نەوەی نوێ چی دەکات؟پارتی‌و یەکێتی داوای چییان لەنەوەی نوێ کردوە؟

چاودێرێک

چاوەکان لەسەر نەوەی نوێ و شاسوار عەبدولواحیدن بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق. تەنها لەبەر خودی ٩ کورسی نەوەی نوێ نا، بەڵکو لەبەر ئەو هاوپەیمانییەی کە خودی شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات و خاوەنی ٢٨ کورسی پەرلەمانی عێراقن و بۆ هەر دوو پۆستی جێگری یەکەم و دووەمی سەرۆکی پەرلەمان توانییان ٣٤ دەنگ بە دەست بهێنن.

هەر یەکە لە پارتی و یەکێتی دەیانەوێت نەوەی نوێ و هاوپەیمانی (لەپێناو خەڵک) دەنگ بدەن بە کاندیدەکەی ئەوان و یەکێک لە کاندیدەکان یەکلا بکەنەوە و بۆ ئەم مەبەستە دور لە چاوی میدیاکان وەفدی هەر دوولا سەردانی نەوەی نوێیان کردوە.

هەروەها جگە لە بابەتی دەنگدان بە یەکێک لە کاندیدەکان، ئەوا نەوەی نوێ دەتوانێت نیسابی کۆبونەوەکە تەواو بکات یاخود نیساب بشکێنێت، بەو پێیەی نیسابی پێویست بە گەری یەکەمی دەنگدان بۆ سەرۆک کۆمار پێویستی بە ٢٢٠ پەرلەمانتار هەیە، هاوپەیمانێتیەکەی (سەدر و حەلبوسی و  پارتی) و هەموو ئەوانەی لە هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان بەشدار بوون لە دانیشتنی یەکەم، ٢٢٨ پەرلەمانتار بوون، بۆیە نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لە پێناو خەڵک دەتوانن نیساب بشکێنن و وا بکەن کە کۆبونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار بەرێوە نەچێت.

جگە لە داوای پارتی و یەکێتی بە جیا لە نەوەی نوێ بۆ دەنگدان بە کاندیدێکیان، سەردانی وڵاتانی ئیقلیمی و وڵاتانی زلهێز بۆ لای نەوەی نوێ دەستی پێکردوە و بە لایانەوە گرنگە کە بزانن ئایا ئەم هێزە دەنگ بە هیچ لایەکیان دەدات؟ یاخود دەنگ نادات؟ ئایا بەشداری کۆبونەوەکەی پەرلەمان دەبێت یاخود نیساب دەشکێنێت؟


تایبەت بەم بابەتانە ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ رایگەیاند کە جوڵانەوەکە و سەرۆکی جوڵانەوەکە جارێ بریاری کۆتایی نەداوە کە چی دەکەن و هەلوێستیان چی دەبێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا نەوەی نوێ و هاوپەیمانی لەپێناو خەلک کە شاسوار عەبدولواحید سەرۆکایەتی دەکات، بریاری کۆتایی خۆیان دەدەن.

25/01/2022



وتارەکانی تری نوسەر