تورکیا و ئێران و کورد

د. شێرکۆ کرمانج

تورکیا پێیوایە کە کوردەکان نەک ھەر لە باکور بەڵکو نابێت لە پارچەکانی دیکەش بە ھیچ لە مافەکانی خۆیان بگەن، بۆیە ساڵانێکە پەلدەھاوێژێ بۆ دەرەوەی سنورەکانی. ئەم دیاردەیە لەگەڵ تەپین و داڕمانی عێراق و سوریا زۆر زەقتر دەردەکەوێت. بەواتایەکی دیکە، تورکیا خۆی کردوە بە خاوەنی پرسی سەرکوتکردن، بەرزەفتکردن و لەقالبدانی کورد لەو دوو وڵاتەش. ئەوەی لە شەنگال و مەتین و حەفتانین دەگوزەرێ ھەر لەو چوارچێوەیە دەکرێت شرۆڤە بکرێت. 

دیارە ئێرانیش بەھەمانشێوە و لەھەمان تێگەیشتنەوە ھەڵسوکەوت دەکات. ناردنی حەشد بۆ شەنگال ئێستا و داگیرکردنەوەی کەرکوک لە ٢٠١٧ ھەمان پاڵنەری لە پشت بوو. 

جیاوازی نێوان ئێران و تورکیا لە ئامانجە نەک ھەڵسوکەوت. ئەوەی بۆ ئێران گرنگە مسۆگەرکردنی باڵادەستیی شیعەیە لە ئێرانەوە بگرە بۆ لوبنان، بە سوریا و عێراقەوە، تا دەگاتە یەمەن. بەڵام باڵادەستیی شیعە بۆ باڵادەستیی شیعە نیە بە ڕووتی بەڵکو بۆ زامنکردنی باڵادەستیی فارسۆئێرانە لە ناوچەکە. تورکیا ھەمان ئامانجی ھەیە بەڵام ئەو پێیوایە کورد ڕێگرن لە پێش ئەو ئامانجە بۆیە ھەموو ھەوڵەکانی خستۆتەگەڕ بۆ ڕاماڵینی کورد.

بەدبەختی کورد ئەوەیە کە لەو نێوەدا دابەشبوون، بەشێکیان لە بەرەی ئێرانن و خۆیان بە خاوەنی پرسی کورد دەزانن، بەشێکیشیان لەبەرەی تورکیان و خۆیان بە سەرداری کورد و پرسی کورد دادەنێن. لە ڕاستیدا ھەر دوو بەرە لە دژی یەک ھێندەی بوون بە ئامراز بە دەستی ئێران و تورکیا نیو ھێندە لە خزمەتی کوردا نین.

بۆیە تا کورد ئەو ڕاستییە درک نەکات کە نەیاری سەرکیان ئێران و تورکیان پێش عێراق و سوریا ئەوە نەدەتوانن ڕزگاریان بێت نە جڵەوەی ئاراستەکردنی خۆشیان بەدەستەوەبێت.


07/05/2022



وتارەکانی تری نوسەر