ئوسترالیا و عێراق هەردووک داگیرکەرن، بەڵام

د. شێرکۆ کرمانج

داگیرکردن و داگیرکاریی مێژووەکی زۆر کۆنی هەیە. لەوانەیە هەڵە نەبێت ئەگەر بڵێم کە قۆناغی ڕاو و شكار (hunting and gathering) ی لێدەرچێت داگیرکردن و داگیرکاریی تا سەدەیەک پێش ئێستا نەک هەر بەشێک بووە لە مێژووی مرۆڤایەتی بەڵکو خەڵک بەگشتیی و دەسەڵاتداران بەتایبەتی شانازییان بە داگیرکارییەکانیانەوە دەکرد. لە دوای شەڕی دووەمی جیهانی و دامەزراندنی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم تێگەیشتن و تێڕوانینە گۆڕانکاریی بنەڕەتی بەسەردا دێت، ئیدی داگیرکردن و داگیرکاریی نەک هەر ڕەتدەکرێنەوە بەڵکو وەک کردەیەکی قێزەون تەماشا دەکرێت و بڕیاری قەدەغەکردنی بەتاواندانانی دەدرێت و یاسای نێودەوڵەتی پێ دەردەچێت. ئەوە بەو مانایە نییە کە گۆڕانکاریی لە تێگەیشتنەکان و بڕیارە نێودەوڵەتییەکان کۆتایی بە داگیرکاریی هێنابێت بەڵکو کەمتر بووە، سەختر بووە، عەیبتر بووە.

لەو مێژووە پڕداگیرکارییەدا دەیان گرووپی ئیتنیی، دینیی، ڕەگەزیی، کلتوری، سیاسی پەراوێز خراون، پاکتاو کراون، یان هەر بەیەکجاری قڕ کراون. لەوانەیە قڕکردنی نیاندێرتاڵەکان لەلایەن مرۆڤی ژیر (هۆمۆساپاینس، باوانی ئێمە) یەکەمین قڕکردنی گروپێکی مرۆیی بێت لەلایەن گرووپێکی دیکەی مرۆیی. 

خۆ ئەگەر ئەسکەندەری مەکدۆنی وەک گەورەداگیرکەری مێژوو هەژمار بکەین، ئەوا ناکرێت داگیرکاریی داریوشی فارسەکان، سیزاری ڕۆمانەکان، عومەر بن خەتابی عەرەبە-موسڵمانەکان، محەمەد فاتحی تورکە-عوسمانییەکان لەو ئاستە کەمتر ببینرێن. هاوکات، داگیرکاریی ئەوروپییەکان (پورتوگالییەکان، ئیسپانییەکان، ئینگلیزەکان، فەڕەنسییەکان) ئەگەر وەک ئەوانەی پێش خۆیان خوێناویتر نەبووبن ئەوا کاریگەرییان لەسەر لەناوبردنی جەستەیی و کلتوریی و زمانی گرووپ و وڵاتە داگیرکراوەکان زیاتر نەبووبێت کەمتر نەبووە.

مەبەست لەم کورتەبابەتە تاوتوێ کردنی ئەو مێژووە دوورودرێژە نییە بەڵکو قسەکردنە لەسەر ئەو گۆڕانکارییانەی کە سەدەیەکە لە دیدی مرۆڤەکان ڕوویانداوە لەپەیوەند بە داگیرکارییەوە، هاوکات، بەراوردێکی خێرای داگیرکاریی ئوسترالییەکان لەگەڵ عێراقییەکان. بەڵام پێش ئەوەی قسە لەسەر گۆڕانکارییەکان بکەین دەبێت ئەوە بڵێین کە هەموو داگیرکارییەکان هۆکاری ئابووری و جیۆپۆلەتیک و فراوانخوازیی و تەماحی لە پشت بووە بەڵام نابێت ئەو هۆکارە گرنگەش ڕەچاو نەکەین کە خۆبەزلزانی و بەکەمزانینی ئەوی دیکە هۆکاری هەرە سەرەکی داگیرکارییەکان بووە.

لەدوای شەڕی دووەمی جیهانیەوە، ئەوروپییەکان دە هێندەی ئەو گەلانەی کە داگیرکرابوون ڕەخنەیان لە خۆیان گرتووە. ئەدەبیاتی ئەکادیمی ئەوروپییەکان شایەدی ئەو پەشیمانبوونەوە دەدەن. یەکێتیی ئەوروپا و گەیشتن بە ئاشتی و پێکەوەژیانی ئەڵمانییەکان و فەڕەنسییەکان و ئینگلیزەکان، کە سەدان ساڵ بوو بەخوێنی یەکدی تێر نەدەبوون، بەرهەمی ئەو ڕەخنانەیە کە خۆیان لە خۆیانیان گرت لەگەڵ ئەو میکانیزمانەی کە دایانڕشت بۆ دروستکردنی یەکێتیی ئەوروپا و دامەزراوەکانی.

نەک هەر لە ئەوروپا، ئیندونیسیا دەستبەرداری داگیرکاریی بوو لە تیموری ڕۆژهەڵات. هیتو و توتسییەکان سەرکەوتوو بوون لە تێپەڕاندنی جینۆسایدکردنی یەکدی و دامەزراندنی دەوڵەتێک کە ئێستا مەنزڵگای گەشتیاریانی هەموو دنیایە. دەکرێت دەیان نموونەی دیکە بێنینەوە لەوەی کە نەتەوەکانی دنیا، وڵاتانی جیهان، کەم تا زۆر لە هەوڵی تێپەڕاندنی عەقڵییەتی/زهنییەتی داگیرکاریین، ئەوەی ئێجگار کەم هەنگاوی بەو ئاراستەیە نابێت ئەوە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتن، بەتایبەتی چوار داگیرکەرەکەی کوردستان، تورکیا و ئێران و عێراق و سووریا.

 
تورکیای نوێ سەد ساڵە بەشێکی کوردستانی داگیرکردووە، کەچی نەک هەر دان بە داگیرکارییەکە ناهێنێت بەڵکو دان بەو خەڵکەش نانێت کە کردوونی بە بەشێک لە نەتەوە و وڵاتەکەی. لە ناو پەرلەمانی تورکیا کاتێک ناوی کوردستان دێت، سەرۆکی پەرلەمان بە زمانێکی گاڵتەجاڕییەوە ئینکاریی بوونی کوردستان دەکات، ناو دڵ نەبێت شوێنێک لەسەر مەریخیش بە کوردستان ڕەوا نابینن. کورد لەناو پەرلەمانی تورکیا سوێند بە برایەتی تورک و کورد دەخوات کەچی تەنیا و تەنیا لەسەر ئەم قسەیە و لەبەر ئەوەی بە کوردی سوێندی خوار، سوێندخۆر، لەیلا زانا، دە ساڵ زیندانی کرا.

ئێرانی شاکان و مەلاکان پارچەیەکی بچووکیان لە ڕۆژهەڵات ناوناوە کوردستان نەک بۆ داننان بە خاکی کوردستانیان بەڵکو بۆ بچووکردنەوە و پەرتکە و زاڵبە. بۆ ئەوەی لوڕ و کەڵهوڕ، بۆ ئەوەی موکریان و شکاک لە کوردستان داببڕن و کورد لەتوکوت بکە، ئوستانێکیان لە سنە قیت کردۆتەوە بەناوی کوردستان، کە ٣٠٪ ڕۆژهەڵاتی کوردستان نابێت. هەر لەو سنەیەش کاتێک ژنە چالاکوانێک منداڵانی "ئوستانی کوردستان" فێری زمانی کوردی دەکات نەک هەر قوتابخانەکە دادەخەن بەڵکو چالاکوانەکەش زیندانی دەکەن و دەڵێن ئەو کردارە هەڕەشەیە لەسەر یەکپارچەیی "سەرزەمینی ئێران" و "میللەتی ئێران".

مەلیک فەیسەڵی عێراق بە ئینگلیزەکانی دەگوت کە بێ کوردستان عێراق لە برسان دەمرێت کەچی لە دەستورەکەیدا بە وشەیەکیش نە ناوی کورد نە کوردستانی نەهێنا. جێگرەوەکانی مەلیک، ئەوانەی سەدەی ڕابردوو (قاسم و عارف و سەدام) تەنیا بە مەرجێک ڕازی بوون ناوی کورد بێنن کە کوردستان بسڕنەوە و بیکەن بە پارچەیەک لە نیشتیمانی عەرەبی. ئەوانەی ئەم سەدەیەش (مالکی و سودانی) کوردیان وەک زەلیل و برسی و ملکەچ قەبوڵە، کوردستانیش بە مەرجێک کە جوزئێکی لایەتەجەزە بێت لە نیشتیمانی عەرەب (جز‌و لایتجز‌و من الوگن العربی). واتە لە باشترین حاڵەت شیمالی حەبیبە و لە خراپترینیش بەشێکە لە نیشتیمانی عەرەب.

لە سووریای بەعس و ئەسەدەکان نەک هەر کوردستان بوونی نییە بەڵکو کورد یان بێگانەیە یان میوان لەسەر خاکی نیشتیمانی عەرەب. بۆیە بە گۆتەی خۆیان دەبێت وەک شێرپەنجە ببڕدرێنەوە و لە ڕیشە دەربهێنرێن. سوورییاییەکان تا ٢٠١١ هیچ نەما بە ڕۆژاڤای کوردستانی نەکەن، یەک تاکە گوند نەما ناوەکەی تەعریب نەکەن، خاکی هەزاران گوندیشیان لە جوتیارە کوردەکان ستاندەوە و دایانە عەرەبی هاوردە. لەدوای ٢٠١١ کە خۆیان لە پەلوپۆ کەوتن ئیدی داعش و تورکیایان بەرداوەتە گیانی کورد و کوردستان لەو بەشە داگیرکراوە. 

لەدوای شەڕی یەکەمی جیهانی کە سەردەمی دەوڵەت-نەتەوە لە دەرەوەی ئەوروپاش دەست پێ دەکات، ئیدی داگیرکارییەکان نەک هەر شەرمنانەن بەڵکو بە فەرمی بنەما لەسەر ڕەزامەندی نێودەوڵەتی وەردەگرێت و لە داگیرکارییەوە دەبن بە ماندەیت (ئینتیداب)، واتە داگیرکەر بۆ ماوەیەکی دیاریکراو دەتوانێت لەسەر خاکی داگیرکراو بمێنێتەوە و مەبەست لە داگیرکاریی نەتەوەسازی و دەوڵەتسازی و نیشتیمانسازییە، وەک ئەوەی کە ئینگلیزەکان لە عێراق و ئوردن کردیان، ئەوەی کە فەڕەنسییەکان لە سووریا کردیان. 

داگیرکارییەکانی دوای ئەو قۆناغە هیچ کاتێک بە مەبەستی وەکخۆلێکردن و سڕینەوەی ئەوی دیکە نەبووە بەڵکو بۆ بردنی سەروسامان بووە. بەڵام لەو چوار دەوڵەتەی کە کوردستانیان بەسەردا داگیرکراوە، کورد و کوردستان نەک لە سەدەی بیست بەڵکو لە سەدی بیست و یەک زیاتر لەژێر هەڕەشەی وەکخۆلێکردن و لەناوبردنە لەلایەن داگیرکەرانەوە.

لەوانە سەیروسەمەرەتر ئەوەیە کە نەک دوو سەد ساڵ پێش ئێستا، کە داگیرکاریی ئاسایی بوو؛ نەک سەد ساڵ پێش ئێستا، کە داگیرکاریی لەژێر ناوی ئاوەدانکردنەوە (ئیستیعمار) ئەنجام دەدرا، نەک حەفتا ساڵ پێش ئێستا کە داگیرکاریی بەرەو هەڵوەشانەوە دەڕۆیشت و نەتەوەکان ئازاد دەبوون، نەک بیست ساڵ پێش ئێستاش کە داگیرکاریی بووەتە عەیبە و شەرمەزاریی، بەڵکو دوێنێ، بەڵێ دوێنێ، کاندیدێکی عەرەب لە کەرکووک دەڵێت عەقالی عەرەبی وەک تاج بە سەرەوە دەمێنێت ئەوەی قەبوڵیشی نییە با سەری خۆی لە بەرد بدات. هاوکات، دەڵێت کە کەرکووک پایتەختی عەرەبانە.

دوو سەدە زیاتر پێش ئێستا، ئینگلیزەکان چوون ئوسترالیایان داگیرکرد، هیچ نەما بە خەڵکە ڕەسەنەکەی ئەو وڵاتە نەکەن، لە منداڵدزینەوە بگرە تا دەگاتە جینۆساید. بەڵام ئەوە چەند دەیەیەکە بەشی هەرە زۆری ئوسترالییەکان شەرم لەو مێژووەیان دەکەن و بەردەوام لە هەوڵی ڕاستکردنەوەی هەڵەکانن. دیارە هێشتان زۆریان ماوە، بەڵام من لێرە نموونەیەک دەخەمەڕوو لەو هەوڵانە. ئێستا ئەوە چەند ساڵێکە، لە هەموو قوتابخانە حکومییەکانی ئوسترالیا، منداڵان بەیانیان بە داننان بەوەی کە ئەو خاکەی لەسەری دەژین خاکی خەڵکە ڕەسەنەکەیە دەست بە خوێندن دەکەن. ئەمەی خوارەوە دەقی ئەو دانپێنانەیە کە هەموو ڕۆژێک منداڵان، ئینگلیز و غەیرەئینگلیز، بە دەنگێکی بەرز لە یەکێک لە قوتابخانەکان دەیخوێننەوە (قوتابخانەکە لەسەر خاکی چ گەلێک لە خەڵکە ڕەسەنەکە بێت ناوی ئەو گەلە دەهێنرێت): 

We know that the Gana people lived here first, we play, learn and grow together on this land. Thank you Gana people for sharing your land with us. Hands up, hands down, we are on the Gana land.

ئێمە دەزانین کە گەلی گانا پێش ئێمە لەسەر ئەو خاکە ژیاون، ئێمە بەیەکەوە یاری دەکەین، فێر دەبین، گەشە دەکەین، لەسەر ئەم خاکە. سوپاس بۆ گەلی گانا کە خاکی خۆیان لەگەڵ ئێمە بەش دەکەن. دەستان بەرز بکەنەوە، دەستان نزم بکەنەوە، ئێمە لەسەر خاکی گەلی گانا دەژین. 

ئوسترلییە نوێکان، ئاوا تاوانی باوانیان لە ئەستۆ گرتووە و دەیانەوێت هەڵەکانی ئەوان ڕاست بکەنەوە. سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا لە ٢٠٠٧ بە فەرمی بەناوی هەموو ئوسترالییەکان داوای لێبوردنی کرد لە خەڵکە ڕەسەنەکەی ئوسترالیا لەبەرابەر ئەو تاوانانەی کە باوانیان ئەنجامی دابوو.

عێراق کە پەرلەمانەکەی و دادگا فەرمییەکانی جینۆسایدی نەتەوەی کوردیان بە فەرمی ناساندووە بەڵام تا ئێستا بە فەرمی داوای لێبوردنیان لە کورد نەکردووە، چ جای ئەوەی دان بە داگیرکاریی کوردستان بنێن.

ئەمانە و سەدان جیاوازی دیکە، داگیرکەرانی کوردستان لەگەڵ داگیرکەرانی دیکە لە سەرتاسەری دنیا لێک جیا دەکاتەوە. ئەوان لە داگیرکەری بەمەبەستی سڕینەوە هەنگاویان نا بۆ خۆتاوانبارکردن و ڕاستکردنەوەی هەڵەکان. داگیرکەرانی کوردستان نەک هەر خۆیان بە تاوانبار نازانن بەڵکو ئێمە بە سەرچاوەی هەموو نەهامەتییەکانی خۆشیان دادەنێن، بەڕادەیەک کە هەندێک لە سادەگۆ و ڕووکەشەکانی کوردیش باوەڕیان پێکردون و نەفرەت لە کورد دەکەن.      


14/12/2023



وتارەکانی تری نوسەر