بۆچی پێویستە دژایەتی هەژماری من بکەین؟

که‌مال چۆمانی
پارتی دەیەوێ دژایەتیکردنی هەژماری من ببەستێتەوە بە دژایەتیکردنی خۆی و کوردستان، بەڵام پارتی بێئاگایە لەوەی دژایەتیی جەماوەر ئاگایانە و نائاگایانە پەیوەستە بەو هۆشیارییە جەماوەرییەی کە دژی سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابوری لە کوردستان دروستبوە. ئەو سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابوری لەسەر کوردستان کۆمەڵگای دابەشکردوە بەسەر کەینەیەکی خۆشژی و زۆرینەیەکی مەمرەومەژی. 

بەتایبەتکردنی کۆی جومگە ئابورییەکان و حکومەت، چیتر لای گەلی کوردستان قبوڵ ناکرێ. گەلی کوردستان لە دێرزەمانەوە گەلێک بوە هەرەوەزییانە و سۆشیالیستانە ژیاوە. خەڵک دەبینێ چۆن حکومەت بچوکدەکرێتەوە و دەدرێتە کەرتی تایبەت، کەرتی تایبەتیش هی بنەماڵە دەستڕۆییشتوەکان. 

ئەو سیاسەتی نیولیبرالیزمی ئابورییە تەنانەت لە ئەمریکا و بەڕیتانیاش وا دوژمنەکانی هەر رۆژ زیاتر دەبن، بە ئەوانەی ناو سیستەمەکەشەوە. 

بۆیە دژایەتیکردنی هەژماری من دژایەتیکردنی زیاتر بەتایبەتتکردنی کەرتی گشتییە کە پارتی و حکومەتی هەرێم نوێنەرایەتی دەکەن. رەتکردنەوەی هەر بانقێکی کەرتی تایبەت پەیوەست بە موچەی فەرمانبەرانەوە، ئەرکێکی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و نەتەوەیی و دینییە. 

پارتی و یەکێتی چۆن لە بەرانبەر زانکۆ و قوتابخانە و نەخۆشخانە گشتییەکاندا زانکۆ و قوتابخانە و نەخۆشانە تایبەتەکانی خۆیانیان گەشەپێکردوە، دەیانەوێ هەرچی جومگەی ئابوریی کوردستان هەیە دەستی بەسەردا بگرن. دژایەتیکردنی ئەو سیاسەتی بەتایبەتکردنە، گەورەترین خزمەتە بە کوردستان و گەلەکەی. 

بە کورتی، چ حکومەتی هەرێمی کوردستان چ حکومەتی عێراق ئەگەر چارەسەرییەکەیان حکومەت بو، پێویستە پشتیوانییان بکرێ، خۆ ئەگەر چارەسەرییەکەیان کەرتی تایبەت بو، دژایەتیکردنیان ئەرکە. با کەرتی تایبەت ئیش خۆی بکات و حکومەتیش ئیشی خۆی. بودجەی حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان زۆربەی لە داهاتی نەوتە، ئەگەر حکومەت ناتوانێت ئەو داهاتە رێکبخات، تاوانی حکومەت نییە، تاوانی جەهلی سیاسییەکان و گەندەڵیی و ویستە سەرمایەدارییەکانی بەرپرسانی حکومەتە. چ پێویست دەکات خەڵک باجی جەهلی سیاسەتکاران و  ویستە سەرمایەدارییەکانیان بدات؟

26/04/2024



وتارەکانی تری نوسەر