کاریگەری ڕوخانی قەیسەری ڕوسیا و هاتنی کۆمۆنیستەکان لەسەر جێبەجێ نەکردنی سیڤەر

د. شێرکۆ کرمانج
بەشی سێیەم

لە دوو بەشی ڕابردوودا تاوتوێی پەیماننامەی سیڤەر و ڕۆڵی ئەمریکا کرا لەسەر جێبەجێ نەکردنی سیڤەر. لەم بەشەدا باس لە ڕۆڵی هاتنی کۆمۆنیستەکان بۆ سەر حوکم لە ڕوسیا و ڕوخانی قەیسەر دەکەین لەسەر جێبەجێ نەکردنی پەیماننامەی سیڤەر. ئێمە پێمانوایە ئەم هۆکارە گرنگترین هۆکارە لە جێبەجێ نەکردنی پەیماننامەکە.

سەرەتا، گرنگە ئاماژە بەوە بکرێت کە پەیماننامەی سیڤەر خاڵە سەرەکییەکانی ڕێککەوتننامەی سایکس–پیکۆ و سان ڕیمۆی داڕشتووەتەوە، ‏‏هەڵبەتە ‏بێ بەشداریپێکردنی یەکێتیی سۆڤیەت، جێگرەوەی قەیسەری ڕوسیا. واتە بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و فەڕەنسا بە زیادەوە ئەمجارە ڕەچاوکراون کەچی ئەوانەی ‏‏ یەکێتی سۆڤیەت پشتگوێخراون.‏ لەژێر تیشکی ئەم ڕاستییە و چەندین هۆکاری دیکە کە لە خوارەوەدا تاوتوێ دەکرێن دەکرێت بگوترێت کە ‏ڕووخانی قەیسەری ڕوسیا و سەرکەوتنی کۆمۆنیستە بەلشفیکەکانی بەسەرکردایەتی ڤلادیمێر لینین لە ئۆکتۆبەری ‏‏١٩١٧ یەکێکە لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکانی بەهێزبوونی ناسیونالیستە تورکەکان بە سەرۆکایەتی مستەفا کەمال‌ و ‏شکستپێهێنانی بەند و ماددە پەیوەندارەکان بە پرسی کوردستان‌ و ئەرمینیا. 

قەیسەری ڕوسیا لە شەڕی یەکەمی جیهانی وەک لایەنێکی ‏سەرەکی لە بەرەی هاوپەیماناندا بەشداربوو کە لە دژی ئەڵمان ‌و عوسمانییەکان لە جەنگدا بوون. پێش هاتنی کۆمۆنیستەکان بۆ ‏سەر حوکم بەشێکی زۆر لە باکور و ڕۆژهەڵاتی ئەوەی ئێستا پێی دەگوترێت تورکیا لە ئاکامی شەڕ کەوتبووە ژێر دەسەڵاتی ‏ڕوسەکان، وەک ناوچەکانی قارس، تراپیزۆند، ئەرزڕۆم‌، ئەرزنجان، موش‌، بەتلیس ‌و وان‌. ڕووخانی قەیسەر کشانەوەی هێزە ‏ڕوسییەکانی لێکەوتەوە بەمەش ئەو ناوچانە کەوتنەوە دەست هێزە عوسمانییەکان‌ و قوڵاییەکی جوگرافی ستراتیجیشیان بە هێزە ‏سەربازییە شکستخواردوەکەی عوسمانییەکان بەخشی. هێزەکانی ئەم ناوچانە بەهۆی دوورییان لە بەرەکانی شەڕ لەوکاتەوە بە سەلامەتی مانەوە ‌و دواتریش خۆیان ‏ڕێکخستەوە، پاشانیش بوون بە کڕۆکی ئەو هێزانەی کە ناسیونالیستە تورکەکان بە سەرکردایەتی مستەفا کەمال لە شەڕی ڕزگاریی تورکیا (١٩١٩-١٩٢٣) کەڵکیان ‏لێوەرگرتن. ‏

ئەگەر شۆڕشی ئۆکتۆبەری کۆمۆنیستەکان نەبا بەشێکی زۆر لەو ناوچانە هەر لە ژێر دەسەڵاتی ڕوسەکان دەمایەوە و لەوانەبوو تەواوی ناوچە ئەرمەننشین و کوردنشینەکان بکەوتنایە ژێر دەسەڵاتی ڕوسەکان. هاوکات، ئەگەری ‏داگیرکردنی گەروی بۆسفۆر و دەردەنیلیش لەلایەن ڕوسەکانەوە بوونی هەبوو، ئەویش بەمەبەستی گەیشتن بە دەریای ناوەڕاست ‏چونکە لەمێژبوو ڕوسەکان لە ئەگەری ڕووخانی عوسمانییەکان کردبوویان بە ئامانجێکی ستراتیجی خۆیان. بێجگە لەمانە، جۆرە ‏پێکهاتنێکیش لەنێوان ڕوسیا و بەریتانیا و فەڕەنسا لەسەر ئەم ئەگەرە هەبوو. لەپاڵ ئەمانە، ڕوسەکان لە سەروبەندی شەڕدا ‏بەڵێنیان دابوو، هەم بە کوردەکان هەم بە ئەرمەنەکان، کە هاوکاری‌ و کۆمەکی سەربازییان بکەن لە دژی عوسمانییەکان. ‏لەبەرئەوە بەشێکی زۆر لە ئەرمەنییەکان‌ و هەندێک لە کوردەکان لەگەڵ ڕوسەکان هاوسەنگەر لە دژی‏‏ عوسمانییەکان لە ‏جەنگدابوون. بەڕووخانی قەیسەری ڕوسیا، کورد ‌و ئەرمەن پاڵپشتێکی سەرەکییان لەدەستدا و تورکیاش لە هەڵوەشانەوە و بچووککردنەوە وەک ئەوەی لە سیڤەر نەخشەی بۆ دانرابوو پارێزرا.‏

لەوانەش گرنگتر، کۆمۆنیستەکان هەر لەگەڵ هاتنە سەر حوکمیان ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆی ١٩١٦ ی نێوان بەریتانیا و فەڕەنسایان لەمەڕ ‏دابەشکردنی پاشماوەی دەوڵەتی عوسمانی ئاشکرا و شەرمەزار کرد. ئیدی ڕێککەوتنەکە بایەخێکی ئەوتۆی تەنانەت لای ‏بەریتانییەکان و فەڕەنسییەکانیش نەما. 

بەڕووخانی قەیسەری ڕوسیا، یەکێک لە بکەرە هەرە سەرەکییەکانی شەڕی یەکەمی جیهانی، ‏ڕوسیا، لە گۆڕەپانەکە نەما. بەمەش سەنگ‌ و پێگەی بەریتانیا و فەڕەنسا هێندەی دیکە لە هاوکێشەکان زیاد دەکات بەتایبەت ‏لە دابەشکردنی میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی کە کوردستان بەشێک بوو لێی. بەڵام، ئاشکرابوونی ڕێککەوتننامەی سایکس-پیکۆ و نەمانی ‏ڕوسەکان لە گۆڕەپانەکە دەبێتە سەرەتای ململانێکانی نێوان دوو زلهێزەکە لەسەر میراتی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بەتایبەتی ‏دوای ئەوەی کە بەریتانیا تەواوی ولایەتی موسڵ داگیردەکات‌ و نایەوێت دەستبەرداری بێت بۆ فەڕەنسییەکان کە بەپێی ڕێککەوتننامەی سایکس-‏پیکۆ دەبا بەشی هەرە زۆری ئەو ویلایەتە بەر فەڕەنسییەکان کەوتبا.‏
وەک ئاماژەی پێکرا، دوای کۆتایی شەڕ و مۆرکردنی ئاگربەستی مودرۆس لەنێوان دەوڵەتی عوسمانی‌ و هێزە هاوپەیمانەکان بەشێکی زۆر لەو ‏ناوچانەی کە بەشێک بوون لە ئیمپراتۆریەتەکە کەوتنە ژێر دەسەڵاتی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی هێزەکانی هاوپەیمانان. ‏پاش مۆرکردنی پەیماننامەی سیڤەر ئیدی بەریتانیا بە فەرمی مێزۆپۆتامیا‏ (عێراق) و باشوری کوردستان‌ و ئوردن‌ و فەلەستین (ئیسرائیل) و ‏حیجازی بەرکەوت‌. فەڕەنساش سوریا و لوبنان‌ و بەشێکی زۆر لە باشوری تورکیای ئێستای پێدرابوو، وەک ناوچەکانی ‏جەزیرە (لە باکوری کوردستان) و ئەسکەندەرۆنە و سیلیسیە/کیلیکیا. ئیتاڵیا پێگەی لە ئەنتاڵیا بوو بەڵام بە قوڵایی ‏تورکیا تا قۆنیا و بورسەی بەرکەوتبوو. یۆنان لە هەموو هاوپەیمانەکان بێهێزتر بوو بەڵام لە هەموویان زیاتر چاوی لە خاکی ‏تورکیا بوو چونکە بە سەرزەمینی ڕەوای مێژوویی باوانی خۆی دادەنا. یۆنانییەکان پێگەی سەرەکییان لە ئەزمیر (سمیرنا) بوو بەڵام دەوروبەری ‏هەردوو گەروی بۆسفۆر و دەردەنیلی لێدەرچێت کە هێزەکانی هاوپەیمانانی لێبوو بەشی ئەوروپای تورکیای ئێستا، کە ‏ناسراوە بە تراکیا درابوو بە یۆنانییەکان. ئەوەی مابۆوە ناوچەیەک بوو لە خوارووی ئەنقەرەوە بۆ کەنارەکانی دەریای ‏ڕەش لەگەڵ ئەستەمبوڵ، کە بەپێی سیڤەر بڕیار وابوو ئەو تورکیایەی لەسەر دروست ببێتەوە کە دەبێتە جێگرەوەی دەوڵەتی ‏عوسمانی. دیارە لەو نێوەشدا دوو ناوچەش بۆ کورد‌ و ئەرمەن دەستنیشان کرابوو. بڕیار وابوو کە دەوڵەتە ئەرمەنییەکە لە ‏ویلایەتەکانی ئەرزڕۆم‌ و تراپیزۆند و وان‌ و بەتلیس دروستبکرێت، ئەمەش مشتومڕی لەگەڵ کورد لەسەر کەوتەوە چونکە ‏کورد بەشێکی ئەو ناوچانەیان بە بەشێک لە خاکی کوردستان دادەنا. ‏

بەهەرحاڵ، پاشماوەی سوپای عوسمانی کە لە خۆکۆکردنەوە بوون لە باکور و ڕۆژهەڵات و ناوەڕاستی تورکیا بەو دابەشکارییە ناڕازیبوون کە هاوپەیمانان دەیانویست بەسەر عوسمانییەکانی بسەپێنن. لێرە ڕۆڵی یەکێتیی سۆڤیەت لە بەهێزکردن و پشتیوانیکردن لەو بزووتنەوە و سوپایەی لەو ناوچانەدا دروست بوو دەردەکەوێت کە بە پێکهاتن لەگەڵ کەمالیستەکان دەچێتە بواری جێبەجێ کردن. ئیدی ڕۆڵی کەمالیستەکان لە پەکخستنی پەیماننامەی سیڤەر ناکرێت لە دەرەوەی ئەو پشتیوانیەی کە پێشکەش بە کەمالیستەکان کرا لەلایەن بەلشفیکەکانەوە شرۆڤە بکرێت، کە لە بەشی داهاتوودا شرۆڤە دەکرێت. بە کورتی، هاتنی کۆمەنیستەکان بۆ سەر حوکم لە یەکێتیی سۆڤیەت پشتیوانییەکی زۆری بۆ کەمالیستەکان و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازی تورکیا مسۆگەر کرد، کە ئەویش خۆی لە خۆیدا هۆکارێکی هەرە سەرەکی جێبەجێ نەکردنی سیڤەر بوو. لە بەشی داهاتوودا باس لەو هۆکارە دەکەین.

ماویەتی


08/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر