رۆژی ١ی حوزەیران لە یادی دامەزراندنی یەکێتی دا، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی حزبەکە، جگە لە ئەندامانی سەرکردایەتی حزبەکەی، میوانداری سەرکردەکانی چەند حزبێکی هەرێمی کوردستانی کردبوو، لەو بۆنەیەدا وتارێکی نە نوسراوی " سەرپێیی" پێشکەش کرد، کە من لەلای خۆمەوە چەند بڕگەیەک لە قسەکانی وەک خۆی دادەنێمەوەو، چەند پرسیار و کۆمێنتی ئاراستە دەکەم ؟
- لە بڕگەیەکدا بافڵ تاڵەبانی وتی " دەبێت جەبهەیەک دروستبکەین، حزبەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان کۆبێتەوە"، بەڕێزم تۆ لەبەر دراوسێکەی رۆژهەڵاتمان، هێندە ئازایەتی دەنوێنن لەگەڵ عەبدوڵای حەسەن زادەو عەبدوڵای موهتەدی و سەرکردەکانی حزبەکانی تری رۆژهەڵاتدا کۆبیتەوە؟ یان لەبەر تورکیا دەتوانیت لەگەڵ جەمیل بایەک و موراد قەرەیڵان لە بەرەیەکدا کۆببنەوە؟ شەڕی ئێران و ئەمەریکا لە ناوچەکەدا راوستاوە، تەنها هەرێمە رۆژانە رووبەڕووی مووشەک و درۆنەکانی ئێران دەبێتەوە، بەڵام تا ئێستا ئێوە نا توانن لە راگەیاندنەکانتاندا ئێران بە " دەستدرێژیکار" ناوزەد بکەن! ئیتر پێکهێنانی بەرەی چی؟
- لە بڕگەیەکی تردا دەڵێیت " مێژوویەکمان هەیە زێڕینەیە، هیچ لایەنێک نیەتی، بەڵام دەبێت ئایندەمان جوانتربێت". سەرەتا پێویستە بوترێت ئەم مێژوەی یەکێتی و پارتی هەیانە، رەنگە کەمترین پشکی تێکۆشانی نەوەی نوێی تاڵەبانی و بارزانییەکانی وەک ئێوەی تێدابێت. ئەمە جگە لەوەی یەکێتی هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە هێزێکی بەرەیی بوو، لە بنچینەدا یەکێتی لە دوای شکستی ١٩٧٥ وە وەک ئەلتەرناتیڤی پارتی دروستبوو، نوێنەرایەتی پانتاییەکی فراوانی دەستبژێری خوێنەواری شارەکانی دەکرد بەتایبەتی لە سلێمانی و شارو شارۆچکەکانی سەر بەم پارێزگایەو کەرکوک و تا رادەیەکش هەولێر و دەوروبەری، تا جەلال تاڵەبانیش گوڕ و تینی هەبوو، ئەم حزبە دووربوو لە بنەماڵەیی، بەڵام ئێستا ئەم حزبە بە هەموو پێوەرەکان بنەماڵەییە و هیچ جیاوازییەکی نەماوە لەگەڵ پارتیدا و هەردوو حزب یەک پێکهاتەی بنەماڵەیی ئەمنییان هەیە. ئایا یەکێتی هیچ پێودانگەیەکی حزبێکی مودێرنی تێدا ماوە؟ لە ئەندامی کارای سۆسیال دیموکراتەوە، وەرچەرخێ بۆ حزبێکی بنەماڵەیی؟
- لە بەشێکی تری قسەکانیدا، بافڵ تاڵەبانی وتی" بەمزوانە بەرنامەیەکی چوار ساڵی بۆ ئەم حکومەتەی کوردستان کە ( دەڵێن دروست دەبێت ) رادەگەیەنین، وشەی " دەڵێن دروستدەبێت " بە شۆخیەوە لە دەمی دەرچوو، بەو مانەیەی ئەو کابینەیەی کە زیاتر لە ١٨ مانگە دروست نەبووە، هشتا زووە بۆ پێکهێنانی، بەڵام پێویستە ئەو راستیە بزانن تۆ وەک بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەسرور بارزانی بەرپرسی یەکەمن لە پێکنەهێنانی کابینەی نوێ، کێشەی گەورەی ئێوەش لەوەدا کۆدەبێتەوە کە ناتوانن پێکەوە هەڵکەن و سیاسەت بکەن، تۆ هەموو رۆژێک دەتوانی خەزعەلی و رەیان کلدانی لە باوەش بگریت، مەسروریش بارزانیش هەموو رۆژێک دەتوانێت فیدان و ئەردۆغان لە باوەش بگرێت، بەڵام پێکەوە و لەگەڵ یەکدا ناتوانن کار و سیاسەت بکەن. ئایا سەرۆکی یەکێتی دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێ لەم هەلومەرجە هەستیارەی ناوچەکە و جیهاندا بەرەو دوو ئیدارەیی و هەڵوەشانەوەی هەرێممان نابات؟ ئینجا لەوەش دڵنیابە هەر کەسێک هەرێم بەرەو دوو ئیدارەیی بەرێت، ئەوا هیچی کەم نابێت لە خیانەتەکانی ٣١ی ئابی ١٦ ی ئۆکتۆبەر.
- لە بڕگەیەکی تردا سەرۆکی یەکێتی لە بارەی رۆڵی حزبەکەی لەسەر ئاستی هەرێمی و جیهانی، وتی" وڵاتانی دەوربەر سیقەیان بە یەکێتی یە، وڵاتە گەورەکانی ئەمەریکاو ئەورپا و روسیا و چین و وڵاتە دراوسێکانمان ئێران و وڵاتە عەرەبییەکان گوێی لە یەکێتی دەگرن؟ موشکیلەکانیان یەکێتی حەلی دەکات!!". سەرۆکی یەکێتی دەتوانی بە خەڵکی کوردستان بڵێیت چ کێشەیەکت بۆ ئەمەریکا و رووسیا و چین چارەسەر کردووە؟ کاکی برا تۆ پارێزگارێکی کوردت رادەستی تورکمان کرد، تا لە سایەیدا پەیوەندیەکانت لەگەڵ تورکیا باش بکەیت و هاوسەنگی بکەیتەوە لەگەڵ پارتی، ئێستا کێشەی چیت پێ چارەسەر دەکرێت؟ برای بەڕێز هەرێمی کوردستان چ هێزێکی ئابوری و دامەزراوەیی و نموونەیەکی جوانی دیموکراسی تێدایە تا بتوانێت بچوکترین کێشەی ناوچەکە چارەسەر بکات، بڕوا بکە وڵاتێکی جوانی وەک فەرەنسا و ئەڵمانیا و بەریتانیاش ئەو هەقە بەخۆیان نادەن بەو شێوەیە قسە بکەن، ئێستا ئەم هەرێمە کە پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی ئێکسپایرەو پەرلەمانێکی پەکخراو و، پێشمەرگەو هێزی ئەمنیەکەشی تا ئێستا حزبین و، ئێوەش بوونەتە دوو بنەماڵەی کوێخا؛ یەکێکتان حوکمی دەڤەری سۆران دەکات و ئەوی دیشیان لە دەڤەری هەولێر و بادینان، ئا لەم دۆخەدا نەک لەسەر ئاستی جیهان، بگرە لە ناوچەکەشدا نەک چارەسەری کێشەی وڵاتانتان پێ ناکرێت، بگرە کەس حسابتان بۆ ناکات، ئێوەو پارتی لەسەر ئەم عەقڵەبن هەرێم و تێکۆشانی سەدەیەک و، زیاتر لە نیو ملیۆن خوێنی شەهیدی باشووری کوردستانیش بە فیڕۆ دەدەن.