دەیان بینی کە ئەمریکا خەریکە هەر خۆی ئەو دامەزراوانە بنکۆڵ بکات کە خۆی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیی (وەک نەتەوە یەکگرتووەکان و ناتۆ) دایمەزراندوون. 

 

بەگوێرەی تێگەیشتنەکانی بلینکن، جۆ بایدن و کامالا هاریسلەگەڵ هاتنە سەر کاریان، ستراتیجییەتی نوێبوونەوەیان(strategy of renewal) پەیڕەو کردووە، بەوەی کە هەوڵی بردنەپێشی توانای کێبڕکێی ئەمریکایان لە بوارەکانی ئابووری و تەکنۆلۆجی، هتد، لەگەڵ ئەوانی دی بردەپێش. هاوکات، لەناوخۆدا ئەم هەوڵانەیان هاوجووت کرد لەگەڵ هەڵمەتێکیدیپلۆماسی چڕ بۆ بوژاندنەوەی هاوپەیمانیی و شەراکەتەکانی ئەمریکا لە دەرەوەی وڵات. بەم پێیە، ئەم ستراتیجە دوو ستوونییە، باشترین ڕێگە بوو بۆ پووچەڵکردنەوەی ئەو گریمانەیەی کە دەیگوت توانا ئابووری و سەربازیی و تەکنۆلۆجییەکانی ئەمریکا لە داکشاندایە، یان ئەوەی ناویان نابوو، ئەمریکا گلۆرەی بەرەو لێژییە. ئەم گریمانانە مەترسیدار بوونچونکە وای لەو وڵاتانە کردبوو کە بەردەوام بن لە تێکدانیسیستەمی جیهانی ئازاد و کراوە و سەقامگیر و ئاوەدان، کەئەمریکا بە بازووی خۆی دایمەزراندبوو. سیستەمێک کە بەشێکی زۆری وڵاتانی دیکەی دنیا بەدوایدا دەگەڕان و دەیانویست لەژێر سێبەریدا بحەسێنەوە. ئەو سیستەمە جیهانییەی کە ئەمریکا حەفتا ساڵێكە دایمەزراندووە و بەرگری لێدەکات، لە دیدی بلینکن، جیهانێکە کە وڵاتان ئازادن لە هەڵبژاردنی ڕێگا و هاوبەشەکانی خۆیان؛ ئابوورییەکەی بنەمای لەسەرکێبڕکێیەکی دادپەروەرانە و کراوە و ڕوون داناوە، دەرفەتییەکسان بۆ هەمووان دەڕەخسێنێت. جیهانێک کە تەکنەلۆجیا،مرۆڤەکان بەهێز دەکات و پێشکەوتنی مرۆڤ خێراتر دەکات. جیهانێک کە بنەمای لەسەر یاسا نێودەوڵەتییەکان،لەوانەش جاڕنامەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، دانابێت و ماف و بەها گەردوونییەکانی مرۆڤ ڕێزیان لێ بگیرێت. جیهانێککە بتوانێت پەرە بسەنێت بۆ ڕەنگدانەوەی واقیعی نوێ،ڕێگە و دەنگ بدات بە دیدگا و یاریزانە تازەپێگەیشتووەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە هاوبەشەکانی ئێستا و داهاتووی مرۆڤایەتی.

ستراتیجی ئیدارەی بایدن، کە بلینکن دەیخاتەڕوو، ئەمریکایخستۆتە پێگەیەکی جیۆپۆلەتیکی زۆر بەهێزتر لە چاو چوار ساڵ لەمەوبەر، بەڵام کارەکانمان تەواو نەبوون. ئەمریکا دەبێت خۆڕاگری خۆی لە سەرانسەری جیهاندابپارێزێت بۆ ئەوەی گریمانەکانی ئەو وڵاتانەی کە دژی ئێمەنلەرزۆک بکەین. دەبێت ئێمە خۆمان ئامادە بکەین بۆ ئەوەیئەو وڵاتانە نەتوانن هاوکاری لەگەڵ یەکتر قووڵتر بکەنەوە و ئەو بۆشاییانە پڕبکەنەوە کە پێشووتر دروست ببوون. دەبێت ئەمریکا پابەندبوونی خۆی بە دۆستەکانی و هاوڕێکانی و شەریکەکانینیشان بدات. دەشبێت بەردەوام بێت لە بەدەستهێنانیمتمانەی گەلی ئەمریکا بە هێز و ئامانج و بەهایسەرکردایەتی دیسپلینکراوی ئەمریکا لە جیهاندا.

لە پەیوەند بە ئێران، بلینکن دەڵێت، ئێمە بەر چاومان ڕوونە و فشاری دیپلۆماسیمان زیاد کردووە، هەم لەسەر ئێران هەم لەسەر کۆریای باکوور. هاوکات، پێگەی سوپای ئەمریکامانبەهێزتر کردووە بۆ ڕێگریکردن و سنووردارکردنی تاران و پیۆنگیانگ. لە دیدی ئیدارەی بایدن-ەوە، دەرچوونی تاکلایەنە و چەواشەکارانەی دۆناڵد ترەمپ لە ڕێککەوتنی ئەتۆمی ئێران(پێنج + یەک)، بەرنامەی ئەتۆمی ئێرانی لە زیندان ڕزگار کرد و ئاسایشی ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی، بۆ نموونە، ئیسرائیلیخستۆتە مەترسییەوە. ئێمە بە ئێران-مان نیشان دا کەڕێگایەک هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکە و پابەندبوون پێی.لە هەمان کاتدا، گەمارۆیەکی بەهێزمان خستبووە سەر ئێرانبەشێوەیەک کە هەرگیز ڕێگە بە تاران نەدات چەکی ئەتۆمیبەدەست بێنێت. ئێمە ئامادەیی خۆمان بۆ بەشداریکردنلە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ کۆریای باکووریش بە ڕوونیڕاگەیاند، بەڵام هەردوولا، کۆریای باکوور و ئێران، دەبێت ئەوە چاک بزانن کە ئێمە ملکەچی پێشمەرجەکانی ئەوان نابین.



لە ماوەی دوو ساڵی ڕابردووشدا، ئەمریکییەکان ئەوەیان بۆ ڕوون بۆتەوە کە تا فلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕووسیا، تا زیاتر فشاریشەڕەکەی کەوتبێتە سەر، ئەوا زیاتر پشتی بە پشتیوانی و کۆمەکی ئێران و کۆریای باکوور و چین بەستووە بۆ درێژەدان بەشەڕەکە. بۆ نموونە، کۆریای باکوور باری یەک شەمەندەفەریگەورە چەک و تەقەمەنی لەم ماوەیەدا گەیاندە ڕووسیا، کە تێیداملیۆنان گوللـەی تۆپخانە و چەندان مووشەکی بالیستیکی تێدابوو. ئەمانە بەزەقی پێشێلکردنی ڕاستەوخۆی چەندینبڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانن. بەهەمان شێوە، ئێران کارگەیەکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیلە ڕووسیا دروست کردووە و سەدان مووشەکیبالیستیکیشی بۆ مۆسکۆ ناردووە. لەپاڵ ئەمانە، کۆمپانیاچینییەکان ئامێر و مایکرۆ ئەلیکترۆنیاتەکان (چیپەکانیان)بۆ ڕووسەکان بەردەست کردووە، کە لە پیشەسازی سەربازیی و چەکدا بەکاردێن.

لەگەڵ زیادبوونی پشتیوانییەکانی چین و ئێران و کۆریای باکوور بۆ ڕووسیا، یارمەتییەکانی مۆسکۆ-ش بۆ ئەو سێ وڵاتەی هەڵکشا، بەتایبەتی لە بواری دابینکردنی تەکنۆلۆجیای پێشکەوتووی سەربازیو چەک. ئەمەش لە ئێستادا هەڕەشەیەکی زەقی دروستکردووە بۆسەر ژاپۆن و کۆریای باشوور. بۆ نموونە، پوتین و کیم جۆنگئون پەیماننامەیەکی سەردەمی جەنگی سارد-یانزیندووکردەوە، کە بەڵێنیان تازە کردەوە یارمەتی سەربازییەکدی بدەن ئەگەر هەریەکێکیان بچێتە شەڕەوە. 


هاوکات، ڕووسیا پشتیوانی سەربازی و تەکنیکی بۆئێران زیاد کردووە و دانوستانەکانی بۆ هاوپەیمانییەکیستراتیجی لەگەڵ ئەو وڵاتە خێراتر کردووە. ڕووسیا ئەمەی لەکاتێکدا کردووە کە دەزانێت تاران بەردەوامە لە پڕچەککردن و ڕاهێنان و پارەدارکردنی ئەو پرۆکسیانەی کە هێرشیتیرۆریستیی دەکەنە سەر کارمەندان و سەربازانی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە گەرووەکەشتیوانییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور. هاوکارییەکانی ڕووسیا و چین لە هەموو دۆمەینەکاندا فراوانتر بووە و هەردوو وڵات مانۆڕی سەربازیی شەڕانگێز و بەرفراوانیان ئەنجامداوە، لەنێویاندا لە دەریای باشووریچین و جەمسەری باکوور. هەموو ئەوانە ئەمریکای تەواو نیگەران و توڕە کردووە، بە قسەی بلینکن.



چین، ڕووسیا، ئێران و کۆریای باکوور مێژوویەکی ئاڵۆز و بەرژەوەندی جیاوازیان هەیە، هاوپەیمانییەکەیان بە هیچ شێوەیەک خۆی لە شانی هاوپەیمانییە باڵابەرز و درێژخایەنەکانی ئەمریکا نادات. پشت پەردەی بانگەشەگەورەکانیان بۆ دۆستایەتی و پشتیوانیی پڕیەتی لە مامەڵەخوازیی و بەرژەوەندی تەسکیی کاتیی و کڕین و فرۆشتن کەبە تێپەڕبوونی کات ئەگەری هەڵوەشانەوەیان هەیە. ئەوە بەتایبەتی بۆ چین ڕاستە، کە تەندروستی ئابوورییەکەی لەناوخۆ و هێزی لە دەرەوەی وڵات لە ئەگەری درێژەدان بەو شەراکەتە کاتییانە لە مەترسیدایە. لەگەڵ ئەوەشدا، وەک بلینکن پێ داگری لەسەر دەکات، جۆرێک لە پابەندبوون لەنێوان هەر چوار وڵاتدا هەیە کە خۆی لە دژایەتی کردن و تەحەدای ئەمریکا و سیستەمی نێودەوڵەتییدا دەبینێتەوە. ئەوەش بەردەوامی داوە بە هاوکارییەکانیان، بە تایبەت کە دەبینن ئەمریکا و وڵاتانی دیکە بەرامبەریان وەستانەتەوە.



کاریگەرییە خراپەکانی ئەم هێزە دەستکاریخوازانە (revisionist powers) ئەوروپا و ئاسیای تێپەڕاندووە. لە ئەفریقا،ڕووسیا بریکار و بەکرێگیراوەکانی بەڕەڵا کردووە بۆدەرهێنانی زێڕ و کانزا گرنگەکان و بڵاوکردنەوەی زانیاریناڕاست و یارمەتیدانی ئەو کەسانەی کە هەوڵی ڕووخاندنیحکومەتە دیموکراسییەکان دەدەن. مۆسکۆ لەبری ئەوەیپشتگیری لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بکات بۆ کۆتاییهێنانبە شەڕ لە سودان، چەک بە هەردوو لایەنی شەڕکەر دەدات بۆ درێژکردنەوەی کوشت و کوشتار. ئەوەی ئەمریکای توڕە کردووە، وەک لە قسەکانی بلینکن دەردەکەون، ئێران هاوشان و هاوتای ڕووسیا، بەڵام لە ئەفریقا نا بەڵکو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەوەیە کە بریکارەکانی تاران دۆخی نالەباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان قۆستۆتەوە و ئاژاوەگێڕی لە هەموو شوێنێکدا دەکەن بۆزیندووکردنەوەی ڕێگاکانی بازرگانی نایاسایی چەک لەناوچەکە و گەورەکردنی ململانێکان لە چەندین وڵاتدا. لە لایەکیدیکەوە، پەکین چاوی لە شەڕانگێزییەکانی مۆسکۆ لەئەفریقا نوقاندووە و لەلای خۆشیەوە وڵاتانی ئەو کیشوەرەی زیاتر و زیاتر خستۆتە ژێر باری قەرزی ناپایەدارەوە، بەمەش ئابووری وڵاتانی ئەفریقای خستووەتە ژێر مەترسییەوە. بەهەمان شێوە، لە ئەمریکای باشوور، چین و ڕووسیا و ئێرانپشتیوانی سەربازی و ئابووری و دیپلۆماسی پێشکەش بەحکومەتە تاکڕەوییەکەی نیکۆلاس مادۆرۆ لە ڤەنزوێلا دەکەن.ئەمەش وای لە مادۆرۆ کردووە کە ئەو قەناعەتەی لا دروست بێت کە ڕژێمەکەی لە ژێر فشاردا نییە، بۆیە دژایەتی ئۆپۆزسیۆن دەکات.


کاریگەریی هێزە دەستکاریخوازەکان، چوار دەوڵەتەکە، لەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست زەقتر و توندتر دەردەکەوێت. دە ساڵێک پێش ئێستا، ڕووسیا پشتگیری لە هەوڵەکانی ئەنجوومەنیئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکرد بۆ سنووردارکردنیخواستە ئەتۆمییەکانی ئێران؛ بەڵام ئێستا ڕێک بە پێچەوانەوە، پشتیوانی لە بەرنامەی ئەتۆمی ئێران دەکات و کارە ئەتۆمییەکانی ئێرانی چالاکی کردۆتەوە، هاوکات، کارئاسانی بۆ چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا دەکات. بێجگە لەمە، ڕووسیا چەندین ساڵ بوو دۆست و هاوبەشێکینزیکی ئیسرائیل بوو، بەڵام لە دوای هێرشەکەی حەماس لە٧ی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل، لە جیاتی ئیدانەکردنی هێرشەکە، پوتین پەیوەندییەکانی لەگەڵ حەماس گەشە پێداوە. بەپێچەوانەوە، بلینکن دەڵێ کە ئێمە ماندوونەناسانە لەگەڵهاوبەشەکانمان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەولاتریشکاردەکەین بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێ و ئازارەکانی غەززە،بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی دیپلۆماسی کە وا بکاتئیسرائیلییەکان و لوبنانییەکان بتوانن بە سەلامەتی لەهەردوو دیوی سنووردا بژین و ناوچەکە لە مەترسی شەڕێکیناوچەیی و گەورەتر دوور بخەینەوە. لەوەش زیاتر، ئەمریکا دەیەوێت بەردەوام بێت لە کارکردن بۆ نزیکردنەوە و ئاساییکردنەوەیپەیوەندییەکان لە ناوچەکەدا، بەتایبەتی لە نێوان ئیسرائیل و سعودیە.



ئەم هەوڵانەی ئێمە و ئەوان یەکتربڕن. ئێمە پێمان وایە، بلینکن ێژێ، بەبێ کۆتایی هاتنی شەڕی غەززە و ڕێگایەکیباوەڕپێکراو بۆ بەدەوڵەتبوونی فەلەستین کە ئاوات و خواستەڕەواکانی فەلەستینییەکان و پێداویستییە ئەمنییەکانیئیسرائیل دابین بکات، ئاساییکردنەوە و ئاشتی ناتوانێتبەرەو پێشەوە بچێت. بەڵام ئەگەر ئەم هەوڵانەی ئێمەسەربکەون، ئاشتی و ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەب و ئیسرائیل بەرەوپێش بچێت. ئەوکات ئیسرائیلدەبێتە بەشێک لە ژێرخانی ئەمنی ناوچەکە و دەرفەتەئابوورییەکان لە سەرانسەری ناوچەکەدا گەشە دەکەن و ئێرانو بریکارەکانی گۆشەگیر و پەراوێز دەخرێن. سەرەتاکانی ئەمجۆرە پەیوەندییە چەند ساڵێک لە ڕێگەی پەیماننامەی ئەبراهام و ڕێککەوتنەکانی پێش ئەو بناغەیان دانرابوو. یەکێک لە دەرکەوتەکانی ئەم ڕاستییە هاوکارییەکانی وڵاتانی عەرەبی بوو لە مانگی نیسانی ئەم ساڵ کاتێک ئێران هێرشی مووشەکی کردە سەر ئیسرئیل، وڵاتانی عەرەبی بەشداربوون لە شکستپێهێنانی هێرشەکان. 

لە کۆتاییدا، بلینکن دەڵێت، من وەک وەزیری دەرەوە سیاسەت(politic) ناکەم؛ بەڵكو من پۆڵەسی (policy) جێ بەجێ دەکەم. پۆڵەسی پەیوەندی بە بژاردنەکانەوە هەیە. هەر لە ڕۆژییەکەمیشەوە بایدن و هاریس بژاردەیەکی ڕاستیان هەڵبژارد کە بنەمای لەسەر ئەوە دانابوو کە لە جیهانێکی پڕکێبڕکێ و پڕتەنگژەدا، ئەمریکا ناتوانێت بە تەنیا بەسەر تەحەداکان و گرفتەکاندا سەرکەوێت، ئەمە ڕێک پێچەوانەی دیدی ترەمپ بوو، کە گۆشەگیریی هەڵبژاردبوو. بۆیە، ئەمریکا پێی وایە، ئەگەر بیەوێت بەرژەوەندییەکان و ئاسایشی خۆی بپارێزێت و دەرفەت بۆ گەلەکەی بخوڵقێنێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ ئەو کەس و لایەنانەدا بوەستێت که پشکیان هەیه و حەز بە جیهانێکیئازاد و کراوه و سەقامگیر و خۆشگوزەران دەکەن و بەگژ ئەو کەس و لایەنانەشدا بچێتەوە کە هەڕەشەن لەسەر ئەو جیهانە و سیستەمە نێودەوڵەتییەکەی.



بە خوێندنەوەی ئەم تێگەیشتن و دیدەی ئەمریکا، ئێمە باشتر لەوە دەگەین کە بۆچی، یەکەم، ئەمریکا بێدەنگە لە پەڕوباڵکردنی پرۆکسییەکانی ئێران لەلایەن ئیسرائیل-ەوە لە ساڵی ڕابردوودا، هەر لە لێدانی حەماس-ەوە بگرە تا دەگاتە هێرشەکانی بۆ سەر حیزبوڵا و باشووری لوبنان. دووەم، ئەمریکا وای دەبینێت کە ڕووسیا، لە دیدی ئەوان شەیتانە گەورەکە، مادام لە شەڕێکدا گلاوە کە تا تەواو لاوازبوونی ناهێڵن لێی دەرباز بێت، بەمەش ئەمریکییەکان پێدەچێت خەمی ڕووسیا-یان بە تێوەگلانی لە شەڕ لە ئۆکرانیا لە کۆڵ خۆیان کردبێتەوە. ئەوەی دەمینێتەوە کوریای باکوور-ە، کە ئێستا نیازیان نییە خۆیانی پێوە سەرقاڵ بکەن چونکە هەڕەشەیەکی جددی نییە لەسەر ئەمریکا ڕاستەوخۆ، جگە لەوەی جار جار دوو هاوپەیمانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ئاسیا، ژاپۆن و کۆریای باشوور، ناڕەحەت دەکات بە تاقیکردنەوەی چەند مووشەکێک. لە پەیوەند بە چین-یش، بەخوێندنەوەی قسەکانی بلینکن، ئەوە ئەمریکا پێی وایە دەکرێت سیاسەتی ڕووبەڕوونەبوونەوە لەگەڵیدا پەیڕەو بکات چونکە، ئەوان پێیانوایە کە بەرژەوەندییەکانی چین ئێجگار گەورەن لە بازرگانی لەگەڵ ئەمریکا و ڕۆژاوا، بۆیە دەکرێت چین بێتەوە هۆشی خۆی و لە ڕووسیا دووریش نەکەوێتەوە ئەوە وەک ئێستا پشتیوانی لێ نەکات. 



بەڵام پرسە هەنووکەییەکە ئێران-ە کە دەبێت مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. ئەمەش بۆ ئێران لە هەر سێ وڵاتەکەی دیکە ئاسانترە و هەنوکەییترە لەبەر دوو هۆکار: یەکەم، ئێران بێهێزترینی ئەو چوار دەوڵەتەیە بۆیە لێدانی لە هەمووان بێ گرفترە، هەم لەبەر ئەوەی وەک گوتم خاڵە لاوازەکەیە (the weakest link)، هەم لەبەر ئەوەی کە چەکی ئەتۆمی نییە. دووەم، بۆ لێدانی ئێران، ئەمریکا زۆر پێویستی بە خۆ سەرقاڵکردن نییە چونکە ئیسرائیل دەتوانێت ئەو کارەی بۆ بکات و هەرزان لەسەر ئەمریکا بوەستێت.


بۆیە من پێموایە کە ئەگەری لێدانی ئێران لەم ڕۆژانە زۆرە بەڵام نەک بە مەبەستی ڕووخانی ڕژێم وەک ئیسرائیل حەزدەکات بەڵکو بۆ لاوازترکردنی ڕژێمی ئێران لەلایەک و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی ئەویش بە تەقاندنەوەی ڕیئەکتەرە ئەتۆمییەکانی، وەک ئەوەی ئەمریکییەکان دەیانەوێت. ئەم دوو دیدە جیایە، دیدێک کە بنەماکەی لەسەر ڕووخانی ڕژێم داناوە، کە ستراتیجی ئیسرائیل-ە، لەگەڵ دیدی ئەمریکییەکان، کە لاوازترکردنی ئێران و نینۆککردن و پەڕوباڵکردنیەتی، هۆکاری هەرە سەرەکی دواخستنی لێدانی ئێران-ە لە چەند ساڵی ڕابردوودا. داخۆ کەی سازانێک لەسەر ئەم دوو دیدە دەکرێت ئەوە تەنیا کات پێمان دەڵێت، بەڵام من پێموایە زۆری پێناچێت، بەڵام دیدی کامیان زاڵ دەبێت ئەوەش مەعلوم نییە، بەڵام من پێموایە کە دیدی ئەمریکا ئەگەری زیاترە، وەلەو لەوانەیە زۆربەی کورد حەز بە سەرکەوتنی دیدی ئیسرائیل بکەن.    


04/10/2024



وتارەکانی تری نوسەر