ڕۆژھەڵات، چ دەگوزەرێت؟ چی بکەین

د. شێرکۆ کرمانج

کچە کوردێک کوژرا، ڕۆژھەڵات وروژاو و ڕاپەڕین و بەرخۆدان سەری ھەڵدا و بەردەوامە. لە پەیوەند بەم پرسە ھەندێک بیرۆکە و گفتوگۆ ھاتونەتە گۆڕێ کە گرنگە بە کورتیش بێت قسەیان لەسەر بکرێت.

یەکەم، داخۆ ئەم پرسە لە شیعارات و ئامانجی نەتەوەیی قەتیس بکرێت یان پرسە نەتەوەییەکان وەلا بنرێن و خەمی دیموکراسی و ئێرانییبوون جێگەیان بگرێتەوە. لەم پەیوەندە من پێموایە کورد ھیچ کات و ساتێک نابێت دەستبەرداری ماف و شیعار و ئامانجەکانی خۆی وەک نەتەوەیەک لە سەروەری و سەربەخۆیی بێت. بۆ ئامانجە نەتەوەییەکان بزواندنی ھەستی نەتەوەیی و وەگەڕخستنی خەڵک لە دەوری شیعار و ئامانجە نەتەوەییەکان گرنگن. بەڵام ناکرێت شیعار و ئامانجە نەتەوەییەکان بمانبەن بە ئاراستەی دژایەتیکردنی گەلانی دیکەی ئێران کە ئەوانیش کەم تا زۆر ستەمدیدەن ئەگەر لە ڕووی نەتەوەییش نەبێت لە ڕووی چینایەتی و ئازادی و مافەکانی مرۆڤ. بۆیە گرنگە کە بزوتنەوە سیاسی و مەدەنییەکانی ڕۆژھەڵات نە خۆیان لەبیرکەن نە خۆیان بە قوربانی شیعار و ئامانجەکانی خەڵکی ئێران بکەن، نە بشکەونە سەنگەری دژایەتیکردنی خەڵکی ستەمدیدەی ئێران. بەپێچەوانەوە ھەمئاھەنگیی و ھاوسەنگەریی لەگەڵ کۆمەڵگە و ڕێکخراوە سیاسی و مەدەنییەکانی ئێران گرنگ و چارەنووسسازە.

دووەم، داخۆ بەشداری چەکدارانەی ھێزە کوردییەکان کاتیی ھاتووە یان نا. لەمەڕ ئەو پرسە من پێموایە نە ئێستا و نە لە دواڕۆژێکی نزیک نە لە دواڕۆژێکی دوور بردن و گۆڕینی شێوازی خەباتی مەدەنی و ناتوندوتیژی بەرەو ئاقاری خەباتی چەکداری لە قازانجی کورد و گەلانی ئێرانە. سوودمەندی یەکەم لەم شێوازی خەباتە جمھوری ئیسلامی و دارودەستەکانی و سوپای پاسدارانە. ھۆکار زۆرە بەڵام بەخێرایی ئاماژە بە ھەندێکیان دەکەم. سەرەتا لە بەرەنگاربوونەوەی چەکداریی کورد لاواز و جمھوری ئیسلامی بەھێز، ئەمە شەڕێکی نابەرابەری لێدەکەوێتە کە کورد دۆڕا و ئێران براوە دەبێت. لەپاڵ ئەمە، بە تیرۆریست دانان و لەکەدارکردنی کورد و بزوتنەوەکەی لەناو ئێران و لە دەرەوەش ئەگەرەکانی دێنەگۆڕێ. لەمانەش ترسناکتر وێرانبوونی کوردستان و بەسوریابوون و بەیەمەنبوونی ئەگەرێکی بەھێزە. بۆیە واچاکە دەستبردن بۆ چەک بە ھەموو شێوەیەک ڕەتبکرێتەوە، بەمەدەنی مانەوە و ناتوندوتیژیی دەبێت ھێڵی سوور بن و نەبەزێنرێن.
سێیەم، ئێران و داگیرکەرانی کوردستان و بەکرێگیراوە ناوخۆییەکان لەگەڵ ھاتنەپێش و سەرھەڵدانی ھەر پرس و بەرخوردانێک لە ھەوڵی دروستکردنی درز و دابەشکردنی کوردن. کوردانی ناوەوە بەگژ کوردانی دەرەوە دەنێن، ڕۆژھەڵات بەدژی باشور ھاندەدەن، کورد دەکەنە دوژمنی گەلانی ئێران، ئیسلامییەکان بەگژ عەلمانییەکانەوە دەنێن، موکریان دەکەنە دوژمنی ئەردەلان، کرمانج و شکاک وەک دژە سۆران دەناسێنن، سوننە و شیعە وەک دوو دوژمن و ھەڕەشەی وجودی لە یەک وێنادەکەن. بۆیە ئاگاداربوون لەم پلان و پیلانانە پڕگرنگن. سەرکەوتن لە یەکگرتوویی و شکستھێنان بە پیلانەکانی داگیرکەراندایە.



23/09/2022



وتارەکانی تری نوسەر