1
له‌وه‌ته‌ی وه‌زیری پێشمه‌رگه له سه‌ر به‌شی یه‌كێتی وه‌زاره‌تی به جێهێشتووه ، شتێك نه‌ماوه‌ته‌وه به ناوی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه ، كابینه‌ی نۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كه ئێستا حكومه‌تی كار به‌ڕێكه‌رو ماوه به‌سه‌ر چووه ،رۆژ له دوای رۆژیش حكومه‌تی عیراقی زیاتر له مه‌نگه‌نه‌ی ئه‌دات ، به شێوه‌یه‌كی زۆر خه‌راپ مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كانیدا كرد ، به تایبه‌ت مامه‌ڵه‌ی له گه‌ڵ یه‌كێتی ، روداوه‌كانی هه‌شتی ته‌موزی 2021 و لێكترازانی یه‌كێتی وه‌ك هه‌لێك زانرا بۆئه‌وه‌ی ئه‌م كابینه‌یه كار له سه‌ر زیاتر شێواندنی نێو ماڵی یه‌كێتی بكات ، هه‌ر ئه‌و نمونه‌یه‌ی كه ئه‌م كابینه‌یه ڕێگره له‌وه‌ی یه‌كێتی كاره‌كته‌ره‌كانی نێو حكومه‌تی بگۆڕێت و نه‌ك هه‌ر ئه‌وه‌ش ڕێگره له‌وه‌ی پله‌ی یه‌كێتیه‌كان به‌رز بكرێته‌وه ، نمونه‌كه‌ی "لیوا به‌ختیار" ده‌یسه‌لمێنێت كه مامه‌ڵه‌ی كابینه‌كه له گه‌ڵ هاوبه‌شه‌كه‌ی دوژمنكارانه‌یه‌و كه‌چی ئه‌و هاوبه‌شه‌كه‌ی به‌وه تۆمه‌تباری ده‌كات كێشه حزبیه‌كان دێنێته نێو حكومه‌ته‌وه ، ئه‌م كابینه‌یه هیچی نه‌كردبێت ئه‌وه‌ی كرد كه پێشمه‌رگه‌ی زیاتر به حزبی كرده‌وه ، ئه‌وه‌ش سه‌ره‌تایه‌كه بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه .
2
ڕۆیشتنی وه‌زیری پێشمه‌رگه به‌شێكی په‌یوه‌ست بوو به‌و فشارانه‌وه كه له سه‌ری بوو ، له‌لایه‌ك فشاری حزبه‌كه‌ی خۆی به‌وه‌ی ناكرێت ڕۆڵی وه‌زیرو جێگره‌كه‌ی هه‌مان ڕۆڵ بێت و بگره هه‌ندێ جار جێگر زیاتر ده‌ستی بڕوات ، له‌لایه‌ك حزبی به‌رانبه‌ر كه سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌وانه‌و ، له لایه‌كی دیكه‌شه‌وه هاوپه‌یمانان كه به‌رده‌وام داوایان لێده‌كرد په‌له بكات له یه‌كخستنی پێشمه‌رگه ، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت به به‌رچاوی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌وه نادادی زۆر له هه‌موو بواره‌كاندا ده‌كرا ، من به‌رله‌وه‌ی بڕوات ووه‌زاره‌ت به جێبهێڵێت وتارێكم له به‌رڕۆشنای هه‌ندێ زانیاری ده‌می هاوپه‌یمانان له سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كه نووسی ، ئه‌و له ڕێگه‌یه‌كه‌وه هه‌واڵی بۆ ناردم ئه‌وه‌ی من نووسیوومه هه‌مووی وایه‌و كێشه‌ی دیكه‌ش هه‌یه ، زۆری پێنه‌چوو ئه‌و سه‌ریهه‌ڵگرت ، جێگره‌كه‌یشی بووبه كول فیكول له‌وه‌زاره‌ت و نه‌ك هه‌ر واژوی وه‌زیری بۆ كار‌و بار‌و ده‌سكه‌وتی خۆی به كار هێنا ، بگره ده‌ستی كرد به ده‌ستبه‌سه‌ردا گرتنی وه‌زاره‌ت و هه‌روه‌ها ڕاپۆرت دان له یه‌كێتیه‌كان و دواتریش گۆڕینی كۆدی كۆمبیه‌ته‌ره‌كان و تادوای ، ئێستا نه‌ك هه‌ر وه‌زاره‌ت وه‌زاره‌تێكی حزبی به‌حته ، به‌رده‌وام مه‌ترسی هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی زیاتری وه‌زاره‌ت هه‌یه‌و ، كه‌سیش نیه ئاوه‌زیانه بیر بكاته‌وه‌و كێشه‌كان چاره‌سه‌ر بكات .
3
هاوپه‌یمانان نه‌ك له دۆخی نێو وه‌زاره‌ت و بار‌و دۆخی پێشمه‌رگه نیگه‌رانن ، بگره زۆر توڕه‌ن ، دۆستێكی بیانی پێی ووتم ،" قوڕ به‌سه‌ر میله‌تێك خه‌ڵك له ئه‌مه‌ریكاو فه‌ڕه‌نساو به‌ریتانیاو هۆڵه‌نداوه دێت داوای یه‌كخستنی پێشمه‌رگه‌یان لێده‌كات ، كه‌چی سه‌رۆكی ئه‌و حكومه‌ته ده‌ڵێت نابێت پله‌ی فڵانی سه‌ر به‌یه‌كێتی به‌رز بكرێته‌وه " ئه‌و دۆسته‌م چه‌ند ساڵێك یوو له‌م وڵاته له كورد زیاتر له‌خه‌می ئه‌وه‌دا بوو كوردستانێكی باشتر ببینێت له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوودا دوعا خوازی كرد‌و به‌یه‌كجاری ئێره‌ی به جێهێشت ، توڕه‌یی هاوپه‌یمانان به ڕاده‌یه‌كه كه ئه‌گه‌ر تا كۆتای ئه‌مساڵ هه‌ندێك هه‌نگاوی ئه‌رێنی له حكومه‌ت و لایه‌نه په‌یوه‌ندیداره‌كان نه‌بینن ، ڕه‌نگه وه‌زاره‌ت و هه‌رێمه‌كه‌ش بده‌نه ده‌ست " ڕه‌شه‌بای قه‌ده‌ره‌وه " وه‌ك چۆن كاتی خۆی كورد كه‌ركوكی دایه ده‌ست هه‌مان ڕه‌شه‌باوه ، ئه‌م كابینه‌یه نه‌ك نه‌یتوانی كه‌م و كوڕیه‌كانی كابینه‌كانی پێشتر له‌و وه‌زاره‌ته‌و له وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه چاره سه‌ر بكات ، دۆخێكی دروستكرد مرۆڤ خۆزگه به ڕابردوو بخوازێت ، به‌ڵگه نا، به‌ڵام گومانم هه‌یه كه‌ده‌ستی ده‌ره‌كی له‌م تێكدانی په‌یوه‌ندیه‌دا رۆڵی هه‌یه .
4
هاوپه‌یمانان دركی زۆر شتیان كردووه‌و نایانه‌وێت كورد له‌وه زیاتر بچوك بكرێته‌وه ، حكومه‌تی عیراقی چه‌ند ساڵێكه كار بۆ ئه‌وه ده‌كات چه‌كدارو حه‌شدی شه‌عبی و حه‌شدی كوردی دروست بكات ، پێشتر هه‌وڵیان دا سه‌رنه‌كه‌وت و به هه‌ر هۆیه‌ك بوو ئه‌وانه‌ی به ته‌ما بوون په‌شیمان كرانه‌وه ، ئێستا دوو باره ئه‌و كاره له دوزخورماتوو شوێنگه‌لی دیكه كاری له سه‌ر ده‌كرێت ،ئه‌مه سه‌ره‌تایه‌كی ترسناكه‌و ڕه‌نگه داهاتوو هه‌نگاوه‌كان مه‌ترسی گه‌وره‌یان لێبكه‌وێته‌وه ، ململانێی نێو وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌و بوونی میلیشیاكانی هه‌فتاو هه‌شتاو میلیشیاگه‌لی دیكه ، دواجار هه‌ر ئه‌وه‌ی لێده‌كه‌وێته‌وه ، پێش چه‌ند ساڵ كاتێك مسته‌فای سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه بوو " مه‌لا فه‌رمان ، عه‌ول ، ئه‌حمه‌د عه‌زیز ، له‌تیف فاتیح " باسی بۆشای ئه‌م ناوچانه‌مان كرد و داوامان كرد یه‌ك دوو لیوا بۆ كه‌ركوك ، خورماتوو، داقوق و شوێنه‌كانی تر دروستبكرێت ، ته‌نانه‌ت ناوێكی زۆریشمان ئاماده كرد ، به‌ڵام هیچ نه‌كراو ئه‌وه‌ش دۆخی ئێستا .