شێوازی ژیان

خەلآت عومەر
26
سەردەمێك زۆر لایەنگرانی ئیسلامی سەردار دەبن و بەندوباو دەهۆننەوە. دوای ئەوان لایەنگرانی بیری ماركسی و دوای ئەوانیش خەڵك دێن و خۆ بە فەیلەسووف دەزانن و لیبرالیزممان لێ‌ دەبەنە چڵەپۆپەی ئاسمان. بیر ناكەنەوە ئێمە بەر لە زایینی مەسیح، لەسەر زەوی و واری خۆ هەبووین و كولتوور و شارستانیمان هەبووە.
پێش ئەوەی جوو بێنە كایە و بەندوباو بهۆننەوە، ئێمە لێرە بووین و خاوەن ماڵ بووین و كورد بووین.
مەسیحی و خاچپەرست هاتن كتێبی خۆیان وەشاند و كوردیان لە خۆ هەڵگێڕایەوە. دوای ئەوانیش عەرەبۆك بە باڵی كتێبێكی ترەوە بە سەردار بوون و بە زەبری شمشێر ئێمە كوردی خۆوڵاتی ناچار بووین بە دژی ناسنامە و شارستانیمان لەخۆ بێگانە ببینەوە لە شوێنێكەوە سەر دەربهێنین، چ پەیوەندیی بە ئێمەوە نییە.
هەر دێن و كتێب دێنن و بە زەبر لە خۆ بێگانەمان دەكەن، چ نازانن لەوەی كوردین و لەژێر داروپەردووەوە خۆ دەشارینەوە و وەك ژیلەمۆ دەگەشێینەوە و دەبینەوە ئاگر و دڕ بە تاریكی دەدەین و ڕۆشنایی بە كایە دەهێنینەوە.
لە نیوەی نەوەدەكاندا بوو (فرانسیس فۆكۆیاما)، كە بەڵگەی هاونیشتمانبوونی وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمریكای لە بەركدایە و بە ڕەچەڵەك ژاپۆنییە، كتێبێكی داناوە زۆر دەنگی دایەوە، كایەی بیریارانی هەژاند و گفتوگۆی لێ كەوتەوە، ئەویش كتێبی بە دەنگ و نامێی (كۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ)ە.
لەو ساڵانەدا كوردستانی باشوور لە بێنەواییدا بوو، لە گەڵ هەردوو هاوڕێم (بەكر عەلی) بە ڕەنجەوەری و (ئارامی حەمە حەوایی) بە كۆمەك و پشتیوانیی بێ‌ سنوور گۆڤاری (بوون)مان دەردەكرد، كارەكەمان زۆر دەنگی دایەوە.
)بوون) گۆڤاری بیری نوێگەری بوو، من سەرنووسەری بووم و بە بێنازی لە كتێبخانەی گشتیی سلێمانی و زۆر كتێبخانەی پایتەختی وڵاتاندا هەیە و ناڕازییش نیم لە هیچ و ئێستا ئەگەر ناواخنی بە ڕوونی بە هزری ئەم ساتە بەراورد بكرێت، سەروسامان هەر ئەوەیە بڵێم "چۆن لە پێشبینیكردنی هزردا توانیومانە كوردانە بیر بكەینەوە و بە هاوتا لە گەڵ ئەمێستادا بوەستینەوە."
كە ڵكەڵەم كەوتووەتە سەر، بۆ ئەوەی هزرداری دەوڵەمەندیی خۆیی بسەلمێنم و بڵێم چەند دەوڵەمەندین، كە بە كوردی بیر دەكەینەوە و بە چاپێكی نوێوە هەموو ژمارەكانی گوڤاری (بوون) چاپ بكەمەوە.
بە پرۆگرام ئەو گۆڤارە لەنێو تاریكاندنی میدیایی نراوە، كاتیش بۆ بەڵگەهێنانەوەی ئەم بۆچوونە بە سەر نابەم، لەبەر ئەوە نییە بەڵگەم نییە، تەنیا لە بەرئەوەیە نامەوێت كات بەوەوە بە فیڕۆ بدەم، كاتیش بەفیڕۆ نادەم بۆ ئەوەی بیسەلمێنم، ئەوانەی بوونەتە ئەستێرە چۆن ئاو لە ئاو شیان كراوە!
لە پێشەنگان نیم و لە هاوسروشتانی ئەوانەم، نەك نامەوێ ئەستێرە بم، بەڵكو سوپاسگوزرانی وان دەكەم، دەمشارنەوە و ژێرنسێم دەخەن و دێوانەییەكەی خۆم پێ ڕەوا دەبینن و ناكارێن بمدۆزنەوە.
دەزانم كاری چاك ڕێگای خۆی دەدۆزێتەوە.
لە گۆڤاری (بوون) پێكهاتبووین هەر جارەی بۆ ژمارەیەك فایلێك دروست بكەین. دوایین ژمارە شەشەمین بوو، خۆمان ساز دابوو سەبارەت كتێبی (كۆتایی مێژوو و دوایین مرۆڤ) لیڤەكۆڵین بكەین.
وا باو بوو من وەك سەرنووسەر پێشەكیم دەنووسی و بۆ بابەتی فایلەكەش بابەتی لێڤەكۆڵین بنووسم.
لە توێی ئەوەدا لەوێ‌ نووسیومە، پێچەوانەی هەموو بۆچوونەكانی (فرانسیس فۆكۆیاما) بوومەتەوە، گوتوومە "بە دەرەنجام ئەو ڕوانینانە لەگەڵ ڕەوتی مێژوودا چەوتە وێڵ دەكەونەوە."
ڕۆژگار هات و چوو، من و هاواڕایانی هزر، لەوانەی بە دەرزی كێوان كون دەكەین، لە ئاسۆی بەریندا بینیمان لیبرالیزم، كە دێو بوو، وردخاش دەبێت، بەرلەویش  شوورەوی داڕزاوە و پێشتر و ئێستاش ئیسلامیی سیاسی بە پەند بووە.
لەم ساڵانەی دواییدا كۆی نووسین و كتێبەكانی (فرانسیس فۆكۆیاما) بریتی نییە لە هیچ، جگە لەوەی لە لێكۆڵێنەوەیەكی فایلێكی گۆڤاری (بوون)دا لە ناوەڕاستی نەوەدەكاندا تۆمارم كردووە.
تۆڕبەندیی كۆمەڵایەتی دەرفەتی بەوە داوە، ئەوەی چش لە هیچ نازانێت ڕای خۆی تۆمار بكات.
زۆر لەوانەی ژێربار كەوتوون و بەگەڵ كەوتوون، ئەمە بە مافداریی دەزانن، لەوانەم پێچەوانە بیر دەكەمەوە.
مرۆڤ دەبێت هاوتا بن لە مافی بوونی گوزەران و خاوەندارێتیی نوادا و ناشبێت لە بەر هیچ بێڕێزییان پێ بكرێت، بەڵام ئەوە قسەی قۆڕە كە دەبێت زانا و نەزان هاوتا بن!
من چی لە فیزیای ئەتۆمی دەزانم، تا بگوترێت ئەو زانایەی تەمەنی بۆ تەرخان كردووە، دەبێت ئەزی نەزان و ئەو هاوتا بین؟
هاوتابوون دەبێ بارگە و باری گرانی سەختی زانین سەنگینی بۆ تەرازووی سەنگەلا دروست بكات.
نابەكامیی هزری دروەشاوەی ئەم سەردەمە ئەوەیە، لەبەرئەوەی سیستمی جیهانی و لۆكاڵ پشتیوانییان دەكات، خەریكە دەبێتە جۆرێك لە نەریتەوانی.
ئەگەر تۆ وەكو ئەوان بیر نەكەیتەوە، بە دێوانەت لە قەڵەم دەدەن. زۆر لە بە دەنگونامێ،‌ لەوانەی خۆ بە هزرمەند و فەیلەسووف دەزانن و ناشكرێت بڵێن وانین، دەستیان لەگەڵ گوتاری باودا تێكەڵ كردووە و بە كەڕەنا بوون، بۆ ئەوەی بانگدەر و بانگخوازی لیبرالیزم بن.
جا باشە بە كەڕەنا بوون بۆ ئەوەی هەرچی چارەی دەردودووە لە ڕەچەتەی لیبرالیزم و لیبرالیزمی نوێدا ببینرێتەوە، بە چی جیاواز دەكەوێتەوە لەگەڵ نەریتەوانانی ئایینی و ئایدۆلۆژیستیی سایەی باڵادەستیی بلۆكی شوورەویدا؟
ئەگەر ڕاست نەبوو، كە دەبێت خەڵكی بە پەروەردەی ئایینی گۆش بكرێن و ئاڕاستە بكرێن، وەك ڕەخنەگرانی رێنیسانس ئەم هۆشمەندییەیان داهێناوە، ڕاستیش نییە خەڵك بە بیری سۆشیالیزمیی سایەی بلۆكبەندیی شوورەوی گۆش بكرێن، كەواتە نەڕاستیشە وەك مێگەل زۆرینەی زۆر تاو بدرێن، بۆ ئەوەی بانگخوازانی لیبرالی و نوێ‌ لیبرال بە سەكۆی تەكنۆلۆژیایانەوە، وەك بانگخوازی نوێی ئیسلامییە سیاسییەكان خەڵك ئاڕاستە بكەن، ئەگەر وەك وانیش بیر نەكەنەوە سەرزەنشت بكرێن.
سایە و سەیوان بۆ فرەیی و دەوڵەمەندیی جۆری جیاوازیی بیركردنەوەیە. كایە فەراهەم كراوە بۆ ئەوانەی زۆرترین هێزی جەستەییان هەیە ببنە ناودار و زۆرترین پارە كۆ بكەنەوە. ئەوانەش زۆرترین قساندەكەن، هەروەك وان براوە بن و ئەوانەش درۆزنترین و ساختەكارترن، بازاڕیان گەرم بێت!
ئێستا ڕۆژگار بۆ تەفرەدەران و بانگخوازانە، جا چ لەوانە بن بازاڕداریی ئایین گەرم دەكەن، یان ئەوانەی بازاڕی هزری تاو دەدەن، چونكە هاوتای سیستمی جیهانی و دەوڵەتدارین. دێوانەی وەك من و بێ‌ نەوای دیكەی هزرمەند بە پرۆگرام دەچەپێندرێن.
ڕێگام قورس و گرانە، هاوتای چارەنووسی (كوردبوون)مە و ئەمەشە سەر و سامانمە بۆ ئەوەی، بەدەر لە گشتگیری و سەپاندنی ئایین و ئایدۆلۆژیا و درۆكانی جیاوازی، بەتەك ڤەكۆڵینی زانینەوە بكارێین خەبات بكەین، بۆ ئەوەی دەسەڵات تەنانەت لە زانینی زاستی بسەنینەوە، بیسەلمێنین زانین زۆر سەرچاوەیە و پڕفرەیە و ئەوە نییە دەسەڵاتداری لەپشتەوەیە!
لەبەرئەوە داكۆكی لە جۆرێك شێوازی ژیان ناكەم ڕەگ و چاوگی كوردییە، تەنیا لە بەرئەوەیە بوومەتە خەباتكاری كە ڕەگ و ڕیشاڵی هەر تەفرەدانێك هەڵدەوەشێنێتەوەو شتێك دەسەپێنێت تاكانەیی و جیاوازی ڕەتدە كاتەوە و باوەڕی بەوەیە ئێمە دەبێت بەو شێوەیە بین، كە بەو شێوەیە نین و ئەم جیاوازیەمان ڕەت دەكاتەوە.
سەردەم چەند سەردەمی سەرزارەكیی بوون و پرووپوچییە، بە دیوی پێچەوانەدا سەردەمی بە قووڵاییدا ڕۆچوونە و بەو ئاڕاستەیەشدا بەوە گەیشتووم، كە ڕەتمان دەكەنەوە، لە بەرئەوە نییە وەك ئەوان بیر ناكەینەوە، بەڵكو ل ەبەرئەوەیە دەزانن كاتێك بیر دەكەینەوە، قووڵ بیر دەكەینەوە.
بزمارەكەم ئا لێرەدا دادەكوتم و دەستبەرداری ئاستی بوونی بیركردنەوە لە نموونەی باوی ژیان دەبم، وەك زۆرینەی شێوازی قووڵبوونەوە، بە قووڵایی بیركردنەوەی جیاوازەوە لە كوردبوون ڕادەمێنم و بیر دەكەمەوە.
سەرەتای چاكی ژیان بە قووڵاییدا ڕۆچوون و خۆ لە قووڵاییدا بینینەوەیە. ئەمە سەرەتای جیاوازییە و ئەمە هۆنینەوەی بیركردنەوەی كوردییە!
وا پێدەچێت جگە لە دێوانەبوون، ناو و ناتۆرەی دیكەم وەپاڵ بخرێت، وەك نە تەوەخوازی و شوناسپەروەری، نامەوێت شتێك ڕەت بكەمەوە، كە هەو نیم، بەڵام بۆ ئەوەی ئاڵای نەزانی بەرز بكەمەوە، دەخوازم دەلاقەی گفتوگۆ بكەمەوە بۆ ئەوانەی ناتۆرەم پاڵ دەخەن، تاكو دەرگای زانین و زانستییان بە ڕوودا بكەمەوە!
هەمیشە لایەنگری ئەوەم لەو شوێنەوە دەست پێبكەینەوە، كە وایان بڕیار داوە كۆتاییە.

01/09/2023



وتارەکانی تری نوسەر