ئایا رۆژئاوای کورستان سفر دەبێتەوە؟

شوان محه‌مه‌د

لەو دەمەوە ئەحمەد شەرع و بەرەی شام لە ٨ ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٤ دا رژێمی ئەسەدی رووخاند و رووداوەکانی رۆژانی دوایی، سوریاو ناوچەکە بەگشتی پێیاننایە قۆناغێکی تەواو نوێوە، بۆ کوردو ناوچە ئەتۆنۆمەکەشی لە رۆژئاوای کوردستان سەردەمانێکی تەواو جیاواز دەستیپێکرد.

مەزڵوم عەبدی فەرماندەی گشتی هەسەدە، دوای روخانی " بەشار " لە چاوپێکەوتنە رۆژنامەنووسەکانیدا زیاتر لە جارێک  ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە ئەوان پێش دوو مانگ ئاگایان لەو جموجوڵانە هەبوو کە هێرشدەکرێتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی " بەشار "، بەڵام وەک خۆی جەخت دەکاتەوە کە لەو بڕوایەدا نەبوون کە رژێمی ئەسەد بەو شێوەیە هەرەسبهێنێت، هەرچی  تێڕوانینی هەسەدە بوو لەسەر ئەم دیدە بنیاتنرابوو کە پێدەچێت بەشار زیاتر لاوازبێت، بەڵام نەڕوخێت، بەمەش دەسەڵاتی ئەوان فراوانتربێت و، پشتگیری رۆژئاواش زیاتر وەدەستدەبهێنن، زۆرێک لە نوسەرانی کوردیش هەمان خەویان بە ئایندەی رۆژئاواوە دەبینی کە دەسەڵاتی کوردانی رۆژئاوا دەرفەتێکی گەورەیان لەبەردەمدایە، کەچی لەگەڵ تێپەڕبوونی چەند رۆژێکی کەمدا، نەک دەرکەوت کە ئەو بۆچوونە واقیعی نییە، بەڵکو ئەمڕۆ هەڕەشەی سفربوونەوەش لە ئەزموونی ١٣ ساڵەی رۆژئاوای کوردستان لە هەموو کاتێک زیاترە.

بەرەی تەحریر شام و پێشتریش بەرەی نوسرا، ١١ ساڵە دژی ئەسەد دەجەنگان، بەڵام جگە لە پارێزگای بچووکی " ئیدلب "هیچ ناوچەیەکی تریان کۆنترۆڵ نەکرد، گەر وڵاتێکی هاوسنوریان وەک تورکیا نەخشەدانەر و مایسترۆی ئەو گۆڕانکارییە گەورەیە نەبووبێت، بە هێزێکی ملیشیاوی بچووک گۆڕانکاری لەو شێوەیە گەورە نەدەکرا، لەوەش دوورتر بڕۆین لە پشت تورکیاشەوە تارمای ئیسرائیل و بەریتانیاو ئیدارەی بایدن دەبینرێت، هەرچەندە ئەوە تا ئێستا بە تەواوی بۆ ناوچەکەو جیهان ئاشکرا نەبووە، بەڵام ئەوەی بەڵگەنەویستە هەر چۆن ڕووخانی ئەسەد و ئەو گۆرانکارییە گەورەیە تەنها بە بەرەی تەحریر شام نەکراوە، هاوکات بە تەنها تورکیاش نەکراوە، بەبێ مانۆرێکی دەزگا سیخوڕییە گەورەکانی جیهان.

فەرماندەی هەسەدە تەنها هێندە زانیاری و هەماهەنگی لەبارەی هێرشەکەی بەرەی شامەوە هەبووە کە هێرش دەکرێتە سەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەشار و هیچ زانیارییەکانی تریان پێنەدراوە کە ئەو هێرشە ئامانجەکەی زۆر فراوانترە لەوەو بەتەواوی رووخانی بەشارە، دیارە هەماهەنگی نێوان تەحریر شام و هەسەدەش لە ئاستێکی نزموو سنورداردابووە، ئەو هەماهەنگیش لەو ئاستەدا تا رۆژی ١٢ ی کانوونی دووەم ماوەتەوە، بەڵام لەو رۆژدا کە ئیبراهیم کالن سەرۆکی دەزگای میت و هاکان فیدانی وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی دیمەشقیان کردو لەگەڵ ئەحمەد ئەلشەرعدا کۆبوونەوە، ئەو پەیوەندیەی نێوان هەسەدەو بەرەی شامی حوکمڕان بەتەواوی گۆڕا و شەرع کەوتە هەڕەشەکردن لە هەسەدە، دەتوانرێت ئاماژە بۆ ئەوەش بکرێت کە لە ئێستادا تەواوی ئەجێندانی بەرەی شام لە بارەی کوردەوە لە ژێر هەژموونی ستراتیژی تورکیادایە کە نەهێشتنی ناوچەکانی بەرێوەبەری خۆسەرو کۆتایی هێنانە بە هەسەدە.

لە ئێستاشدا کە ئیدارەی بایدن هەموو هەوڵێکی خستۆتەگەڕ بۆئەوەی شوێن پێیەکی جوگرافی و سەربازیان لە سوریادا بمێنێت، لەو دیدەشەوە کە هەسەدە هاوپەیمانییەکی بەهێزیانە دژی سەرهەڵدانەوەی داعش، کاری جدی دەکات بۆ پاراستنی ناوچانەکانی رۆژهەڵاتی فورات و پاراستنی کورد، بەڵام گرفتەکە لەوەدایە کە دەسەڵاتی ئیدارەی بایدن لە ٢٠ ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ و کۆتایی دێت.

هەموو ئەو فشارەی ئیدارەی بایدن ئەنجامی دەدات و ناهێڵێت شەڕ لە نێوان تورکیا و میلیشیا هاپەیمانەکانی دژی هەسەدە لە کوبانێ ناوچەکانی تر هەڵبگیرسێت، بۆ تورکیا تەنها کات بەسەر بردنەو تاکتیکێکی کاتییە، ئەو وڵاتە گەر ئەمڕۆ و سبەیش پەلاماری ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆسەر نەدات، ئەوا لە دوای دانانی ترەمپ وەک سەرۆکی نوێی ئەمەریکا، هێرشەکەی ئەنجام دەدات.

ئەم تاکتیەکەی تورکیاش لەوەوە سەرچاوە دەگرێت کە سەرۆکی نوێی ئەمەریکا ترەمپ دیدێکی تەواو جیاوازی هەیە لە ئیدارەی بایدن بەرامبەر زۆر دۆسیەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەتایبەتی سوریا، لەیەکەم لێدوانیشدا بە ئاشکرا دەرکەوت کاتێک کە وتی " کلیلی رووداوەکانی سوریا لە دەستی تورکیادایە"و " هێزەکانیشمان هیچ مەترسییەکیان لەسەر نییە".

کەواتە ئەمڕۆ لە هەموو کات زیاتر رۆژئاوای کوردستان کە سومبلی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی داعش و، پێشاندانی وێنەیەکی جوان و نوێی حوکمڕانیییە لە ناوچەکەدا، لەبەردەم ئەگەری سفربوونەوەیەکی جدیدایە!
   
نازانرێت بەرخۆدانی شەڕڤانانی هەسەدەو بەرامبەر لەشکرکێشی نوێی تورکیا چەند بەرگە دەگرێت؟ نازانرێت هەموو ئەو ناڕەزایەتییە جیهانییەی کە هەر لە فەرەنسا و ئیسرائیل و وڵاتانی تری ئەورپا و، تەنانەت لە نێوخودی ئیدارەی ترەمپ و ئەوەی لە  روسیاشدا هەیە، هاوکات ناڕەزایەتی باکوری کوردستان و بە ئەندازەیەکی زۆر کەمیش لە باشوری کوردستان، ئەمانە هەموویان چەند هاوكێشەی سفربوونەوەی ئەزموونی رۆژئاوای کوردستان رادەگرێت، لە داهاتوویەکی نزیکدا، رووداوەکان وەڵامی ئەو پرسیارە ئاڵۆزە دەداتەوە!


20/12/2024




وتارەکانی تری نوسەر