یه‌ك دوو رۆژ له‌مه‌وبه‌ر خاتو ئان كلود ئه‌ندامی پارله‌مانی به‌ریتانی و یه‌كێك له ناسراوترین داكۆكی كاره‌كانی مافی مرۆڤ كۆچی دوای كرد ، ئانكلود له دوای سته‌مكاری ئه‌نفاله‌وه خۆبه‌خشانه داكۆكی له مافی كوردان ده‌كرد و دوای ڕاپه‌ڕینیش سه‌رسه‌ختانه تر ئه‌و كاره‌ی ده‌كردو سه‌ردانی كوردستان و كه‌س و كاری قوربانیه‌كانی ده‌كرد ، من جارێ دوان له گه‌ڵی دانیشتوم ، كه‌سێكی خه‌مخۆرو به هه‌ڵوێست بوو ، كاتی خۆی ده‌نگۆی گه‌نده‌ڵی و هه‌ندێك پڕ‌و پاگه‌نده‌یان دواخست ، لاموابێت توشی كێشه‌و گرفتیش بوو ، نازانم ئه‌و بابه‌ته تاچه‌ند ڕاست بوو ، یه‌ك دوو دۆستی ده‌ره‌وه‌ش به تایبه‌ت له به‌ریتانیا پێیان ووتم وایه ، لێ ئه‌مه هه‌رگیز ناكاته ئه‌وه‌ی رێز له هه‌ڵوێستی به‌رانبه‌ر كوردنه‌گرین ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه ئانكلود له‌و كاره‌كته‌ره سیاسیه ده‌گمه‌نانه بوو كه زۆر دژی دیكتاتۆریه‌ت بوو ، ئه‌و به‌رده‌وام زۆر به توندی له سه‌ر سه‌دام و سته‌مكاری هه‌ڵوێستی ده‌نواند .
پێمخۆشه له كۆچی ئه‌و خاتونه‌دا ڕاستیه‌ك بڵێم كه كورد به تایبه‌ت پارتی و یه‌كێتی له بری ئه‌وه‌ی دۆسته‌كان به پاكی و به بایه‌خه‌وه بهێڵنه‌وه ، زۆر جار ده‌بنه هۆی ناشرینكردنی ئه‌وان ، من ترسی ئه‌وه‌م هه‌بوو خاتوو ئانكلودیش شیرینی وه‌رگرتبێت ، به‌ڵام هیچ به‌ڵگه‌یه‌ك له‌و باره‌یه‌وه نیه ، گه‌رچی به پێدانی شیرینی و به‌رتیلی ناقۆڵاو ناپێویست زۆر جار له بری سود له دۆسته‌كانمان ببینین زیانمان له ده‌ستیان كردووه ، ناوی كه‌سانێكم لایه‌كه بێبه‌رانبه‌ر داكۆكیان له كورد كردووه ، كه‌چی حزب هه‌بووه به‌لای خۆیدا ڕایكێشاوه‌و له بری لێی گه‌ڕێت كاری خۆی بكات ناشرینی كردووه .
مه‌رگی ئانكلود مه‌رگی دۆستێكی كورده ، له‌وانه‌ی له كاری دیبلۆماسیداو بۆ لۆبی كردن زۆرمان پێویست پێیانه ، كورد تا ئێستا نه‌یتوانیوه سودی ئه‌رێنی و پێویست له‌و جۆره دۆستانه ببینێت ، هه‌ڵبه‌ت هۆكاره‌كه‌ش هه‌ر ئه‌وه‌یه كه كورد هه‌میشه به چاویلكه‌ی حزبه‌وه كوردایه‌تی ده‌كات ، یان زۆرینه وان ، داخی گرانم ئه‌وه‌ش وای كردووه دۆسته‌كانمان به‌شی زۆریان حسابی تورێكی قوڕاویمان بۆ نه‌كه‌ن و له‌وه‌ش په‌شیمان بنه‌وه كه بۆیان كردووین ، درود بۆ ئه‌و خاتوونه و گیانی شاد .