نان وئازادی

لەتیف فاتیح


ئەگەر مرۆڤ خۆی تەرخانبکات بۆ وەڵامی ئەو هەموو نائاوەزیەی بەرپرسانی کوردستان، دەبێت تەمەنی نوح داوا بکات،  ئەوانەی کەدەڵێن پارەو موچە چیەو خەڵک لەبرسا نەمردوە، هەریەکەو بای هەزار ساڵ گەندەڵی و دزی و فزیان کردووەو هەرچی نەشێ کردویانە بۆئەوەی بۆ دە نەوەی داهاتوشیان بخۆن وبڕێن و بخەون، ئەوان ئاگایان لەوپاکەوانە نیە کە موچەکەی نەبێ دەبێ دەست پانبکاتەوە، ئاگایان لەوهەموو دەرچووەدانەمەزراوەی زانکۆو پەیمانگایانە نیە، کەڕوویان نایەت داوای هاوکاری لەدایک و باوکیشیان بکەن، ئەوان لەبری ئۆتۆمبیلی دوامۆدێل فڕۆکەو لەبری جادەی پڕتاسەو کەندو لەند جادەی تایبەت و کارەبای فول و زانکۆی تایبەت و لەماڵەکانیاندا مەلاوانگەو هۆڵی وەرزش و ساوناو باڕو، سینەماو هەرچی دەڵێی هەیانەو دێن باسی ئازادی بێ نان بۆ خەڵک دەکەن، وەک ئەوەی خەڵک نەزانێ سی و سێ ساڵە ئەوان چی دەبەن و چی دەدزن، ئەوان ڕۆژگارێ ئەو تەحین و دۆشاوەشیان دەدزی کەهاوپەیمانان بۆ خەڵکیان دەهێنا، ئەو کاوجۆیەشیان دەخوارد، کەڕێکخراوێک بەخێر بۆ گوندە وێرانەکانی دەنارد، ئازادی ڕووت بەبێ قوت درۆیەکی گەورەیە، بڕۆن سەیری خوان و گیرفانی هەژارەکان بکەن، نەک خوان و گیرفانی خۆتان.

باسی ئازادی بۆ برسی قسەی قۆڕ زیاتر نیە، نەخۆش و بەلەنگازو پێ پارەو دەربەدەر چی لەو ئازادیە بکەن کەتۆ بەویستی خۆت چوار چێوەت بۆ کێشاوەو تەنها لەوێدا قەبوڵی دەکەی کەتۆ گەورەو سەردار بیت و هیچ قسەیەک لەقسەتا نەکرێت، تۆ پێت وایە ئێمە لەنرخی ئازادیە ساختەکەی تۆ ناگەین.

ئێمە ئێستا تاریکی دەخوێنینەوە، دەزانین لەم سەردەمەداو لەنێو تاریکیەکی نوتەکدا چی دەگوزەرێ و کێن حاکمە نهێنیەکانی نێو ئەو تاریکیە،ئێمە ئیتر خەڵکانی بێ ئاگاو کزۆڵە نین، دەزانین هەر ئێستا لەمۆسکۆ پۆتن بیر لەچی دەکاتەوە، لات وایە ناتوانین خەیاڵی خۆێنین و خۆڵاوی تۆ بخوێنینەوە، ئازادیەکەی تۆ لەوێدا دادەخرێت کە جیاواز لەبینینی تۆ شتەکان ببینین، ئازادیەکەی تۆ دەتەوێ ئێمەی پێ فری بدەی ماڵە باجێنەی دەستی خۆتەو هیچی تر.

خەڵک پێویستی بەقوت و موچەیە دواتر ئازادی ڕاستینە، ئازادی بئ کۆت و بەندی دەسەڵات، ماخوداش نانی نەخستوەتە پێش ئازادیەوە، وەک چۆن ئێمەش دەڵێین نان و ئازادی،کەمێک لەبەهەشتەکەی خۆت وەرە دەرەوەو سەیر ئەو دۆزەخە بکە کەبەناوی ئازادیەوە بۆ خەڵکت چێ کردوە.

14/03/2024



وتارەکانی تری نوسەر