مەترێک زەویمان پێبدەن بۆ دوو کچە رۆژنامەنووسی شەهید

شوان محه‌مه‌د

رۆژی ١٢ ی شوباتی ٢٠٢٥ دوو رۆژ دوای دانانی وێنەیەکی هەردوو رۆژنامەنووس گوڵستان تارا و هێرۆ بەهادین لە شەقامێکی شارۆچکەی سەیدسادق کە تورکیا لە رێگای "درۆنەوە" رۆژی ٢٣ ی ئابی ٢٠٢٤ کردنیە ئامانج، شکێنراو دواتریش سووتێنرا.

ئەمە یەکەمجار نییە، وێنە و پەیکەری ژنان و پەیکەری کەسایەتییە سیاسی و مێژوویەکانی کورد لە باشوری کوردستان بشێونرێت و تێکبدرێت و بسووتێنرێت. لە هەولێری پایتەخت لە ساڵی ٢٠٢٠ دا لە پارکی منارە لە کۆی ٣٤ پەیکەری کەسایەتییەکان، ٢٣ پەیکەریان لوت و دەموچاو و گوێیان شێوێندران. لە شاری ئامێدی لە پارێزگای دهۆک، پەیکەری تەحسین تەهای هونەرمەندی ناسراو شکێنرا. لە سلێمانی لە ساڵی ٢٠١٣ پەیکەری خۆشەویستی لە پارکی ئازادی سوتێنرا، هەر لەو ساڵەدا کێلی گۆڕی شاعیری گەورەی کورد، شێرکۆ بێکەس شکێنرا، هەروەها چەند جارێک پەیکەری شاعیرانی گەورەی کورد لە باخی گشتی شێوێندران، پەیکەری سەرە "کەرەکەی" شاعیری گەورە نالی لە پارکی نالی شکێنرا، لەوانەش مەترسیدارتر پەیکەری نەرام سین کە پەیکەرێکی مێژووییە لە قۆپی چیای زەردیاوا (قەرەداغ) و مێژووەکەی دەگەرێتەوە بۆ (٢٢٧٠-٢٢٥٥پ.ز) بە فیشەک شێوێنراوە. لە چەمچەماڵ لەچەند کاتێکی جیاجیادا پەیکەری قالە پاڵەوانی ئەنفال، پەیکەری پێشمەرگە، پەیکەری ژن، پەیکەری ئەو منداڵەی لەخۆپیشاندانەکەی ئەو شارەدا کوژرا، شکێنران. لە هەڵەبجە پەیکەری هونەرمەند؛ عوسمان کەیمنەیی شکێنرا. لە قەڵادزێ پەیکەری فەقێ ئەحمەدی دارە شمانە کە سەرکردەیەکی مێژوویە لە ساڵی ٢٠٢١ شکێندراو بە شۆفڵیش پاشماوەکەی لابرا. لە بازیانی سنوری سلێمانیش پەیکەری عەبدولرەحمانی پادشای بابان سوتێنرا، ئەمانە هەموویان مشتێکن لە خەراورێک کە لە باشوری کوردستان روودەدەن. 

مێژووی نزیکی پەیکەری شکاندن لە باشووری کوردستان پێش حوکمڕانی کورد، دەگەرێتەوە بۆ سەردەمی رژێمی دیکتاتۆری سەدام کە دەیان جار لە رێگای دەزگا ئەمنییەکانیەوە، پەیکەری سومبلە مێژوویی و سیاسییەکانی کوردی لە شارەکاندا شکاندووە. ئەم سیاسەتە ئێستاش لە لایەن حکومڕانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دژی سیاسی و شاعیرانی کورد بەردەوامەو، لەم دوایەشدا پیاوانی کۆماری ئیسلامی پەلاماری وێنە و مەزاری شەهیدانی بزووتنەوەی ژینا ئەمینیان لە شارەکانی کوردستانداو گۆڕ و کێلەکانیان شێوێنران، لە تورکیاش هەمان سیاسەت پەیڕەو دەکرێت.

ئەو دەستدرێژیانەی دەکرێتە سەر ئەو پەیکەر و وێنانە لە زۆرێک لە شارو شارۆچکەکانی هەرێم، لەوە دەرچووە دەستدرێژیەکی ئاسایی چەند گەنجێکی هەرزەکار بێت بۆ سەر پەیکەرێک، بەڵکو سەرچاوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ فیکرێکی سیاسی و بیڕوڕایەکی کۆمەڵایەتی کە بەدیوێکیدا نەتەوەکەی بەلاوە گرنگ نییەو پێی ئاساییە حکومێکی پانئیسلامی فرامانڕەوایی کورد بکات، بە دیوەکەی تریشدا هەڵگری بیروڕایەکی کۆمەڵایەتییە کە هیچ دیدێکی ئینسانی بۆ کەلتوور بە گشتی و، پرسی ژن و بابەتە کۆمەڵایەتییەکانی تر نییەو هەرگیزیش پێی قبوڵناکرێت " ژن " تێکۆشەرو رۆژنامەنووس و هونەرمەند بێت.

 لەسەر ئاستی جیهانی وڵاتێکی وەک ئیتالیا بە سەرمەشقی ئەو وڵاتانە دادەنرێت کە وڵاتەکە سیخناخە لە پەیکەر و زۆربەی هەر زۆری شوێنە گشتیەکان و گۆڕەپانەکان و شەقامە گشتییەکانی پڕن لە پەیکەری کەسایەتییە مێژوویی و هونەریەکانیان، شارێکی وەک فلۆرەنسا زۆرێک لە پەیکەرەکانی لیوناردۆ دافنشی و گالیلۆگالیلی کە دەگەرێنەوە بۆ سەردەمی رێنیسانس، بۆتە سامانێکی مرۆیی گەورەی جیهان و، رۆژانە لە شوێنە جیاجیاکانەوە سەردان دەکرێن.

فەرەنسا، وڵاتی دووەمە لەسەر ئاستی جیهانی پەیکەر و وێنەکانی بیریارانی وەک؛ دیکارت و فۆڵتێر و دەیان و سەدانی تر شوێنە گشتیەکانی ئەو وڵاتەی پڕکردووە. هەرچی ئەڵمانیایە پەیکەر و وێنەکانی کانت و نیتشە، برێختی باوکی شانۆی جیهانی و سەدانی تر لە هەموو کونجێکی ئەو وڵاتەدا بەدیدەکرێن.

لەم وڵاتانە ئەم پەیکەرانە وەک سەروەت و سامانێکی مەزنی نیشتمانی تەماشا دەکرێن و هەر دەستدرێژییەک بکرێتە سەر ئەم پەیکەرانە، تاوانبارەکان لە ٢ تا ٨ ساڵ زیندانی دەکرێن و بڕێکی زۆریش پارەیان وەک قەرەبوو لێدەسێندرێت.

لەو وڵاتانە بەپێی یاسا هەر سەرپچیکارێکی ئەم بوارە وەک تاوانبارێک تەماشا دەکرێت کە ئارامی و ئاسایشی وڵاتی تێکداوەو تاوانی بڵاوکردنەوەی رق و کینەی ئەنجامداوە.

سوتان، تێکدان و شکاندنی سمبولێکی مێژوویی، کەلتوری، یان کۆمەڵایەتی، چ جیاوازییەکی هەیە لەو گرووپەی سەرەتای ساڵی دوو هەزارەکان لەسەردەمی قەڵەمڕوی ئەنسار ئیسلامدا لە شاری بیارە لە باکوری هەڵەبجە، مەزاری شێخ عوسمانی بیارەیان تێکدا، هەروەها رێگایان دەگرت لە بچوکترین چالاکی ئەدەبی و هونەری و، بەرگێکی داعش ئاسایان بەسەر ئەو ناوچەیەدا سەپاندبوو.
ئەمانە هەموویان هەڵگری رێبازێکی فیکرین کە ئەگەر مۆڵەتیان پێبدرێت، کوردستان دەکەن بە کابولی تاڵیبان و بە سوریا و موسڵی سەردەمی داعش.

لە کوردستاندا دەکرێت چاڕەسەر داڕشتنی پلانێکی ستراتیژی بێت کە دینگەکانی چاکسازی بێت لە بواری یاساو پەروەردەوە و لەڕووی کەلتوریشەوە  گەڕانەوە بێت بۆ زیندوکردنەوەی کەلتوری جوانی و لێبوردەیی و ئینساندۆستی دەستبژێری شاعیر و گەورە نوسەرانی کوردی وەک؛ نالی و مەلا کەریمی مودەریس و عەلادین سوجادی و مەستەفا زەڵمی و ئەحمەدی خانی و حاجی قادری کۆیی و گۆرانی شاعیر و دەیانی تر.

 بۆ هێزە ئەمنییەکانی کوردستانیش هیچتان داوا لێناکەین، چونکە دەزانین گەر وێنەی سەرکردەیەکی خۆتان بشێوێنرێت لە بنی زەویدا بێت تاوانبارەکە دەدۆزنەوەو سزای دەدەن، داواتان لێدەکەین تەنها مەترێک زەوی ئاراممان لەم کوردستانە گەورەیەدا بۆ بدۆزنەوە با وێنەیەکی هیرۆ بەهادین و گوڵستان تارای تێدا هەڵبواسین. 


14/02/2025




وتارەکانی تری نوسەر