دەستێوەردان و ستراتیجی ئێران لە عێراق

د. شێرکۆ کرمانج
کار و کردەوەکانی ئێران لە عێراقی دوای-جەنگ دەکرێت لە سیاقێکی فراوانتری ستراتیجیەتی ئەو وڵاتەدا بۆ ناوچەکە تەماشا بکرێت، کە مەبەست لێی دابینکردن و مانەوەی پێگەی ئێران خۆیەتی. داگیرکردنی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣، دواتریش، گۆڕینی ڕژێمە سوننەکەی عێراق بە ڕژێمێکی لەخۆگرتر بەڵام کۆنتڕۆڵکراو لەلایەن شیعەکانەوە دەرگایەکی کردەوە بۆ ئێران کە لێیەوە بە ئاسانی بچێتە ژوورەوە و تێوەگلێ لە کاروباری ناوخۆی عێراق. ئەوە بەو مانایە نییە کە دەستوەردانی عێراق لە ٢٠٠٣ دەست پێدەکات بەڵکو دەمانەوێت ئەوە بڵێین کە لەو ڕۆژەوە ئاسانتر و چڕوپڕتر بۆتەوە، ئەگینا ئێران هەر لە سەردەمی "محەمەد ڕەزا شا"وە دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆی عێراق کردووە. بۆ نموونە، ئێران لە ناوەڕاستی شەستەکانەوە هاوکاری بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی کردووە لە عێراق. لە ١٩٧٤-١٩٧٥ ئەم هاوکارییە زۆر چڕ بۆتەوە. دیارە ئێران ئەوەی بۆ سەرکەوتنی کورد نەکردوە بەڵکو بۆ لاوازکردنی عێراق و فشار خستنەسەری بەمەبەستی چۆکدادان. بەرئەنجامەکانی ئەمەش لە ڕێککەوتنی جەزائیر لە ١٩٧٥ دەرکەوت، کە بۆ پشتکردنی ئێران لە بزووتنەوەی کورد، عێراق ئامادە بوو بەشێک لە خاکی خۆی لە ناوچەی نەفت شاە بدات بە ئێران لەگەڵ نیوەی شەتولعەرەب. لەدوای ڕووخانی شا و دامەزراندنی جمهوری ئیسلامی، ئێران چڕتر لە جاران دەستوەردانی لە کاروباری ناوخۆیی عێراق دەکرد. بۆ نموونە، هاوکاری پارتی دیموکراتی کوردستان و حیزب و لایەنە کوردستانییەکانی دیکەی لە ١٩٧٩ ـەوە دەستپێکردەوە. لە ١٩٨٦ ش بەدواوەش یارمەتی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانی دەدا و ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان ئەنجام دەدا. بێجگە لەمانە، ئێران چەک و تەقەمەنی بۆ گرووپ و حیزب و لایەن شیعییە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق دابین دەکرد و لە وڵاتەکە داڵدەی دەدان. 

شیعەکانی عێراق، ئەو زۆرینەیەی کە ساڵانێک بوو داپڵۆسێنرابوون، بە ڕووخانی ڕژێمە عەرەبییە-سوننییەکەی سەدام حوسێن، خۆیان لە پێگەیەکی تەواو جیاوازتردا بینیەوە زۆر بەرزتر و دەسەڵاتدارتر لەوەی کە پێشتر ئەزموونیان کردبوو. لە بەرئەنجامدا شیعەکانی عێراق مافی زیاتر، ئاستی زیاتری بەشداری سیاسیی و لە هەمووشی گرنگتر کۆتایی پەراوێزخستنی ئابووریی و کۆمەڵایەتییان دەویست. ئێران وەکو وڵاتێکی زۆرینە شیعە و خۆبەخاوەنزانی شیعەکانی دنیا ئەم دەسەڵاتە نوێیەی شیعەکانی عێراقی بەکارهێنا بۆ هاتنەژوورەوە و ڕاگرتنی هاوسەنگی هێز و کەمکردنەوەی کاریگەریی ئەمریکا و سعودیە لە وڵاتەکەدا. هاوکات، ئێران کەڵکی لەو پەیوەندییە مێژووییەی لەگەڵ گرووپە شیعەکاندا کە پێشتر بارەگایان لە ئێران دا هەبوو، وەک حیزبی دەعوە و مەجلیسی ئەعلا، وەرگرت بۆ خشین و خزین بۆ ناو دەسەڵات. ئەمە جگە لەوەی پەیوەندی دروست کرد لەگەڵ ئەو بزوتنەوە نوێیانەی تازە دروست ببوون وەکو جەیشی مەهدی (لە ٢٠١٤ ناوەکەی گۆڕا بۆ سەرایای سەلام) بە سەرکردایەتی موقتەدا سەدر و میلیشیاکانی دیکە وەک عەسائیبی ئەهلی حەق بە سەرکردایەتی قەیس خەزعەلی و کەتائیبی حیزبوڵا بە سەرکردایەتی ئەبو مەهدی موهەندیس (تا کوژرانی لە ٢٠٢٠) و حەرەکەی نوجەبا بە سەرکردایەتی ئەکرەم ئەلکەعبی، کە زۆربەیان دوای ٢٠٠٣ دامەزران. ئەم پەیوەندییە و دۆستانەییانە پێگەیەکیان بۆ ئێران دروستکرد کە لەوێوە کاریگەریی لەسەر سیاسەت لە عێراق دا هەبێت.

لە ساڵانی داگیرکاریی عێراق لەلایەن ئەمریکاوە، لە نێوان ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١، ئێران جۆرەها میلیشیا و گروپی دیکەی شیعیی، بە ئیزافەی ئەوانەی ئاماژەیان پێکرا، دروست و پارەدار کرد. هاوکات، هاوکاری دەکردن و ئاراستەی دەکردن لەناو هێزە سیاسییە شیعیەکاندا تاوەکو هێرش بکەنە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق دا. لە هەمان کاتدا، ئێران پشتی ئەو حکومەتە شیعیەشی دەگرت کە لە بەغدا دەسەڵات بەدەست بوو هەر لە حکومەتەکانی "نوری مالیکی"وە بگرە تا دەگاتە حکومەتەکەی محەمەد شیاع سودانی. 

بەپێی ڕاپۆرتەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان تاوەکو نیوەی ساڵی ٢٠٠٧ ئەو میلیشیایانەی ئێران هاوکاری دەکردن، بەرپرس بوون لە ئەنجامدانی نیوەی ئەو هێرشانەی دەکرانە سەر هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان. ئەمە لەکاتێکدایە، زۆربەی چاودێران پێیان وابوو کە ئەنجامدەری هێرشەکان قاعیدە و گرووپە تیرۆرستییە سوننەکانن نەک گرووپە شیعەکانی نزیک لە ئێران. لە ٢٠٠٣ وە، میلیشیا شیعییەکان، لەوانە: جەیشی مەهدی و عەسائیبی ئەهلی حەق و کەتائیبی حیزبوڵا و حەرەکەی نوجەبا و چەندانی گرووپی دیکەی بچووک لەلایەن سوپای قودسی پاسداران (ئەم یەکەیەی سوپای پاسداران بەرپرسە لە ئۆپەراسیۆنە نهێنیەکان لە دەرەوەی ئێران) و حیزبوڵای لوبنانەوە ڕادەهێنرێن و ڕێکدەخرێن. ئەم بانگەشانە بنەمای لەسەر ئەو شوێنپەنجە و شوێنەوارانە داناوە کە بەو چەکە ئێرانیانەوە بوون کە دژی هێزەکانی هاوپەیمانان لەلایەن میلیشیاکانەوە بەکارهاتبوون. ئەفسەرانی سەربازی ئەمریکا لە عێراق دەڵێن: ئێران بە بەهای ملیۆنان دۆلار چەکی لە چەشنی سەکۆی ڕۆکێت و نارنجۆک داوە بە میلیشیا شیعیەکان لە عێراق. ئامانجی سەرەکی ئێران لەمەدا سەرلێشێواندن و هەراسانکردنی هێزەکانی ئەمریکا بووە بۆ ئەوەی فشاریان لێ بکات عێراق بەجێبهێڵن. ئەم کردارەی ئێران و میلیشیاکانی تا ئێستا هەر بەردەوامە، لە داوی کوشتنی قاسم سلێمانی لە ٢٠٢٠ و شەڕی غەززە لە ٢٠٢٣ چڕتر و خەستر بۆتەوە. بە کورتی، ئامانجی ئێران لێدان بووە لە بەرژەوەندی و ئامانج و سیاسەتەکانی ئەمریکا لە ناوچەکەدا بە گشتی و لە عێراق بە تایبەتی. کەواتە مادام ئێران هێندە بوێر بێت گرفت بۆ ئامانج و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دروست بکات، ئەوا دەبێت لەلایەن هەموو هێز و لایەنەکانی ناوچەکە بە هەند وەربگیرێت. ئەوە مانای ملکەچکردن نییە بۆ ئێران بەڵکو خۆئامادەکردن و پلاندانانە بۆ هەر ئەگەرێکی نەخوازراو. 

لە دوای ئەوەی پارێزگا سوننیەکانی عێراق کەوتنە دەست داعش لە ٢٠١٤ دا، تێوەگلانی ئێران لە عێراق و پاڵپشتیەکانی بۆ حکومەتە شیعییەکەی و میلیشیا شیعییەکان بەرفراوانتر بوون و زیاتر دەرکەوتن. ئێران ئەوەی پێی کرا کردی بۆ ئەوەی عێراق و حکومەتە شیعییە-باڵادەستەکەی لە ڕووخان ڕزگار بکات. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە "ڕاوێژکارە سەربازییە ئێرانییەکان لە مەیدانی جەنگدا ئامادە[بوون] و کاریگەریی زۆریان هە[بوو]" لە یارمەتیدانی عێراقییەکاندا لە دژی داعش. سەرچاوە ئێرانییەکان ئەوەیان پشتڕاستکردۆەتەوە کە ئێران ڕاستەوخۆ لە شەڕدا بوو لە دژی داعش و ڕاوێژکارێکی باڵای سوپای پاسدارانی ئێران لە مەیدانی جەنگدا لە شاری سامەڕا کوژرا. سەرکردەی باڵای سەربازی ئێران، قاسم سلێمانی، کە بەرپرسی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران بوو لە سەروبەندی کەوتنی موسڵ لە ٢٠١٤ بە بەردەوامی لە عێراق دا کارا بوو. لە پشت پەردەوە قاسم سلێمانی و ئەو ٨٠ هەزار میلیشیایەی لە ژێر فەرمانیدا بوون ڕۆڵێکی گەورەیان گێڕا لە ڕزگارکردنی موسڵ و ناوچەکانی دیکە لە داعش، ئەمەش تێوەگلانی ئێران لە کاروباری عێراق دا بە زەقی دەردەخات.

ستراتیجییەتی ئێران لە عێراق

سیاسەتی دەرەوەی ئێران لە هەمبەر عێراق لە دوو دەیەی ڕابردوودا دوو دیو و دوو ئامانجی هەبووە: دژە-ئەمریکا و پڕۆ-شیعە. لە داگیرکردنی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ٢٠٠٣ بۆ ٢٠١١، واتە تا ئەو کاتەی ئەمریکا هێزە سەربازییەکانی لە عێراق کشاندەوە، ئێران سیاسەتە دژە-ئەمریکاییەکەی لە ڕێگای پلانێکی تاکتیکیەوە جێبەجێ دەکرد، کە پێکهاتبوو لە هێرشکردنە سەر و زیانگەیاندن بە هەموو شێوەیەک بە هێزەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لەڕێگای کۆمەککردن و ئاراستەکردنی میلیشیا شیعیەکان ڕاستەوخۆ، هاوکات بەناڕاستەوخۆ یارمەتی هەندێک گرووپی سوننی تیرۆریستی دەکرد. ئامانجەکانی ئێران لەم کار و کردەوە و پرۆسانەدا ئەمانە بوون: یەکەم، لەنزیکمەودادا ئەوە بوو کە ناسەقامگیریی لە عێراق دروست بکات تاوەکو ڕێگری بکرێت لەوەی ئەمریکا بە ئامانجە ستراتیجییەکانی بگات لەو وڵاتەدا. دووەم، لەدوورمەدا، تاوەکو ڕێگری بکات لەوەی ئەمریکا شوێن پێی خۆی لە عێراق قایم بکات یان بنکەی سەربازی دابنێت و ببێتە هەڕەشە لەسەر ئێران. بە مانایەکی دیکە مەبەستەکە ئەوە بوو کە ڕێکەوتننامەی ستراتیجی نێوان ئەمریکا و عێراق، ئەوەی لە ٢٠١٠ ەوە تا ئێستا گفتوگۆ و بڕیار و پێداچوونەوەی پێدا دەکرێت، کاریگەریی لەسەر ئێران کەم بێت یان نەبێت، بە شێوەیەکی دیکە ئەمریکا لە عێراق و ناوچەکەدا لاواز بکات نەک بەهێز. ئامانجی سێیەم ئەوەبوو کە ئەمریکا دوورخاتەوە لەوەی کە بیر لە هێرشی ڕاستەوخۆی سەربازی بۆ سەر ئێران بکاتەوە، بەتایبەتی ئەگەر گفتوگۆی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران شکست بێنێت یاخوود وازی لێبهێنرێت ڕێک وەک ئەوەی دۆناڵد ترەمپ (٢٠١٧-٢٠٢١)، سەرۆکی ئەمریکا، کردی و ئێستاش جۆ بایدن دووبارە دەیەوێت ڕێککەوتنەکەی ٢٠٠٥ دوای پێداچوونەوە واژۆبکەنەوە. ئامانجی چوارەم گرفت دروست کردن بووە بۆ بەهێزبوونی هەر هێزێکی سوننی لە عێراق کە ڕەنگە مەترسیەکی دوورمەودا بۆ سیستەمە دینی و سیاسیەکەی کۆماری ئیسلامی ئێران دروست بکات. ئامانجی پێنجەم و کۆتاش دڵنیابوونەوە بوو لەوەی کە عێراق جارێکی دیکەنەبێتەوە بە مەترسی سەربازیی لەسەر ئێران. بەواتایەکی دیکە، دەسەڵاتدارێکی سوننە نەیەتە سەر حوکم کە مەترسی بۆ ئێران دروست بکات، ڕێک وەک ئەوەی سەدام حوسێن لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردوو کردی. ئەڵبەت دەبێت ئەوەمان لەبیر بێت کە عێراق لە هەشتاکاندا هێرشی کردە سەر ئێران و لە کۆتایی جەنگەکەشدا سوپای عێراق تا ئەندازەیەک شکستی بە سوپای ئێران هێنا و سەرکەوتوو بوو لە شەڕەکەدا.

ستراتیجیەتی دووەمی ئێران لەمەڕ عێراق بەو مەبەستە داڕێژرابوو کە ‌هێزە شیعییەکان پڕتوانا و بەهێز و پڕچەک بکرێن، بەتایبەتی لەپەیوەند بە کۆنتڕۆڵکردنی دامەزراوە حکومییەکان و ئەمنییەکان. بۆ گەیشتن بەم ئامانجە ئێران نەک هەر یارمەتی حکومەتە هەڵبژێردراوە زۆرینە شیعەی داوە بەڵکو دەستێوەردانیشی کردووە لە دروستکردن و ئاراستەکردنی حکومەتە یەک لەدوای یەکەکانی عێراق لە ٢٠٠٣ ـەوە تا ئێستا. ئێران پەیوەندییە کۆنەکانی لەگەڵ سەرکردە سیاسییە شیعیەکاندا، لە قۆناغی ئۆپۆزسیۆن بووندا، بە چاکی بەکارهێناوە و دەهێنێت بۆ فراوانکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر ئاراستە سیاسییەکانی عێراق و ئەو دیوی عێراقیش، لە سووریا و لوبنان. 

ئێران کە خۆی وڵاتێکە شیعە تێیدا زاڵە، هەم لە ڕووی دانیشتوان هەم لە ڕووی سیاسیەوە لەو باوەڕەدایە کە تەنیا کاتێک بە ئامانجە ستراتیجییەکانی دەگات ئەگەر هاتوو هاوپەیمانە شیعەکانی کۆنتڕۆڵی دەسەڵات و دامەزراوەکانی عێراق بکەن. ئیدی لەو ڕێگایەوە، ئێران دەتوانێت دەسەڵاتی خۆی لە عێراق دا بسەپێنێت و باڵادەستی خۆی فراوان بکات و بیگەیەنێتە سووریا و لوبنان. بەمشێوەیە ستراتیجییەتی ئێران لە عێراق لەسەر سێ کۆڵەکە وەستاوە، ئەوانیش یارمەتیدانی حکومەتە زۆرینە شیعییەکە، لەگەڵ کۆمەکی میلیشیا شیعییەکان، لەپاڵ ئەمانەش، دروستکردنی کۆمەڵێک تۆڕی وەکیل و هاریکاری ڕێکخراو و ناڕێکخراو، هەر یەکەی بۆ پرسێکی دیاری کراو بەکاردێنێت لەکاتی پێویست، ئەگەرنا سەربەخۆیانە کار دەکەن.

عێراق نەک هەر وەک خۆی پڕبایەخە بۆ ئێران بەڵکو گرنگی ئەم وڵاتە لەپاڵ ئەمەشدا دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە عێراق دەروازەی گەیشتنی ئێرانە بە سووریا، کە هاوپەیمانێکی دیکەی ئێرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوێشەوە ئێران دەتوانێت دەستی کۆمەک و یارمەتی بگەیەنێت بە حیزبوڵا، گرنگترین و ستراتیجیترین هاوپەیمانی ئێران لە ١٩٨٢ ـەوەوە. لە ڕێگای کاریگەرییەکانییەوە لەسەر حکومەتی عێراق، ئێران دەیەوێت ئەو هاوسەنگی هێزە بپارێزێت لە ئاکامی ڕووخانی سەدام حوسێن بەدەستی هێناوە کە بوو بە هۆی پووکانەوەی سیاسیانەی سوننەکان و هەستانەوەی شیعەکان. ئەم هەستانەوەیەی شیعە وای کردووە زۆربەی سیاسی و چاودێرانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەن بەو باوەڕەی کە هیلالێکی شیعی دروست بووە کە لە ڕۆژهەڵاتەوە لە ئێران دەستپێدەکات و بە عێراق و سووریا دا تێدەپەڕێت بەرەو باشووری لوبنان، کە ناوچەی باڵادەستیی حیزبوڵایە. 

سەرەڕای بەرژەوەندی سیاسی و ئەمنی، ئێران بەرژەوەندی ئابووری زۆر گرنگیشی لە عێراق دا هەیە. ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە نێوان ئێران و عێراق گەیشتووە بە ١٢  دۆلار لە ٢٠١٣ و ئەگەری ئەوەش هەیە ئەو بڕە بگاتە ٣٠ ملیار لە ٢٠٢٣. ئێران ڕۆژانە ٨ ملیۆن مەتر سێجا گاز بۆ عێراق دەنێرێت. ئەو گەمارۆ ئابووریە نێودەوڵەتیانەی خراونەتە سەر ئێران وای کردووە عێراق ببێت بە هاوبەشێکی بازرگانی گرنگ بۆ ئێران. ئێران دەیەوێت عێراق وەکو بازاڕێک بۆ شمەکەکانی بەکاربێنێت، هاوکات لەڕێگای عێراقیشەوە ئەو کەرەستە و ئامێرانەی دەسکەوێت کە گەمارۆیان خراوەتە سەر.

هۆکارێکی دیکە لە پشت ڕۆڵگێڕانی ئێران لە عێراق دا ئەوەیە کە لە سەردەمی جەنگی عێراق-ئێران، عێراق ببووە شوێنی داڵدەدانی چەندان هێزی نەیاری ئێران، بۆ نموونە، موجاهیدینی خەلقی ئێران. لەسەروبەندی ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام حوسێن دا موجاهیدین نزیکەی ٣٤٠٠ چەکداری هەبوو، کە لە نزیک سنووری ئێران لە "کامپی ئەشرەف" نیشتەجێ بوون. ئێران هەوڵیداوە ئەم گرووپە لەلایەن عێراق-ەوە کۆتایی پێبهێنرێت و گەر بکرێت ئەندامەکانی تەسلیمی ئێران بکرێن. کاتێک کامپەکە  لەژێر سەرپەرشتی هێزەکانی ئەمریکا دا بوو تا ٢٠٠٩، داواکاری لەوجۆرە ڕەت دەکرانەوە. بەڵام کاتێک حکومەتەکەی مالکی کە شیعە تێیدا باڵادەست بوون، ئیدی گرووپەکەیان ناچار کرد عێراق جێبهێڵێت. فشارەکانی ئێران بوو بەهۆی ئەوەی چەند هێرشێک بکرێتە سەر کامپەکە لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە کە هێرشێکیان لە ٢٠٠٩ و یەکێکی دیکە لە ٢٠١١ ڕوویداو، لەو دوو هێرشەدا، سەدان ئەندامی موجاهیدین کوژران یان بریندار بوون. لەژێر فشاردا ئەندامەکانی ڕێکخراوەکە لە کۆتاییدا دەستیان کرد بە چۆڵکردنی کامپەکە و زۆرینەیان ڕوویان لە ئەوروپا کرد. ئەمە ئەو ئامانجەیە کە ئێران لە ڕێی هاوپەیمانە شیعیەکانییەوە دەیویست پێی بگات و پێی گەیشت. ئەم دەسکەوتە ستراتیجیانە ئەو تێزەی ئەم توێژینەوە دەسەلمێنێت کە ئێران هێزێکی هەرێمییە و ڕۆڵێکی کاریگەر لە کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دا دەگێڕێت، وەک شەڕکردن دژی داعش و دەستێوەردان لە کاروباری عێراق و سووریا و لوبنان و بەحرەین و سعودیە و یەمەن.

کاتێک داعش ڕووبەرێکی زۆری لە خاکی عێراق داگیرکرد و هەڕەشەی لە بەغدا کرد، حەسەن ڕۆحانی، سەرۆکی ئەوکاتی ئێران، ڕایگەیاند کە ئێران ئەوەی لەدەستی بێت دەیکات بۆ ئەوەی شوێنە پیرۆزەکانی شیعە لە هەڕەشەکانی داعش بپارێزێت. ڕۆحانی ناوی شوێنە پیرۆزەکانی وەک کەربەلا و نەجەف و کازمییە و سامەڕای هێناو پاشان وشیاریدا بە "زلهێزەکان و خزمەتکارەکانیان لەگەڵ تیرۆریستەکان کە ئێران هەموو شتێک دەکات بۆ پاراستنی ئەو شوێنانە". هەرزوو دوای داگیرکارییەکانی داعش، ئێران قاسم سلێمانی، فەرماندەی سوپای قودسی نارد بۆ عێراق بۆ هاوکاری حکومەتەکەی لە دژی داعش. ئەو پرسیارەی لێرەدا دێتە پێشەوە ئەوەیە: داخۆ عێراق بۆچی ئەوەندە گرنگە بۆ ئێران؟ بۆ وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە مرۆڤ دەبێت هەڵسەنگاندن بۆ پێگەی جوگرافی و سیاسی عێراق بۆ ئێران بکات لەگەڵ وردبوونەوە لە دابەشبوونی دیموگرافی دانیشتوانی عێراق. 

یەکەم، زۆرینەی دانیشتوانی عێراق ڕێک وەک ئێران موسڵمانی شیعەن. هەروەها عێراق شوێنی زۆر لە مەزارگە پیرۆزەکانی شیعەی تێدایە، لەوانە: ئیمام عەلی لە نەجەف، ئیمام حوسێن لە کەربەلا، ئیمام کازم لە بەغدا، ئیمام هادی و ئیمام عەسکەری لە سامەڕا. ئەم شوێنانە بۆ هەموو شیعەی جیهان گرنگن بەڵام بۆ کۆماری ئیسلامی ئێران ئەم شوێنانە دڵی مێژووی شیعەن. لەوەش زیاتر، ئێران سنوورێکی هاوبەش بە عێراقی دەبەستێتەوە کە درێژییەکەی ١٤٥٨ کیلۆمەترە. لە حوزەیرانی ٢٠١٤ داعش شاری جەلەولای داگیرکرد کە تەنها ٢٥ کیلۆمەتر لە سنووری ئێرانەوە دوورە. ئێران وەڵامی ئەم هەڕەشەیەی داعشی بەوە دایەوە کە هاوکاری عێراق و سوپا لاوازەکەی زیاتر بکات بۆ ڕێگریکردن لەوەی کە داعش ببێتە هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئێران. بێجگە لەمانە، ئێران دەیەوێت یەکپارچەیی خاکی عێراق بپارێزێت. ئێران لە هەڵوەشانەوەی عێراق زۆر دەترسێت چونکە  دانیشتوانی ئێرانیش، هاوشێوەی عێراق، دابەشی چەندین گرووپی نەتەوەیی و مەزهەبیین. ئێران زیاتر لەوە دەترسێت ئەگەر داعش یان هەر گرووپێکی دیکەی سوننی-قەومی نەوەستێنرێن ئەوە حکومەتە شیعییەکەی عێراق بە یەکێکی سوننە جێگەی پڕ دەکرێتەوە. لەپاڵ ئەمانەش، ئێران هەوڵی جددیش دەدات ئەو هەوڵانە شکست پێبێنێت کە لەلایەن عێراقییەکان و ئەمریکیەکانەوە دەدرێن بۆ دروستکردنی سوپایەکی پرۆفێشناڵی نامەزهەبی بۆ عێراق. ئێران ئامانجی ئەوەیە کە هێزێکی سەربازی هاوتەریب بە سوپای عێراق، هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران، لەو میلیشیایانەی کە دامەزراون بنیادبنێت.

بەمشێوەیەش زاڵبوون بەسەر کاروباری ناوخۆی عێراق و دەستگرتن بەسەر ئاراستەکانی ئەو وڵاتەدا ئاسانتر دەبێت بۆ ئێران.

لە تشرینی دووەمی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی یاسادانانی عێراق پێگەی حەشدی شەعبیان بەیاسایی کرد، بەوەی کە بە فەرمی تێکەڵ، یان کران بە بەشێک لە سوپای عێراق، بەڵام بەشێکی سەربەخۆ. کاتێک دەڵێین سەربەخۆ، مەبەستمان ئەوەیە کە مەرج نییە ئەو هێزانە، یان لانیکەم بەشێک لەو هێزانە، پابەند نین بە فەرمانەکانی سەرۆک وەزیران وەک فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکان. ئەمە ڕێک لە ٧ ی تشرینی دووەم ٢٠٢١ دەرکەوت، کاتێک هەندێک لەو میلیشیایانە بە درۆن ڕاستەوخۆ هێرشیان کردە سەر ماڵی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی عێراق، مستەفا کازمی. دواتریش کازمی و حکومەتەکەی نەیانتوانی هیچ هەڵوێستێک بنوێن سەرەڕای ئەوەی کە کازمی بە زاری خۆی گوتی ئەو دەزانێت ئەوانەی کە هێرشەکەیان ئەنجام داوە کێن! 

لەوانەش گرنگتر، ڕاستە ئێران بە نیگەرانییەوە لە سەرهەڵدانی داعشی دەڕوانی بەڵام داعش ئەو دەرفەتەی ڕەخساند بۆ ئێران کە نیشانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بدات کە ئەو هێزێکی گرنگە لە ناوچەکە و دەبێت وەک ئەوە دانی پێدابنرێت و مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. لە گۆشەنیگای ئێرانەوە بەشداری ئەو لە ڕێگریکردن و تێکشکاندنی داعش دا پێگەی ئێران بەهێزتر دەکات لە دانوستانە ئەتۆمیەکاندا لەگەڵ ڕۆژاوا. مرۆڤ دەتوانێت ئەمە بە ئاسانی ببینێت لەو ڕێککەوتنەدا کە لە تەموزی ٢٠١٥ لەنێوان ئێران و بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ڕووسیا و چین دا واژۆکرا، کە بە ڕێککەوتنی پێنج کۆ یەک ناسراوە. دیارە دواتر کاتێک دۆناڵد ترەمپ هاتە سەر حوکم لە ئەمریکا ڕێککەوتنەکەی هەڵوەشاندەوە، ئێستا ئیدارەی نوێی ئەمریکا جارێکی دیکە لە گفتوگۆدان بەڵام تا ئێستا لە نیسانی ٢٠٢٤ هێشتان ڕێککەوتنەکە دووبارە واژۆ نەکراوەتەوە.

لە بنچینەدا ڕێک وەک ئەوەی حەسەن ڕۆحانی ڕوونی کردەوە، ئێران "سەقامگیری و ئاسایشی عێراق وەک هی خۆی تەماشا ئەکات." بەرژەوەندییەکانی ئێران لە عێراق لق و پۆپی زۆرە، بۆیە سیاسەتە ستراتیجیەکانی ئێران لەو وڵاتەدا پاڵنەر و هاندەری جیاوازیان هەیە و هەندێجار دژبەیەکن. بۆ نموونە، لەلایەکەوە ئێران دەیەوێت عێراق ناسەقامگیر بکات بۆ ئەوەی هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ شوێن پێ قایمکردن لاواز بکات؛ لەلایەکی ترەوە ئێران هەموو شتێکی کردووە بۆ ئەوەی وا بکات شیعە دەسەڵاتدار بکات و لە حکومەتدا زاڵیان بکات و مەزارە پیرۆزەکانی شیعەش بپارێزێت. ئەم دووڕیانە سیاسییە ئاستەمە، واتە دژایەتیکردنی ئەمریکا لەلایەک و هێشتنەوەی شیعەکان لە دەسەڵاتدا لەلایەکی دیکە، وای کردووە ئێران زۆر بەقووڵی ڕۆبچێتە ناو قەیرانی ئێستای سووریا و عێراق. ئەم بارودۆخە سیاسییانە دەبێت لەبەرچاو بگیرێن و ڕەچاو بکرێن.

06/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر