من بووم نەک شێرزاد حەسەن

د. شێرکۆ کرمانج
وەک ئاگادارن کۆمەڵێک کەس، بەتایبەتی ئیسلامییەکان، لەسەر ئەو گرتە ڤیدیۆییەی ڕۆمانوس‌و نوسەرو مامۆستا شێرزاد حەسەن هاتونەتە دەنگ. لەملاو ئەولا هەندێکیش هەڕەشە دەکەن گوایە کاک شێرزاد سوکایەتی کردوەو گوتویەتی کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش دروست دەکەن. سەرەتا دەبێ ئەوە ڕاستبکەمەوە کە کاک شێرزاد گوتی بەپێی توێژینەوەیەکی شێرکۆ کرمانج (بەندە) وانەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان داعش بەرهەم دێنن نەک خۆی بەم دەرئەنجامە گەیشتبێت. 

لەبەرئەوەی گفتوگۆکان ڕاستەوخۆ پەیوەندیان بە چەند توێژینەوەو بابەت‌و چاوپێکەوتنی منەوە هەیە، بە باشمزانی کە سەرەتا بۆ وەڵامی ئەوانەی کە هاتونەتە دەنگ‌و دەڵێن شتی وا لە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی نیە کە داعشدروستکەر بێت بە نمونە ئاماژە بە چەند دەق‌و پەیامێک لە کتێبەکان دەکەم، بەڵام هەر ڕۆژەی نمونەیەک دەخەمەڕوو. دواتر، لە دەرفەتێک کورتەی توێژینەوەکانم دووبارە بڵاودەکەمەوە.  

سەرەتا دەبێت ئەوە بڵێم کاتێک کاک شێرزاد دەڵێت کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی داعش بەرهەمدێنێت مەبەستی داعشیزمە، واتە عەقڵیەتی داعش، ڕێک ئەوەی کە من لە توێژینەوەکان پێداگریم لەسەر کردون، ئەگینا ئەوکاتەی من توێژینەوەکەم ئەنجامدابوو داعش وەک ڕێکخراو بوونی نەبوو. 

بۆ ئەم مەبەستە سەرەتا واچاکە پێناسەی عەقڵیەتی داعش، داعشیزم، بکەین. داعشیزم فۆڕمە هەرە توندڕەوەکەی ئیسلامیزمە، ئەو ئیسلامیزمەی کە میانڕەوانی وەک یەکگرتو و توندڕەوانی وەک داعش کۆدەکاتەوە. لێرە مەبەست لە میانڕەویی‌و توندڕەویی زیاتر لە بیرکردنەوە نیە بەڵکو لە ڕێبازو ئامرازو دەرکەوتە. هەرچۆنێک بێت، مەبەست لە عەقڵیەتی داعش تێگەیشتنێکی تاکڕەوانەو ڕەهاییگەرییانەیە بۆ حەقیقەت، بە مانایەکی دیکە، مرۆڤێک کە هەڵگری بیروباوەڕێک‌و جیهانبینییەک بێت کە پێیوابێت هەقیقەتەکان هەمووی لای ئەوەو ئەوانی دیکە دەبێت بێنە سەر ڕێچکەی ئەو یان لەناوببرێن، لە باشترین حاڵەتیشدا ببن بە پاشکۆ. هاوکات، لەبەرئەوەی هەقیقەتەکانی ئەو، مەبەست عەقڵ داعشئاسایە، هەقیقەتی دینین ئیدی پیرۆزن‌و لەدەرەوەی ڕەخنەن، هەر کەس‌و لایەنێک لێیان نزیکبێتەوە دەبێت سەریان پەلبدرێت. بەکورتی، ئیسلامیزم/داعشیزم ئەو تیۆرە‎‎‏ فیکری یان ئایدیۆلۆجیە سیاسییەیە کە لە ئاکامی هەوڵەکانی کەسێک (وەک سەید قوتب یان ئەبوبەکر بەغدادی)،‎‎‏ ڕێکخراوێک (وەک ‏ئیخوان موسلیمون) یان بزوتنەوەیەک (وەک داعش) بەرهەمدێت،‎‎‏ ئەویش بەخوێندنەوەی سەرچاوە سەرەکییەکانی دینی ئیسلام.‏ بەدەربڕینێکی دیکە، ئەو دیدەیە کە دین‌و سیاسەت لێکجیاناکاتەوە، واتە جیهانبینییەکە کە ئیسلام ‏تەنیا وەک دینێک نابینێت کە تێگەیشتنی تایبەت بەخۆی هەبێت بۆ بوونی ڕسکێنەرێک (خالقێک) لەگەڵ چەندین ڕێوڕەسمی ‏پەرستن وەک نوێژو ڕۆژو بەڵكو وەک ئایدیۆلۆجیاو سەرچاوە‌و ڕێنیشاندەر‌و ڕێنماییکەرێک بۆ تەواوی پرسە سیاسیی‌و کۆمەڵایەتی‌و ‏ئابورییەکان دەیبینێت‌و مامەڵەی لەگەڵدا دەکات. بەواتایەکی دیکە، وەک بیرمەندو تیۆریستە ئیسلامییەکان دەڵێن "ئیسلام شێوازێکی کامڵی ژیانە"و ‏‏"تاکە چارەسەرە" بۆ پرسە سیاسی‌و کۆمەڵایەتی‌و ئابورییەکان.

هاوکات دەبێت ئەوەش بڵێم کە من، باوەڕناکەم کاک شێرزادیش، پێمانوابێت کە کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی تاکە بەرهەمهێنەری داعش‌و داعشیزم بن لە هەرێمی کوردستان. هیچ دیاردەیەک، فیکرێک، ڕووداوێک نیە کە یەک هۆکاری هەبێت. کاک شێرزاد قسەکانی لەسەر ڕۆڵی قوتابخانەو پەروەردە بوو، توێژینەوەکانی منیش تەنیا لەسەر کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بوو، بۆیە هەردووکمان ئاماژەمان بەو هۆکارە کردوە لە پشت داعش، دەنا دەیان هۆکاری دیکە هەن لە پشت دروستبوونی ئیسلامیزم/داعشیزم لە کوردستان‌و لە شوێنەکانی دیکە.

دەبێت ئەوەش بڵێم کە لە نوسینی ئەم بابەتە ڕێساو ڕێکارە ئەکادیمییەکان بەکارنەهاتوە چونکە ئەمەی ئێرە توێژینەوە نیە بەڵکو خستنەڕووی هەندێک لە دەرئەنجامی توێژینەوەکانە، بۆ وردەکاری زیاتر دەبێت بگەڕێنەوە بۆ سەر توێژینەوەکان.  
با بێینە سەر ناوەڕۆکی بابەتەکە. لەم کورتەبابەتەو لە ڕۆژانی داهاتو بە چەند نمونەیەک پشتڕاستی ئارگیومێنتی توێژینەوەکانم دەکەم، کە دەکرێت وەک بەرگرییەک لە کاک شێرزاد ببینرێت.

نمونەی یەکەم

لە کتێبی پەروەردەی ئیسلامی بۆ پۆلی پێنجەمی بنەڕەتی چاپی ٢٠١١ لە لاپەڕە ٤٠، دانەرانی کتێبەکە دەڵێن: "شاندێکی کریستیانەکانی نەجران هاتنە لای پێغەمبەر (د.خ) ئەویش دوای خستنە ڕووی باسێکی چڕ و پڕی ئیسلام، پێی فەرموون، ئەوە ئیسلامە، یان وەریبگرن یان سەرانە بدەن، ئەگەر نا خۆتان ئامادە بکەن جەنگتان لەگەڵ دەکەین" (تەماشای وێنەی هاوپێچ بکەن). ئێستا دەزانم هەندێک کەس دەڵێن جا کێ دەڵێت ئەم چیرۆکە ڕاستە، یان ئەم فەرموودەیە سەحیحە. نەک بۆ ئەم نمونەیە بەڵکو بۆ هەموو نمونەکانی دیکەش ئەوە پرسی من نیە. پرسی من ئەوەیە داخۆ ئەم دەقە چ پەیامێک یان تێگەیشتنێک لای خوێندکار/منداڵ دروست دەکات.  بەکورتی‌و بەڕاشکاوی، ئەم دەقە داعش دروست نەکات، من نازانم چی داعش دروست دەکات ئەگەر دەقی وا دروستی نەکات. ئاخر ئەم دەربڕینە بە ڕاشکاوی بە منداڵان دەڵێت ئەو کرستیانانەی لەگەڵتاندا دەژین لەم وڵاتە دوو بژاردەیان هەیە، یان سەرانەی/باجی کرستیانبوونیان بدەن یان دەبێت شمشێر بە ڕوویاندا هەڵبکێشین‌و بیانکوژین. 

لە ٢٠١٤ کاتێک داعش هات‌و دەشتی نەینەوای گرت، ڕێک بەو شێوەیە مامەڵەی لەگەڵ کریستیانەکان کرد، وەک ئەوەی بڵێیت هەموویان خوێندکار بوون لە قوتابخانەکانی کوردستان. 

ئەوەی ڕاستی بێت ئەم دەقە لە چاپی ٢٠١٥ ی هەمان کتێب ڕەشکراوەتەوە، تەنیا ئەو چەند دێڕە نەک تەواوی بابەتەکە. ئەمەش دوو شت دەسەلمێنێت:

یەکەم، ئەو ڕەخنانەی کە من گرتبووم لەو کتێبانە لە ساڵی ٢٠١٢ ـەوە، چ بە نوسین چ بە چاوپێکەوتن، لەگەڵ ئەو دیدارانەی کە لەگەڵ وەزیری پەروەردەو بەڕێوەبەری گشتی پڕۆگرام‌و چاپەمەنییەکان‌، هاوکات هەوڵەکانم لەگەڵ ڕێکخراوی یۆنیسکۆ، کاریگەرییان هەبووە، کە بۆ هەموومان جێگەی خۆشحاڵی‌و دەستخۆشییە. بەڵام زۆر بەڕاشکاویی دەیڵێم کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامیی دەیان‌و سەدان نا بەڵکو هەزاران پەیام‌و چیرۆک‌و دەربڕینی وای تێدایە کە مەرج نیە داعش دروستکەر بن بەڵام هێندە کرچ‌و کاڵن کە بە هیچ شێوەیەک هیچ پەیام‌و نرخێكی پەروەردەیی لە خۆناگرن، بگرە بە پێچەوانەوە پەیامی ناتەبایی‌و دژەپێکەوەژیان‌و پەراوێزخستن‌و بەکەمزانینی ئەوانی دیکە لەخۆدەگرن.

دووەم: لادانی ئەو دەربڕینە لە چاپە نوێکە خۆی سەلمێنەری ئەوەیە کە تەنانەت دانەرانی کتێبەکانیش درکی مەترسیی بوونی دەقێکی لەم جۆرەیان لە کتێبەکان کردوە. 

وەک لە سەرەتا گوتم، تا چەند ڕۆژێکی دیکە هەر ڕۆژەی لە کورتە بابەتێک بەخستنەڕووی نمونەیەک دەمەوێت ڕاستیی داعشدروستکەری کتێبەکانی پەروەردەی ئیسلامی لە قوتابخانەکانی هەرێم بخەمەڕوو. بەڵام دەبێت ئەوە بڵێم کە ئەو نوسخانەی کە من لە ٢٠١٢ تا ٢٠١٥ ئیشم لەسەر کردون ئێستا لە کتێبخانەکەمدان لە ئوسترالیاو لێرە لەبەردەستم نین بۆیە کارکردنم زۆر ئاسان نابێت. بەهەرحاڵ هەر چۆنێک بێت هەوڵ دەدەم لانیکەم پێنج شەش نمونە بخەمەڕوو. چاوەڕوان بن. 




16/12/2021



وتارەکانی تری نوسەر