ئه‌و كوڕه‌ی پاش كوشتنی دایكی خۆیشی كوشت
ته‌له‌فون بۆ خزمێكی ده‌كات "دایكم كوشتوه ته‌رمه‌كه‌ی له ماڵه‌وه‌یه ، ئێستا له سه‌ر قه‌برانم خۆیشم ده‌كوژم "
تا خزم و پۆلیس ده‌گه‌ن ئیدی ئه‌ویش ته‌رمێكی سارد‌و سڕه ، ئه‌مه نابێت وه‌ك هه‌واڵێك لێیبڕوانین ، هه‌واڵێكی ساده‌و هیچی تر ، ئه‌وه‌ش ئه‌و په‌ڕی نه‌زانی و نائاگاییه ئه‌و هه‌موو میدیا‌و ماس میدیایه بیكه‌نه هه‌واڵێكی ساده‌و له بنج و بنه‌وانی ئه‌م تراژیدیا گه‌وره‌یه نه‌كۆڵنه‌وه .
ئه‌گه‌ر كورد رۆماننووسی باشی هه‌بێت چیرۆكی ئه‌م كوشتنه ده‌شێت رۆمانێكی كاریگه‌ری لێبه‌رهه‌م بێت ، نه‌له مێژوی كوردا نه‌له مێژوی جیهاندا ئه‌مه یه‌كه‌م دایك نیه به ده‌ستی كوڕه‌كه‌ی بكوژرێت ، دوادایكیش نابێت ، به‌ڵام تراژیدیاكه له ته‌له‌فونه‌كه‌وه ده‌ستپێناكات ، كه ئاخۆ باسی چی تر كراوه‌و خزمه‌كه چی تری به كوڕه‌كه وتوه ، تراژیدیاكه له‌وێوه ده‌ست پێده‌كات كوڕه‌كه له به‌ر نه‌بوونی كڕیار‌و ده‌رنه‌هێنان بۆی پێشتر دوكانه‌كه‌ی داخستوه ، ئه‌مه قسه‌ی خزمه‌كه‌یه‌تی ، نه‌بوونی و نه‌داری و ده‌ستته‌نگی كاره‌سات دروستده‌كات ، ناكرێت بڵێین بابه ئه‌وه روداوێكه‌و ته‌واو ، ئه‌وه روداوێكی ئاسایی نیه ، ئه‌وه دایك كوشتنه، دایككوشتن ره‌نگه هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه بووبێت كه ئه‌م كوڕه نه‌یویستبێت دوای مه‌رگی خۆی دایكی به نه‌داری و نه‌بوونی بژێت ، ئێستا پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه ، له نێو ئه‌م دڵبه‌ردی ژیانه‌دا ئه‌و كوڕه ویستویه‌تی چاكه له گه‌ڵ دایكیا بكات یان تاوانێكی گه‌وره‌ی ده‌رهه‌ق كردووه ، چركه ساتی بیركردنه‌وه‌و بڕیاردانی كوشتن ئاوه‌ز كوێر ده‌بێت.
ئه‌م روداوه به كاریگه‌ریه ناخهه‌ژێنه‌كه‌یه‌وه درێژكراوه‌ی هه‌موو ئه‌و روداوانه‌ی چه‌ند ساڵ پێشتره ، كه دایك مناڵی خۆی ده‌كوژێت ، باوك جه‌رگی خۆی ده‌بڕێت ، كوڕه ئه‌و كچه خه‌ڵتانی خوێنده‌كات كه گوایه پێشتر خۆشیویستوه ، پێشمه‌رگه خۆی هه‌ڵده‌واسێت ، كچێك كه‌می نمره‌كانی ده‌بنه هۆیه‌ك بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بسوتێنێ ، روداوی دیكه ئه‌مانه به‌شێكن له وێرانبوونی كۆمه‌ڵگه‌ی ئێمه كه " سیاسیه‌كان، تاڵانچیه‌كان ، میدیاكان ،پیاوانی ئاینی ، زانكۆ‌و په‌یمانگاو ناوه‌نده‌كانی خوێندن " تا دوای لێی به‌رپرسن ، هۆكاری زیادبوونی ئه‌م وێرانیه‌ن ، له گه‌ڵ هه‌موو ئه‌وانه‌شدا درامای توركی كه ئیدی هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كی ئاكاری به‌ره‌و هه‌ڵوه‌شانه‌وه بردوه.
له‌م دۆزه‌خه‌دا كه خودی خۆمان و ئه‌و ده‌سته‌بژێرانه‌ی ده‌بوو دنیای باشتر بۆ ئێستا‌و ئاینده ده‌سته به‌ر بكه‌ن دروستمان كردووه ، رۆژ به رۆژ مۆراڵی كۆمه‌ڵایه‌تی و پیرۆزیه‌كانی مرۆڤ ڕووبه ڕووی هه‌ره‌س و تێك‌شكان ده‌بنه‌وه ، ئێمه له به‌رده‌م تێكشكانێكی ئاكاری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌رونی گه‌وره داین ، ئه‌وه چ كاره‌ساتێكه كوڕێك دایكی خۆی بكوژێت و دواتریش زۆر خوێنساردانه هه‌واڵه‌كه بدات به خزمێكی خۆی و خۆیشی بكوژێت، له بری ئه‌وه‌ی سیاسیه‌كان دژی یه‌كتر بن و چاڵ بۆ یه‌كتر هه‌ڵبكه‌نن، له بری ئه‌وه‌ی پیاوانی ئاینی هێنده له خه‌یاڵی ئه‌وه‌دابن یه‌كشكێنی بكه‌ن و داوو بۆیه‌كتر بنه‌نه‌وه ، له بری ئه‌وه‌ی مامۆستایانی په‌روه‌رده خه‌یاڵیان لای وانه‌ی تایبه‌تی بێت و هه‌ردوو بواری په‌روه‌رده‌و فێركردنیان گرێدابێت به وه‌رگرتنی موچه‌كه‌یانه‌وه ، پێویسته شۆڕشێكی چاكسازی گه‌وره بكرێت ، شۆڕشی گێڕانه‌وه‌ی ئاكار ، شۆڕشی ئاشتكردنه‌وه‌ی مرۆڤ له گه‌ڵ خۆی .
كوڕێك دایكی خۆی ده‌كوژێت و ده‌سه‌ڵات و میدیا‌و خه‌ڵك و پیاوانی ئاینیش ته‌ماشا ده‌كه‌ن و هیچ ناڵێن ،له كاتێكا پیاوانی ئاینی زۆر باش ده‌زانن كه قورئان رێنماییان ده‌كات كه مناڵه‌كان له‌به‌رده‌م دایك و باوكیاندا ئۆفیش نه‌كه‌ن ، مه‌لاكان له بری رێنمای و ئامۆژگاری ژیرانه ، یه‌كێكێیان له شاشه‌ی ته‌له فیزیۆنه‌وه به خاتونێك ده‌ڵێت "مادام مێرده‌كه‌ت نوێژ ناكات لێی جیابه‌ره‌وه " وه‌رن ئه‌م قسه‌یه به‌راورد بكه‌ن به هه‌ڵوێست و مه‌لایه‌تی مه‌وله‌وی و مه‌لا عه‌بدولكه‌ریمی موده‌ڕیس و مه‌لاكانی پێشین ، وه‌ره كه‌ناڵه‌كه‌ت ناوی ئامۆژگاری بێت و كار بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی خێزان بكه‌یت ، مه‌لابیت و له كه‌ناڵێكی ته‌له فیزیۆنه‌وه بڵێی " ئێزدی پیسن " مه‌لابیت و باسی شه‌هوانیه‌تی خۆت بكه‌یت ، مه‌لابیت و هه‌موو جه‌سته‌ی ژن به عه‌یبه‌و كێماسی و عه‌وره‌ت بزانی ، مه‌لا بیت و مینبه‌ر بكه‌یته سه‌نگه‌ر جنێودان و سوكایه‌تی به‌وانی تر ، سیاسی بیت و نه‌توانی چوار رسته‌ی ئاوه‌زی بڵێیت ، له بری قسه‌ی سه‌نگین و شه‌ڕی به ده‌ستهێنانی ده‌سه‌ڵات له رێگه‌ی جیاوازی ئه‌رێنیه‌وه بازاڕی جنێو گه‌رم بكه‌یت ، مامۆستای زانكۆ بیت و به فێرخوازه‌كانت بڵێی" فێر ده‌بن یان نا به جه‌هه‌نه‌م من موچه‌ی خۆم وه‌رده‌گرم " .
ئێمه له دنیایه‌كی ته‌واو شێواوداین ، ده‌مێكه كه‌سانی وه‌ك دكتۆر كه‌ریم شه‌ریف قه‌ره‌چه‌تانی و نمونه‌ی وه‌ك ئه‌و هاوار ده‌كه‌ن و داد‌و بێدادیانه‌و كه‌س گوێ ناگرێت ، خه‌ریكه هه‌موو په‌یوه‌ندیه‌كی ئاكاری هه‌ڵده‌وه‌شێته‌وه ، جاران خه‌ڵك خۆی له كاری خراپ ده‌پاراست و چاوی له‌وانه ناكرد كه به ناشه‌رعی ده‌بن به خاوه‌ن سه‌رمایه‌و پله‌و پۆست ، ئێستا كێبڕكێ له سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت و فڵانی ده‌ڵێت چۆن ده‌بێت ئه‌وی تر ئه‌و هه‌موو شته‌ی هه‌بێت و من نه‌مبێ ، ئێمه ته‌نها شۆڕشێكی ئاكاریمان پێویسته ، شۆڕشێك فێرمانبكات چۆن رێز له یه‌كتر بگرین ، چۆن یه‌كتر بۆ شكاندن و سوكایه‌تی به یه‌ك هاننه‌ده‌ین ، چۆن باری ده‌رونی خۆمان چاكبكه‌ینه‌وه‌و دڵنیایی ژیانی باشتر بده‌ین به یه‌كتر .