لە پشت رووداوەکانی سوریاوە تارمایی تورکیا دەبینرێت

شوان محه‌مه‌د
لەپشت ئەو هێرشەی میلیشیاکانی ئەحرار شام دەیکەنە سەر باکوری رۆژئاوای سوریا و حەلەب، تارمایی تورکیا بەدیدەکرێت، ئەمە جگە لەوەی ئامانجی ستراتیژی لاوازکردنی پێگەی ئێرانە لە سوریاو پێدەچێت جۆرە تێگەیشتنێکیش لەسەر ئەم پرسە لەلایەن ئەمەریکا و ڕۆژئاواوە هەبێت.
تورکیا کە یاریکەری سەرەکییە تورکیا بەم کارەی چەند مەسجێک دەنێرێت؟

١- چەکدارانی سەر بە حزبوڵا و هێزەکانیی ئێران و میلیشیاکان بەهۆی هێرشی ئیسرائیلەوە ئەو پێگەی هەیانبوو لەو ناوچانەی سوریا لاوازبووە، تورکیا دەیەوێت لەرێگای هێزە هاوپەیمانەکانیەوە شوێن پێی خۆی قایم بکات. 

٢- لەم ماوەیەی دوایدا تورکیا زۆر دەستی گفتوگۆی بۆ ئەسەد راکێشا، ئەسەد رەتیکردەوە، بەشێکی رەتکردنەوەی گفتوگۆ لەلایەن ئەسەدەوە بە پاڵپشتی روسیا بوو، ئێستا تورکیا دەیەوێت لە پێگەیەکی بەهێزتردا بەهۆی گرتنی ئەو شوێنانەوە خۆی بەرامبەر ئەسەد نیشان بدات.

٣- تورکیا دەیەوێت ئەوە بە رووسیا بڵێت کە ئەو دەتوانێت کاریگەری گەورە لەسەر جوگرافیای هێزەکان لە سوریادا جێبهێڵێت و چەندان سەرە داوی لایە کە وایلێدەکات وەک هێزێکی کاریگەر لە سوریادا مامەڵە بکات.

٤- هاوکات دەیەوێت بە سەرۆکی نوێ ئەمەریکا ترەمپ و ئیدارەی ئەمەریکی بڵێت؛ تورکیا لە بری ئەمەریکا دەتوانێت ئەو بۆشاییە پڕ بکاتەوە لە سوریادا دروستبووە، هاوکات ئەو وێنەیەشی بداتێ لە کاتی کشانەوەی ئەمەریکادا ئەو دەتوانێت ئەو بۆ شاییە پڕ بکاتەوەو تەواوی باکوری سوریا بە ناوچەکانی هەسەدەشەوە بخاتە ژێر کۆنترۆڵی خۆی وەک هێزێکی ناتۆ، نەک بکەوێتەوە ژێر دەستی ئەسەد و روسیا.

٥- سەرباری ئەم نامانەی تورکیا بۆ هێزەکانی سوریا و ناوچەکە، بەم گەمە سیاسیەی تورکیا، جارێکی تر خەڵکی سوریا بەم زستانە رووبەڕووی کارەساتێکی تر دەبنەوە!

29/11/2024




وتارەکانی تری نوسەر