چه‌ند په‌ستم له‌وه‌ی نه‌مناسیت! چه‌ند داخه له‌دڵما كه پێش ئه‌وه‌ی تیرۆریستان ده‌ستیان پێت بگا، ده‌رفه‌تێك نه‌ڕه‌خسا یه‌ك ببینین، ده‌سته‌كانت بگوشم، بۆ ساتێك له‌گه‌ڵت دانیشم، گوێت لێبگرم‌و گوێم لێبگری.
كه نووسینه‌كانتم خوێنده‌وه، ئیینجا تێگه‌یشتم چیم له‌كیس چووه! چۆن نه‌مناسیت‌و نه‌مبینیت؟ هه‌ر وشه‌یه‌ك له وشه‌كانت ئه‌وه‌نده‌ی تر داخه‌كه‌یان گرانتر‌و گه‌وره‌تر ده‌كرد. ئه‌و قه‌ڵه‌مه جوانه، ئه‌و رۆحه جوانه، ئه‌و هه‌سته ناسك‌و هه‌ستبزوێنانه، ئه‌و ئازایه‌تییه بێوێنه‌یه... جوانترین نموونه‌و وێنه‌ی گه‌نجی ئه‌م وڵاته بوویت. چه‌ند شانازی ده‌كه‌م به‌وه‌ی خه‌ڵكی وڵاتێكم گه‌نجی وه‌كو تۆی تێدا هه‌ڵكه‌وتووه.
ئه‌ی ئه‌و گه‌نجه ئیسك سووك‌و قه‌ڵه‌م ره‌نگینه‌ی نووسینه‌كانت شایه‌تیی به‌هره‌یه‌كی گه‌وره‌و رۆحێكی یاخیت بۆ ده‌ده‌ن، خۆزگه ده‌مبینیت‌و ده‌مناسیت. خۆزگه ته‌نها بۆ یه‌كجار یه‌كمان ده‌گرت‌و له‌داخی ده‌موچاوه دزێوه‌كانی نیشتیمان، پێكه‌وه كه‌مێك راز‌ونیازمان ده‌كرد، تووڕه‌یی‌و داخی دڵمان هه‌ڵده‌ڕشت. ئاخر بۆ یه‌كمان نه‌ناسی‌و یه‌كمان نه‌دی؟! من ده‌مویست كه‌مێك گوێ له خه‌مه‌كانت بگرم‌و پێت بڵێم تۆ به‌هره‌یه‌كی ورده ورده ده‌گه‌شێتیه‌وه. تۆ قه‌ڵه‌مێكی هه‌ڵكه‌وتوویت‌و تازه خه‌ریكه ده‌كه‌ویته سه‌ر رێی داهێنان. ده‌مویست پێت بڵێم تۆ ده‌بێ بمێنی، تۆ ده‌بێ به‌رده‌وام بی، نابێ جێ‌مان بهێڵی.. نا. ئێمه‌و داهاتوو پێویستمان به تۆ‌و گه‌نجی خوێنگه‌رم‌و ئازاد‌و ئازای وه‌كو تۆیه. چ قه‌ده‌رێكی دڵڕق‌و بێداده، كه تا رۆحت به‌ره‌و به‌هه‌شتی نه‌مری نه‌فڕی، نه‌مبینیت‌و نه‌مناسیت!
ئای چه‌ند گریام كه بۆ یه‌كه‌مجار گوێم له "زه‌نگی مردن"ه‌كه‌ت بوو... چه‌ند گریام كه وشه‌كانتم خوێنده‌وه... گریام بۆ تۆ‌و نه‌فره‌تم كرد له‌و قه‌ده‌ره‌ی پێش ئه‌و ساته نه‌یگه‌یاندم به تۆ. خۆ ناشزانم... به‌ڵام ره‌نگه بمتوانیبا قه‌ناعه‌تت پێبكه‌م كه‌مێك ئاگات له‌خۆت بێ، نه‌ك له‌به‌ر خۆت، به‌ڵكو له‌به‌ر نیشتمانه‌كه‌ت‌و ئه‌و گه‌نجانه‌ی چاوه‌ڕێ بوون تۆ نموونه‌و رێبه‌ریان بیت. خۆ ناشزانم... ره‌نگ بوو رۆحه یاخییه‌كه‌ت به‌هیچ شتێك ئارام نه‌گرێ، به‌ڵام داخم ناچێ كه نه‌مناسیت‌و لانیكه‌م دره‌فه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو قسه‌یه‌كت له‌گه‌ڵ بكه‌م.
چه‌ند شه‌رمه‌زار‌و رووڕه‌شه ئه‌وه‌ی ده‌ستی چووه خوێنی تۆ! ئای له‌و وڵاته‌ی خوێنی گه‌نجه‌كانی خۆی ده‌ڕێژێ! ئای له‌و نیشتمانه‌ی جه‌للاده‌كانی ون ده‌بن‌و ئازادیخوازه‌كانی ده‌خرێنه لیستی گرتن‌و ئه‌شكه‌نجه‌دان‌و كوشتنه‌وه!
به‌ڵام ئازیزم، بێخه‌م‌و دڵنیابه... دڵنیام ئێستا له په‌نجه‌ره‌ی ژوورێكی به‌هه‌شته‌وه به‌چاوی خۆت هاوڕێ گه‌نجه‌كانت ده‌بینی. ده‌زانم ئه‌وكات تۆ زۆر ته‌نیا بووی، زۆر بێكه‌س‌و بێده‌رەتان بووی. به‌ڵام ئه‌وه ئه‌مڕۆ سه‌دان‌و هه‌زاران هاوڕێ‌و هاوته‌مه‌نت، په‌یامه‌كه‌ی تۆیان پێیه‌و به‌پێوه وه‌ستاون. هه‌موومان ده‌ڵێین: په‌یامه‌كه‌ت.. په‌یامی ئازادی، هه‌رگیز ناكه‌وێ‌و ناكوژێته‌وه. ئه‌مه تاكه شته كه سه‌بووریمان پێده‌دات.