کابینەی ٩ لە ماوەی حەوت ساڵدا نە رێژەی هەژاری دابەزاندوە، نە رێژەی بێکاریش. بۆشایی نێوان هەژار و دەوڵەمەندیش گەورەتر بوە. داهاتی تاکەکەسیش بەرزنەبۆتەوە. خزمەتگوزارییە گشتییەکان زیاتر بە کەرتی تایبەتکراون و کەرتی گشتیی زیاتر دەکوژرێ بۆ ئەوەی خەڵک بەناچاری رو لە کەرتی تایبەت بکا، بە خوێندن و تەندروستیشەوە. دۆخی ژنان لە بازاڕی کاردا رۆژ دوای رۆژ خراپتر بوە. دەرچوانی زانکۆ بێئیش لێی دەسوڕێنەوە و هیچ هیوایەک نییە بۆ ئەوەی بتوانن کارێک بدۆزنەوە.
خودی داتاکانی حکومەت ئەوەی سەرەوە پیشان دەدا. حکومەت بانگەشەی ئەوە دەکات کە لە ماوەی ئەو حەوت ساڵەدا سەروی ٢٥٠ هەزار کاریان دروستکردوە، بەڵام بە شێوەیەکی هەرەمەکی دەنوسن کە گوایە ١٥٠ هەزار کار لەڕێی وەبەرهێنانەوە دروستکراوە.
ئەمە تەنانەت ئەگەر راستیش بێ، هێشتا حکومەت شکستخواردو بوە لە دروستکردنی کاردا کە یەکێکە لە گرنگترین بنەماکانی سەرکەوتنی هەر کابینەیەک.
لە ٢٠٢١ رێژەی بێکاری سەدا ١٦.٥ بوە، ئەمە بەپێی داتای حکومەت کە بڕوادەکرێ بەرزتر بێ. لە ٢٠٢٤ رێکخراوێکی هۆڵەندی لە لێکۆڵیەنوەیەکدا دەڵێ رێژەی بێکاری لەناو گەنجاندا سەدا ٢٧ە. ساڵانە دەیان هەزار خوێندکار لە زانکۆکان دەردەچن و هەزاران تەمەنی ١٨ ساڵی تێپەڕ دەکەن و ئامادەن بۆ کار بێئەوەی هیچ هیوایەکیان هەبێ کە کاریان دەستبکەوێ.
مەسرور بارزانی ٧ ساڵ پێش ئێستا گوتی <<کوردستانێکی بەهێزتر>>، بەڵام ئێستا کوردستان لە هەرکاتێک بێهێزترە.