بڕوانە بۆ ئاسمان!

خەلآت عومەر
  
لە گۆشەیەكی بچووكی دنیاوە، لە وڵاتێكەوە ئەگەر زۆر سەرنج لە نەخشەش بدەیت، بە قەبارەی دەنكە (هەرزنێك) دەرناكەوێت.
لە بڵندیی ئاسمانی وڵاتیشەوە بڕوانیت، نەك خۆم، بەڵكوو ماڵ و گەڕەك و شاریشم بە قەبارەی نانێكی ساجی نییە و زۆریش لەخۆ بكەم و خۆ بنوێنم، لەچاو مەزنیی گەردووندا بە بارستەی گەردیلۆكەیەكیش نابم.
نازانم ئەم لووتبەرزییە لەپای بچووكیدا لەبەر چییە؟ ئەم خۆبەكەمزانی و بچووكییە لە بەرامبەر ئەوانەدا دەنكۆڵە هەرزنیش نین، هۆكارەكەی چییە؟ جگە لەوەی ئێمە خۆمان ناناسین و ناشزانین كێین.
ئێمە كێین؟
ڕادەمێنم و دەپرسم ئێمە كێین و بەرەو كوێ‌ دەچین و چارەنووسمان چییە؟
باوكم هزرمەند و هونەرمەند بوو، لە منداڵییەوە منی بە كتێب و شیعر و خوێندەواری گۆش كرد.هێشتا ئێسكم نەرم بوو، زۆر شیعری پێ ئەزبەر كردم.
لەنێویشیاندا شیعری (كینە ئەم)؟ (جگەرخوێن)ی هۆزانڤانی مەزن.
بەڕاست، ئێمە كێین و چی لەبارەی خۆمانەوە دەزانین؟
هەواڵی ناخۆش ئەوەیە، ئەوەی لەبارەی خۆمانەوە دەیزانین، لە سەرچاوەی بێگانانەوەیە، بەو زانینەش خۆمان دەخوێنینەوە، ئەی كەواتە خۆمان چیمان كردووە و چی دەزانین؟
ئێمە لەبارەی خۆمانەوە هیچ نازانین، دەخوازین خەڵك شتمان پێ بڵێت و ئەوەی خەڵكیش پێمان دەڵێت جیاوازە سەبارەت خۆییبوونی خۆمان.
هۆزانڤانی مەزنی نەتەوە (حاجی قادر)، عەیامێك پێش ئێستا، كە هەمان كەڵكەڵەی منی كەوتووەتە سەر، ناهەقی نەبووە بە تووڕەییەوە نووسیویەتی:
كەسێك قسەی بابی خۆی نەزانێ
موحەقەق دایكی (حیزە) با بیزانێ‌!
هەواڵی ناخۆش ئەوەیە، نەك ئێمەی كورد كەمترین سەبارەت خۆمان نازانین و ئەوەش كە دەیزانین، لە كەم كەمترینە و زۆریشی هەڵەیە و هەر ناشزانین كێیین و چین، بەڵكوو مرۆڤایەتی هیچ نازانێت و دەرگیری پووچگەرایی نەزانینە سەبارەت بە خۆی و لەمبارەیەشەوە هەر باكی نییە.
ئەم بێ‌باكییەش ئەوپەڕی گەمژەییە و كارەساتیش لەوەدایە، نازانێت بێباكبوون گەمژەییە.
بەپێی لێكۆڵینەوەكان، كە ئێستا دیكتاتۆرییانە زانینی زانستی خۆی بە سەردار كردووە، مرۆڤ هەرچی زانینیەتی سەبارەت بە تێگەیشتنی لە گەردوون كۆی بكاتەوە، بەتەنیا لە سەدا پێنجە،
مرۆڤایەتی بە هەرچیی هەوڵ و كۆششیانەوە هەیە، بە داهێنراو و توانا و شكۆیانەوە، لە سەدا پێنج لە كۆی گەردوون گەیشتوون، من و تۆ بە فڕوفیزەوە خۆ بادەدەین و خۆ بە زل دەزانین، دەبێت لەبارەی خودی خۆمانەوە چی بزانین؟
(یۆرگن هابرماس) لە فەیلەسووفە هەرە بەنامێكانی ئەم سەردەمەی جیهانە، هێشتا بەبڕشت و كارایە و فەوتی نەكردووە، لە بەرامبەر دۆخی سەرلێشێوانی ئەم شارستانیەتە نوێیەی مرۆڤایەتی بەرامبەر گەردیلە ڤایرۆسی كۆرۆنا دووچاری بوو، بە دەنگی بەرز ڕایگەیاند و گوتی: "دەركەوت ئێمە هەر هیچ نازانین!"
گەوج و گێڕ و چەوت و چەوێڵ، خۆ بە زانا دەزانن و لافی شارەزایی و پێشەنگیی لێ دەدەن، دواجار دووچاری كارەساتمان دەكەن، بە لووتبەرزی و گەمژەییەوە سەری خۆیان و ئێمەش دەخۆن و ئەمەش كارەساتەكەیە.
سەیری ئاسمان مەكە
ساڵی 2021 لە سازییەكی هۆلیودەوە فلیمێكی سیاسیی كۆمیدیای ڕەش بەرهەم هێنرا، (ئادەم مەكای) نووسەر و دەرهێنەری بوو، هەریەك لە ئەكتەرانی ناودار (میریل ستریپ، لیوناردۆ دیكابریو، كیت بلانشێت) و هێندێكی دیكە رۆڵیان تێدا بینیوە.
فلیمەكە دەنگدانەوەیەكی زۆری هەبوو، بەهۆی ناوەڕۆكە قووڵەكەیەوە لەسەر ئاستی دنیا هەرای نایەوە.
هۆلیود خۆی دەزانێت چی دەكات، بەڵام بۆ ئەوەی ڕاستگۆیی پەیامی هونەر بسەلمێنێت، ناوە ناوە دەبێت فلیمی بەهاداریش بەرهەم بهێنێت.
ئەو فلیمە باسی پووچگەرایی ئەم شارستانیەتەمان دەكات و ئەگەر جوانیش تێی ڕامێنیت، باسی ئەمێستای ئێمەش دەكات.
لەمەوبەر لە نووسینی دیكەدا گوتوومە: "هێندێك كێشە و غەم و گرفت كە دەرگیریان دەبین، وا دەزانین لۆكاڵیین، وا نین و دەردودووی جیهانیین."
ئەم جارە بۆ گەیاندنی زیاتر، پەیامەكە ئاوەژوو دەكەم و دەنووسم: "ئەم فلیمە باسی گرفتێك دەكات، بەتایبەت ئێمە دووچاری هاتووین."
جا بزانە، كە كورتەی فلیمەكەت بۆ باس دەكەم، بێ ئەوەی زۆرت قسان بۆ بكەم، چۆن لە ناواخنی ڕاز و مەبەستم دەگەیت و چۆنیش خۆت و من و دەردەداریمانی تێدا دەبینیتەوە؟
كورتەی فلیمەكە بریتییە لەمەی خوارەوە:
زانایەكی گەنج لەوانەی بەگەرمییەوە سەرقاڵی بایەخداری و چاودێریی بواری كۆی سیستمی خولگەی ئەستێرەكانە، بۆی دەردەكەوێت هەسارەیەك بە خێرایی بەرەو گۆی زەوی دێت و كارەسات بەڕێوەیە و ژیان كۆتایی پێ دێنێت.
هەوڵ دەدات و دەكارێت پەیام بگەیەنێت و دەگاتە سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا. سەرەڕای گەیاندنی زانیارییەكان كەس ئەم مەترسییە بەهەند وەرناگرێت. پەنا دەباتە بەر ڕاگەیاندن، كەچی بەوە تۆمەتبار دەكرێت كە ژیان لە خەڵك تێكدەدات و پڕوپاگەندەی خراپ بڵاو دەكاتەوە.
كاتێكیش لەوە نزیك دەبێتەوە مەترسییەكە بسەلمێنێت، سەرمایەدارێكی هەڵتۆقیو كە لەم هەتیومەتیوانەی لای خۆمان دەچێ، دەتوانێت بەهای زانین كەم بكاتەوە و لە ئاوی لێڵی ئەم سەردەمەی بازاڕ و سیاسەتدا مەلەوانی بكات، گرەو بباتەوە و دەستەبژێری سیاسی و سەرۆكی وڵاتیش قایل بكات بەوەی ئەو هەسارەیەی بەرەو زەوی دێت، هەمووی كانزای بەنرخە، بۆیە نابێت خەڵك بترسێننرێت، چونكە پڕپڕی فەڕ و مفا و قازانجە.
پڕوپاگەندەی خراپ بۆ زانین و زانایی، جیاوازیی خەمخۆریی بەدەر لە سیستەم دەكرێت. دواجار سەرمایەدار و سیاسییەكان دەیبەنەوە.
ئاوێتەبوونی بەرژەوەندیی سیاسی و سەرمایە كۆگەلێكن باكیان بە كارەسات و ماڵوێرانییش نییە، چونكە پێیان وایە، بەشی خۆیان سەرمایەی پارێزراویان كۆ كردووەتەوە و ئەوەندەیان بۆ فەراهەم بووە ئەگەر كارەساتیش ڕووی دا، بۆی دەرباز دەبن و تێی دەتەقێنن و لە شوێنكی دیكە دەحەوێنەوە و بە سامان و سەرمایە، ژین و ژیانێك دەبیننەوە و خۆیان و كەسوكاری و نزیكیان دەلاوێننەوە.
ترۆپكی تراژیدیای فلیمەكە ئەوەیە، هەسارەكە خۆی بە زەویدا دەكێشێت و كۆتایی بە ژیان دێنێت.
كۆمێدیای ڕەش و گێلیەتیی ئاوێتەبوونی سەرمایەداری و سیاسەتیش لەوەدا بەرجەستە دەبێت، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكان و سەرمایەدار و دەستەیەك سواری كەشتییەك دەبن و دەرباز دەبن، لە ئەستێرەیەكی دیكە دەنیشنەوە و پێیان وایە ڕزگاریان بووە.
دیمەنی كۆتایی فلیمەكە نیشتنەوەی كەشتیی دەربازبووەكانە
یەكەم كەس لە كەشتییەكە دێتە خوارێ‌، سەرۆكی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكایە. بە قوونی ڕووتی دەردەكەوێت و بەرلەوەی هەناسەیەك هەڵبكێشێت، جانەوەرێكی نامۆی ئەو ئەستێرەیەی پێیان وایە لێی دەحەوێنەوە، پەلاماری دەدات و فەوتی دەكات!
مەگەر گێل و گەوێر، لەوانەی مێژوویان نەخوێندووەتەوە ئەو ڕاستییە نەزانن، ئەمە دەرەنجامی هەموو ئەو نەزانانەیە كە پێیان وایە پارووەكەیان بۆ قووت دەچێت، دەربازیان دەبێت و داهاتوو بەدەست دێنن و دەمێننەوە!
فلیمی (سەیری ئاسمان مەكە) لێرەدا كۆتایی دێت.
دەنووسم "سەیری ئاسمان بكە، بۆ ئەوەی بیبینیت، ئەوانەی گوێ‌ بە زانین نادەن و بێ‌باكن لەوەی كارەساتمان بەسەر دێنن، چۆن دەبن بە پەند و چۆنیش ناتوانن پارووەكە قووت بدەن"
ئەگەر نەتوانی سەیری ئاسمان بكەیت، تۆزێك لە مێژوو ڕامان بۆت دەسەلمێنێت، ئەوانەی دەبنە جانەوەر، جانەوەر دەیانخوات.
بۆچی وامان لێ‌ بەسەر هات؟
لەسەر ئەمێستای باردۆخی وڵات، لەگەڵ یەكێك لە سەنگینترین سیاسییە بەنامێكانی وڵات، كە دۆستێكی نزیكمە، لە گفتوگۆی گەرمدا بووین. پرسیاری لێ كردم و گوتی: "باشە بە ڕای تۆ بۆچی وامان لێ‌ بەسەر هات؟"
وەڵامەكەی من بریتی بوو لەمە:
- لەبەرئەوەی سی ساڵە كەسانی وەك من كاتێك باس لە مەترسی دەكەن، تاوانبار دەكرێین، بە دێوانە و سەرشێت لە قەڵەم دەدرێین، كە لایەنگری بەهای زانینین، گەوج و گەوێڕ لەوانەی خۆ بە كارساز دەزانن، تانەمان دەخەنە پاڵ.
ئەوەی لە كوردستان ڕوو دەدات دەرەنجامە
تەنانەت بەر لە ڕووخانی ڕژێمی (سەدام حوسێن)یش نووسیمە: "بەدەستهێنانی مافەكانمان لە ڕووخانی ئەو گرنگترە" بەڵام كاتێكش كۆتایی هات، لایەنگری بەدەستهێنانی زۆرترین مافی كوردستان بووم. ناچاریش بووم بە سەركەوتنمان لە هۆنینەوەی دەستووردا خۆشنوود بم و بە باڵایدا هەڵبدەم، بۆ ئەوەی زۆرێك بچنینەوە. هاوتاش نەمشاردووەتەوە، ئەمە ڕێگا ڕاستەكە نییە.
بە زنجیرە وتار هۆنیمەتەوە و نووسیومە: "ئەو بەرژەوەندییە كاتییەی خەڵكی پێ سەرمەست دەكەین و دەڵێین كورد زۆر مافی لەسایەی عێراقی دیموكراسیدا بەدەست هێناوە، لە كۆتاییدا بە ماڵوێرانی دەشكێتەوە."
نەخێر هەرگیز سەركەوتن نەبوو، خۆتەفرەدان بوو.
لە ناوەڕاستی نەوەدەكاندا میانەم لەگەڵ ەوشیروان مستەفادا گەرم بوو، زۆر ڕاز و باسی سیاسی بۆ گێڕاومەتەوە، زۆر لە وانە و زۆر نهێنیی دیكەیش، كە دەیزانم دەیبەمە ژێرگڵ، بەڵام لەبەر خاتری كەس دەست لە باوكی خۆم و باوكی كەس ناپارێزم و لەبەر هیچیش خیانەت لە خوێن و فرمێسك و ڕەنجی كورد ناكەم، چش ناشارمەوە.
ئێوارەیەكی پاییزی ساڵی 1997 بوو نەوشیروان مستەفا بۆی باس كردم و گوتی: "ساڵی 1991 بۆ دانوستان لەگەڵ ڕژێم چوومە بەغدا، خێرا بە برادەرەكانم گوت، موكەڕەم تاڵەبانی بدۆزنەوە با شتێكمان بۆ بهۆنێتەوە، چۆن قسە لەگەڵ سەدام حوسێن بكەین و چی داوا بكەین."
گوتم: "كاكۆ ئەی ئەو هەموو ساڵە، كە نەتەوەیەك چاوەڕوانی ئێوە بوون، خۆتان نەتان دەزانی چیتان دەوێت؟"
بە رای من (ڕیفراندۆم)ەكەی لێ دەرچێت ڕاستگۆیانە بوو، هەر لەبەرئەوە هێندێك كوردۆكەش سەرزەنشتیان كرد، باوەڕ ناكەم ئێستاش سیاسییەكان، بەدیاریكراوی بزانن چیمان لە دەوڵەتانی داگیركەری كوردستان دەوێت!
لە زاری خودی جەلال تاڵەبانیم بیستووە و دواجاریش زۆر لە سەركردەی عەرەبی عێراقی و بیانی بەڵگەی نووسراویان بۆ دەرخستووم، دوای ڕووخاندنی ڕژێمی سەدام، لە زۆر بۆنەدا، بەتایبەت سەركردە شیعەكان بۆ سەرانی كوردیان پێشنیار كردووە، ئەگەر دەتانەوێت جیا ببنەوە و دەوڵەت دروست بكەن، پشتیوانتان دەبین و تەنانەت نەوتەكەشتان لە رێگای بەندەری بەسرەوە بۆ دەرەوە هەناردە دەكەین.
من خانەگومان لەم بۆچوونە عەرەبییە و ڕاستەوخۆ و هەرزانە، سەرانی كورد تاوانبار ناكەم، بەڵام ڕەخنەكەم سەبارەت ئەوەیە، ئێمە دووچاری ئاڵزەهایمەری سیاسی بووین و بیرمان چووەتەوە داگیر كراوین. دروشمی درۆودەلەسەی برایەتی و دیموكراسی و پێش ئەویش چینایەتی و قسەی قۆڕ، بیری بردووینەتەوە، ئێمە خاوەنی وڵات و خاك و شارستانیەتێكین و ئەوانەی دەیانلاوێنین داگیركەرن.
ئەوەی ئێستا ڕوو دەدات دەرەنجامی ئەوەیە، ئێمە خۆمان شكۆ و مێژوو و كوردبوونی خۆمان بیر چووەتەوە.
هەرچی مەقام و ئاواز و گۆرانیی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستە و ئەورووپاش لاسایی كردووەتەوە، ئێمە دامانهێناوە. هەرچیی شانازیی ڕەچەڵەكی داهێنانی زمان و یاسا و ڕێساكانە، لەوانەی ئێستا دەستووریان ئێمە یەخسیر دەكات، زاناكانمان داهێنەرین و هەر ئەوان نەزمیان بۆ داناوە.
ئێمە بووین لەسەر ئەم خاكە سروشتمان لاواندووە، سەرەتاكەمان بۆ چاكەكارییەك دامەزراندووە، كە دەبێت مرۆڤایەتی لاسایی بكاتەوە، بۆ ئەوەی تەفروتونا نەبێت.
چەتە و جەردە و بێ‌ دایك و باوك لە ئێمەوە فێر بوون، كەچی بەهۆی نەزانی و گەمژەییەوە، ئێستا ئەوان سەردارن و ئێمەش بەوە ڕازی دەبین دەرفەتمان پێ‌ بدەن بە تەنیا بە زمانی كوردی بئاخفین و ستران ببێژین و لە ماڵی خۆماندا وەك كۆچەری بەكرێگرتە جێمان بكەنەوە.
درۆ و تەفرەدان بوو، بشمرم شادمانم، لەوپەڕی سەرگەرمیی سیاسییەكانی كورد بە دەستووری عێراقی دیموكراسییەوە نووسیومە: "ئەوەی لە دەستووری عێراقدا بەدەستمان هێناوە سەركەوتن نەبووە و دەرەنجامیشی نوشوستییە، چونكە هەموو خۆبەكەمزانییەك وەك لووتبەرزی، دەرەنجامی نوشستییە."
فیدراڵی بە سەركەوتن دەزانی؟
فیدراڵی ئا ئەمەیە، ئێستا دەوڵەتی عێراق پێت ڕەوا نابینێت.
بەم ئاڕاستەی خۆبەكەمزانییە، گفتوگۆی ئێستای كورد لەگەڵ عەرەب، كە بووەتە ئەوەی دان بە داگیرگاریی ئەودا بنێیت، لە بەرامبەر ئەوەی وەك كرێگرتە كرێت بداتێ، لە كۆتاییدا دەگاتە ئەوەی ئەگەر مافی بەخشینی بایعیت بداتێ‌، بڵێیت سەركەوتنە.
ئەو ڕێگا ڕاستەی پڕ لە تاڵییە
ئێمە وەكوو كورد لە لایەن چوار دەوڵەتەوە داگیر كراوین، كولتوور و فەرهەنگ و مێژوو و شارستانیمان نەك لە هی ئەو نەتەوە سەردەستانەی خاوەنی ئەو دەوڵەتانەن، كە داگیریان كردووین، چاكەكارانەتر و دەوڵەمەندترە، بەڵكوو ئەو دەوڵەت و زلهێزانەی ئێستا سەرداری جیهانن، قەرزاری ئێمەن و بە هەموو پێشڤەچوونیشیانەوە تا ئێستا بە ئاستی ئەو شارستانیەتە خۆڕسكە سروشتییەی ئێمە نەگەیشتوون، كە پێش لەدایكبوونی مەسیح هەمان بووە.
پێویستمان بەوەیە بە ئاشكرا و بە دەنگی بەرز باس لە خۆمان و لە هێز و توانای شارستانییەكەمان بكەین، كە دەتوانێت بەشداریی لە ڕزگاركردنی ئەم قەیرانەی ئێستای مرۆڤایەتیدا بكات، لایەنگری بۆ پەیدا بكەین و لەسەر ئاستی هەموو ئەستێرەكە خەباتێك بەرپا بكەین و بیسەلمێنین (كوردبوون) ئەو جیاوازییەیە، زۆرترین بەهاداری هاوسەنگبوون بۆ ئەو تەرازووە دەگێڕێتەوە، چاوچنۆكیی
سەنگەلای كردووە و ئەم بێدادییەی دروست كردووە.
نازانم مەبەستەكەم، كە تەمەنێكم بۆ تەرخان كردووە، دەگات؟
پێم وایە (كوردبوون) بەتەنیا رەوشی نەتەوە نییە، بەتەنیا خەباتێكی مرۆییش نییە، بەڵكوو ڕەهەندی قووڵی هەیە و ململانێیەكی سەختە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی سروشت و بەهاداریی گەردوون، پێڕەوكردنی دەوڵەمەندییەكەی بە هاوتا و هەماهەنگ لەگەڵ چاكی شارستانێتییەكانی دیكەدا وەك دەرمان و هەتوان برین ساڕێژ دەكات و بەر لە كارەسات و نەهامەتی دەگرێت.
هەڵە و چەوت و چەوێڵی سیاسیی كوردی گوزارشت لە بەهاداریی (كوردبوون) ناكەن. ئەوە خۆگونجاندنی ساختەكاریی سیاسییە، بۆ ئەوەی سیستمی سیاسیی جیهانی بە چەوتەوێڵی خۆی، دان بە ئێمەدا بنێت، ئا ئەوەشە دەردەداری كردووین.
پێچەوانە ڕاستە و ڕۆحی (كوردبوون) دژی سیستمی خراپەكاریی چاوچنۆك و بێ‌دادیی جیهانە و لایەنگری چاكایەتییە.
بۆ ناپرسیت لەپای چییە كاتێك كورد باسی مافی بەدەستخستنی دەوڵەت دەكەن، هەموان دژی دەبنەوە و یەك دەگرن و قووشقیی دەبن؟
لەبەرئەوەی كورد نابەكامە و شایانی ئەو مافە نییە؟
ئەگەر وایە بۆ زۆر گەجەروگوجەر بە هەزار پلە لە خواری كوردەوەن، كەچی ئەو مافەیان پێ ڕەوا بینراوە؟
ئەو هێڵە سوورەی دانراوە بۆ ئەوەی ئێمە گەورەترین نەتەوەی بێ‌دەوڵەت بین، بەتایبەت ئا ئەوەیە سەرچاوەی هێز و زەمانە، نەك بەپێچەوانەوە.
ئەم بابەت تۆزێك قووڵ و ئاڵۆزە، بەڵام خەریكە بێگانان پەی پێ دەبەن و كەچی تازە لێرە دەبێت من بكۆشم، بۆ ئەوەی سەرەتایەك بۆ ناسینی بهۆنمەوە و ناشزانم هێندۆكەیەك لایەنگیری و پشتیوانیكردن دەدۆزمەوە؟
ماوەیەك لەمەوبەر (حازم ساغیە)ی بیرمەندی لوبنانی لە وتارێكیدا جوان گوزارشتی لێ كردووە و نووسیویە: "لە ڕێی نائومێدیی بەدەستخستنی مافی دامەزراندنی دەوڵەت و ئاسۆی تاریكی ئەم خەونەدا، كورد لەسەر ئاستی جیهان بوونەتە ئەفسانە و پەرجوویەكی مرۆیی"
بەم دەربڕینە، ئەو زۆری لەوە كورت كردووەتەوە، كە من دەبوو بەدرێژیی باسی بكەم، تا مەبەستێكی هاوشێوە بگەیەنم.
ڕێگا ڕاستەكە سەخت و قورسە، ئەو درۆودەلەسە سیاسییانە نیین كە لەگەڵ هەموو دۆڕانێكدا خۆ بە سەركەوتوو بزانین. بەپێچەوانەوە، پێم وایە شكستە سیاسییەكانمان بەهاداریی گەورەیان تێدایە، بۆ ئەوەی وەبەرهێنان لە (كوردبوون)دا بكەین و لایەنگری جیهانیی بۆ پەیدا بكەین.
كوردبوون و باجی ڕاستگۆبوون
ئەگەر ئەم سیستمەی ئێستای جیهانی پێ بەڕێوە دەچێت و گوایا ڕێسا و یاسای هەیە، كەمترین شتێك بە پێوەری ئەوەی سیستمەكە كردوویەتی بە پێودانگ، مافی كوردیشە دەوڵەتیان هەبێت. دەنا هەر بە پێی رێسا و یاساكانی ئەو سیستمە گۆرانیی گوتن بە كوردی و ئاخافتن و خوێندن و نووسین هەر ماف نین و شایەنی خەباتیش نین.
دەمەوێت دوو ئاڕاستە دیاری بكەم:
یەكەم -
ڕاست و ڕەوان دەبێت لەگەڵ دەستەبژێری نەتەوەی سەردەستی داگیركەرانی كوردستان، بێ‌ پێچ و پەنا تێیانبگەیەنین، بە كەمتر لە بەدەسخستنی مافی خاوەندارێتیی دەوڵەت ڕازی نین.
دووەم -
مافی بەدەستخستنی دەوڵەت بەسەر (كوردبوون)دا سەپێندراوە، دەنا ناوەڕۆكی پەیامی كوردبوون رێسا و شێوازێكی ژیانی باڵاترە لەوەی مرۆڤایەتی بە دەوڵەتەوە بەها پەیدا بكات.
تێبینی:
كێشە و سەرگەردانیی مرۆڤایەتی لەم سەردەمەدا وا دەكات خاڵی دووەم بۆ گفتوگۆكردن، زۆرترین بەهاداریی  پەیدا بكات.
سێیەم -
ئێستا بەپێی یاسا و ڕێسا نێودەوڵەتییەكان، زۆر ژینگەی سروشتی بۆ ئەوەی بوونەوەر و سروشتیان بمێنێتەوە و نەفەوتێت، دەبێ پارێزگارییان لێ‌ بكرێت.
دەتوانین بە خەباتێكی كولتووری و فەرهەنگی ئەو مافە بچڕین، كە (كوردبوون) وەك نموونەیەكی ناوازەی ئاشتیخوازی و چاكەكاری، هێزی گەورەی جیهانی پشتیوانیی لێ بكات، بۆ ئەوەی وەكوو پارێزگەیەكی چاكەكاری لەنێو چواردەورێكی خراپەكاردا پشتیوانیی لێ بكرێت و رێگا لە فەوتبوونی بگیرێت.
بێخەیاڵی
(ئەنشتاین) گەورەترین زانای سەدەی بیستەم، نووسیویەتی: "خەیاڵ لە زانین گرنگترە"مادەم ناتوانین زۆر زانا بین، دەتوانین پەرە بە دەوڵەمەندیی خەیاڵمان بدەین.
زۆرجار و بەرلەوەی ئەم واژەیەی زانایەكی بەنامێی وەك ئەنشتاینم بیستبێت گوتوومە: "داخم ناچێت سیاسییەكانی ئێمە بێ‌ خەیاڵن."
بە سواریی ئەسپی خەیاڵ و هەودای بیرەوە دەتوانین لەم نەهامەتییەدا بە داهێنانێك بگەین، كە ئێمە دووچاری بووین، ڕزگارمان بكات.
ئەوپەڕی خراپە ئەوەیە، بچووك لەخۆ دەڕوانین و بچووكانە بیر دەكەینەوە و خۆمان ناناسین و خۆمان بچووك دەكەوینەوە.
بێ‌خەیاڵی وا دەكات لە گرگنان شتێك داوا بكەین، خۆیان لە باریاندا نییە بە خۆیانی ببەخشن، نەك بە ئێمە.
هەرچەند خەون و خەیاڵت بچووك بێت، زیاتر بچووك دەبیتەوە
 كاتێك نەتەوەكان هاتنە كایە و پێك هاتن و بیریان لە دروستكردنی دەوڵەت كردەوە، كورد لەوێ‌ نەبوو، نەك لەبەرئەوەی دەوڵەتیان نەدەویست، لەبەرئەوەی بێ‌باك بوون و لە سەرگەرمیی شێوازی ژیانی چاكەكارانەدا بوون، ئەگەر لە چوارچێوەی گوندێك، یان میرنشینێكیشدا بووبێت.
خەڵك زۆر پێشیانداینەوە، لەبەرئەوەی خەیاڵی دەوڵەتیان هەبوو. ئێمە خەیاڵی هاوشێوەمان بۆ پەیدا نەبوو.
 زانا و سەركردە و داهێنەرانمان خەیاڵی داهێنانیان هەبوو بۆ مرۆڤایەتی، بەبێ‌ ئەوەی باسی خۆیان بكەن كە كوردن.
ئێستاش هەر وایە، بەبێ‌ باسكردنی ناسنامە، وەك گەردیلە، مرۆڤی كورد لە زۆر شوێن و سازی گەورەدا بەهرەمەندن.
ڕاستە بە ڕەچەڵەك كوردن، بەڵام وەك نوێنەرانی نەتەوەیەك ڕەفتار ناكەن و تەنیا دەبەخشن و باكیان بە شوناس و ناونیشانیان نییە.
ئەم بێ‌خەیاڵییە پڕ لە جوانییە و بەهاداریی سروشتی فەرهەنگی كوردبوونە و سەر و سامانمانە و خەڵاتە بۆ هەموو ئەستیرەكەمان.
بێ‌خەیاڵییش دەرەنجامی بە ژێردەستەوەبوونی سیاسیمانە، كە دەوڵەتمان نییە، بەڵام كردووینی بە ئەفسانە.
بە هەموو خاوەندارێتیی زانست و دەسەڵاتیانەوە، ئێمەین دەبین بە ئەفسانە و شتێك بەدەست دەخەین، زۆرینە بە خاوەندارێتیی زۆەرەوە ناتوانن بەدەستی بخەن.
بڵێیت تۆش بە دێوانەم نەزانیت، لەبەر ئەوەی پێت دەڵێم: "بڕوانە بۆ ئاسمان، بەرلەوەی بەسەرماندا بڕووخێت"؟


10/08/2023



وتارەکانی تری نوسەر