شێوازی ژیان

خەلآت عومەر


لەمەوبەر باسمان لە ئارابوونی دینێك كرد، دەشێ‌ سایەی باڵادەستیی تەكنۆلۆجیا دایبهێنێت و پەخشی بكات و بیسەپێنێت. دینێك وا خۆی بنوێنێت، جیاوازی و فرەیی و هەمەیی ڕەچاو بكات، بەڵام هەموو ئەمە دروشم بێت و ئەم دینە نوێیەی وا خۆی دەنوێنێت، بەری پێشڤەچوونە، لە پەڕگیڕی و توندڕۆییدا هەموو دینەكانی دیكە ببەزێنێت.

جا بۆ نا، با پێكەوە سەرنج بدەین و بزانین ئەو دینەی پەیامبەرەكانی خوا بانگەشەیان كرد، ئێستا چۆن چەندین هەزار شەیتان بە زەبری تیژتر لە شمشێر، بەسەر بێنەوایی مرۆڤبوون و تەنانەت سروشت و هەموو گەردووندا دەیسەپێنن.

لەسایەی پێشڤەچوونی ڕەوتی مێژووگەرانەی بەبازاڕكردنی جیهاندا، پەڕگیری و نەریتەوانی لەوە زیاتر چییە، كە دەبێت هەموان یەك بەرگ بپۆشین، یەك جۆر خواردن بخۆین و بە یەك زمان قسە بكەین و بە یەك شێوازیش بیر بكەینەوە؟

بزانە ئەو خوایەی ناسیوتە و لەسایەی دینەكەیدا بە كۆنەپارێز و پەڕگیر ناودێر كراوی باشترە، یان ئەو شەیتانە خوایەی دەرفەت نادات تۆزۆكەیەك ئازاد بیت و ماڵ و كۆڵان و شەقام و ڕێگا و زەوی و ئاسمانی بە كامێرای چاودێریی چاندووە، ناشهێڵێت تەنانەت چۆنت دەوێت بێیت و بچیت و بسرەویت و بحەوێیتەوە؟

لە هەر شوێنێك بیت، چی بكەیت و چۆن بیگوزەرێنیت، بۆت نییە وەك مرۆڤ كەمترین ئازادییت هەبێت و مافی خۆشاردنەوەشت لێ زەوت كراوە.

خۆشنوودی لە (لەندەن)ی پایتەختی شانشینی بەریتانا دەژیت، بەڵام هەرچی ئازادییت هەیە زەوت دەكرێت و لەژێر تۆڕێكی چاودێریی كامێرادایت و بۆت نییە كەمترین خەڵوەتت هەبێت!

پیرۆزە ئەم شێوازە ژیانە كە پڕی دروشمەكانی نوێگەرییە!

ڕەنگە لە ئەفغانستان، یان لە كوردستان، بتوانیت لە سایەی خەڵوەتی نزرگەیەكدا خۆت بلاوێنیت. لەژێر سێبەری دارگوێزێكدا باوەش بە ئامێزی خۆشەویستێكدا بكەیت، یان بە كاوەخۆ خۆشاوێ‌ فڕ بكەیت، بەڵام ئەمەت لە لەندەن و بەرلین و پاریس بۆ ناچێتە سەر.

پێم دەڵێن: "بۆچی ناچیتە دەرەوەی وڵات و لەوێ‌ بژیت، كە ئازادیی هەیە؟"

لە هیچ كوێ‌ ئازادی نییە، درۆ و تەفرەدانە و مرۆڤ ئازاد نییە، كە لێرە دەیگوزەرێنم دەمەوێت كەس هان نەدەم و كەسیش تەفرە نەدەم. بەهەشت لە شوێنی دیكە نییە، نە كە دەژین ژیان دۆزەخە و نە بە هەشت لە شوێنی دیكە بوونی هەیە.

دەمهێننە سەر بەندوباوی دیین. لەگەڵ دیندا چ كێشەم نییە. چۆن بیر دەكەیتەوە و باوەڕت بە چییە، ئازادیت.

ئێمە هەموو كۆكەوتووین و دەژین، باسی من لە ژیانە چۆن بیگوزەرێنین، باش یان خراپ، لە خۆمانی تێك بدەین و بیكەینە دۆزەخ، بەو هیوایەی گوایا بەهەشت هەیە، یان خۆش بیگوزەرێنین و بە بەهەشتی بكەین و گوێ‌ بەوە نەدەین دۆزەخ هەیە!

ڕوانین و تێگەیشتن و دیدمانە واتاداری بە بەهاداریی ژیان دەدات. شێوازی هەڵبژاردەی ژیانە بە بەهاداری زانینەوە واتا پەیدا دەكات.

لەنێو لیتە و قوڕاودا مشتۆكەیەك دەدۆزیتەوە، پڕ بە نووچانی قامك و پەنجەی دەستتە، وا تێدەگەیت خڕەبەردێكی بێ‌بەها و مفا و فەڕە. قوڕ و لیتەی لێدەكەنی و دەیشۆیتەوە، دەردەكەوێت ئەوەی لە نێوەپەنجەكانتدا قوچاوە، پاش ئەوەی شەخەڵت لێ كردووەتەوە، بریتییە لە گەوهەر.

دەوڵەمەندیمان زانین و بیركردنەوە و خوێندنەوە و بەقووڵاییدا ڕۆچوون و ڤەكۆڵین دایدەهێنێت.

ئێمە هیچ نین، پووچین بەبێ‌ ئەوەی بكارێین و بكۆڵین دەوروبەر و بەرلەویش خۆ بخوێنینەوە.

یەكێك لە هەرە چەرمسەرییەكانی مرۆڤ بەهۆیەوە خۆی و سروشت و گەردوونی دەرگیری كارەسات كردووە، نەخوێندنەوەیە.
لەخۆبێگانەبوون و نامۆكەوتنەوەیە لە شوناس و فەرهەنگ و بەرگی خۆناسین.

مرۆڤ لە هەوڵێكی بێ سەروسەودادایە بۆ ناسینی گەردوون و سروشت و دیاردەكانی، چاوچنۆكیی بۆ بەدەستخستنی زۆرترین بەرژەوەندی و بەدەستهێنانی زۆرترین قازانج وای كردووە، لەم كایەیەدا زانا بێت.

زۆرترین زانین وەدەست بهێنێت، لەوەدا سروشت بڕەتێنێت و خۆ بە سەرداری بەدەستخستنی سامان بكات، كەچی لە بەرامبەردا زانینی سەبارەت بە خۆی، تەنانەت سەبارەت بە ساغڵەمیی تەن و دەروونی زۆر لەدواوەیە.

بۆیە لەگەڵ هەڵكشانی زانینی زانستیدا بۆ ڕەتاندنەوەی گەردوون و بەدەستخستنی سامان، دەبینین زانینی بۆ وەدەستهێنانی شێوازی ژیانێكی گونجاو بە بەراورد لە پاشەكشەدایە.

دەكاتە چی، زانینی زانستی بازاڕ و چاوچنۆكی و چەكداری و سوپاسازی بۆ بەدەستخستنی سامان و سەرمایە بە ترۆپك بگات، لە بەرامبەردا مرۆڤ ساغڵەمیی تەن و ئەقڵ و دەروونی لەوپەڕی داڕماندا بێت؟

ئەگەر ئەم ڕەوتەی بە پێشەڤەچوون ناودێر دەكرێت، چەوتەوێڵ نییە، ئەم دەرەنجامەی مرۆڤ ژیان و سروشت و گەردوون دووچاری دەردودوو بووە، لەپای چییە؟

یانی چی لە ژاپۆن كە شێوازی ژیانی نموونەییان داهێناوە زۆرترین خۆكوشتن هەیە؟

زانیی زانستی و ئەقڵمەندی، كە بە سەردار بووە، لە باشترین نموونەكانیدا دۆزەخێكی بۆ مرۆڤ داخستووە، بە دەرەنجام وێرانكاریی سروشت و ژینگە و ژیاریەتی.

لە باشترین نموونەكانیدا ئەو شێوازە ژیانەی بەخش دەكرێت و دەوەشێندرێت و هان دەدرێت، هەموان لاسایی بكەنەوە و كایەی تەكنۆلۆژیاشی بۆ فەراهەم كراوە، بۆ ئەوەی گشتگیر بكرێت، مرۆڤ بە نەهامەتی دەگەیەنێت.

دینەكانی پێشووتر، كە خواوەندەكانی پابەندی پچۆكەی میهرەبانی بوون، تۆزۆكەی ئاكار و بەدواشیدا پەڕگیرییان داهێناوە. ئەم دینەی بازاڕ وا دەكات هەموان ببینە كاڵا و شەیتانبازارێك و جیهانبازاڕێك ئاوەدان بێت، هەموو شتێك بفرۆشین.

ناخۆش ئەوە نییە ئاكار نامێنێت، ئەوەیە خۆفرۆشتنیش بەهای نییە!

نرخی فرۆشتن بە ئاستی سفر دەگات و پڕوپووچی سەروەر دەبێت.

كارەسات ئەمەش نییە، ئەوەیە بەها نامێنێت و بێ‌مروەتی سەردار دەبێت و دەگەیتە شوێنێك، ژیان جگە لە پڕوپووچی هیچ ناولێنانی دیكەی نییە.

جارانی تر ئەگەر ڕووبەڕووی پرسیاری ناولێنانی شێوازی ژیان چاك ببوومایەوە، ڕەنگە زۆرم بژاردە هەبوایە، بۆ ئەوەی بڵێم "ئەرك و كار و بەرپرسیارێتییە."

لێ ئێستا ئەژنۆم دەلەرزێت ئەگەر بڵێم "پێشڤەچوون وای كردووە وەڵامی ئەم پرسیارە تەمبەڵی و گەوجی و حەوانەوە نەبێت، هیچی دیكە نییە"

هەموو ئەو داهێنراوانەی مرۆڤ بە شۆڕشی زانستی ناودێری كردوون بۆ حەسانەوە و پاڵدانەوەیە. ئەم تەمبەڵییەشە كە دایهێناوە، دووچاری نەهامەتی و نەخۆشی و نەساغی و دەردودووی كردووە!

دەكارێین سروشتی خۆ بلاوێنین و دژی نەبینەوە، بۆ ئەوەی بە جۆرێكی وەها چاك بێینەوە كایە، هەر هیچ نەبێت ئەوەندە بزر نەبین، خۆمان و شێوازی ژیانێكی چاك بدۆزینەوە.

01/11/2023



وتارەکانی تری نوسەر