کۆن دەمرێ‌ و نوێ لەدایک نابێت

که‌مال چۆمانی
فەیلەسوفی ئیتاڵی ئەنتۆنیۆ گرامشی لەنامیلکەکانی زینداندا لە1930، لەهەڵسەنگاندنی ڕۆژانی سەرهەڵدانی فاشیزم‌و شکستی وەڵامدانەوەی هێزە دیموکراتخوازە چەپەکان بۆ قەیرانەکانی کاپیتالیزم، وتی، (قەیران ڕێک لەو ڕاستییەدایە کە کۆن دەمرێ‌و نوێش ناتوانێت لەدایک ببێت؛ لەو دۆخە ناحکومڕانییەدا interregnum نیشانەی گەورەی جۆراوجۆری دەردەکەون morbid symptoms).

کە نوێ نەیتوانی لەدایک ببێت‌و وەڵامدەرەوەی قۆناغی شکست‌و ناحکومڕانی‌و دۆخی خراپی ئابوریی‌و سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی بێ، کە کۆنیش بمرێ، دەرفەت بۆ هێزو کەسی فاشیست‌و نادیموکرات دروستدەبێت. ئەندریا مولهیلباخ لە 2016 لەوتارێکدا لەزنجیرە وتاری قەیرانەکانی لیبراڵیزم ناوی لەو دۆخە نا (ساتی دڕندەکان).

ئێستا هەرێمی کوردستانی عێراق بەو دۆخەدا ڕەتدەبێ، کۆن یا مردوە یان وا دەمرێ، نوێش ناتوانێت لەدایک ببێت. ئەو قۆناغەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ساتی جێگرتنی دڕندەکانە. ساتی کوشتنی هیواکانی خەڵکە بەدیموکراسی، عەدالەتی کۆمەڵایەتی‌و ئابوری‌و خۆشگوزەرانی.

لەدیداری هەولێری ڕوداوی نێچیرڤان بارزانی کە تێیدا گروپێک خەڵکی ناکورد هاتبون بەعەقڵییەتە ئۆریێنتالیستەکەیانەوە نەسیحەتی کوردیان دەکرد، دانی بەوەدانا ئەوەی خۆی لە20 ساڵی ڕابردودا دروستیکردوە، شکستە، نە ئابورییەو نە سیاسەت. هەر سیاسەتکارێک‌و بەرپرسێکی حکومەت دەمدەکاتەوە، باسی شکست‌و تاڵانی دەکات‌و دان بەوەدا دەنێ دوای ڕاپەڕین چەندە سەرکەوتنە دوو ئەوەندە شکست‌و گەندەڵی‌و تاڵانی‌و چەتەگەرایی ئابوری. قانونەکان بنپێدەخرێن‌و هیچ دەرفەتێک نییە بۆ چاکسازیی‌و گۆڕانکاریی.

لەهەموی مەترسیدارتر، لەداییکنەبونی نوێیە، نوێ بەو مانایەی کە خاوەنی پڕۆژەیەکی سیاسیی، ئابوریی‌و کۆمەڵایەتی بێ کە وەڵامدەرەوەی ئەو قەیرانە سیاسی، ئابوری، کۆمەڵایەتی، عەسکەری‌و حوکمڕانییانەی هەرێمی کوردستانی عێراق بێ. ئەوەی ئیدیعای نوێ دەکا، لەگەڵ خودی سیستەمدا، یا ڕونتر لەگەڵ یەکێتی‌و پارتیدا تەنها لەبانگەشەکانیان جیاوازن. نوێ لەداییکنابێ کە ئەگەر کاری دەستەجەمعیی گەورە نەکرێ. من شتێکی ئەوتۆ ئاشکراناکەم کە باس لەگەندەڵی‌و چەتەگەرایی بکەم، ئەوە بانگەشەی سەرۆکایەتی هەرێم‌و حکومەتیشن.

گەورەترین پرسیارێک کە کەسمان وەڵاممان بۆی نییە ئەوەیە؛ چی بکەین؟ چی بکەین تا نوێ لەداییکبێ‌و دڕندەکان نەتوانن زیاتر ئێستامان وێرانبکەن‌و داهاتوشمان بسوتێنن؟ چی بکەین تا نوێیەک لەداییکببێ‌و ڕێ لەوەبگرێ کە فاشیزم باڵی بەسەر ئیتاڵیاو ئەڵمانیادا کێشاو دوای شکستی بەهاری عەرەبی عەبدولفەتاح سیسی جارێکی تر میسری وێرانکردەوە. چی بکەین تائەوەی سبەینێ دێ لەئەمڕۆو دوێنێ خراپتر نابێ؟

قسەیەکی واڵتەر بنیامین زۆر دوبارە دەکرێتەوە کە دەڵێ (لەپشتی هەمو فاشیزمێکەوە شکستی شۆڕشێک هەیە) ئەو فاشیزمەی لەئێران هەیە، شکستی شۆڕشی ئیسلامیی 1979یە. ئەو گەندەڵی‌و نادیموکراسی‌و چەتەگەرایییەی لەهەرێمی کوردستانی عێراقیش هەیە، شکستی ڕاپەڕین‌و بزوتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردییە کە پڕۆژەیەک بوو لەباشترین دۆخیدا بۆ ڕزگاری کوردستان بوو نەک پارادایمێکی نوێی ژیانکردن‌و سیاسەت‌و حوکمڕانیی پێبێ.

پرسیاری چی بکەین، وڵامەکەی قورسە، بەڵام مەحاڵ نییە. پێویستمان بەخوێندنەوەیەکی نوێیە بۆ تێگەییشتن لەکۆمەڵگه‌ی خۆمان‌و حکومڕانیی‌و سیاسەتی هەرێمی کوردستان، پێویستە لەبری ئەوەی هەرکەسەو لەشوێنێکی کوردستانەوە، بەجیاو بەدیدێکی تەسکەوە، بەدیدێکی پاوانخوازانەوە، بەتێڕوانینێکی جیاکارانەوە، بەعەقڵییەتێکی پیاوسالارانەو ئیگۆیەکی پیاوانەوە، بەخۆجیاکردنەوەو دژ بەئیشی دەستەجەمعی، ئیشی دەستەجەمعی دەستپێبکرێ‌و دیبێیت نەبێ بۆئەوەی کێ شوێنی کێ دەگرێتەوە، بەڵکو پارادایمێکی نوێ پێشبخرێ‌و گفتوگۆی لەسەربکرێ بۆ ئەوەی کوردستانمان زیاتر نەکەوێتە بندەستی دڕندەکان‌و نوێیەک لەداییکببێت کە ڕێبگرێ لەوەی کوردستان هێندەی دی بکەوێتە ژێردەستی هێزو کەسی تاریکپەرست‌و کۆنەپارێزو نادیموکراتیک.

ئەمڕۆ زۆرن ئەو هێزو کەسانەی پێیانوایە نوێن‌و لەداییکدەبن، بەڵام لەڕاستیدا بەو عەقڵییەت‌و جۆری کارکردنەیان، بەو کۆنەپارێزی‌و تێنەگەییشتن لەدۆخەکەو هەڵپەی دەستەڵات، نەک ناتوانن لەداییکبن، بەڵکو یارمەتیدەرێکی باشی دڕندەکانیش دەبن بۆ زیاتر خۆسەپاندن‌و بێهیواکردنی کۆمەڵگا.

07/03/2023



وتارەکانی تری نوسەر