رۆژی 18ی 3ی ئه‌مساڵ مامۆستا عه‌زیز ڕه‌وف له سلێمانیه‌وه هات و پێكه‌وه به‌ڕێگه‌ی سه‌نگاو ئاوه‌سپی كه‌لار كه‌وتینه ڕێ بۆ ئه‌و شاره‌ی ئه‌گه‌ر خاوه‌نی دڵسۆزی هه‌بێت ده‌بێته یه‌كێك له شاره هه‌ره جوانه‌كانی عیراق و ناوچه‌كه ، وێڕای گه‌رماكه‌ی هاوینی كه به‌ڕاستی له‌شپڕوكێنه، چونه‌كه‌مان به مه‌به‌ستی سه‌ردانی كردنی سالار مه‌حمود و دواتر چه‌ند دۆست و ئاشنایه‌كی دی بوو، پاش نیوه‌ڕۆی ئه‌و ڕۆژه له ته‌ك سالارا چووینه مۆنیمێنتی ئه‌نفالكراوان، ئه‌و مۆنیمێنته هێشتان كارێكی ئه‌وتۆی بۆ نه‌كراوه‌و زۆر ساكارانه دروستكراوه ، ته‌نانه‌ت دیوار به‌ندی ئه‌نفالكراوان نه‌نوسراوه كه له‌لایه‌ن كێوه دروستكراوه ، هیچ نوسراوێكی عه‌ره‌بی و ئینگلیزی نابینی تا لانی كه‌م ڕێنمای میوان بكات بۆ ناسینی شوێنه‌كه، له ده‌رگای چونه ژوره‌وه‌ی مۆنیمێنته‌كه ئێستا ده‌روازه‌یه‌ك ده‌كرێت ، من هیوام خواست لانی كه‌م هه‌ر له‌و شوێنه له سه‌ر دیوار به‌ندێك ناوی گونده ئه‌نفالكراوه‌كانی گه‌رمێن به كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بنووسرێت ، سالار بیر‌و بۆچونه‌كه‌ی پێ‌باش بوو منیش چاوه‌ڕێی ئه‌وه‌م .
دواتر سه‌ردانی كه‌سایه‌تی ناسراوی گه‌رمه‌سێر شێخ محه‌مه‌د شاكه‌لیمان كرد ، شێخ محه‌مه‌د كوڕی شێخ ئه‌حمه‌دی شاكه‌له شاعیره ناسراوه‌كه‌ی وێنده‌رو كوردستان ، بۆ خۆیشی وێڕای كاری سیاسی و حوكمداری نوسه‌رو وه‌رگێڕێكی دیاره‌و بۆ یه‌كه‌مین جار ئه‌و مه‌زرای ئاژه‌ڵانی جۆرج ئۆریلی به خوێنه‌ری كورد ناساند، شێخ محه‌مه‌د كه‌سێكی ئه‌رشیفی و هه‌روه‌ها شاره‌زای ناوچه‌ی كه‌ركوك و دیرۆكی گه‌رمه‌سێره‌و هه‌میشه له‌و باره‌یه‌وه قسه‌ی خۆی هه‌یه ، وه‌ك هه‌موو جارێك تاوێك باسی كه‌لارهاته پێشه‌وه، ئه‌ویش چه‌ند سه‌رنجێكی وردی دا .
ماڵی مرێم له رزگاری
هه‌ر ئه‌و ئێواره‌یه چووینه ماڵی مرێم ئه‌و ناوه‌نده‌ی له كۆنه خانویه‌كی میریدا كراوه‌ته مۆزه‌و ناوه‌ندی ئه‌نفالزه‌ده‌كان و چه‌ند كه‌سێكی كه‌م دڵسۆزانه كاری تێدا ده‌كه‌ن و هه‌ر ژورێكیان بۆ مه‌به‌ستێك به كار هێناوه، له‌وێ به‌شی كەل و په‌لی به جێماوی ئازیزانمان بینی ، وێڕای وێنه‌و به‌شی تۆمار‌و به‌شی مناڵان و هه‌تا دوای پێچه‌وانه‌ی مۆنیمێنته‌كه هه‌ر له دیوی ده‌ره‌وه له سه‌ر سێ تابلۆ به كوردی و ئینگلیزی و عه‌ره‌بی شوناسی شوێنه‌كه نوسراوه‌و له ناویشه‌وه هه‌وڵدراوه ئه‌و كاره بكرێت ، لێ هێشتا سه‌ره‌تایه، ڕێكخراوێكی ئه‌ڵمانی دیزاینێكی تایبه‌تی بۆ هه‌ڵبژاردون تا له ئاینده‌ی نزیك له سه‌ر زه‌ویه‌كی ئاماده كرا‌و ئه‌و دیزاینه بكاته ڕاستی ، هەر لەوێ دکتۆر هەژار فەقێ و مامۆستا دلێر کەرەممان بینی.
ماڵی حاجی ئاهو بۆ له خۆ گرتنی به ساڵا چوان
ئه‌م ماڵه‌یش ناوه‌ندێكی تری چاكه‌ی گشتی و خێر خوازیه، ماڵێكه بۆ له خۆ گرتنی به ساڵاچوان ، گه‌رچی مناڵیشیان له خۆ گرتبوو،ماڵه‌كه‌و شوێنه‌كه له لایه‌ن هادی ئه‌وڕه‌حمان كه‌ریمه‌وه بونیاد نراوه به بڕی یه‌ك ملیۆن و نیو دۆلار، شوێنێكی پۆشته‌و ڕێك و پێكه‌و چه‌ند خاتونێكی دڵسۆز‌و خه‌مخۆر کاری تێدا ده‌كه‌ن و بریتیه له سی و یه‌ك ژورو ده‌توانێت سه‌ت كه‌س له خۆ بگرێت، ماڵه‌كه گه‌رچی پێشتر ئاماده كراوه‌و هاوكاری به ساڵاچوانی كردووه، به‌ڵام به فه‌ڕمی له 14ی 4ی 2019 كراوه‌ته‌وه
له ماڵه‌كه‌دا چه‌ندین به‌ش هه‌ن له‌وانه به‌شی خزمه‌تگوزاری و چێشتخانه‌و به‌شی كارگێڕی كه پاژه‌كانی ته‌ندروستی و ژمێریاری و به‌ڕێوه‌ربه‌رو هتد ده‌گرێته‌وه، له‌و ماڵه‌دا وێڕای خه‌می ئه‌وانه‌ی له‌وێن كه ئازاری دڵی مرۆڤ ده‌ده‌ن ، به‌ڵام خزمه‌تێكی بێڕاده هه‌یه‌و چه‌ند به ساڵاچووی جه‌له‌ولاو خانه‌قین له‌وێ ده‌ژین ئه‌وه جگه له بوونی مناڵ .
هه‌ر له كه‌لار چه‌ندین دۆست وئاشنامان بینی، شه‌وه‌كه‌یشی به ناو ئه‌و شاره شیرینه‌دا گه‌ڕاین و من یادی كاوه‌گه‌رمیانی وچوست و چالاكیه‌كانیم كرده‌وه، چ مامۆستا عه‌زیز چ من ئه‌و گه‌شه كردنه‌ی كه‌لار كۆڵێك دڵخۆشی كردین ،ته‌مه‌نای ئه‌وه‌مان كرد هه‌میشه ئه‌و شاره له گه‌شه‌ی زیاتردا بێت و سود له ڕوباری سیروان و شوێنه‌واره‌كان و ناوه‌نده‌كانی وه‌ربگیرێت بۆ پێشخستنی زیاتر، ئه‌وه‌شمان بیر نه‌چێت كه به ته‌نیشت كه‌لاره‌وه دێرین ترین شاری ناوچه‌كه واته كفری هه‌یه كه پێویسته ئه‌ویش خزمه‌تبكرێت و شوێنه‌وارو كۆنینه‌كانی بپارێزرێن.